میراتی رژیمی ئیسلامی لە کوردستان
محەمەد حەکیمی
رژیمی ئیسلامی بۆ خەڵکی کورد وەک تاعوون وایە، دەسەڵاتی ئەم رژیمە بۆ چەن دەیە درێژەی کێشاوە و هەر بەو بۆنەوە بە هەزاران کەس بوونەتە قوربانی و هیچ رێزیکیش لەو مردوانە نەگیردراوە و بە بێ ئەوەی شوینی ناشتنییان دیار بێت و گۆڕەکانمان نیشان بدەن، تەرمەکانیان لە شەودا، وەک شەمشەمە کوێرە و بە دزییەوە شاردویانەتەوە و بە کۆمەڵ نێژراون. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هیچ کام لەو بەرپرسانەی کە رژیم لە کوردستان نیشتەجێی کردون، خەڵکی ئێرە نەبون، ویست و بەرژەوەندییان لە مانەوە و قازانجی کوردستاندا نییە و نەبوە، سەرباز، پاسدار، بەسیج، فەرماندار، پارێزگار، دایرەی شارەوانی و شارەبانی و … هتد ئەمانە هەموو تاعوون بوون کە روویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و بوونە کەمتیار و تەنانەت ڕێزیان لە مردوەکانیشمانیان نەگرت.
کوردستانی ڕۆژهەڵات ناوچەیەکی دەوڵەمەندە، هەم سنوورێکی دوورودرێژی هەیە لەگەڵ کوردستانی باکوور و باشوور کە رژیم لەم رێگەوە بە هۆی ناردنی کەلوپەل، خواردەمەنی و نەوت و گاز قازانجێکی زۆری دەسدەکەوێ و لە باری سەرچاوە سروشتییەکان دەوڵەمەندە و کانگا و نەوت و گازی زۆری هەیە.
دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی رژیمی ئیسلامی بە فەرمانی خومینی هێرشیان بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد و خومینی وتی لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە هێرش بکەنە سەر کوردستان، هەر لە بەیانی ئەو فەرمانەوە بە دەیان هەزار بەسیج و پاسدار بە کفنی سپیەوە هێرشیان بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد و لەگەڵ خۆیان تاعوونیان بۆ دەیاری هێناین و تا ئێستەش تاعوونی ئاسەواری خراپی بوونیان لە کوردستان بووەتە میراتی گرنگی رژیمی ئیسلامی ئێران و ئەوەش وایکردوە کە ئەم بەشە لە کوردستان بە گشتی لە بواری ئابووری و ژێرخانی ئابوورییەوە وێران بێت و کاولکاریەکانی رژیم لە کوردستان بێسنوورە و کاریگەرییە خراپەکانی ئەو هێرش و داگیرکارییە بە هۆی گەماڕۆکان و نەخۆشی کۆروناوە چەندین قات زیادی کردوە و ئەو بەرپرسانەی رژیم لە خۆدی تاعوون، بۆ کوردستان مەترسیدارترن و وێرانیەک کە ئەوان لە کوردستان دروستیان کردوە لە هەژمار ناێت.
زیاتر لە چوار دەیەیە کە رژیمی ئیسلامی ئێران حوکمی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات، ئەو میراتەی کە رژیم لە کوردستان بۆ خەڵکەکەی بە جێهێشتوە، تەنها کاولکاری و دڕندەیی و وێرانی بووە و لەم ماوەدا لە هەر سەد بەرپرسەک کە رژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایناوە سێ کەسیان خەڵکی ناوچەکەن. بە وتەی ئەندامێكی ئەنجوومەنی شاری سنە، پارێزگای سنە لە ئاستی ئێراندا لەو پارێزگایانەیە، كە كەمترین بەرپرسی خۆجێییان هەیە. هەرچەن دەسەڵاتدارانی حکوومەتی لە هەموو ناوچەکان لە دەیان فیلتێر ڕەد دەبن و تەنها کەسانێک کە وەفادارییان بۆ دەسەڵاتداران دەلمابێ کاریان پێدەسپێردرێ هێشتا بەرپرسانی باڵای حکوومەت ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر کەسانێک لە خەڵکی ناوچەکە بێنە سەرکار لە دەرد و مەرگی خەڵک تێبگەن و بیانەوێ کارێک بۆ خەڵک بکەن، بۆیە زۆربەی ئەو کەسانەی لە کوردستان کارە حکوومەتییە گرینگەکانیان پێسپێردراوە لە ناوچەکانی دیکەوە هاتوون و زۆربەیان لە هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەتن.
دۆخی خراپی ئابووری و گوشارەکانی سەر خەلکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە سەرچاوەی هەموویان دەسەڵاتی داگیرکەری سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێرانە کۆمەڵگای تووشی دەیان گرفت و خەساری کۆمەڵایەتیی کردووە. بەرزبوونەوەی ڕیژە لەبەریەکترازانی خانەوادەکان، زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە مادەسڕکەرەکان و دابەزینی تەمەنی تووشبووان (کە زۆربەی خەڵک لەو بڕوایەدان کە سیاسەتی خودی ڕژیمە و بەڵگەی زۆریش هەن کە ئەو مەسئەلەیە دەسەلمێنن)، بەرزبوونەوەی ژمارەی تاوانەکان و هتد نموونەکانی ئەو خەسارانەن.
یەکێکی دیکە لە میراتەکانی رژیم بێکاری و هەژارییە لە کوردستان، هەمووان دەزانن کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن “نەوت، گاز، زێر، ئاسن و سەدان کانی دیکەیە، بەڵام تەنانەت لەو کارگانە بە تایبەتی لە کانی زێر و نەوتیش ریگە نادەن کریکاری کورد کار بکات و لە شوێن یا وڵاتانی دیکەوە کارێکار و پسپۆر دینن و کاریی پێدەکەن، هەر بۆیە خەڵکی کورد ناچارن بۆ کار پەیدا کردن روو لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە بکەن کە ئەویش لە دۆخی ئێستەدا کە هەموو ئیران بە هۆیی گەماڕۆکانەوە دەناڵێنن و نەخۆشی کۆروناش بۆەتە کێشەێکی گەورەتر بۆ خەڵک کریکاری کورد توشی دەیان قەیران و کێشەی ئاڵوز بووە و دەبێت و ئێستا هەژاری کوردستانی ڕۆژهەڵات گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار و هێلی سووری بەزاندوە.
رژیمی ئیسلامی رژیمێکی سەرکوتگەرە و کوردستانی بە گشتی میلیتاریزە کردوە و جنایەتی ئەو رژیمە لە کوردستان بە دژی نەیاران و رخنەگەرانی، هیچ کۆتایی و سنوورێک ناناسێت. لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم رژیمە هەزاران کەس ئێعدام کراون.
حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بێجگە لە هەژاری، خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانێکی تاڵ بۆ خەڵکی کوردستان هیچی دیکەی نەبووە. لە ساڵانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەزاران کەس لە هاووڵاتیانمان بە هۆی ناڕەزایی دەربڕینیان بەرانبەر بە داگیرکەران و چەوسێنەران زیندانی، ئەشکەنجە و ئیعدام کراون. سەدان کەس ئەمڕۆ لە زیندانەکانی حکوومەتدا لە خراپترین دۆخدان. تەنانەت چالاکانی ژینگە و چالاکانی مافی منداڵان و مامۆستاکانی زمانی کوردیش دەکەونە بەر شەپۆلی گرتنی دەزگا ئەمنییەتییەکان و ناتوانن بە ئاسوودەیی چالاکییەکانی خۆیان بکەن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوانباری هەموو ئازارەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و میراتی ئەو دەسەڵاتە ئیعتیاد و لەشفرۆشی و گەندەڵی و هەژاری و دەیان دەردی دیکەیە. نەمانی ئەو حکوومەتە یەکەم هەنگاو بۆ چارەسەرکرانی گرفتەکانی خەڵکی کوردستانە