کوردەکان و کوردەکان

✍شەهرام وەحدانی

چیرۆکی یەکەم دابڕانی خەڵکی کورد دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥١٤ی زایینی. ئەوکات دوای شەڕی چاڵدوڕان و لە ئاکامی پێکدادانی دوو  ئێمپراتوریی شێعەی( سەفەوی) و سونەی(عوسمانی) کوردستان، زێدی خەڵکی کورد دوو پارچە کرا. چوار سەدە دواتر و لە ساڵی  ١٩١٦ و لە گەرمەی شەڕی یەکەمی جەهانیدا لە ئاکامی داڕمان و پارچەپارچەبوونی سەرزەوییەکانی ژێردەسەڵاتی ئێمپراتوریی  عوسمانی بە پێی ڕێکەوتنامەی سایکس-پیکۆ(نوێنەرانیئەوکاتەی دوو دەسەڵاتی بریتانیا و فەرانسە) وە هەروەها هاودەنگی رووسیەی تێزاری، خەڵکی کوردیی نیشتەجێی ئەو سەرزەوییانە بە بێ ئەوەی هێچ ڕۆڵیکیان هەبێت و بە بێ لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاری کردنی چارەی خۆی بۆ جارێکی دیکە کوردستان چەند پارچە کرا و سنوورەکانی سێ وڵات و سێ دەوڵەت نەتەوەی تازە پێکهاتووی تورکیە-عێراق و سووریە و هەروەها وڵاتی ئێران بوون بە هۆی لێکدابڕانی ئەو خەڵکە کە بە کورد ناسراون. ئەو پارچەپارچەکردنەی ناوچەکە و دابەشکردنی دەستکردی خەڵکی کورد و تورک و عەرەب گرینگترین خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ئەو ناوچەدا دێتە ئەژمار کە تا ئێستاش وەکوو زامێکی سارێژنەکراو ماوەتەوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی سەدەیەک ئێستا سەرهەڵدانی گەلێک قەیران و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا باشتر لە هەمووکاتەکان نابەجێ بوونی ئەو جۆرە دابەشکردنە  دەردەکەوێت کە جگە لە  بەرژەوەندی زلهێزەکان پشتبەستوو بە هیچ لۆژیک و راستییەک نەبووە. ئەو جورە هێڵ کێشان و پێکهێنانی وڵاتانی دەستکرد تەنیا و تەنیا بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنی بازاری نوێی ئەو وڵاتانە و کانگاکان بووە.ئەگەر بمانەوێت خەڵکانی دانیشتووی ئەو ناوچە بە پێی زمان لێک جیا بکەینەوە دەتوانین سێ گرووپی گەورە و سەرەکی تورک، کورد عەرەب دانیشتووی ئەو ناوچەن کە بە شێوەی زۆرەملی، داسەپێندراو، لەسەرەوە و دەستکرد بوونەتە هاووڵاتی وڵاتانێک کە خۆیان لە لایەن زلهێزانی ئەو کاتە سازکراون. ئەو چوار وڵاتەی کە کۆرد تێیدا نیشتەجێیە نەک بەرهەمی بزووتنەوەگەلی نەتەوەیی بوون کە لە رۆژاوا بووە هۆکاری پێکهاتنی دەوڵەت نەتەوەکان و نەک بە پێی رەوەندێکی ڕوولە گەشە و مێژوویی لە درێژەی گەشەسەندنی کاپیتالیسم و شێوەی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارانە پێکهاتوون بەڵکوو تەنیا بە پێی بەرژەوەندی کاتیی زلهێزەکان سەریان هەڵداوە. لە ناوەدا  دۆخی خەڵکی کورد لە هەموو ئەو خەڵک و ئتنیکانی دیکە ئاڵۆزتر و دژوارترە.

عەرەبەکان لە سەرەوە بەشێوەی دەستکرد و لە پرۆسەیەکی پێچەوانەدا بە پشتیوانی بریتانیا و بە ئامانجی تێکشکاندنی ئێمپراتوری عوسمانیی لەناکاو بوون بە خاوەنی چەندین دەوڵەت نەتەوە کە هەر بە هۆی پێچەوانەگی ئەو پرۆسە هێشتاش دیاردەی نەتەوە لەووڵاتانە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد ساڵ بە تەواوی سەقامی نەگرتووە ئەگەر نەتەوە بە پێکهاتەیەک بزانین کە تێیدا هەموو تاکەکان لە بەرامبەر یاسا و لە ڕووی یاساییەوە یەکسان و بەرابەر بێنە ئەژمار. تورکەکانیش هەر چەندە بەشێکی پچووکیان (لەچاو کوردەکان) لە نێو سنوورەکانی سووریە و عێراق و ئێراندا نیشتەجێن بەڵام لە کۆتاییدا بوون بە خاوەنی دوو دەوڵەت-نەتەوەی تورکیە و ئازەربایجان و هەروەها لە ئێرانیشدا لە کۆڵەکەکانی پێکهاتەی دەوڵەت بوون و لە چاو کوردەکان لە دۆخێکی باشتردان.

هەروەها کە ئاماژەی پێ کرا  لەو نێوەدا دۆخی کورد لە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە ئاڵۆزترە و گەلێک ڕیگەیەکی دژواریان لەبەرە تاکوو بتوانن وڵامێکی گۆنجاو بۆ پرسی خۆیان و سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی بدۆزنەوە. بەشێک لەو هەلومەرجە دژوارە و کێشەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی ناتەواو، دواکەوتوویی ناوچەکە و باڵا نەکردنی سیاسی و ئابووری کۆی بەشەکانی ئەو پێکهاتانە کە بە دەسەڵاتی نەتەوەیی لەو ناوچەدا دەناسرێن.  دواکەوتوویی ئەو وڵاتانەش خۆی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دەسەڵات گەلێکی تۆتاکیتێر، ستەمکار، ناخەڵکی و داگیرکار و داسەپێندراو کە لەسەر خوانێکی بەرین لە نەوت و گاز و دەیان کانزای ژێرزەویینی دانیشتوون و لە راستیدا خۆیان گەورەترین بەربەستن لە سەر رێی پێشکەوتن و شارستانیەت و سیستمی زاڵ خۆی بەرهەم هێنەری  قەیران و نائارامییە.

کوردەکان بە لەبەرچاوگرتنی بڕێک جیاوازییەوە  لە ڕووی چۆنیەتی و ئامرازەکانی داپڵۆساندن و ستەم لە سەد ساڵی رابردوودا لە هەر چوار وڵاتی ئێران، ئێراق و تورکیە و سووریەدا لەگەل شێوەکانی ستەمی نەتەوەییدا بەرەڕوو بوون. لە وڵاتی تورکیەدا هەر لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی تورکە لاوەکان بە ڕێبەرایەتی مستەفا کەمال ئاتاتورک بەردەوام لەگەڵ نکۆڵی کردن و حاشا کردن و هەوڵ بۆ سڕینەوە و لەناوبردن بەرەو ڕوو بوون. لەو وڵاتەدا لانیکەم تا ٩ ساڵ پێش هیچ کات باسێک لە بوونی خەڵکی کورد نەکراوە و بە گشتی نکؤڵی لە هەبوونی خەڵکێک بە ناوی کورد سیاسەتی ڕۆژ بووە و ئەوان بە تورکی شاخی دەناسران، لە سووریەش کەم و زۆر هەر ئەو سیاسەتە پەیڕەو کراوە و کورد نەتەوەیەکی حاشالێکراو بووە. تەنانەت بە درێژایی ساڵەکانی هەشتا ونەوەدی زایینی و لەگەڵ هەبوونی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێىەرایەتی عەبدۆڵا ئۆجالان لەو وڵاتەدا هیچکات دەسەڵاتی بەعسی سووریە دانی بە هەبوونی نەتەوەی کورد نەنا و هەتاکوو ساڵی دووهەزار و یازدەی زایینی و لە ئاکامی لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی بە هۆی بەرەوڕوو بوون لەگەڵ ڕاپەڕینی جەماوەری و  تێکچوونی باڵانسی هێزەکان، هیچ باسێک لە کوردی سووریە لە ئارادا نەبوو و سەدان هەزار کەس لە کوردەکانی ئەو وڵاتە تەنانەت دارای پێناسە نەبوون و بە هیچ ئەژمار دەکران. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە پشتیوانی حافز ئەسەد و دواتریش بەشار ئەسەد لە پ.ک.ک تەنیا لە پێناو ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە پەیوەندییەکی گرژی خۆڵقێنەر و نادۆستانەی نێوان تورکیە  و سووریەدا بووە کە وەکوو دوو رکابەر و دژبەر چاویان لە یەکتر بڕیوە و هەوڵیان داوە بە مەبەستی سڕینەوەی هەڕەشەی راستەوخۆ لەسەر دەسەڵاتی خۆیان  لە دۆژمنانی یەکتری نزیک ببنەوە و وەکوو ئامرازێک کەڵیان لێ وەربگرن. نزیکایەتیی دەسەڵاتی هەر کامە لەو چوار وڵاتە ئاماژەپێکراوانە لە ڕێکخراو و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد بە گشتی بە هەر شێوەیەک و لە هەر کاتێکدا بەمەبەستی پشتیوانی لە جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد نەبووە و تەنیا جۆرێک کەڵک وەرگرتن لە کارتی کورد بووە لە کایەی هێزەکانی ناوچەدا . ئەگینا  لە هەر چوار وڵاتەکەدا کورد لەگەڵ ستەمێکی هاوشاندا بەرەوڕووە و چارەسەر کردنی کێشەی ناو ماڵ زیاتر لەگەڵ  لۆژیک دێتەوە تاکوو چارەسەرکردنی کێشەی هاوسێکان.

لە دوای بەهاری عەرەبی و ڕووداوەکانی دەیەی ڕابردوو لە سووریەدا کە لاوازی دەسەڵاتی دەمیشق و سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی داعشی بەدواوە بوو کوردەکانی سووریە و ‌هێزەکانی نزیک لە پ.ک.ک توانیان بە کەڵك وەرگرتن لە دۆخەکە و لاوازی دەسەڵاتی ناوەند، دەسەڵاتێکی خۆجەیی پێک بێنن کە لە ئاستی خۆیدا تا ئێستا نموونەیەکی باشی لە  ژیانی دڵخوازانەی خەڵکانی جیاواز پێکەوە بە دەستەوە داوە.

لە جوارچێوەی وڵاتی عێراقی فێدێڕاڵدا کە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام بە هاوکاری کوردەکانی دانیشتووی ئەو وڵاتە پێکهات، کوردەکان هەر لە دۆخێکی هاوشێوەدا واتە لاوازبوونی دەسەڵاتی لە ناوەند توانیوویانە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ پێک بێنن کە نزیک بە سێ دەیە لە تەمەنی تێدەپەڕێت و سەرەڕای لاوازی و کەم و کورتییەکان وەکوو دوو ئیدارەیی و هەر وەها سیستمی ناکارامەی ئابووری، دیسان هەبوونی ئەو هەرێمە توانیویەتی بەشێک لە زامی ستەمی نەتەوەیی و ژێر چەپۆکبوون ساڕێژ بکات بەڵام هێشتا تا پێکهاتەیەکی دێمۆکراتیک، سکۆلار و ئەمڕۆیی و هەروەها سەربەخۆ ڕێگەیەکی دووری بۆ بڕین لە بەرە.

لە ئێرانی  دوای شۆڕشی مەشرووتە و لە ئاکامی هەوڵی دەسەڵاتی پەهلەوی یەکەمدا بۆ سازکردن و بەرەوپێش بردنی پرۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەیەکی بەهێز، یەکپارچە و سەردەمیانە لەسەر قەوارەی بە جێماو لە سەرزەوییەکانی قاجار و راوەستاو لە سەر دوو ڵاقی زمانی فارسی و ئایینی شێعە کە دواتر لە لایەن پەهلەوی دووهەم و هەروەها کۆماری ئیسلامیشەوە پەیڕەوکرا و تا ئێستاش بە شێوەیەکی سیستماتیک درێژەی خایاندووە کوردەکان بەدەوام لە پەڕاوێز خراون و هیچکات لەم سەد ساڵەی ڕابردوودا بەشێک لە پێکهاتەی ئەو دەسەڵاتە نەبوون. بە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی تارانیش وەکوو بەغدا و انکارا و دەمشق نەک بە مەڵاتی بەرابەری شارۆمەندان  بە بێ لەبەرچاوگرتنی زمان، ئایین، ڕەگەز و هەتادوایی بەڵکوو بە پێی پێوەرگەلێک کە پەرەپێدەری جیایی و هەڵاواردن و نایەکسانیی  و بە خشتی سەرکووتی جیاوازییەکان و سەرکووتکردنی خواستە دێمۆکڕاتیکەکان  هەڵچێندراوە، لەم سەردەمەدا و لە دۆخێکدا کە داڕمانی دەسەڵاتی ئیسلامی چاوەڕوان دەکرێت ئەو پێکهاتە واتە ئێران زیاتر لە هەموو کات لەگەڵ مەترسی لێکترزان و هەڵوەشانەوەدا بەرەو ڕووە. ئەو مەڵاتە کە بڕیار وابوو ببێتە هەوێنی پێکهاتنی نەتەوەی ئێران خۆی بووەتە هۆی قەڵشبردن و هەرەس‌هێنانی ئەو دامەزراوە. ژانی پەنگخواردووی سەد ساڵەی ستەمی نەتەوەیی و سەرکووت بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی ماف خواز و نەتەوەیی لە نێوان ئتنیکە جیاوازەکانی دانیشتووی ئێران کە خۆیان بە نەتەوە دەناسن. ڕەنگە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە هەندێک شت وەکوو بەرابەری هەمووان بە بێ لەبەرچآوگرتنی زمان و ئایین و ڕەگەز لە بەرامبەر یاسادا، لە دەست پێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان، گەشەی ئابووری هاوئاهەنگی هەموو شوێنەکان و هەوڵ بۆ بنەبڕکردنی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک پێوەر ببوایەت بەشێکی زۆر لەو قەیران و ئاڵۆزییەی کە ئەمڕۆ لەگەڵی دەستەو یەخەین لە گۆڕێدا نەبوون. بەڵام ئەو پێوەرانەی کە بڕیار وابوو نەتەوەی ئێرانی وە هەروەها تاکی ئێراقی یان سووری و تورکیی لێ ساز بێت هەموو بە پێچەوانە بوونەتە هۆی بێزاری و لێکدابڕان و نکؤڵی کردن لە پێناسە و هەبوونی یەکتر.

لە ڕاستیدا ئەوەی بۆ کورد دەمێنەتەوە و  دەتوانێت بیکات بە نەتەوەیەک بە بەراوەرد لەگەل تەمەنی سەد ساڵەی ناسیۆنالیسمی ئێرانی، تورکی، سووری و ئێراقیتەنیا و تەنیا لە رێگەی گەشەپێدان بە ئازادییەکان لە هەموو بوارەکان و سووربوون لەسەر پێکهێنانی سیستمەکی دێمۆکڕاتیک، گرینگیدان بە مافی ژنان و پڕ کردنەوەی کەلێنی چینایەتیە.