کۆمەڵە، پرسی نەتەوەیی کورد و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی

0

بناغەی خەباتی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی لەسەر ئەو ڕوانینە دامەزراوە کە دەسەڵات بەسەر خاکی کوردستاندا مافی خەڵکی کوردستانە و هەر دەسەڵاتێکی سیاسی کە لە دەرەوەی ئیرادە و ویستی نەتەوەی کورد خۆی بە سەر ئەم وڵاتەدا زاڵ بکات، نایاسایی و ناڕەوایە. لە ڕوانگەی ئێمەوە داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی سەروەری، ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و بەختەوەریی نەتەوەی کورد و کوردستانییەکانە.

کوردستان لە سەدەکانی پێشوودا، مەیدانی ململانێ و شەڕی هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان بووە و سەروەری، ئازادی و مافەکانی نەتەوەی کورد لەو کێشە و ئاڵۆزییانەدا ژێر پێ خراوە و کوردستان لەم دۆخە خەساری زۆری دیوە و بە پێی مەسڵەحەتی دەسەڵاتانی ناوچە و جیهان دابەش و داگیرکراوە. لە سەردەمی نوێدا، خەبات بۆ ڕزگاری  له  بندەستیی نەتەوەیی و خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد لە هەموو کوردستان، بەردەوام درێژەی هەبووە. ئەم خەباتە خاوەن وزەیەکی بەرچاوی دیموکراتیک، سیکۆلار، پێشکەوتنخوازانە و جەماوەرییه. کوردستان لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، لە پێناو بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهانی سەرمایەداری لە نێوان چوار دەوڵەتی داگیرکەرەدا دابەش کرا و بوو بە قوربانیی سات و سەودایەکی ئەمپریالیستی. بۆیە لە ڕوانگەی ئێمەوە مەسەلەی کورد لە هەموو کوردستان لە ڕاستیدا یەک مەسەلەیە و ستەمی نەتەوەیی لە کوردستان یەک سەرچاوەی هەیە. 

لە ڕوانگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانەوە مافی دیاریکردنی چارەنووس تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان مافێکی بێئەملاوئەولای نەتەوەی کوردە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو هەموو نەتەوە ئازادەکانی جیهان، خۆیان خاوەنی مافی دیموکراتیکی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی سیاسیی وڵاتەکەیانن، هاوکات ئەو مافە بۆ هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بەڕەسمی دەناسین و پشتیوانیی لێ دەکەین. 

کۆمەڵە لەبەر بڕوای بە مافی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆیان و بڕوای قووڵی بە گەڕاندنەوەی ئیرادە و دەسەڵات بۆ خەڵک، ڕێز لە هەر جۆرێک لە دەسەڵاتی سیاسی کە ئیرادەی دیموکراتیکی خەڵک لە داهاتووی کوردستان بڕیاری لەسەر بدات و هەڵیببژێرێت، دەگرێت. هاوکات لە باسی چارەسەری ستەمی نەتەوەییدا سەربەخۆیی بە ئامانجی دواڕۆژ و ئاسۆی بۆ ڕزگاریی یەکجاری لە ستەمی نەتەوەیی دەزانێت و لە ڕێڕەوی ئەو خەباتەدا بەشدار و ئاڵاهەڵگری خەبات بۆ هەر دەسکەوتێک و هەنگاوێکی بەرەوپێش بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەبێت. لە ڕوانگەی ئێمەوە چوونەدەرەوەی هێز و سوپای داگیرکەر لە کوردستان مەرجێکی سەرەتایی و سەرەکیی گەیشتنی نەتەوەی کورد بە مافە زەوتکراوەکانیەتی. ئامانجی ستراتێژیکی گەیشتن بە کوردستانێکی سەربەست، یەکسان، عادیلانە و پێشکەوتوو دەبێتە هۆی هەڵبژاردنی ڕێکار و تەکتیکی دروست بۆ کاری ئەمڕۆ و داهاتووی نزیکمان و زەمینەی زەینی و فیکریش لە نێو کۆمەڵگادا ئامادە دەکات بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵگا دڵنیا بن ئەوانە تەنیا ئاوات و خەیاڵ نین و دەبێت خۆمانیان بۆ تەیار کەین و بیانکەینە ڕاستییەکانی داهاتوومان.

لە زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی خوێناویی و سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سەرەڕای هێرشی بەرینی نیزامی و میلیتاریزەکرانی کوردستان، بۆمبارانی شار و دێ و گرتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجە و ئیعدامی بەکۆمەڵی خەباتکارانی کورد لە کوردستان، نه‌یتوانیوه‌ چۆک بە نەتەوەی کورد دابدات و له‌ خه‌بات بۆ ڕزگاری پاشگه‌زیان بکاته‌وه‌ و بە پێچەوانە نەتەوەی کورد تا هاتووە بەرەو خۆئاگایی، بەرزتربوونەوەی وشیاریی نەتەوەیی و هاوپشتی هەنگاوی ناوە و جوگرافیای خەباتەکەی بەرینتر بووەتەوە. ئەم خەباتە بە هەوڵ و کاریگەریی کۆمەڵە و ڕەوتە پێشکەوتنخوازەکانی دیکەی کوردستان هاوکات پێشکەوتووتر، یەکسانیخوازتر و دادپەروەریخوازتر بووە. کۆمه‌ڵه‌ ڕێکخستن و ڕابه‌ری کردنی ئەم خەباتە ڕوو له‌ گه‌شه‌یه‌ به‌ ئه‌رکی سه‌ره‌کیی خۆی ده‌زانێت.

لە نێو بزووتنەوەی کوردستان و حیزبەکانیدا کۆمەڵە حیزبی هەوڵ بۆ ڕزگاری لە چەوسانەوە، ژێردەستی و هەڵاواردنە و خۆی بە حیزبی هیوا و ئاواتەکانی نەتەوەی کورد و چینی چەوساوە و مافخوراو دەزانێت. کۆمەڵە هەروەک چۆن له‌ سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران بۆ ڕووخانی حکوومه‌تی پاشایه‌تی له‌ ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی و ساڵانی دواتردا سه‌لماندی کە دەتوانێت‌ بە داهێنانی نوێ و بیری پێشکەوتوو و ئینسانی یەکێک لە کاریگەرترین حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بێت و ڕێبەرایەتیی خەباتی نەتەوەیی بە ناوەرۆکی ئینسانی و پێشکەوتنخوازانە و دژە هەڵاواردن بگرێتە ئەستۆ، ئێستاش دەتوانێت و دەبێت خەباتی جەماوەری و دیموکراتیکی خه‌ڵکی کورد بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی ڕێک بخات و لەو خەباتەدا په‌ره‌پێده‌ری پێشڕەوترین بیروبۆچوونی مرۆیی، دادپەروەریخوازانە، یەکسانیخوازانە و ئازادیخوازانەی سه‌رده‌م بێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *