نەورۆزی کوردستان هێمای نوێبوونەوە و هەوێنی یەکگرتنە…!

نەورۆز لە سروشتدا ڕۆژی ژیانەوەیە و موژدەی هاتنی بەهار و نوێ بوونەوەی پێیە، هاوکاتیش ڕەمزێکی لەمێژینەیە بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی و گەرمی بەسەر تاریکی و بەستەڵەکدا. ساڵانێکە لە کوردستان ئەو ڕۆژە و ئەو ڕەمزە مانایاکی قووڵتر و دیارتریان هەیە، ئەمساڵ و لە ئاکام و درێژەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و گیانبازی و فیداکاریی خەباتکارەکانی ئەو شۆڕشە ڕەنگاوڕەنگدا و داڕمانی بەرەی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، ڕووناکی و گەرمییەکی زیاتر لە ساڵانی پێشوو بە دڵی هەموو ڕزگاریخوازان و ئازادیخوازانی کوردستاندا دەگەڕێ و ئاگری نەورۆز و چرای هیوامان لە جاران گەشترە. دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا کە یەکگرتوویی، سەرەڕای ڕەنگاوڕەنگی بەرچاوترینیانە، ئەو هیوایەی خستووەتە دڵی کوردستان کە لە ساڵی نوێدا بەفر و بەستەڵکی داگیرکەری و بیعەداڵەتی و نایەکسانی ڕادەماڵدرێ و بەهاری ئەمساڵمان بەهاری ڕزگاری و ئازادی و یەکسانی دەبێ و ئاوات و خەونی سەوز و سووری کوردستانیان دێنە دی. 

ئەمڕۆ خەباتی خەڵک لە کوردستان وەکوو کۆلکەزێڕینە نوێنەری هەموو خواست و تاکە مافخوراوەکانی کوردستانە، ئەم خەباتە بۆ سەرکەوتنی پێویستی بە هێز و وزەی هەموو ئەوانەیە کە بە درێژایی مێژووی داگیرکاری و بێعەداڵەتی و نایەکسانی مافیان خوراوە و ژیانیان لێ زەوت کراوە. نەورۆزی ئەمساڵ کوردستان لە درێژەی خەباتی دوورودرێژی خۆیدا بۆ ڕزگاری لە ژێردەستەیی نەتەوەیی، بۆ عەداڵەتی ئابووری و مافی ژیانی شیاوی سەردەم بۆ هەمووان، بۆ بنەبڕکردنی باوکسالاری و مافی هەموومان بۆ ژیانی یەکسان، بۆ ڕێزگرتن لە هەموو جۆرە خۆشەویستیەک، بۆ ئازادی و مافە تاکەکەسی و گشتییەکان و بە گشتی بۆ هەموو ئەوانەی مافیان ژێرپێ خراوە، مەیدانی زیندوو و بەرینی خەباتە و ئەو ڕەنگاوڕەنگییە سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێز و وزەی ئەو خەباتەیە.

ئەمساڵ بە هاتنی نەورۆز نەک هەر سرووشتی کوردستان نوێ دەبێتەوە و سرووشت بە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ دەڕازێتەوە بەڵکوو ئاواتی نوێ، هێز و وزەی نوێ و خەباتی نوێ و نوێخواز لە کوردستان زیاتر لە جاران سەرهەڵدەدا و شین دەبێ. ئەمساڵ نەک هەر خۆری بەهاری شکست بە زستان دێنێ بەڵکوو تین و تەوژمێکی نوێ بە جەستەی خەباتی نەتەوەی کورددا دەگەڕێ و ئاگری شۆڕشمان زیاتر لە جاران بڵێسە دەستێنێ و تا تواندنەوەی بەفری داگیرکاری و کۆتایی هێنان بە زستانی بێمافی و چەوسانەوە دانامرکێ. 

ئەم نەورۆزە ڕێز لە یادی ئەو ئازیزانە دەگرین کە گیانیان بۆ ڕزگاری و بۆ ژیان و بۆ ئازادی بەخشی و پەیمانیان لەگەڵ تازە دەکەینەوە هەوڵ بدەین بۆ یەکخستنی دەنگەکان بۆ ئەوەی هاوارێکی بەرزتر بن دژی داگیرکاری و بێمافی لە هەموو شێوازێکدا. بەڵێن دەدەین کار بکەین بۆ ئەوەی هەموو ڕووبارەکانی کوردستان یەکانگیر بکەین و بیانکەینە لافاوێک بۆ ڕاماڵینی داگیرکار و ستەمکار. 

ئەم نەورۆزە ڕێز لە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسیی، بنەماڵە گیانبەختکردووان، بریندارانی شۆڕشی کوردستان و هەموو ئەوانە دەگرین کە لە ئاکامی بەرانبەرکێ لەگەڵ ستەمدا بە ناچاری لە نیشتمانی خۆیان دوورن. ئاواتەخوازین و هەموو توانای خۆمان بۆ ئەوە تەرخان دەکەین کە هاوپشت لەگەڵ هەموو خەباتکارانی کوردستان داهاتوویەک دەستەبەر بکەین کە هەتوانی برینی هەموویان بێ و ڕۆژێکی نوێ بۆ کوردستان بێنێتە دی. 

لەم نەورۆزەدا خەڵکی کوردستان وەکوو کولتووری لەمێژینەمان فێری کردووین، بە شادی و هەڵپەڕکێ و کردنەوەی ئاگری نەورۆز، پێکەوە و هاوپشت بەرەو پیری بەهاری سرووشت دەچین و دەیسەلمێنین کە ویست و ماف و ئیرادەمان بۆ ژیانێکی شاد و سەردەمییانە بەسەر کولتووری ڕەش و خەماوی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامیدا سەردەکەوێ و خەڵکی کوردستان دەسڕی سەرچۆپی بۆ وەرزی هاتنی ڕزگاری و ئازادی دەگرن. 

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ هەرچی شکۆمەندتر کردن و یەکگرتوبوونی نەورۆزی ئەمساڵ، خوازیاری ئەوەیە هەموو حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان لە بانگەوازێکدا داوا بکەن سەراسەری کوردستان لە گۆڤەندیکی نیشتمانیدا پێکەوە بە سەما و سرودی شادی و ئازادی تابڵۆیەکی شکۆداری بەرخۆدان بنەخشێنن.

نەورۆزی ژن ژیان ئازادی پیرۆز

نەورۆزی یەکگرتووییمان پیرۆز

نەورۆزی فرەڕەنگی پیرۆز

کومیتەی ناوەندیی

 کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٧ی/ڕەشەممە/١٤٠٣

٢٥/فێڤریەی/٢٠٢٥