نەوەی Z: عەقڵانییەت لە جیهانێکی ناجێگیردا

شیکارییەکی کۆمەڵناسی بۆ پێناسەکردنەوەی بەهاکان، کردەی کۆمەڵایەتی لە سەردەمی جیهانگیریدا
پێشەکی
لەگەڵ خێرابوونی گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، ئابووری، کولتوور و سیاسەت، چەمکی “نەوە” زیاتر لە جاران بووەتە پرسێکی شیکاری. نەوەکان چیتر تەنیا گروپێکی هاو تەمەن نین، بەڵکو هەڵگری نەخشە جیاوازەکانی ئەزموونی ژیان و سیستەمی بەها و شێوازەکانی کردەی کۆمەڵایەتین.
نەوەی Z _ئەوانەی لە نزیکەیی ساڵی ٢٠٠٠ و دواتر لەدایک بوون_ بووەتە جێگەی سەرنجی زانایانی کۆمەڵایەتی و داڕێژەرانی سیاسەت و شیکارانی کولتووری. سەرەڕای لێکۆڵینەوەهای بەرفراوان، تێگەیشتنەکان لە نەوەی Z زۆرجار سادە، کۆنەپەرستانە، یان بچووککەرەوەیە. وەسفەکانی وەک “لێبوردەیی کەم”، “دژە نەریتی”، “ناجێگیر”، یان “نەبوونی پابەندبوونی کۆمەڵایەتی” ڕەنگدانەوەی دڵەڕاوکێی نەوەکانی پێشوو سەبارەت بە گۆڕانکاری خێرایە نەک شیکارییەک کە لەسەر بنەمای کۆنتێکستە پێکهاتەییەکان بێت. ئەم بابەتە نەوەی Z نەک وەک کێشەیێک بەڵکو وەک وڵامێکی عەقڵانی بۆ بارودۆخە مێژووییە تایبەتەکانی جیهانی هاوچەرخ دەکۆڵێتەوە.
نەوە، وەک ئەزموونێکی مێژوویی نەک تەنیا گروپێکی هاوتەمەن
لە تیۆریی کلاسیکی کۆمەڵناسیی نەوەکان، بە تایبەت لە شیکارییەکانی کارل مانهایمدا، نەوەکان بەرهەمی هاوکاتی بایۆلۆژی و بەرکەوتنی هاوبەش بە ڕووداوە مێژووییەکانن. ئەوەی نەوەی Z جیادەکاتەوە تەنیا تەمەن یان تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەتی کۆمەڵایەتیکردنە لە چوارچێوەی جیهانگیری و ناسەقامگیری پێکهاتەیی و وەرینی دەسەڵات لە جیهانی هارچەرخدا.
نەوەی Z یەکەم نەوەیە کە جیهانگیری ئەزموون دەکات، نە وەک پرۆسەیەکی دەرەکی، بەڵکو وەک جیهانێک بۆ بە سەربردنی ژیانی ڕۆژانە؛ جیهانێک کە گۆڕانکارییەکانی بەردەوامە و سەقامگیری ناجێگیرە.
گلۆبالیزم و ژیان لە جیهانی پۆلیفۆنیدا
یەکێک لە دەرئەنجامە بنەڕەتییەکانی گلۆبالیزم، داڕمانی دەقی هێژمونی و لاوازبوونی دەسەڵاتی تایبەت لە بەرهەمهێنانی مانادا بووە، لە چوارچێوەی گلۆبالیزمدا، جیهانی کۆمەڵایەتی دەبێتە فەزایەکی پۆلیفۆنی کە چەندین دەنگ و دەق و سیستەم لە یەک کاتدا ئامادەن و هیچ تاکە گوتارێک ناتوانێت بە تەواوی بەسەر مەیدانی مانا زاڵ بێت. نەوەی Z لەم دونیایەدا کۆمەڵایەتی کراوە، جیهانێک کە تێیدا ڕاستی بابەتێکی سەقامگیر نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پرۆسەی بەردەوامی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن و بیرکردنەوەیە، لەم چوارچێوەیەدا، ئیتر ئیعتباری کۆمەڵایەتی لە پێگەی دامەزراوەیی یان نەریتییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو بە هێزی قایلکردن و یەکگرتوویی ناوخۆیی و هاوئاهەنگی گوتار و کردەوە بەستراوە.
لە گوێڕایەڵی دامەزراوەییەوە بۆ حوکمدانی ڕەخنەگرانە: گۆڕانی لۆژیکی متمانەپێکردن.
نەوەی Z، بە دەستڕاگەیشتنێکی بەرفراوان بە زانیاری و توانای بەراوردکاری بەردەوام، جۆرێک لە عەقڵانییەتی هەڵسەنگاندنی پەرەپێداوە. لەم مۆدێلەدا جێمتمانەی گوتار بە پێگەی کۆمەڵایەتی دیاری ناکرێ، بەڵکو بە؛ بەڵگە، یەکگرتوویی لۆژیکی، یەکگرتوویی نێوان وتار و کردار سەرهەڵدەدات. ئەم تایبەتمەندییە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی نەوەی Z زیاتر بە درۆ و دووڕوویی و ناتەبایی دامەزراوەیی هەستیارە، ناسینەوەی خێرای ناتەباییەکان لە ئەنجامی ڕەشبینییەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی زیادبوونی خوێندەواری زانیاری و ئەزموونی ژیانی جیهانییە.
پراگماتیزمی بێ ئایدۆلۆژیا: بۆچی ئەنجام لە دروشم گرنگتر بوو؟
زۆرجار پراگماتیزمی نەوەی Z بە هەڵە بە هەوڵ یا ساویلکە لێکدانەوەی بۆ ئەکرێ، بەڵام پێویستە ئەم تایبەتمەندییە لە پێوەندی لەگەڵ جیهانێکدا شی بکرێتەوە کە لەوێدا: .ڕێگاکانی پیشەیی ناجێگیرن. .داهاتوو پێشبینی نەکراوە. ڕاگرتنی بڕیار تێچووی زۆر دەبێتەوە. لە چوارچێوەیەکی وادا گرنگیدان بە ئەنجام و کردار لاوازی کەسایەتی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی عەقڵانییە بۆ مانەوە و خۆ گونجان. نەوەی Z کەمتر بایەخ بە پرۆسەی درێژخایەن و هێمادار دەدات و زیاتر سەرنجی کاریگەری ڕاستەقینەی کردارەکان دەدات.
نەوەی z و post-materialist tendencies
توێژینەوە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە نەوەی Z کەمتر مەیلی بەرەو کۆ کردنەوەی دارایی بە شێوەی کلاسیک و بەکارهێنانی بەرچاو هەیە. لە هەمان کاتدا ئەم نەوەیە چاوپۆشی لە پێویستی ئاسایشی ئابووری ناکات. ئەوەی کە ئەبینرێت جۆرێکە لە پێناسەکردنەوەی قازانج؛ قازانجێک کە تەنیا بە قازانجی دارایی سنووردار ناکرێ بەڵکو بە بەهاگەلێک وەکوو دادپەروەری، مانا، تەندروستی دەروونی و ڕەسەنایەتی کەسی پەیوەستە. ئەم مۆدێلە دەتوانین پێی بڵێینpost-materialist tendencies، ڕێبازێک کە هاوسەنگی لە نێوان پێداویستییە مادییەکان و ئەرکە مرۆییەکان بەبێ ئەوەی پەنا بۆ دروشمی ئەخلاقی ببات دروست دەکات، هەروەها توانای نەوەی Z بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئاڵۆز و فرە چینییەکانی جیهانی هاوچەرخدا نیشان دەدات.
تاکگەرایی بەهاکان و کردەوەی دادپەروەرانە
زیادبوونی تاکگەرایی نەوەی Z نابێت لەگەڵ تاکگەرایی توندڕەو یان هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵ تێکەڵ بکرێت. ئەوەی لەم نەوەیەدا دیارە، سەربەخۆیی لە بڕیاری ئەخلاقی و هەڵبژاردنی بەهاکانە (گۆڕانی فۆرمی بەها). لە هەمان کاتدا، هەستیاری بەرز بەرامبەر بە نایەکسانی و جیاکاری و نادادپەروەری ئەوە پیشان دەدات کە کردەی کۆمەڵایەتی نەوەی Z هێشتا بەکۆمەڵگەراییە، بەڵام لە فۆرمەکانی نەریتی و پلەبەندیدا نییە.
خێراکردنی بڕیاردان و کەمکردنەوەی وریایی
خێرایی زیاتر لە بڕیاردان و بێتاقەتی لە وەستان لە تایبەتمەندییە دیارەکانی نەوەی Zە. ئەم تایبەتمەندییە پێویستە وەک دەرئەنجامی: .خێرایی سووڕانەوەی زانیارییەکان. .کورت بوونەوەی خولگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و ئەزموونی بەردەوامی نادڵنیایی بزانین. بەم مانایە، پەلەکردن لە بڕیاردان، نەبوونی عەقڵانییەت نییە، بەڵکو لەگەڵ لۆژیکی سەردەم گونجاندنە.
دەرەنجام: بۆشایی نەوەکان، گواستنەوەی دەسەڵات، و پێویستی پێداچوونەوەی دامەزراوەیی
شیکاری نەوەی Z ئەوەمان بۆ دەردەخات کە زۆرێک لە گرژیی نێوان نەوەکان ڕەگیان لە تایبەتمەندییەکانی ئەم نەوەیەدا نییە، بەڵکو لە بێتوانایی نەوەکانی پێشوو و پێکهاتە باڵادەستەکان لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دایە. بەبێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پرۆسەی گواستنەوەی سەرکردایەتی، تێگەیشتن لە نەوەی Z ناتەواو دەبێت.
پاشەکی:
نەوەکانی پێشوو، بە هۆی پشتبەستنیان بە نەخشە جێگیر کراوەکان و لاواز بوونی سازگاری دامەزراوەیی، لە تێگەیشتن لە لۆژیکی کۆمەڵایەتی-بایۆلۆژی نەوەی Z بێ ئاکام و سنووردارن و بە تەواوەتی نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ کۆمەڵگای جیهانی نوێ بگونجێنن، ئەمەش زۆرجار بووەتە هۆی دوورخستنەوە و بێمتمانەیی و بەشداریکردنی سنوورداری نەوەی نوێ.
لە بەرانبەردا نەوەی Z توانایەکی بەرزی بۆ بەڕێوەبردنی چەندین ئەرک و بڕیاردان لە ژێر نادڵنیاییدا و سەرکردایەتی شەبەکەیی هەیە، ئەم توانایانە بە سوودێکی ستراتیژی بەتایبەت لە جیهانێکی ناسەقامگیردا دادەنرێت. بەڵام جیهانی مۆدێرن نەیتوانیوە ژینگەیەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی-بایۆلۆژی بۆ ئەم نەوەیە دابین بکات. دەرئەنجامی ئەم دۆخە دروستبوونی جۆرێک لە دڵەڕاوکێیە کە نابێت لەگەڵ دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بکرێت. نەوەی Z لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەهێزکراوە؛ ئەوەی ئەزموونی دەکات دڵەڕاوکێیە لە داهاتوو و بێمتمانەیی بە سەقامگیری پێکهاتەکان.
بەم پێیە ڕاسپاردەی سەرەکی ئەم بابەتە ئەوەیە کە دامەزراوە پەروەردەیی و ڕێکخراوەیی و سیاسەتڕێژەکان بە زیادکردنی متمانە بە تواناکانی نەوەی z و ڕاسپاردنی بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە و قبوڵکردنی فۆڕمی نوێی بەشداریکردن و سەرکردایەتیکردن، ئیمکانی بەشداری چالاکانەی ئەم نەوەیە دابین بکەن.لە جیهانێکدا کە گۆڕانکاری بووەتە نۆرم، قەبول نەکردنی نەوە نوێیەکان نەک هەر دەبێتە ڕێگر لە گەشەکردنیان، بەڵکو دەبێتە ڕێگرێک بۆ دینامیزم و مانەوەی کۆمەڵگا بە گشتی.
