هەڵمەتی بەڕووچاندن؛ ئەکتی سووژەی مودێڕنی کوردی بەرەو بەنەتەوەبوونی

ژینگەپارێزی، وەک دیاردە، بەرهەم و کەڵکەڵەی سووژەی مودێڕنە کە وشیارانە بە تێگەیشتن لەو بارودۆخە هەستیارەی خۆی خولقاندوویە، دەست ئەکات بە پاراستن یان بووژاندنەوەی سروشت و شوێنی ژیانی. هەر لەژێر ڕۆشنایی ئەم بنەمایەدا، تاکی کوردیش لەلایەک وەک سووژەیەکی مودێڕن و لەلایەک وەکوو ئەندامی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، بۆ ماناکردنەوەی بوونی لەم سەردەمەدا، پێویستی بە بەرهەم و بەرهەمهێنانەوەی هێڵێکی دیاری تایبەت بە خۆیە کە بێگومان ڕەهەندێکی ژینگەیە. بە دیوێکی تردا، ئێمە بکەرێکین، سەربەخۆ بەڵام بەشدار لە سەردەمی بەجیهانیبوونی ئایدیا، کەڵکەڵە، هەڕەشە، دەرفەت و هتد. ئەوە مرۆڤی مودێڕنە کە وشیارانە کۆمەڵگە، شوێنی ژیان و بەهاکان بە کار، زمان، بڕیار و ..هاوبەش دروست دەکات.
لێرەدا، ڕەنگە لای ئەوانەی کە نەتەوە بە بوونێکی ئەزەلی، بەردەست و نەگۆڕ دادەنن؛ ئەم بابەتە زۆر سەرنجڕاکێش نەبێ؛ بەڵام کەسانێ کە بڕوایان بەوەیە کە نەتەوە پرۆسەیەکی بێبڕانەوەیە و لە ئەکت، بیرۆکە، چەمک، خولیا، ئازار و هتد پێک هاتووە، بێگومان جێی سەرنج و بایەخە. هەر لەم پەیوەندییەدا و وەک لایەنگرانی بۆچوونی دووەم، دەکرێ بێژین بەڕووچاندن، کەڵکەڵەی هاوبەشی ئەمڕۆمانە بۆ ئەوەی ژینگەکەمان کە زاگرۆس و کوردستانە، وەک بەستێنێکی لەبار بۆ ژیان، بپارێزین و بهێڵینەوە. ئەمە نەک هەر وشیارانەیە، بەڵکوو کردارێکی بەکۆمەڵ، ڕەوشتی و ڕوو لە پێکەوەژیانە. واتە نیشانەکانی کۆمەڵگەی مودێڕنی تیایە کە تاکەکان لە پەیوەندییەکی ماناداردا بێ بڕیاری ئەستوونی و بانسروشتی، ئایینی و ئەفسانەیی، و بەشێوەی بکەرانە، خوازراو و ئاسۆیی، دەورێکی کارا دەگێڕن بۆ خولقاندنی واقیعێک کە بەدیهێنراوی دەست و ویستی خۆیانە. مرۆڤی مودێڕن دەزانێ هەر واقیعێک، ئاکامی کرداری خۆیە، و بەو بۆنەوە تێدەگات خۆی بەرپرسیارە لە بەرامبەری.
جا ئەمە دەرگایەکە بوو بۆ کردنەوەی باسی هەڵمەتی ژینگەپارێزی و بەدیاریکراوی بەڕووچاندن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. لە ڕۆژانی ڕابردوودا دیمەنی زۆرمان لە دەوروپشی شارەکانی کرماشان، سنە، کامێران و هتد بینی کە خەڵک بە هەرەوەزی، بە هەڵمەتی بەڕووچاندنەوە سەرقاڵن. هەڵمەتێ کە چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی لای یەک کۆ کردەوە و جارێ تر مانای قووڵی بە پەیوەندییان بەخشی. بەڵام ئەم هەرەوەزییە، بەر لەوەی دیمەنێکی ڕازاوە و جێی سەرنج بێ، له ناوەڕۆکدا هەڵگری ئایدیایەکی گەورەیە کە دەرخەری ڕۆحی هاوکاری و هەڵکردنە بۆ نووسینەوەی دواڕۆژێکی ڕوون. ڕاستە هەر نەمامێکی بەڕوو لە ساڵێکدا تەنیا چەند سانتیمەتر گەشە دەکات؛ بەڵام ئەم باڵاکردنە لە باری ماناوە، هەڵکشانی بیرێکی قووڵە کە پشتبەستووە بە ئامانجی بەرزی ئینسانی و بەکۆمەڵی کوردەواری.
بە دیوە نەرێنییکەیدا، ئێمە زاگرۆسمان دەوێ، بۆ ئەوەی لەدەست کاولکاری، سووتاندن و لەناوبردنی داگیرکەری و بیری داگیرکەرانە، دەریبێنین و بە ڕووە ئەرێنییەکەیدا، ئێمە زاگرۆسمان گەرەکە بۆ ئەوەی سرووشتی خۆمانی تێدا بونیات بنێین.
بۆ نەتەوەیەک کە لەڕووی دامەزراوەیی (ئەنیستیتوشناڵ) شارەکەی -وەک چەقی کۆبوونی- داگیرکراوبوونی پێوە دیارە، دەرکەوتنی بەکۆمەڵی لە سروشت، بەخشینی مانایەکی سەربەخۆیە بە پەیوەندیی نێوخۆیی. پێویستە بوترێ ئەم کردارەش لە درێژەی ڕەوتێکی بەپێشینەوە دێ، هەر کۆچی مێژوویی مەریوان بۆ دەرەوەی شار لە کاتی هێرشی داگیرکەرانەوە بگرە تا هەڵکشانی هێزی پێشمەرگە بۆ شاخ بە مەبەستی بەرگری، هەر هەموو جۆرێکە لە یاخیبوونێکی ئاوەزمەندانە کە پێملی هێزی دەستەمۆبوون نابێ و ڕێکخستنی خۆی لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵات درێژە پێ ئەدا. ئەمە هەمان ڕۆحی کوردبوونە کە مل بە دەوڵەت-نەتەوەی هەڵسازراو، کاولکار و گوێڕایەڵخواز نادات و پێ لەسەر بوونی خۆی دادەگرێ، بێ ئەوەی دژەئەویتر بێ.
