هەشتی مارسی ژنان و كۆمەڵگای من!
زانیار عەزیزنژاد
٨ی مارس زیاتر لە یەک سەدەیە سەمبولی خەباتی بۆ یەکسانیی مافەکانی ژنان و پیاوانە. دەیان مانگرتن و هەوڵ بۆ یەکسانی و کاری بەردەوامی چالاکانی چەپ و سوسیالیست لە پەنجاهەمین ساڵڕۆژی سەرکوتی توندی مانگرتنی ژنانی کرێکاری کارگەکانی ڕستن و چنین کە داوای حەقدەستی زیاتر و سەحاتی کاری کەمتریان دەکرد، لە ئێنترناسیۆناڵی دووهەمدا توانی بگاتە ئەو ئاکامەی کە ڕۆژێک وەکوو ڕۆژی جیهانیی ژن دیاری بکرێت و ببێتە هێمای خەبات بۆ یەکسانی.
ڕاستییەكە ئەوەیە كە هەموو ڕۆژێك بۆ ئێمە ۸ی مارسە
نایەمەوە سەر بژاردنی كەموكوڕییەكان و باسكردنی نەهامەتییەكان و دووبارەكردنەوەی ئەو مافانەی خانمان لە كۆمەڵگادا لێیان زەوت كراوە و ئەو بەربەست و گرفتانەی ژنان بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبنەوە، لەبەر ئەوەی پێم وایە پێویستمان بە دووپاتكردنەوەی ئەو بابەتە لە ڕادەبەدەر ڕوون و ئاشكرایانە نییە كە بەردەوام خەریكین لەگەڵیان دەژین و هێند تێكەڵاوی كولتوور و ژیانمان بوون كە جاروبار هەر هەستیشیان پێ ناكەین. ئەوەی بەڕای من جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە كە ئێمەی ژن نابێ لە خەباتەكانمان بۆ وەدەستخستنی مافە ڕەواكانمان خۆمان لە بەرامبەر پیاوان ببینینەوە.
بە پێچەوانەى هەموو ئەوانەی كە پێیان وایە بۆ باس لەسەر بابەتی ژنان لە كۆمەڵگای تا سەر ئێسك نەخۆشی ئەمڕۆ، ئەبێ لە ڕۆڵی پیاوانمانەوە و بە تاوانباركردنیان دەست پێ بكەین، من پێم وایە لە كۆمەڵگای ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتدا و لە ژێر سیستەمی حاكم كە تێیدا تەنها یاساى دارستان ڕۆڵ دەگێڕێ، پیاوانمان كەمتر لە خانمان قوربانی نین. جێی هیچ شك و گومان نییە كە یەكسانی ژن و پیاو و دەستەبەركردنی هەموو مافە ڕەواكانی ژنان پێویستی بە سیستەمێكه كە تێیدا، دادپەروەرى هەبێ و یاسا لە سەرووی هەموو شتێكەوە بێ و ڕوون و ئاشكرایە كە بە بوونی سیستەمی دینیی حاكمی ئەمڕۆ لە ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی گەیشتن بەو ئامانجە زیاتر لە خەونێكی شیرین دەچێ، بۆیە لە جیاتی پێكهێنانی دوو بەرەی دژ بە یەكی ژن و پیاو لە كۆمەڵگادا كە ئەویش بە جۆرێک لێكترازان و تراژدیای كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە، پێویستە ژن و پیاو پێكەوە وەك مرۆڤ و دەست لە ناو دەست خەبات بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و سڕینەوەی زوڵم و زۆری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری كە بە تایبەت ئەم دواییانە تەنگی بە گەلەكەمان هەڵچنیوە.
گەیشتن بە كۆمەڵگایێكی ئازاد و یەكسان كە تێیدا مرۆڤ هەم وەك تاك و هەم وەك مرۆڤ سەیر بكرێ نەك وەك ژن یان پیاو لە لایێك و سڕینەوەی وشەی ژن و پیاو كە بە درێژایی چەندین ساڵ، چك چك كردوویانەتە مێشك و دڵی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە و دروستكردنی وشەی مرۆڤ كە هەموو تاكێك بێ جیاوازی بگرێتەوە و ببێتە هەوێنی یەكبوون و یەكڕیزی نەك لێكترازان، پێویستی بە خەباتی هاوبەش و یەكڕیزی هەموو تاكێكی كۆمەڵگایە بۆ وەدەستخستنی دواڕۆژێكی ئازاد و بنیادنانی سیستمێك لەسەر بنەماى دیموكراسی و یەكسانی.
باوە كە ئەم ڕۆژە لە ژنان پیرۆز دەكرێ، بەڵام من دەڵێم خەبات بەردەوام و ڕووی دەمم لە خانمان و هەروەها هەموو ئەو پیاوانەشە كە باوەڕیان بە ژن وەك مرۆڤ هەیە و ئەمە نە تەنها بە قسە بەڵكوو بە كردار و هەر هیچ نەبێ لە چوارچێوەی خانەوادە و بنەماڵەی خۆیاندا ڕەچاو دەكەن.