هاوڕێ عەلی پەرویزی تێکۆشەری دێرین و هۆگری عەداڵەت و ئازادی و سیمای ناسراوی سەقز

عەلی پەرویزی

✍ محەممەد حەکیمی

ڕۆژی شەشی گەلاوێژی مانگی ڕابردوو له شاری سەقز له کاتی شاخەۆانی و هەڵگەران به سەر شاخی رووش که دەڕۆانێیتە شاری سەقز، دڵی تێکۆشەری دێرینی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی کوردستان و ئەندام و کادری لەمێژینەی کۆمەڵە، ئەندامی کۆنگرەی دوازدەی کۆمەڵە، چالاکی خەبات و داخۆازە کرێکارییەکان، چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێز و شاخەۆان و خوێنەری بەردەۆامی کتێب و کتێبخانەکانی شار و هاوڕێ و بەشداری دیار و کاریگەری کۆروکۆمەڵەی سیاسی و لێکدانەوە و باس و دیالۆگی جۆراجۆر و هاورێی دڵسۆزی کۆمەڵێکی گەورە له چین و توێژی شار، هاوڕێ عەلی پەرویزی دڵە گەورە، مێهرەبان و دەم به پێکەنینەکەی له لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵئاۆایی لێکردین و هەمومانی توشی ماتەمین و پەژارە کرد.
هاوڕێ عەلی پەرویزی ساڵی ١٣٢٢ لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە شاری سەقز چاوی بە ژیان پشکووت و هەر لەو شارە چووە خوێندنگە و هاوکات هاوین دوای داخرانی خوێندنگەکان دەچووە نانواخانەکەی باوکی و لەوێ کاری دەکرد. ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوی لەلایەن ساواکەوە دەستگیر کرا و ١٠ مانگ لە زیندانی “قەسر” و کومیتەی دژە خرابکاری شاری تاران زیندانی بوو و دواتر گەڕایەوە بۆ شاری سەقز و درێژە بە خویندن دا و ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی بۆ خوێندن چووە دانشسەرای شاری سنە و بە هۆی هاوڕێیەتیی نزیکی لەگەڵ “بێهروز سلێمانی” و هاوبەندبوونی لەگەڵ ناوبراو، لە سەرەتای شۆڕشدا چووە ڕیزی رێکخراوی فێداییان خەڵق و لە هەموو چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە بەشداریی چالاکی هەبوو و لە شەڕەکانی کامیاران و بەرگری لە شاری سنە بەشداری بوو. ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی و دوای دوو کەرت بوونی ڕێکخراوی فیداییەکان ڕووی کردە شاری بوکان و ماوەیەک لەوێ مایەوە و دوای ئەوەی بوکان لەلایەن ڕژیمەوە داگیرکرا گەڕایەوە بۆ شاری سەقز و ماوەیەک هاوکاریی باڵی کشتگەری فیداییانی ئەکسەرییەتی کرد. دوایی ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر شارەکانی کوردستاندا گرت لە دانشسەرا دەرکراو و ماوەیەک لە شاری سەقز خەریکی کاری شۆفێری بوو و دواتر چووە شاری بیجار و لەوێ لە کارگەی قیری ئەو شارە دەست بە کار بوو. لەوێش بە هۆی فکری سیاسی و دڵسوزی بۆ کریکاران و زەحمەتکێشان دەرکرا و ئەمجار لە شاری سنە وەک فرۆشیار لە فرۆشگایەک کاری کرد کە پاش دوو ساڵ لەوێش نەیانهێشت درێژە بە کاری بدات.
ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕییانی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە دەگرێت و وەک ئەندام و کادری دڵسوزی کۆمەڵە کار و چالاکی درێژە پێدا. سالی ١٣٨٧ بەشداری وەک ئەندامی کۆنگرە بەشداری کۆنگرەی ١٢ی کۆمەڵە بو. حوزووری چەندین ڕۆژەی له ناو هاورێیان و کۆری باسەکانی کۆنگرە، باسەکانی دەوڵەمەندتر دەکرد و به تایبەت له تێگەیشتن و سەرنجی کۆنگرە و هاورێیان بۆ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و گرینگیدان به چالاکی مەدەنی و سیاسی له ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوڵ و کاریگەری بەرچاوی بو.
دواتر هەر لە ناوخۆی وڵات بۆ بژیوی ژیان و کاری رۆژانەی لە رێگاکانی بانە سەقز و سنە خەریکی کاری شۆفێری بوو و لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی بە پلانی دەزگا ئیتیلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ماشینەکەی دزرا و گوزاران و ژیانی تووشی گرفت و زەحمەتی زۆر بوو. لەو بارودۆخە سەختەدا کاک عەلی ورەی لە دەست نەدا و وەک هەمیشە پشت و پەنای هاوڕیانی بوو و هەروەها لە لێژنەکانی شاخەوانی ناوشار چالاکانە بەشداری کرد و یەکیک بوو لە چالاکانی ژینگەپارێزی وڵات و بەسەر زۆربەی شاخە بەرزەکانی کوردستان و ئیراندا سەرکەوتووە. کاک عەلی هۆگری کتێب و کتێب خوێندنەوە بوو و هەروەها لە هەموو چالاکییە کریکارییەکاندا بەشداری بەرچاوی بوو و لە خۆپیشاندانەکانی ناوشاری سەقز نەخشی چالاکی دەگێڕا.
کاک عەلی هەمیشە پشت و پەنایی هاوڕێیان و دوست و دڵسوزی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوو و هەروەها کادرێکی لیهاتووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو کە ئەرکەکانی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەرێوە دەبرد.
بەداخەوە دڵە گەورەکەی هاوڕێ عەلی پەرویزی پاش ساڵانێکی دوور و درێژ چالاکیی سیاسی و مەدەنی و هەوڵ بۆ ڕزگاریی چەوساوەکانی کوردستان، ڕۆژی ٦ی مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە کاتی شاخەوانی لە کێوی رووشی شاری سەقز لە لێدان کەوت و خەمێکی گەورەی لە سەر دڵی هاوڕییان و کەس و کار و دۆستانی بەجێهێشت.
یادی بەرزە و لە دڵی هاوڕییان و هاوسەنگەرانیدا هەمیشە دەمێنێتەوە