هاوسەرگیری پێشوەختی کچان…!

هاوسەرگیری پێشوەختی کچان؛ جیا لە زەوت کردنی مافی تاکەکەسیی، پراکتیزەیشە بۆ ناسەقامگیری تەندروستی، ئابووری و پەروەردەیی تەواوی کۆمەڵگە. 

ئارێز محەمەدی

هاوژینی یان هاوسەرگیری، پێکەوە بوون یان پێکەوە ژیانی دوو کەس یەکێکە لە پرسە کۆمەڵایەتییە بەرچاوەکان کە زۆرجار لە ژێر کاریگەریی نەریت و کلتوردا ڕۆڵێکی ناوەندیی دەگێڕێت. بەجۆرێک کە لە کۆمەڵگە ئایینی و دوواکەوتووەکاندا هاوسەرگیری وەک جەبرێک بەسەر تاکدا دەسەپێنرێت. کە ئەمەش بەشێکی بۆ باوەڕی کۆمەڵگە تەنها بە کۆژینی بنەماڵەیی و یەک چارەنووسی دەگەڕێتەوە کە بەداخەوە باری نێگەتیڤی ئەم پرسە زیاتر تیشکی بەر کچان و ژنان کەوتووە کە ئەوانی لە هەڵبژاردنی تاکەکسی خۆیان دوررخستووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە وڵاتانی مۆدێڕن و پێشکەوتوودا دانپێدانان بە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بنەماڵەو و فۆڕمی پەیوەندییەکان خەریکە پەرە دەسێنێت و تاک لە بژاردەی خۆیدا ئازادە کە بێگومان لەم حاڵەتەدا 

هەم باری دەروونی و سۆزداریی کەسیی گەشە دەکات، هەم داڕشتنی پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری کۆمەڵگاش تەندروستتر دەبێت. دیارە لە ڕووی یاسایی و بۆ دڵنیایی لە پێگەیشتنی تاک بۆ وەها هەڵبژاردنێک تەمەنێکی دیاری کراو دەستنیشان کراوە کە سەروو ١٨ ساڵ دەگرێتەوە. بەڵام لەم نێوەدا پرسی هاوسەرگیریی زۆرلەملێی خوار تەمەنی یاسایی بەتایبەتی بۆ کچان نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە بەجۆرێک کە ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامارێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤ باس لە هاوسەرگیری زۆرە ملێی ١٢میلیون کچ لە ساڵێکدا لە سەرتاسەری جیهان دەکات. هاوکاتیش لە دەقی یاسای باری کەسی عێڕاقدا باس لە جێخستنی بەندێک بۆ بەیاسایی کردنی هاوسەرگیری کچانی کەم تەمەن دەکرێت کە ئەمە دەلالەت لە کەلێنە یاساییەکانی دەوڵەتی عێڕاقە. ئەگەرچی ئەم ناوچەیەو بەگشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانە بێ گرێبەستی یاساییش کچانی خوارتەمەن دەخرێنە بەر هاوسەرگیری یان دروستترە وایە بڵێم دەخرێتە بەر دەستدرێژی. بۆیە ئێستاش پیاوانی ئایینی و ویلایەتی فەقێی دەستدرێژکەر خوازیاری گرتنە دەستی یاسان لە عێڕاق. 

ئەم پرسە پرسێکی قووڵی نیگەرانکەر و جێگەی ڕەخنەیە کە کاریگەریی دوور مەودا و فرەڕەهەندی لەسەر تاک و کۆمەڵگا و کۆمەڵگاکان بە گشتی دادەنێت. هاوکاتیش پێشێلکردنی بنەڕەتی مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەتی مافی منداڵان و کچان بۆ سەربەخۆیی خۆیان. هەروەتر ناچارکردنی ئەوان لە ڕۆڵی گەورەساڵاندا لە ڕووی جەستەیی و  دەروونیەوە کارێکی دروست نیە و زیانی درێژخانەنی بەدوادا دێت. هۆکارەکانیش بە پێی دۆخی ناوچەکە زۆرن لەوەی گوزارشت لە سەرهەڵدانی ئەم دیاردە توندوتیژە بکەن. وەک لە ئایین، باوکسالاری، نۆرم و نەریتە کلتوورییەکان، دۆخی ئابووری، ئاوارەیی و کۆچ،..هتد.

هۆکارە ئایینی و کلتوورییەکان و دەسخستنە سەر ئەم هۆکارە یەکێکە لە دیارترینەکان کە ڕاستەوخۆ دەخرێتە ژێر چاودێری لێکۆڵەران و چالاکوانان و لێکۆڵینەوەی لێوە دەکەن. چونکە لە پراکتیک بوونی نەریتەکان لە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەیە. لە

لایەکی دیکەشەوە هاوسەرگیری پێشوەختەو زۆرەملێ وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی شەرەفی کچ و بنەماڵە دەبینرێت و وەک درێژەدەری فۆرمی ژنایەتی،دایکایەتی و بەخێوکەریی تەقلیدی لێی دەڕوانرێت. 

بەڵام لەم نێوەشدا چەندی هۆکاری دیکەش هەن کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە و من لێرە دەست دەخەمە سەر  تەنها چەند بەشی سەرەکی.

دۆخە ئابوریەکان: 

کۆمەڵگەی عێڕاق( بەبۆنەی بە یاسایی کردنی ئەم پرسەوە، زیاتر فۆکووسم لەسەر ئەوێیە) یان بە گشتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خاوەن کۆمەڵگەیەکی چینایەتیین و تادێت گوشارە ئابوورییەکانیش پەرە بە زیاد بوونی چینی خوارووی کۆمەڵگە دەدات. لەم ڕووەدا هاوسەرگیری پێشوەختەی کچانی خوار تەمەن وەک ڕێگە ڕزگارییەک لەم قەیرانە بۆ بنەماڵە هەژارەکان و لادێ نشینەکان دەبینرێت کە ڕەنگە لەم ڕێگەیەوە گوشاری دارایی کەم بێتەوە یان ئاسایشی ئابوری کچان پێی باشتر بێت. 

لە ڕووانگەی من و زۆربەی ئەوانەی لەم پرسە دەکۆڵێنەوە، ئەم ڕێگەیە نەک تەنها چارەسەری بە شوێن خۆیدا نەهێناوە بەڵکوو سەرهەڵدەری کلتورێکی دیکەی چەوسێنەرە وەک کولتوری بەکاربەر کە جێندەر و تایبەتی ژنان تێیدا بەکاردەهێنرێن. دەور و نەخشی کچان و ژنان سنووردار دەکرێت و سەرمایەداری و هزری باوکسالار هەر لا بەجۆرێک دەبنە هۆکار بۆ بەکاڵا کردنی ژنان. بەگشتی لام وایە دوو ڕێگەت دەخاتە بەردەم؛ هاوسەرگیری وەک ڕێگەچارەیەک، هاوسەرگیری وەک بازرگانییەک!

ئاوارەیی و ناسەقامگیری جوگرافیایی: 

کۆچ و ئاوارەبوون بەهۆی قەیرانەکان، جەنگ، یان هەر دۆخێکی دیکە، زۆر جار بنەماڵەکان و ژینگەی ئەوان ناجێگیر دەکات. دەکەونە هەلوومەرجێکی نالەبار وەک مانەوە لە کەمپەکانی پەنابەران کە لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کچان ڕووبەڕووی دەستدرێژی، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و تەنانەت بازرگانیکردنیش دەبنەوە.

ئاوارەییەکان لە عێڕاق و کۆچ و بەدیل بوونی هزارانی بنەماڵەی عێڕاقی و کوردستانی ئێستاش کە ئاسەواریان ماوە، نموویەکی زیندوون. هەر بۆیە لەم جۆرە ژینگەیەدا کچان قوربانی چەندین جارە دەبنەوەو ناچاریان دەکەن بە هاوسەرگیری پێشوەختە و ناتەندروست. واتە لە ژینگەیەکی نائەمنەوە بۆ ژینگەیەکی نائەمنی دیکە پاڵ دەنێردرێن. کە ئەمەش بێگومان بەدەر نیە لە باوەڕی نەریتی و ئایینی “شەرەف پارێزی”. 

   

  کۆنتڕۆڵ کردنی سێکسی ژنان: 

کلتوورە پیاومەزن و باوکسالارانەکان کچان کەم بەهاتر لە کوڕان ئەژمار دەکات. لە بواری باسی سێکس و پێوەندی جنسیشدا هەروایە. هەروەک ئیسلام ناوی لێدەبات، ژنان لە سێکسدا لەگەڵ پیاوان تەنها وەک کێڵگەیەک دەبینرێن. بۆیە ئەم هەڵوێستانە بە شێوەیەکی گشتی لە سێکسیزم و نایەکسانی جێندەرییەوە سەرچاوە دەگرێت. کە ژن و کچان وەک موڵکی بنەماڵە دێنە ئەژمار کە دەبێ هەم لەژێرچاودێری دابن و هەمیش کۆنترۆڵ بکرێن. بۆیەش کچان پێش ئەوەی بگەنە قۆناغی خۆناسین، ناچاردەبن بچنە ژیانی هاوسەرگیرییەوە. ئەمەش ئازادییان سنوردار، تەندروستیان نالەبار و دەرفەتی پێشکەوتنیان لاواز و بێ هێز دەکات. لام وایە ئەمە نەک تەنها چەوساندنەوەی کچان بەڵکوو تەواوی کۆمەڵگەشە. لێرەیە کە وتەکەی مارکس وەبیردەخەمەوە کە دەڵێت: کۆمەڵگەیەک ئازادە کە ژنانی ئەو کۆمەڵگەیە تێیدا ئازاد بن. 

حەتمەن هۆکارەکانی دیکەش  هەن کە بەپێی دۆخی ناوچەکە سەریانهەڵداوە و تێیدەچێ هەرکام و لە جێی خۆیدا توێژیینەوەی وردی بۆ بکرێت. 

کاتێک نائاگاییەکان هەرەس دێنن و توندوتیژیەکان زیاد، بێگومان دەرەنجامە نەرێنییەکان وەردەردەکەون و پێ بەپێ لەگەڵ قۆناغی تەمەنی تاک دا دەڕۆن. هاوسەرگیری پێشوەختەی کچان زەنگێکی خەتەرە بۆ زیاد بوونی مەترسی تەندروستی. وەک ترس و دڵەڕاوکێ لەکاتی پێوەندی جنسیدا، ئەگەری خوێن بەربوون، دووگیانی پێشوەختە، عفوونەتی زێ و هەر هەموو ئەمانەش مردن، خەمۆکی، خۆکوژی، دوورەپەرێزی و ئەگەری لە دەستدانی کۆرپەش و دەیان مەترسی تر پەرەپێدەدات. گەر ڕووانینێکی وردترمان هەبێت بۆسەر ناوچە هەژار نشینەکان ئەوان بەهۆی نەبوونی ناوەندی تەندروستی و کەمی کەلووپەلی پزیشکی، پێڕاگەیشتنەکان لە کەمترین ئاستی خۆیدا دەبێت.  

 لەلایەکی دیکەشەوە بە هۆی نەبوونی پەروەردەی دروست و کارا، منداڵان و کچان تایبەتی تر بێبەشن لە پەروەردە و زانیاری باش لەسەر لەشی خۆیان، ئەندامی جنسییان و ڕەفتارە دەرەکییەکان ڕووبە خۆیان و مافی هەڵبژاردنیان. هەربۆیەش لەو کۆمەڵگایانەی هاوسەری پێشوەختە بەکچان دەکەن، ئاستی خوێندەواریی و زانیارییان کەم دەبێت و ئەمەش دەرفەتەکانی داهاتوویان زیاتر سنووردار دەکات و توندوتیژی خێزانی پەرەپێدەدات و خوولەکانی هەژاری و وابەستەییش بەردەوام دەکات. بەو پێیەی کە دابڕان لە خوێندن و پچڕانی پێوەندی کۆمەڵایەتی پەرەدانە بە بێکاری و هەژاری و دەستنەڕۆیشتوویی سەرهەڵدەدات. 

باسەکەم لەوەدا کورت دەکەمەوە کە هەر لە هۆکار و دەرەنجامەکاندا دەتوانین ڕێکەچارەکانیش بدۆزینەوەو هەوڵێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ڕووی پەروەردەو چاکسازی یاساییەوە بۆ بدەین. هەروەها چاونەترسانە دەستبخەینە سەر بەشداری بەرکەوتنی بەها بەکاربەرییەکانی سەرمایەداری و بەها نەریتییەکانی ئایینی و کلتووری کە هاوسەرگیری پێشوەختە ئایدیالیزە دەکات و لە پراکتیکدا دەیهێڵێتەوە بەجۆرێک کە وەک ستاتووسێک بۆ پێشێلکردنی مافی منداڵان و سنووردار کردنی ئوتونومی کچان سێبەری خستووە.