نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامی جەماوەر و ئەرکی حیزبەکان…

ئەسعەد دوروودی

ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ٢٠٢٥ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی تایبەتدا گیران و چەندین لایەن و پەیامی گرینگ و جێگەی تێڕامانیان تێدا بوو. ئەو پەیامانە هەم ڕوو لە دەسەڵاتی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی بوو و هەم بۆ حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەرسی جێگەی سەرەنجیان تێدا بوو.
نەورۆزی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکاریی گەورەی ناوچەیی، ئاڵوگۆڕگەلێک کە زۆربەیان لە زەرەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون. باڵە تیرۆریستییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەکە لاواز بوون و قەیران و ئەزمەکانی ناو دەسەڵات بەرینتر بوونەتەوە. هاوکات هێرشە نیزامییە ناسەرکەوتووەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسراییل و هێرشەکانی ئیسراییل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە زەبرێکی گەورەی لە توانای چەکداریی حکوومەت دا، درۆیینە بوونی هەیمەنە و هێزی نیزامیی کۆماری ئیسلامیی دەرخست و وەجەی ڕژێمی لای لایەنگرانی شکاند و ئۆرتیانی دابەزاند.
بەدەسەڵات گەیشتنی دۆناڵد ترامپ لە ئەمریکا و سیاسەتی ئاشکرای گوشاری ئابووری بۆ چۆک دادان بە ڕژێمی ئیسلامی کە هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەی نیزامی، هەر لە سەرەتاوە ئابووریی لاوازی کۆماری ئیسلامیی تووشی ڕووخانی زیاتر کردووە و هاوکات گوشاری زیاتری بۆ سەر خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حکوومەتە لەگەڵ خۆی هێناوە، گوشارێک کە دەتوانێ قین و تووڕەی و ماندووبوونی خەڵک لەم دەسەڵات دیکتاتۆر و لێنەهاتووە زیاتر بکا و هەڵچوون و ئاخێزی نوێی لێ بکەوەتەوە، کە کۆماری ئیسلامی بەرەو لەناوچوون ببات.
لە وەها دۆخێکدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو پیریی نەورۆز چوون، نەورۆزێک کە ساڵانێکە بووەتە ڕەمزی خۆڕاگری و بەرانبەرکێ لەگەڵ دەسەڵاتداران و نواندنی هێز و یەکگرتووی لە کوردستان بەرانبەر حکوومەتی تاران. ئەمساڵ شکۆدارتر لە جاران، بەرینتر لە جاران و ئاشکراتر لە جاران نەورۆز مەیدانی دەربڕینی ویست و ئیرادەی کوردستانییەکان بۆ ڕزگاری و ئازادی بوو. لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای هەوڵی دەزگا سیخوڕی و سەرکوتکارەکانی ڕژێم، خەڵک بوێرانە کۆبوونەوە، هەڵپەڕین، شادییان گێڕا و بە خوێندنی سروود و گۆرانی و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، پێکەوە و هاوپشت بەرەو پیری بەهاری سروشت چوون و سەلماندیان کە ویست و ماف و ئیرادەمان بۆ ژیانێکی شاد و سەردەمییانە بەسەر کولتووری ڕەش و خەماوی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامیدا سەردەکەوێ.
بەڕێوەچوونی جەژنەکان، سەرەڕای هاوکات بوونی نەورۆز لەگەڵ مانگی ڕەمەزان دەریخست کە بیری ڕزگاریی نەتەوەی و شوناسی نەتەوەیی لە کوردستان لەسەرەوەی هەموو جیاوازییەکان و تایبەتمەندییەکانە و ئەم ئیرادەیە هێزی یەکەم و ویستی یەکەمی خەڵکی کوردستانە.

هەوڵ بۆ خۆ بە خاوەن دەرخستنی ناڕاست و خەیاڵیی ئەم دەرکەوتنە بەهێزە جەماوەرییە و یەک ڕەنگ نواندی ئەم تابڵۆی فرەڕەنگی یەکڕیزییە و مۆرکی خۆ لە سەردانی ئەم ئیرادە گشتییە لە لایەن هەر حیزب و لایەنێکەوە و بە هەر مەبەست و ئارگۆمێنتێکەوە، چکۆلە کردنەوەی قەبارەی ئەم خەباتە مەدەنییە و دابەشکردنی بە سەر دوو یان چەن جەمسەر و هەوڵێکە بۆ زاڵ کردنی بیر و ئیرادەی یەکلایەنە و لاوازکردنی ڕۆحی یەکڕیزی و هاوپشتی. گوێ نەدان بەو یەکڕیزی و هاوپشتییە لە دۆخی لاوازی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە سەردەمی هەڵچوون و ورەبەرزیی جەماوەردا، خوازراو یان نەخوازراو زەبر لە بزووتنەوەی کوردستان دەدا و هێزمان بە فیڕۆ دەدا و لە ئامانج دوورمان دەخاتەوە.
نیشاندانی تەنیا بەشیک لە ڕاستی و هەوڵ بۆ نواندنی وەکوو هەموو ڕاستی، یان هەوڵ بۆ گۆرینی ڕاستییەکان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ لایەنی دیکە و خۆ بەهێز نواندن، هەموویان لە ناو جەماوەردا کاردانەوەی پیچەوانەیان دەبێ و بێجگە لە ژمارەیەکی کەم، کەس شاد ناکەن و دڵی خەڵک خۆش ناکەن. ئەوەی دڵی خەڵک خۆش دەکا هاوپشتی و هاوپەیمانی بۆ ڕاماڵینی داگیرکەرە و لە زۆر بۆنە و خەبات و مانگرتنی جەماوەریدا بینیومانە کە چون خەڵک پێشوازی لە کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان دەکەن، پێی دەڵخۆشن و نیشانی دەدەن لای ئەوان ئەوە خاڵی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان.
هەموو حیزب و لایەنێک بۆی هەیە بۆ ئیدە و مەرامی خۆی تێبکۆشێ و خەڵکی لە دەور کۆکاتەوە و لە ڕاستیدا حیزبایەتی لە دەوری ئەو ئیدە و مەرام و بۆچوونانە مانا پەیدا دەکا، بەڵام حیزب ئامرازە و ئەمڕۆ لە کوردستان زیاتر لە هەرکاتێک پێویستە هەموو ئەکت و بڕیار و هەوڵەکانی لە سۆنگەی بەرژەوەندیی نەتەوە و خەڵک و خەبات و بزووتنەوەکەوە لێکبدرێتەوە و داڕێژرێ. ئەمڕۆ کوردستان لە ناو دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و لە ناو دابەشبوونی هێزەکان و هەوڵی بەردەوامی داگیرکەران بۆ درێژەی دەسەڵاتیان لە کوردستان، دەرفەتێکی زێڕینی دەسکەوتووە و لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی لە درێژەی هاوپشتی و هاودەنگی جەماوەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلە هەیە. حیزبەکان دەبێ ئەو هاوپشتییە ببینن، بیناسن و هەوڵی بەهێزکردنی بدەن، هەر جۆرە هەوڵێک بۆ بە هی خۆکردنی ئەو بزووتنەوەیە هەرچەن لە کورتماوەدا لایەنێک بەهێزتر یان خاوەن پێگەتر بنوێنێ بەڵام لە درێژماوەدا دووبەش بوون و چەن بەش بوون و کەلێنی لێدەکەوێتەوە. بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا ئەزموونێکی تاڵی دوو بەرەکایەتی و گرینگی دران بە ئاماجی حیزبی پێش ئامانجی نەتەوەیی و جەماوەریی تێپەڕاندووە و ئەو ئەزموون دەریخست ئەو جۆرە ناتەباییانە بەرژەوەندیی داگیرکەر و دڵساردیی خەڵک و خەسار و لەدەستدانی هێزی حیزبەکان و گیانی تێکۆشەرانی لێ دەکەوێتەوە و هیچ دەسکەوتێک کە ئەو زەرەر و خەسارە پاساو بکات و ئەوەندە بهێنێ کە ئەو هەموو قوربانییەی بۆ بدەین، بەدەستی نەهێناوە.
کوردستان وەکوو هەموو کۆمەڵەگا و کورد وەکوو هەموو نەتەوەیەکی دیکە ڕەنگاوڕەنگە و ڕەنگاوڕەنگ دەمێنێتەوە، هونەری حیزب و لایەنی سیاسی ئەوەیە بە هۆنینەوەی کۆلکەزێڕینەیەک لەو ڕەنگانە ڕاستی و جوانیی کوردستان دەرخا و ڕووبارێکی بەخرۆش لە جۆگەکانی خەباتی خەڵک پێکبێنێت بۆ داماڵینی داگیرکەر و نەهێشتنی ستەم.
هیزی ڕاستەقینە هی جەماوەرە و دەبێ لە دەستی جەماوەردا بمێنێتەوە. حیزبەکان دەبێ پێشڕەوی وێکخستنی هێزی جەماوەر بن و بە دروستکردنی هاوپەیمانی و بە کاری هاوبەش کوردستان هەنگاوێک لە ئامانجەکانی نزیک کەنەوە. ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک ڕۆژی هاوکارییە. کوردستان چاوی لە ئێمەیە، چاومان لە کوردستان بێ.