ئاکامی نێگاتیڤی شانۆی هەڵبژاردن بۆ کۆماری ئیسلامی

✍ع.دامون-مەریوان

سێزدەهەمین خۆلی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێران لە دوایین ڕۆژەکانی مانگی جۆزەردان لە هەموو ناوچە گۆند نشین و شارەکانی ئەم وڵاتە بەڕێوە چوو. جیاوازی ئەم دەورە لە گەڵ جارانیترلە سەر چەن مەسئەلەیەکی گرینگ بوو. لەم دەورە کۆ دەنگییەکی گشتی لە ئێران بۆ بایکۆت درووست ببوو،بارودۆخێکی تازە هاتبوو ئاراوە کە کۆمەڵانی خەڵک ڕاشکاوانە ڕای خۆیان لە مەڕ پڕوپووچی ئەم هەڵبژاردنە دەردەبڕی. تەنانەت بەشێک لە حاکمییەت کە بەر گۆرزی شوورای نگابان کەوتبوو ڕێگەی بایکۆتی هەڵبژارد بوو. بەشێکی تریش لە بە ناو ئێسڵاح خوازەکانیش بەم جۆرە لە بەر ئەوەی کاندیدەکانیان لە لایەن شوورای نگابانەوە پەسەند نەکرا بوون،بەشدارییان لە نمایشتە کە نەکرد. لە کوردستان هەر وەک جارانی پێشوو خەڵکی ئاگا هەموو تەبلیغاتەکانی ڕژیمیان لاوە نا و بەشداری ئەم خۆلەش نەبوون یان تەنیا دەست و پێوەندەکانی خۆدی ڕژیم و سەرباز و کارمەندان و پاسداران تیایا بەشدار بوون. خاڵی وەچەرخان لە ناو کۆمەڵگا دا لەم ساڵانەی دوایی بە زیانی ڕژیم خەریکە بە ڕوونی خۆ دەنوێنێ. دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕیی بەفرانباری ١٣٩٦ەوە کۆمەڵگای ئێران چووە ناو سەردەمێکی سیاسی نوێوە کە نەک هەر هێزە شۆڕشگێڕە سەرنگومخوازەکان و ، بەڵکو زۆرینەی دانیشتوانیش، چوونە ڕیزی ئەو هێزانەی، کە لە چوارچێوەی ئەم ڕژیمەدا هیچ ئەگەرێکی “چاکسازی” نابینن. ئەو تێکۆشانە شۆڕشگێڕییە لە گەلاوێژی ١٣٩٧ و خەزەڵوەری ١٣٩٨ دووبارە کرایەوە.

پێش بەناو هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە تەنانەت ڕاپرسی دەزگا و میدیاکانی سەر بە ڕژێمیش ڕێژەی بەشداری کردنیان بە کەم دەنرخاند، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن لە ناکاو ئەو ڕێژەیان بۆ سەرووی ٤٥٪ زیاد کرد گۆمانی تێدا نییە کە ئەم ڕژێمە مێژووییەکی دوورو درێژی هەیە لە ئەندازیاریی هەڵبژاردن و دەنگدان و ساختەکاریدا . ڕاپۆرتە و وێنەکانی ناوەندەکانی دەنگدان بە ڕوونی شکستی ئاشکرای ڕژێمیان لە بەرێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن لە ٢٨ی جۆزەردان نیشاندا. لەم نێوەدا ، بەشداری نەکردنی بەربڵاو لە ” هەڵبژاردنەکان ” و ئەو ترسانەی کە لە ئەنجامەکەی دا بوو ، وای لە هەندێک لە ئێسڵاح خوازەکانی ڕژیم کرد کە هەوڵ بدەن دووبارە ” دەنگی ناڕەزایی ” ژەنگاوی  ” لە نێوان خراپ و خراپتر ” دا هەڵبژێرن و لە بەرامبەر ڕەیسی دا پشتگیری لە هێمەتی بکەن کە ئابڕوبەرانە شکستی هێنا .

سەرەڕای هەموو هەڕەشە و فێڵ و تەڵەکەبازی و دەنگ هەڵبڕان و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، زۆرینەی زۆری خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد، ئەمەشیان کرد بە شکستێکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی و بەگشتی وەک پێشبینی کرا لە مەیدانێکی دیکەدا خەڵک براوەی ئەو شەڕە دەستەوەیەخەیە بوون.

بەڵام سەرەڕای تەقەلاکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم مەبەستە چاوەدێرانی سیاسی بەردەوام بە چاوی گومان و دڕدۆنگییەوە سەیری زۆربەی هەرە زۆری ئەم هەڵبژاردنانەیان کردووە، چون لە ڕاستیدا هەرچەند رێژەی بەشداری خەڵک هەندێ جار بەرچاو بووە بەڵام جگە لە تەزویر و سڕینەوەی ئەو جیابیرانەی خۆیان بەربژێری هەڵبژاردنەکان کردووە ئەو بەناو هەڵبژاردنانە هیچ ئاکامێکی دیکەیان نەبووە.

ڕەئیسی کاندیدی سەرەکی ناوکی دەسەڵاتی ڕژێم و سەرۆکی قوەی قەزایی کۆماری ئیسلامی، تاوانبارێک کە ئەگەر پێ بنێتە دەرەوەی ئێران، لەوانەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهۆی تێوەگلانی لە قەتڵ و عامی هەزاران زیندانی سیاسی لە هاوینی ١٩٨٨ و تاوانە بەردەوامەکانی لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی دادوەریدا دادگایی بکرێت.

بە درێژایی ئەمساڵانەدا کۆماری ئیسلامی سەرجەم ئەم هەڵبژاردنانەی وەک هێمایەک لە دێموکراسی لە ناوخۆی وڵات و مەشرووعییەتی ژوورەکی و دەرەکی بە چاوی خەڵکی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشدا داوەتەوە!

ئەوەی کە تا ئێستا بە تایبەت لە کوردستان سەبارەت بە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بەدیکراوە – سەرەڕای نەبوونی بەشداری سیاسی بە شێوەی پێکهاتەیی – ئەمە بووە کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەنگی خەڵکی کوردستان بەردەوام پەیامێکی سیاسی بۆ ناوەند پێبووە، بە تەعبیرێکی تر دەنگی خەڵکی کوردستان لەسەر بنەمای فامێکی سیاسی و خوێندنەوەیەکی دروست دراوە و تەنانەت بایکۆت کردنەکەشی هەڵگرێ ئەم پەیامە بووە. شرۆڤەی ناوەرۆکی ئەم پەیامە، ناهەوتەریب بوونی خەڵکی کوردستان بووە لەگەڵ دەسەڵات، واتە کورد هەمیشە دەنگی داوە بەم بەربژێر یان بەربژێرانە کە رەخنەگری حکوومەت بوون یان لانیکەم لێی دوور بوون. بەڵام لەم خۆلەی ڕابردوو دا بە بایکۆت و دەنگی بەتاڵ جارێکیتر سەلماندیان لە بواری فامی سیاسییەوە تەنیا تارانی پایتەخت لە پێش ئەوانە، هەر چەن دەکۆترێ ڕێژەی بەشداری نەکردنی شاری سنەی قارەمان پلەی یەکی لە ئێران دا هەیە. بۆ پێکانی ئەم مەبەستە واتە بەشداری سیاسی بە شێوەی پێکهاتەیی کۆمەڵگای کوردەواری پێویستی بە سەرلەنوێ خۆسازدانەوەی رێکخراوەیی لەناوخۆ هەیە. خۆ رەنگە دیاریکردنی تاقم و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگای رۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرهەست دژوار بێ، بەڵام لانیکەم وەک جووڵەیەکی مەدەنی – بە هەموو خۆپارێزییەکانیەوە – بەدیدەکران: لە بەرەی یەکگرتووی کورد و ریفۆرمخوازە کوردەکان‌ بگرە تا NGOکان و تەنانەت هەندێ رەوتی فکری بەرچاوی سەربەخۆ بەتایبەت چەپەکان و چالاکانی کرێکاری کە زیاتر لە پانتای هەندێ لە شارەکاندا بەدیدەکرێن کە ئەمانە هەموویان لە هێڵی بایکۆت دا بوون. ئەمە خۆی لە خۆیدا پتانسییەلێکی باشە کە لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کوردیدا خەڵک خۆی تێداببینێتەوە.  دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای خۆیەوە لە ڕێی دەزگا ئەمنی و چاوەدێرییەکانییەوە بە فیلتێرکردن و رەدی سەڵاحییەتی بەرفرەوان لە هەڵبژاردنەکان هەوڵی داوە وەک دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر ئەم یوونیفۆرمیزاسیۆنە بپارێزێ. زۆرینەی خەڵکی ئێران بە وتنی نا بۆ شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەبە یەک تیر دوو نیشان یان پێکا : لە لاێەک بە تاوانبارێ وەک ڕەیسی وەک کاندیدی ڕێبەری باڵا گوتیان “نا ” و لە ولاشەوە بە لێدانی تیرێکی تربە ” ڕیفۆرمخوازەکانی دەوڵەتی ” دەنگی  بزووتنەوە شۆڕشگێرانەی هەموو چینایەتیەکانی کۆمەڵگا کە لەم چوار ساڵەی ڕابردوویان دا کپ کرابوو بەرز کرایەوە. بەم کردەوە ئاگایانەی کۆمەڵانی خەڵک  بۆیان دەرکەوت کە ئیتر ناتوانن بە شێوازی پڕۆپاگەندە فێڵ لە خەڵک بدەن  و بە قسەی وەکوو ” هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتردا ” کە خۆی یارییەکی ڕژێمە خەڵک فریو بدەن . ئەمەش لە دەنگە زۆر بچووک و زەلیلەکانی “هێمەتی”دا دەبینرێت ، کە تەنانەت کەمتریش بوون لە دەنگی باتڵە و دەنگەکانی مۆحسێنی ڕەزایی. ئەوەی لە پێویستە بگۆترێ ئەوەیە کە بەهێزکردن و ڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخواز و چەپەکان ئەو وزەیەی کە لە کۆمەڵگا هەیە و خۆ ئامادەکردن بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی وەک ئەرک و بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی ئەمێنێتەوە بۆ حێزب و لایەنگر و ڕووناکبیرانی ناو کۆمەڵگا.