“نەبوونی ئاسۆی ڕوون بۆ لاوان”
“نەبوونی ئاسۆی ڕوون بۆ لاوان”
نووسین مۆژگان فەلاتی
“لاو” بناغەی سەرەکی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگایەکە، هەوێنی بوونی توێژێکی هوشیار و تاکیی پڕ وزەیە.
دیارە لاو بە توێژە پڕ وزەیە و ئەکتیڤ دانراوە، کە دەبێت هەوێنی مانەوە و سەرکەوتن و پێشکەوتنی هەر وڵاتێک بێت، وڵاتانی پێشکەوتووی دونیا زۆربەی داهێنان و توانایی و گەشەیان لە توێژی لاودا کۆ دەکەنەوە کە بێشک ئەمە کاریگەری گەورەی ئەرێنی هەیە. لەبەرئەوەی ڕەنگە ئەو ئەکتیڤ و حەز و خوولیایەی لە لاودا هەیە بە حوکمی تەمەنیی لە کەسێکتردا ڕێژەیەکی کەمتر بێت. لە ساڵی 2014ی زایینی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای جیهانی ڕۆژی 12ی ئاگۆستیان بۆ ڕۆژی جیهانی لاوان دیاری کردووە کە ئامانج لەو کارە وەبیرهێنانەوەی تێکۆشانی لاوان وەک داینەمۆی کۆمەڵگا و ئاوڕدانەوە لە ویست و داخوازییەکانی ئەم توێژە لە کۆمەڵگادایە کە خاوەن ئیرادە و تواناییەکی تایبەتن بۆ پێشکەوتن و بونیاتنانی داهاتوویەکی گەش و هاندانیان بۆ وەگەڕخستنی لێهاتوویەکانیان لە ڕۆژێکی وەهادا، دەرفەتە تاکوو بەربەستەکانی بەردەم توێژی لاوان خەسارناسی بکرێن و ڕەهەندە کاریگەرییەکانی بەشداری لاوان لە کاروباری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، تەکنۆلۆژیا، وەرزش و سەرجەم بوارەکانی دیکە گەنگەشە بکرێن، کە ئەم کارەش بە لێهاتوویی وڵاتان، پسپۆڕان، ڕاهێنەران و پەروەردەکاران کە ڕۆڵی سەرەکی پسپۆڕان و ڕاهێنەران و پەروەردەکارانی لاوان دەیگێڕن بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ بازاڕی کار و بەشداری چالاکانە لە کۆمەڵگا.
بەڵام ئەم ڕاستییە لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لاوانمان لە ژێر کاریگەری سیاسەتی پانئێرانیستی خراونەتە پەراوێزەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژنامەکانیان ڕاپۆرتێکی سوکایەتی ئامێزیان لە ژێر ناونیشانی “سێ ملیۆن ئاس و پاس” واتە بێکار و بەتاڵ بڵاوکردووەتەوە، ئەمە ئاخرین ئامارێکە کە جێگریی توێژینەوەی فەننی و حیرفەیی لە پەیوەند لەگەڵ لاواندا ڕایگەیاندووە، ئەمەش لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕێگای نرخی وابەستەییەوە دەکرێت کە گوشارێکی قورس دەخاتە سەر شانی بنەماڵەکان، بوار بۆ خراپکاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانیش خۆش دەکات و لە ئاستی نەتەوەییشدا دەتوانن وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیەتی چاوی لێبکرێت.
لە ئەمڕۆدا سەرەکی ترین خەمی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە لاوان، بابەتی شوناسی دینی ئەوانە، بە واتایەکی تر دڵمەشغوڵی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم دابینکردنی ئازادیی و خۆشبژێوی پێویست بۆ گەشە و هەڵدانی لاوان نییە بەڵکوو ئاوێتە کردنیانە بە خورافاتی مەزهەبی.
بەشێکی زۆر لە گەنجانی کچ و کوڕ بەردەوام لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا وەک هەڕەشە چاویان لێکراوە، ئەو بەشە زۆرە کە شێوازی ژیان و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان قەبووڵ نییە لە ژێر هیچ چەشنە گوشارێکدا ئامادە نەبوونە ببنە بەکرێگیراوی ئەم ڕژیمەو بەپێی نیاز و باوەڕ و سوننەتە پڕووکاوەکانی سەرانی ئەو ڕژیمە بژین، ئەوان وەک کەسانێک بەژمار هاتوون کە بە ناو لەبەر مەترسی دەروەستکراوی هێرشی کەلتووری ڕۆژئاوادان، ئەمە ڕاستییەکەیە کە ئەم لاوانە نەیانویستووە بە پێی نۆڕمەکانی ڕژیم کار بکەن و بژین بۆ خاوەنکاری دیکتاتۆرمەنش کە دەرەنجامی بووەتە تەوەژمێکی بەرفراوان لە گرتن و زیندانی و ئەشکەنجە کردنیان لەگەڵ بەردەوام بوونێکی لە مێژینە، ئەمڕۆکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە ڕۆژ نییە لاوانێک بە تاوانی دەربڕینی بیروباوەڕ، نووسین و چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تاوانبار نەکرێن و حوکمی زیندان یان سێدارە و “بەغی” بەسەریاندا نەسەپێنن، سەرەڕای ئەوانەش درێژە بە زۆرتر کردنەوەی باروودۆخی ئەمنیەتی و ملیتاریزەکردنی شارەکان بە تایبەت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی سەر بەر ڕژیم بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی و هەڵسوکەوتی خراپ و دوور لە مرۆڤایەتی بەندکراوان بەردەوام بوونی گوشار بۆ سەر چالاکڤانانی سیاسی و ژینگەیی و مەدەنی و بنەماڵەکانیان و دەستبەسەرداگرتنی ئەمواڵیان و دەستبەسەرگرتنی بەربڵاوی ئەم چالاکڤانانە بە بێ حکومی قەزایی و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە کە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لەم لاوانە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەرکراون و سزای سێدارەیان بەسەر داسەپاوە.
بەپێی ژمارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران 25 لە 100ی ڕێژەی لاوانی ئێران بێکارن، لەنێو لاوانی بێکاراندا زۆربەیان خوێندەواری زانکۆیان هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەندوقی نێونەتەوەیی ساڵانە 180هەزار کەس لەم خوێندەوارانە بەرەو هەندەران ئەڕۆن ئەمانە هێزێکی کاری ئامادەن کە ئابووری گەندەڵ دژی بەرهەمهێنان و بازرگانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت لە ئەستۆی بگرێت، کە وایە ئەگەر ئەوان بە ناچاری لە نێوخۆی ئێراندا بمێننەوە ڕێگایەکیان نییە بێجگە لەوەی ڕووبکەنە کۆمەڵگایەک بە ناوی پیشەی ساختە و درۆیینە و مەترسیداری وەک کۆڵبەری لە کوردستان، سوختبەری لە بەلووچستان و خوزستان خەریکی گواستنەوەی کالای قاچاخی خاوەنی سەرمایە و کارتێل و تراست بن، کە وەک کۆڵبەر و سوختیەر ناویان لە هیچ ئامارێکدا تۆمار ناکرێت.
لاوانی کچ و کوڕ بە لەسەرکار و بێکارەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەوتوونە بەر شاڵاوی هەژاری، بێکاری، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و داهاتوویەکیان لەم ڕژیمەدا بۆخۆیان بە زەییندا نایەت و لەگەڵ ئەوەشدا ئەم لاوانە کۆمەڵێک سیاسەتمەدار، کاربەدەستی زۆردار، چەوسێنەر، دز، نەزان و قاتڵی زاڵ بەسەر چارەنووسی خۆیانەوە دەبینن کە ئێستا و داهاتووی خۆیان و بنەماڵەکانیان خستووەتە بەر مەترسی لە نێوچوون، ئەمانە ئەو کچ و کوڕە لاوانەن کە هەموو کات لەگەڵ هەوڵی سەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بە خورافی بەکرێگیراوکردنیان لەشەڕدا بوون، ئەم لاوانە یا ڕێگەی هەڵاتن و کۆچکردن و خۆکوژییان هەڵبژاردووە یان خۆیان بە خوێندن لە زانکۆدا سەرگەرم کردووە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو شوێنانەشی کردووەتە بە پادگان و داهاتوویەکیشی بۆ دواڕۆژی تەواو کردنی خوێندن تێیاندا نابینرێت، بەشێک لەم لاوانە لە ئاخێزەکانی بەفرانباری 1396 و خەزەڵوەری 1398 و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن،ژیان،ئازادی”دا بەشدار بوون بەو هیوایەی لەشەڕی سەرکووتگەرانەی زاڵ بەسەر خەڵکدا ڕزگاریان بێت، ئەم لاوانە لە پاڵ ئەوەدا لە سەرەتاوە کۆمەڵێک تاکتیکی نابەوەختییان گرتە بەر و زەبری قورسیان لێکەوت بەڵام هاوکات بە هەوڵدان بۆ ڕێکخستن، بەدەستهێنان و ناسینیان لە لایەن هێزی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستیان دا بە پاشەکشەیەکی بەجێ، ئەو لاوانەی خاوەن ئەزموون و تێکۆشەرن کە لە مێنبەری مزگەوت و لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانەوە سووکایەتییان پێ دەکرێت لەبەر ئەوەی ئەوان هێزی سەرەکی هێنانە سەر شەقامی سەر لە نوێی شۆڕشگێڕان، تێکۆشەران و ئەو هێزانەن کە ڕقیان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەوان لێبڕاوانە خوازیارن تا دروشمی متمانەپێکراو و ڕزگاری بەخشی “ژن،ژیان،ئازادی” دەستەبەر بێت. داواکارییەک کە یەکەم هەنگاوی ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت.
لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا دێت، داوای دەرفەت و چارەسەری دادپەروەرانەتر و پێشکەوتنخوازانەتر دەکەن، لە ئێستاشدا پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگە فرە ڕەهەندانەی کە لاوانمان ڕووبەڕوویان دەبنەوە بریتین لە “دەستڕاگەییشتن بە خوێندن، تەندرووستی جەستە، دەروونیی سڵامەت، دامەزراندن، یەکسانی جێندەری و مافەکانی تاکە کەسی”.