نەورۆز ھێمایەک بۆ گەشە و پێشەوەچونی بزووتنەوەی کورد….!

ھەمووان بینیمان کە نەورۆزی ئەمساڵ چەند قات بە گوڕ و تینتر و بە گرتنە پێشی پانتایی جۆغرافیایەکی پان و بەرینتر ھەر لە ئیلامی و کرماشان تا ورمێ و تەنانەت لە بەشێک لە لوڕستان و ھەمەدان، بە شکۆمەندی و بە بەشداری دەیان ھەزار کسی لە خەڵکی کوردستان و بە گۆڤەند و شایی و رەشبەڵەکی کچان و کوڕانی ھەڵوەدایی ئازادیی و سەربەستی، بەڕێوە چوو.
ئەوەیکە ئاستی کلتووریی خەڵکی ئێمە ھێندە بەرز بووەتەوە کە بە دەیان ھەزار کەس لە یەک شوێن و لە یەک رێوڕەسمدا کۆ دەبنەوە و پێکەوە شادیی و خۆشی گەورەترین جەژنی کوردی و نەورۆز لەگەڵ یەک دابەش دەکەن و رێزی لێ دەگرن و لە ھەمان کاتدا ئەم رێوڕەسمە گەورە و پڕ لە شکۆ و شانازیانەی خەڵکی کوردستان بە بێ ھیچ بەریەککەوتن، کێشە و ناکۆکیەک بەڕێوە دەچێت، لە چەشنی خۆی سەرەنج راکێشە و لە ھەمان کاتدا ئەوەیکە رێوڕەسمەکانی نەورۆز بەم شێوەیە بووەتە مەیدانی تەڕاتێنی بیروڕا سیاسیە جیاجیاکانی خەڵکی کوردستان و ھەرکە لە جێگای خۆیەوە بە بەرز کردنەوە و رێزگرتن لە ھێماکانی ئامانج و ئاواتەکانی خۆی و ھاوچینەکانی، لەو رێوڕەسمانەدا دەردەکەوێت، بە چەند ھێندە زیاتر بووەتە ھۆی رەنگاڵە و رازاوە بوونی ئەم رێوڕەسمانە و بووەتە ھۆی ئەوەیکە پەیامێکی گرنگی بۆ ھەموومان تێدا بێت کە ئەویش ئەوەیە “ئێمە وێڕای بیرجیاوازی و وێڕای ئەوەیکە ھەر کامەمان ھەڵگری چەشنێک لە ئیدە و مۆدێلی سیاسی و تێفکرینین، بەڵام یەکگرتوو و یەک بڕوا و بە لەبەرچاو گرتنی تۆلێڕانس و جیاوازی بیر و بۆچوون، دەبێ دەست لە دەستی یەک و یەکگرتوو بە گژ کۆنەپارێزی، داگیرکاری، نایەکسانی و نادادپەروەریەکدا بچینەوە کە دوژمنانی ئەم سەرزەمینە بە درێژایی دەسەڵاتی خۆیان ھەوڵیان داوە بیسەپێنن بە سەر خەڵکی کوردستاندا”.
ھەروەھا دەکرێ ئاماژە بەوەش پدەین کەم بەم نەورۆزە شکۆمەند و ئاڵاواڵایە، ھەیمەنەی ئەو کۆنەپارێزیە دڕندە و سەدەناوەڕاستیە تێک شکێندرا و بۆمان دەرکەوت کە ئەو دروشمە چەندە لە راستیەوە نزیکە کە “کوردستان گۆڕستانی فاشیست و کۆنەپەرست و تاریک بیرانە”.
خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان وێڕای ھەموو ئەو زەخت و گوشارە سیاسی و نیزامیانەی کە لە سەریان بوو بۆ پێشگرتن لە رێوڕەسمەکانی نەورۆز و سەرەڕای ئەو ھەموو نالەباری و لاواز بوونەی باری ئابووری و ژیان و گوزەرانیان، بەڵام توانیان یەکجار سەربەرزانە و لێوان لێو لە شکۆ و عەزەمەت، بڵێسەی ئاگری نەورۆز و مەشخەڵی ئازادی و سەربەستی خوازی خۆیان لە ھەموو شار و گوندەکان و لە مەتەرێزی بەگژدا چوونەوەی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی ھەڵ بکەن و ئەزموونەکانی یەکگرتوویی و یەکڕیزی خۆیان بە گوێی ھەمووماندا بچرپێنن، کە دەبێ بە قبووڵ کردنی ڕەنگ و دەنگە جیاواز و جۆراوجۆرەکان، دەست لە دەستی یەک و ژن و پیاو و گەنج و پیر شان بە شانی یەک بۆ بونیات نانی کۆمەڵگایەکی بە دوور لە ھەموو جۆرەکانی ستەم، نایەکسانی، نادادپەروەری و چەوساندنەوەیەک تێبکۆشین.
کۆماری ئیسلامی وێڕای ھاندانی مەجمووعەیەک مەلا و کۆنەپارێزی بەکرێگیراوی خۆی، ھەوڵی تێکشکاندنی یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و پاشەکشێ بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆزیدا و مانگی ڕەمەزانیان کردە بیانوو، تا پێش بە دەرکەوتنی شکۆمەندانەی خەڵکی کوردستان لە مەیدانی ھەوڵدان بۆ رزگاریی بگرن، بەڵام ئەم گەلە ئازا و چاونەترسە وەڵامێکی پڕ بە پێستی خۆی و دروستیان، ھەم بە مەلا و بانگخوازە بەکرێگیراوەکان و ھەم بە دێوەزمە خوێنمژەکەی جەماران دایەوە، کە نەورۆز ڕەمزی یەکگرتوویی و سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستانە و ئێمە بە ھیچ شێوەیەک و لە بەر ھیچ بیرتەسکی و دواکەوتوویەک نامانھەوێ لە شکۆ و گەورەیی نەورۆز کەم بکەینەوە و بە ھاتنە مەیدانی زیاتری کچان و ژنانی ئازادیخواز، ھەموو ھەوڵ و ھیوا نگریس و دواکەوتووانەکانی رژیم و بەکرێگیراوەکانیان تووشی شکست و داڕمان کرد.
ئێستا کە کۆماری ئیسلامی لە ھەڵدێری مان و نەمان دایە، ئابووریی ئێران بە تەواوەتی داڕماوە و ھیچ ھیوایەک بۆ چاک بوونەوەی بەدی ناکرێت، سەرھەڵدانی شۆڕشێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە چەشنی شۆڕشی ژینا لە ئان و ساتدایە، گوشارە دەرەکی و نێودەوڵەتیەکان بۆ پاشەکشە و تەسلیم کردنی رژیم گەیشتووەتە لووتکەی خۆی و ھەموو کون و کوژبنەکانی ھیوا بە داھاتووی مانەوەی رژیمی ئیسلامی ئێران کوێر بووەتەوە و ھەموو ئاماژەکانیش باس لەوە دەکەن کە داھاتووی رژیمی ئێران ھیچ ئاسۆیەکی روونی نیە و مەحکووم بە فەوتان و لەنێوچوونە، ئەم نەورۆزەی کوردستانێش گورزێکی کاریگەر و بەھێز بوو لە پەیکەرەی پرتووکاوی رژیم.
بۆیە خواست و پێویستیەکی زەرووری و ھەنووکەیی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی ھێزە سیاسیەکانیە کە ھەوڵ بۆ خۆ تەیارکردن بەرانبەر بە ھەموو ئەگەرەکان و تێکۆشان لە پێناو یەکگرتوویی و ھاودەنگی زیاتری حزبەکاندا بکەنە ئەجێندای کاری رۆژانەی خۆیان و بە سازان و یەکتر قبووڵ کردنی زیاتر و دروستکردنی چەترێکی ھاوبەش بڕۆنە پێشوازی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئەگەری ھاتنە ئارایاندا بێ ھیچ گومان و دوڕدونگیەک، مەجالێکی باش و ھەلێکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا.
ئەوەیکە ئەمساڵ ئیلام، کرماشان و ورمێ گەورەترین رێوڕەسمەکانی نەورۆزی شکۆمەندی کوردەوارییان تێدا بەڕێوە چوو، بۆ خۆی دەرخەری ئەو راستیەیە کە جوغرافیای سیاسی کوردستان لە بەراوەرد لەگەڵ شۆڕشی ساڵی ٥٧ پانتاییەکی یەکجار زۆرتری بە خۆوە گرتووە و تەنانەت بەشێکیش لە لوڕستان و ھەمەدانیش خۆیان بۆ پەیوەست بوون بە شۆڕشی کوردستان ئامادە کردووە و ئەم بەرین بوونەوەی جوغرافیای سیاسیە دەخوازێ کە ھەوڵ و ماندووبوونی زیاتری بۆ بکێشین و پێویست و زەرووریە کە بەتایبەت کۆمەڵە خۆی بۆ کار و چالاکی گەورە و حزووری زیاتر و بەھێز لەو ناوچانە ئامادە بکات.
گەشەی ھەستی کوردستانی بوون و خۆ تەعریف کردن لەگەڵ شۆڕشی کوردستان لە لەکستان و لوڕستان، چوونە سەرەوەی ئاستی وشیاری سیاسی و بیری کوردستانی بوون لەو ناوچانە کە بەشێکی ھەرە زۆری نەتەوەی کورد لە رۆژھەڵات لە خۆ دەگرن، دەخوازێ کە ئێمە ھەوڵەکانمان بۆ کاری جددی و بەھێز لەو بەشانەی کوردستان بخەینە گەڕ و دەبێ تەدبیرێکی جددی بۆ راپەڕاندنی ئەم ئەرکە قورس و گەورەیە بکەینەوە، تا بتوانین بە پێی پێویست و بە ئاستێکی باش و گونجاو کۆمەڵە و ھزر و ئەندێشە خامە رەنگینەکەی و مێژووە پرشنگدارەکەی بە بەرفراوانی بە خەڵکی ئەو ناوچەگەلە بناسێنین و ھێزی بۆ کۆ بکەینەوە.
شۆڕشی رزگاریخوازانەی کوردستان لە حاڵێکدا خەریکی پێشڕەوی و گەشە کردنە، کە ھاوکات لەگەڵ پەیوەست بوونی یەک لە دوای یەکی شار و شارۆچکەکان بە بزووتنەوەی رزگاریخوانە، جۆرێک لە رێنسانسی کۆمەڵایەتی و کلتووریش لەگەڵ خۆیدا ھێناوە و دەتوانین ئەو ئیدعایە بکەین کە، بووەتە ھۆی ئەوەیکە کوردستان لە بواری پێشکەوتن، بەرھەمھێنان و گەشەی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی سیاسی و رووناکبیری بە ئاستێکی یەکجار زۆر لە پێش ھەموو کۆمەڵگاکان و نەتەوەکانی دەروبەری خۆیەتی و بە ڕوونی جیاوازی و پێشکەوتنخوازیی خەڵکی کوردستان لە ناوچەی پڕ کێشە و ئاڵۆز و دواکەوتووی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەردەخات و ئەمەش وێڕای ئەوەیکە جێگا پەنجەی کۆمەڵە و ھێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان لە سەر شۆڕشی خەڵکی کوردستان بە روونی دیارە، ھاوکاتیش ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەگەر ئێمە ھەوڵ و تێکۆشانی خۆمان چڕتر بکەینەوە، بەستێنی کار و چالاکی لەو ناوچانە کە پێشووتر کەمتر بەشداری شۆڕشی رزگاریخوانە بوون، لەبار و ئامادەیە و کۆمەڵە و ھەر ھێزێکی ئەوڕۆیی و پێشکەوتنخواز دەتوانێ زیاتر لە جاران جڵەوی شۆڕشەکە بە دەستەوە بگرێت و کوردستان و خەڵکەکەی لە دزە و پەرەسەندنی تاقمە دەمارگرژ و دواکەوتووە ئیدیۆلۆژیک و ئایینیەکان بپارێزێت و نەھێڵێت ئەم بزووتنەوەیە کە تا ئەم ئاستە گەشەی کردووە، بۆ دواوە بگەڕێتەوە و تووشی پاشەکشەی بکات.