قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت و ده‌روونشیکاری
مارتین جه‌ی
وەڕگێڕان: ه – محه‌مه‌دی
ئه‌گه‌رچی چه‌مک و بنه‌مای ده‌روونناسانه له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سه‌نته‌ر دا، له درێژه‌ی جه‌نگ و له پاش جه‌نگ دا، به‌کار ده‌برا، به‌ڵام هۆرکهایمێر و دۆستانی کێشه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ تیۆری فرۆیدی راشکاوانه ده‌رده‌بڕی. له ئۆکتۆبری 1942 دا ئێرنێست کریس که یه‌کێ له پێره‌وانی به‌رجه‌سته‌ی “ده‌روونناسی خود” (ego psychology) بوو، داوای له لۆڤنتاڵ کرد هه‌ڵوێستی سه‌نته‌ر له‌مه‌ڕ فرۆید ده‌رببڕێت. لۆڤنتاڵ نامه‌یه‌کی بۆ هۆرکهایمێر نووسی و داوای رێنوێنی کرد. هۆرکهایمێر که له‌و کاته‌دا له کالیفۆڕنیا بوو به رۆشنی وڵامی نامه‌که‌ی دایه‌وه که لێره‌دا ده‌یخوێنینه‌وه:
من پێم وایه روانگه‌ی سه‌نته‌ر له‌مه‌ڕ فرۆید ته‌واو پۆزه‌تیڤه. ئێمه زۆر قه‌رزداری فرۆید و هاوکارانی ئه‌وین. ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و یه‌کێ له بنه‌ماکانی فه‌لسه‌فه‌ی ئێمه پێکدێنێ. من له‌م دواییانه‌دا سه‌رله‌نوێ گه‌وره‌یی ئه‌وم ناسیوه. ره‌نگه له بیرت بێ که زۆر که‌س ده‌ڵێن مێتۆدی سه‌ره‌کی فرۆید تایبه‌ت به چینی ناوه‌ڕاستی زراڤ و ئاڵۆزی ڤیهنییه. ئه‌م وته‌یه زۆر له راستی دووره، به‌ڵام هه‌ندێ راستی تێدایه که هیچ زیانێکی بۆ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و نییه. هه‌رچه‌نده به‌رهه‌م گه‌وره‌تر بێت، زیاتر ره‌گ و ریشه‌ی له دۆخی مێژوویی – کۆنکرێت دایه. ئه‌گه‌ر سه‌یرێکی پێوه‌ندی نێوان ڤیه‌نی ئازادبیر و مێتۆدی سه‌ره‌کی فرۆید بکه‌ی تێده‌گه‌ی که چ بیرمه‌ندێکی گه‌وره بووه. به فه‌وتانی ژیانی بنه‌ماڵه‌یی چینی نێوه‌ڕاست، تیۆری فرۆید به قۆناغێکی تازه گه‌یشت که له وتاری “بانتر له تێزی له‌زه‌ت”دا به‌یان کراوه. ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی فرۆید ده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌و له به‌رهه‌می تایبه‌تی خۆیدا هه‌ستی به هه‌ندێ گۆڕان کردووه که له به‌شی چه‌مکی ئه‌قڵ دا بۆ فه‌وتانی تاک و بنه‌ماڵه ته‌رخان کراوه. ده‌روونناسی به بێ لبیدۆ بێ مانایه و فرۆید هێنده مه‌زن بووه که له قاڵبی کاره‌که‌ی خۆیدا ده‌روونناسی وه‌لاوه بنێ. ده‌روونناسی به مانای درووستی وشه‌که هه‌میشه ده‌روونناسی تاک بووه، هه‌ر کات که پێویست بێت ده‌بێ به‌شێوه‌ی ئۆرتۆدوکس بگه‌ڕینه‌وه بۆ به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی فرۆید. ئه‌و چه‌مکانه که په‌یوه‌ست به غه‌ریزه‌ی مه‌رگن، چه‌ند کاتاگۆری ئانترۆپۆلۆژیکن. ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ش که له‌گه‌ڵ روانگه‌ی فرۆید و شێوه‌ی به‌کارهێنانی کۆک نه‌بین، ئامانجی دیدگای ئه‌و به دروست ده‌زانین و تێده‌گه‌ین که به‌رهه‌مه‌کانی فرۆید بیری تیژی ئه‌و بۆ ده‌رکی بارودۆخ ئاشکرا داکه‌ن. ئاڵوگۆڕی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید، ئه‌وی به‌و ئاکامه گه‌یاند که بیرمه‌ندی هاوچه‌رخ، بێرگسۆن، پێی گه‌یشتبوو. فرۆید به‌شێوه‌ی به‌رهه‌ست خۆی له ده‌روونشیکاری کشانده‌وه. به‌ڵام فرۆم و هۆرنی به‌ره‌و ده‌روونناسی ساویلکانه گه‌ڕانه‌وه و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگه و کولتوریشیان ده‌روونناسانه کرده‌وه.
ناوه‌رۆکی ئه‌م نامه‌یه تا راده‌یه‌ک جیاوازی بنه‌ڕه‌تی روانگه‌ی فرۆم و هۆرکهایمێر ده‌رده‌خات. یه‌که‌م، هۆرکهایمێر ئه‌م بۆچوونه ره‌ت ده‌کاته‌وه که توخمی بورژوایی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید به ناشیاو ده‌زانن. ئه‌و پێشتر له وتاری “تیۆری کلاسیک و ره‌خنه‌گرانه”دا وتبووی هیچ بیرمه‌ندێک ناتوانێ به‌ته‌واوی له دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می خۆی هه‌ڵێت. ئه‌و له وڵامی لۆڤنتاڵ دا ده‌نووسێ “به‌رهه‌م هه‌رچه‌نده گه‌وره‌تر بێت، زیاتر ریشه‌ی له دۆخی مێژوویی – کۆنکرێت دایه.” که‌وابوو بۆچوونی فرۆید له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ خاوه‌ن “مه‌به‌ستێکی به‌رهه‌سته” که “ئێجگار دروسته”. ئه‌وه‌ش نه به‌و هۆیه که له‌گه‌ڵ پرسه گشتییه‌کانی بیۆلۆژیک سازگاره، به‌ڵکوو به‌مهۆیه که قووڵایی خواسته روخێنه‌ره‌کانی مرۆڤی مۆدێرن روون ده‌کاته‌وه. دووهه‌م، فرۆیدیان به‌وه تاوانبار کردووه که رۆڵی بنه‌ماڵه‌ی وه‌ک هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌دیوه، ئه‌م راستییه زاده‌ی دیدگای فرۆیده که له ئاست پووکانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه له ژیانی مۆدێرن دا نیگه‌ران بووه. هۆرکهایمێر له به‌رهه‌مه‌کانی تری دا به درێژی باسی ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌ی کردووه. سه‌رئه‌نجام، فرۆید تێگه‌یشت که ده‌روونناسی له تاک ده‌توێژێته‌وه. که‌وابوو لبیدۆ که ره‌هه‌ندێک له بوونی مرۆڤ پێکدێنێ و به ته‌واوی له کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دووره، چه‌مکێکی گرنگ و حه‌یاتییه. به‌مپێیه نابێ تاک سۆسیۆلۆژیک (کۆمه‌ڵناسانه) بکرێته‌وه. که‌وابوو رڤیزیۆنیسته‌کان [فرۆم و “ده‌روونناسانی خود” له ئه‌مریکا] که تێده‌کۆشن “کۆمه‌ڵ و کولتور سایکۆلۆژیک (ده‌روونناسانه) بکه‌ن”، له هه‌ڵه دان. بنه‌مای دژایه‌تی هۆرکهایمێر که نایه‌وێ ده‌روونناسی له کۆمه‌ڵناسی دا، یان کۆمه‌ڵناسی له ده‌روونناسی دا بتوێته‌وه، پرسی یه‌کنه‌بوون (nonidentity) ده‌سه‌لمێنێ، که یه‌کێ له چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کانی تیۆری ره‌خنه‌گرانه‌یه. تا کاتێ که ناکۆکییه‌کان له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چاره‌سه‌ر نه‌کرابن، ناکرێ به‌شێوه‌ی مێتۆدۆلۆژیک سازگار بکرێن. ئادۆرنۆ ساڵانێک دواتر له وتاری “کۆمه‌ڵناسی و ده‌رونناسی” دا ئه‌م پرسه‌ی باس کرد.
له راستیدا ئادۆرنۆ بۆ یه‌که‌م جار به ئاشکرا جیاوازی روانگه‌کانی سه‌نته‌ری فرانکفۆرتی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پێش‌و (رڤیزیۆنیسته‌کان) شرۆڤه کرد. ئه‌و له ئاڤریلی 1946 له لۆس ئانجلێس دا وتارێکی به ناوی “زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وتی سۆسیۆلۆژیک له ده‌روونشیکاری دا” بڵاو کرده‌وه. ئه‌م وتاره له دوو ره‌هه‌نده‌وه شیاوی سه‌رنجه. یه‌که‌م، به‌هۆی ئه‌وه که باسی گرنگی فرۆید بۆ قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت ده‌کات. دووهه‌م، وه‌ک تۆوێک له روانگه‌کانی مارکوزه‌دا شین بوو و گه‌شایه‌وه و ناوبانگی جیهانی ده‌رکرد و له کتێبی ئێروس و شارستانیه‌ت دا به توندی ره‌خنه‌ی له رڤیزیۆنیسته‌کان گرت. ئادۆرنۆ به‌تایبه‌ت به‌رهه‌می کارن هۆرنی به ناوی مێتۆدی نوێ له ده‌روونشیکاری دا و وتاری فرۆم به ناوی “ئاسته‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی عیلاجی ده‌روونشیکارانه”ی شرۆڤه کرد. وتاره‌که‌ی ئادۆرنۆ که له پاش جه‌نگ نوسراوه به زمانێکی تاڵ و گه‌زنده نوسراوه که له به‌رهه‌مه‌کانی پێشوی سه‌نته‌ردا به‌دی ناکرێ.
ئادۆرنۆ به لێکدانه‌وه‌ی هێرشی رڤیزیۆنیسته‌کان بۆ دوو چه‌مکی ئێروس و تاناتوسی فرۆید، وتاره‌که‌ی ده‌ست پێده‌کات. ئه‌و ده‌ڵێ غهریزهگهرایی یان ده‌کرێ به مانای دابه‌شکردنی مکانیکی رۆحی مرۆڤ بۆ دوو غه‌ریزه‌ی نه‌گۆڕ بێت، یان ده‌کرێ جۆرێک خواستی ده‌روونی بزۆزی مرۆڤ بێت که تێده‌کۆشی به له‌زه‌ت بگات و خۆی بپارێزێ، ئه‌مه‌ش ده‌توانێ زۆر شێوازی جیاواز بگرێته‌به‌ر. فرۆید بژارده‌ی دووهه‌م به دروست ده‌زانێ. که‌وابوو رڤیزیۆنیسته‌کان که روانگه‌ی ئه‌و به مکانیکی ده‌زانن، له هه‌ڵه دان. له کاتێک دا روانگه‌ی حه‌تمی ئه‌وان له‌مه‌ڕ تیپه‌کانی که‌سێتی ته‌واو مکانیکییه. ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که گرنگی به پرسی مێژوویی ده‌ده‌ن، وه‌ک فرۆید “مێژووی ده‌رونی” لبیدۆ قه‌بوڵ ناکه‌ن. ئه‌وان به گرنگیدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر به رۆڵی “خود”، پێوه‌ندی ئه‌کتیڤ و گه‌شنده‌ی “خود” له‌گه‌ڵ “نه‌ست” (Id) پشتگوێ ده‌خه‌ن: “بۆ نمونه ره‌تکردنه‌وه‌ی غهریزهگهرایی فرۆید، یانی ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه که فه‌رهه‌نگ به سه‌پاندنی هه‌ندێ ئاسته‌نگ به‌سه‌ر لبیدۆ و به‌تایبه‌ت به‌سه‌ر خواسته روخێنه‌ره‌کان دا، ده‌بێته هۆی سه‌رکوت و چه‌پاندن…”
رڤیزیۆنیسته‌کان بێجگه له‌مه‌ش به که‌مکردنه‌وه‌ی رۆڵی ئه‌زمونه‌کانی سه‌رده‌می مناڵی (erlebnisse)، به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌برانه‌ی که به قووڵی له‌سه‌ر گه‌شه‌ی که‌سێتی کاریگه‌رن، تیۆرییه‌کی ته‌واو جیاوازیان له‌مه‌ڕ که‌سێتی سازکردووه. فرۆید زۆر گرنگی به رۆڵی ئه‌و شۆکه پڕخهسارانه ئه‌دا که که‌سێتی لێکپچڕاوی مۆدێرن پێکدێنن، ئه‌م شته له به‌رهه‌می رڤیزیۆنیسته‌کان دا که‌م ره‌نگ بۆته‌وه و نه‌ماوه. ئادۆرنۆ ده‌نوسێ “پێداگرتن له‌سه‌ر گشتێتی، نه له‌سه‌ر مه‌یل و خواسته تاکی و دابڕاوه‌کان، هه‌میشه پێویستی به بیرێکی مۆنیستی هه‌یه که ده‌کرێ به یه‌کێتی که‌سێتی ناودێری بکه‌ین، یه‌کێتییه‌ک که هه‌رگیز له کۆمه‌ڵی ئێمه‌دا به‌ده‌ست نایه‌ت. یه‌کێ له گه‌وره‌ترین لێوه‌شاوه‌ییه‌کانی فرۆید ئه‌مه بوو که توانی ئه‌فسانه‌ی ئه‌م یه‌کێتییه رسوا بکات.” پۆلینبه‌ندی تیپه‌کانی که‌سێتی به‌وجۆره که فرۆم دابه‌شی ده‌کات یانی قه‌بووڵکردنی چه‌ندین تیپ که‌سێتی تۆکمه که ته‌نیا به مانای “شاردنه‌وه‌ی دۆخی سایکۆلۆژیکی هه‌ر تاکێکه له په‌رده‌ی ئایدیۆلۆژیکی ئێستادا.”
به‌گشتی ساغکردنه‌وه‌ی فرۆید به‌هۆی رڤیزیۆنیسته‌کان که ئه‌و هه‌موو بانگ و هه‌رایه‌ی هه‌ڵگیرساند، بێجگه له پاساودانی ناکۆکی کۆمه‌ڵایه‌تی هیچ نه‌بوو. ئه‌وان به برینی ریشه‌ی بایۆلۆژیکی ده‌روونشیکاری، ئه‌م بواره‌یان وه‌ک جۆرێک زانستی ئینسانی و وه‌ک ئامێرێکی ته‌ندروستی کۆمه‌ڵایه‌تی لێکرد.کاتێ ئه‌وان پرسی سێکس ده‌سڕنه‌وه، حاشا له ناکۆکی نێوان زات و هێما ده‌که‌ن و، جیاوازی نێوان دابینبوونی راسته‌قینه و به‌خته‌وه‌ری درۆینه‌ی شارستانیه‌تی هاوچه‌رخ ره‌ت ده‌که‌نه‌وه. ئادۆرنۆ ده‌ڵێ: فرۆم به حاشا کردن له بنه‌مای سێکسی سادیسم، کارێکی هه‌ڵه ده‌کات، ئه‌ویش رێک له کاتێک دا که نازییه‌کان به‌شێوه‌ی بێ شه‌رمانه ئه‌م دیارده‌یه پیشان ده‌ده‌ن. هێماکانی به‌رهه‌می رڤیزیۆنیسته‌کان به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه که خۆیان حاشای لێده‌که‌ن، سه‌رئه‌نجام به سازان ده‌گات؛ ئه‌م پرسه به‌تایبه‌ت له مۆرالیزمی ئه‌واندا ده‌رده‌که‌وێ. ئادۆرنۆ به‌تووڕه‌ییه‌وه ده‌ڵێ هیچ پاساوێک ناتوانێ نۆرم و رێسا ئه‌خلاقییه‌کان به ره‌ها و نه‌گۆڕ بزانێ، ئه‌ویش له سه‌رده‌مێک دا که پاش ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی نیچه ره‌گ و ریشه‌ی سایکۆلۆژیکی رێسا ئه‌خلاقییه‌کانی ده‌رخستووه، هه‌مویان تووشی شک و گومان هاتوون.
ئادۆرنۆ له درێژه‌دا ده‌ڵێ رڤیزیۆنیسته‌کان له راڤه‌کردنی سه‌رچاوه‌کانی بێ نه‌زمی کۆمه‌ڵایه‌تی دا تووشی سادهگهری ده‌بن. ئه‌وه که خواستی رکه‌به‌رایه‌تی به هۆکاری سه‌ره‌کی ناکۆکی و کێشه‌کانی کۆمه‌ڵی بورژوایی ده‌زانن، گه‌مژه‌ییه، به‌تایبه‌ت به سه‌رنجدان به‌م راستییه که فرۆم له کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی دا ده‌ڵێ تاکی خۆڕسک له‌نێوچووه. له راستیدا “خودی رکه‌به‌رایه‌تی قه‌ت ئه‌و یاسایه نه‌بووه که به‌پێی ئه‌و جڤاتی پشت ئه‌ستوور به چینی ناوه‌ڕاست رۆڵی گێڕاوه”. پێوه‌ندی واقعی کۆمه‌ڵی بورژوایی هه‌میشه به‌پێی ترساندن له توندوتیژی جه‌سته‌یی پێکهاتووه، فرۆید ئه‌م پرسه‌ی به رۆشنی ده‌رک کردووه: “له سه‌رده‌می که‌مپه‌کانی کاری زۆره‌ملی دا زیاتر خه‌ساندن خه‌سڵه‌تی دۆخی کۆماڵایه‌تی دیاری ده‌کات نه رکه‌به‌رایه‌تی.” ئادۆرنۆ ده‌ڵێ له‌نێو تیۆریسازانی بورژوایی دا فرۆید له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هابزی دایه، گرووپێک که به روانگه‌ی ره‌شبینی ره‌هاوه چاو له سروشتی شه‌ڕه‌نگێزی مرۆڤ ده‌کات، ئه‌م بۆچوونه دۆخی زاڵ باشتر ده‌رده‌خات نه روانگه‌ی گه‌شبینی رڤیزیۆنیسته‌کان. کاتێ فرۆید شارستانیه‌ت به وه‌ستان (fixation) و دووپاتبوونه‌وه (repetition) ده‌زانێ له شوپێنهاڤێر ده‌چێ. رڤیزیۆنیسته‌کان کاتێ ده‌ڵێن گۆڕانی راسته‌قینه ده‌توانێ له شارستانیه‌تی رۆژاوایی دا زنجیره‌ی دووپاتبوونه‌وه بپچڕێنێ، بێهووده گه‌شبینن.
ئادۆرنۆ سه‌رئه‌نجام له‌مه‌ڕ پێداگرتن له‌سه‌ر عشق له به‌رهه‌مه‌کانیان دا ره‌خنه له رڤیزیۆنیسته‌کان ده‌گرێ. فرۆم به هۆی ساردی فرۆید ره‌خنه‌ی لێگرتووه. به‌ڵام شۆڕشگێڕانی راسته‌قینه به زۆری سارد و به دیسیپلینن. به خه‌ون و ئاوات ناتوانین کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بسڕینه‌وه، ئه‌م کێشانه ده‌بێ بنبڕ بکرێن و ئه‌م پرسه‌ش پێویستی به ره‌نج و ئازاری هه‌موان هه‌یه: “ده‌کرێ بڵێین که جڤاتی ئێمه هێنده رادیکاڵ بۆته‌وه که له‌ودا هه‌ستی عشق ته‌نیا به رق و قین له هه‌موو شتێکی واقعی به‌یان ده‌کرێت له کاتێک دا هه‌ر جۆره هێمایه‌کی راسته‌وخۆی عشق ته‌نیا بۆ سه‌لماندنی ئه‌و دۆخانه به‌کار دێت که سه‌رچاوه‌ی نه‌فره‌تن.” ئادۆرنۆ وتاره‌که‌ی خۆی به چه‌ند دێڕێک ته‌واو ده‌کات که وته‌ی به‌ناوبانگی ڤاڵتر بنیامین وه‌بیرمان دێنێته‌وه: “ته‌نیا به‌هۆی ناهۆمێدانه که ده‌بێ هۆمێدوار بین.” ئادۆرنۆ ده‌نوسێ: “من پێم وایه هه‌ستی سوکایه‌تی فرۆید به مرۆڤه‌کان هێمای ئه‌و عشقه ناهۆمێدانهیه که ته‌نیا ده‌توانێ نیشانه‌ی هۆمێدێک بێت که هێشتا بۆ ئێمه ره‌وایه.”
له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی سه‌نته‌ری فرانکفۆرت له ده‌یه‌ی 1940 – که‌سێتی پاوانخواز و دیالکتیکی رۆشنگه‌ری و پێغه‌مبه‌رانی فریو، به‌رهه‌می لۆڤنتاڵ- دا کاریگه‌ری وشیاریده‌رانه‌ی فرۆید به ئاشکرا ده‌بینرێ. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌نته‌ر بۆ ئاڵمان ئه‌م ره‌وته درێژه درا و چ له کاری تیۆریک و چ له تۆژینه‌وه‌ی ئه‌زموونی دا، فرۆیدیزم کاریگه‌ری پڕمانای هه‌بوو. ساڵی 1956، سه‌ده‌مین ساڵی له‌دایکبوونی فرۆید، سه‌نته‌ر ژماره‌یه‌ک له گۆڤاری frankfurter beitrage zur soziologei بۆ ئه‌و ته‌رخان کرد و به‌مجۆره رێزی لێگرت. به‌هه‌ر حاڵ جارێکی‌تر کۆشش بۆ تێکه‌ڵ کردنی روانگه‌ی مارکس و فرۆید به‌شێوه‌ی گه‌شبینانه، به یه‌کێ له ئه‌ندامانی سه‌ره‌کی سه‌نته‌ر سپێردرا که له قۆناغی ئه‌مریکادا که‌متر کاتی خۆی بۆ بیرکردنه‌وه‌ی سایکۆلۆژیک ته‌رخان کردبوو: هربێرت مارکوزه. مارکوزه له کتێبی ئێروس و شارستانیه‌تدا ویستی “فرۆیدی شۆڕشگێڕ” که فرۆم وه‌ک ئه‌فسانه حاشای لێکردبوو و ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر وه‌ک پێغه‌مبه‌ری سه‌رده‌می شه‌وه‌زه‌نگ ناساندبوویان، رزگار بکات. ئێروس و شارستانیه‌ت هۆگری سه‌ره‌تایی تیۆری ره‌خنه‌گرانه به فرۆید ده‌رده‌خات و بایه‌خی ئه‌وه‌ی هه‌یه که لێره‌دا به‌کورتی چاوێکی پێدا بخشێنین.
(2)
مارکوزه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامانی دیکه‌ی سه‌نته‌ری فرانکفۆرت، کاتێ چووه ئه‌مریکا، ئه‌وه‌نده دڵبه‌سته‌ی ده‌روونشیکاری نه‌بوو. ره‌نگه مارکوزه‌ی لاو ئه‌وه‌نده راسیۆناڵیست بوو که نه‌یده‌توانی له دنیای ئاڵۆز و تاریکی نه‌ست دا شتێکی سه‌رنجڕاکێش بدۆزێته‌وه. مارکوزه که له‌سه‌ر یه‌کێتی سوژه و ئوبژه پێی داده‌گرت – ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر که گرنگییان به چه‌مکی نایه‌کبوون (nonidentity) ده‌دا، قه‌ت جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م یه‌کێتییه نه‌کرد- که‌متر گرنگی به ده‌روونناسی تاکی ده‌دا، له‌چاو گشتێتی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و له وتارێک دا که له‌مه‌ڕ ده‌سه‌ڵات نووسی، رۆڵی بنه‌ماڵه‌ی وه‌ک هۆکاری کۆماڵایه‌تی قه‌بووڵ نه‌کرد، له کاتێکدا که فرۆم ته‌واو دژی ئه‌م بۆچوونه بوو.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، هه‌ر به‌وجۆره‌ی که پۆل رابینسون ده‌ڵێ له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی مارکوزه که له ده‌یه‌ی 1930دا نوسیویه هۆگرییه‌کی زراڤ به فرۆید ده‌بینرێ. بۆ نمونه به گرنگیدان به ده‌رفه‌تی لهزهتخوازانه(hedonistic) له گشتێتی دیالکتیکی ئه‌قڵ و به‌خته‌وه‌ری دا، ره‌خنه له ره‌وتی سۆفیانه‌ی ئایدیالیست ده‌گرێ. به‌گشتی مارکوزه سه‌رکوتکردنی سێکس له‌گه‌ڵ چه‌وساندنه‌وه پێوه‌ند ده‌دا و، بێجگه له ره‌هه‌ندی په‌تی سایکۆلۆژیکی سه‌رکوتی سێکسی، رۆڵی سیاسیشی له‌به‌ر چاو ده‌گرێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، مارکوزه ره‌خنه له ئایدیۆلۆژی بورژوایی عشق ده‌گرێ، که ئه‌رک و وه‌فاداری باشتر له له‌زه‌ت ده‌زانێ. ئه‌و هه‌ر وه‌ها چه‌مکی ئایدیالیستی “که‌سێتی” ره‌ت کرده‌وه، ئه‌م پرسه دواتر بوو به پشتخانێک بۆ ئادۆرنۆ تا ئه‌ندێشه‌ی رڤیزیۆنیسته‌کان ره‌ت بکاته‌وه. مارکوزه ساڵی 1937 ئاماژه‌ی به رۆڵی توخمه حسی و جه‌سته‌ییه‌کان کردبوو له گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری راسته‌قینه‌دا، هه‌روه‌ها له رادیکاڵترین فۆرمی به‌ستنی(reification) جه‌سته‌دا “بیره‌وه‌ری پێشگۆیانهی” له‌زه‌تی ره‌سه‌نی دیبوو. سه‌رئه‌نجام، له وتارێکی دا له‌مه‌ڕ لهزهتخوازی، پێوه‌ندی نێوان خواستی سێکسی سه‌رکوتکراو و توندوتیژی و هه‌ڵشاخانی به‌دی کردبوو، ئه‌م پێوه‌ندییه له کتێبی ئێروس و شارستانیه‌ت دا رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێرێ.
به‌هه‌ر حاڵ پاش ئاکامی سامناکی شه‌ڕی نێوخۆیی ئیسپانیا و پاکتاوکردنی دادگاکانی مسکۆ، مارکوزه به جدی خوێندنه‌وه‌ی فرۆیدی ده‌ست پێ‌کرد. ناڕه‌زایه‌تی فرواوان له مارکسیزم و ته‌نانه‌ت مارکسیزمی هێگلی ئه‌وی به‌ره‌و ئاقارێکی تر برد – وه‌ک چۆن پێشتر ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێری بۆ وێ بردبوو- تا له ئاسته‌نگی سایکۆلۆژیکی به‌رده‌م ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی بتۆژێته‌وه. ئه‌م تۆژینه‌وه ره‌شبینی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێری زیاتر کرد، به‌جۆرێک که به‌خێرایی پراگماتیزمی سیاسی‌یان به‌جێهێشت، به‌ڵام سه‌رله‌نوێ مارکوزه‌ی به‌ره‌و ره‌هه‌ندی رادیکاڵیزمی یوتۆپیایی برد. پاش ساڵانێک تۆژینه‌وه و تێڕامان، ئێروس و شارستانیه‌ت، ساڵی 1955 بڵاو کرایه‌وه، کۆششی مارکوزه بۆ پێوه‌نددانی مارکس و فرۆید، له هه‌وڵه سه‌ره‌تاییه‌کانی تیۆری ره‌خنه‌گرانه ئێجگار واوه‌تر چوو. به‌پێچه‌وانه‌ی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر که وردبینی فرۆیدیان له‌مه‌ڕ ناکۆکی قووڵی مرۆڤی مۆدێرن به‌کارهێنا، تا به پاڵپشتی ئه‌و روانگه‌ی خۆیان له‌مه‌ڕ نایه‌کبوون تۆکمه بکه‌ن، مارکوزه تێگه‌یشت که فرۆید، به‌تایبه‌ت فرۆیدی پیر که باسی پرسی بان ده‌روونناسانه‌ی کردووه، په‌یامی یه‌کێتی و ته‌بایی دێنێ. مارکوزه به‌پێچه‌وانه‌ی فرۆم که فرۆیدی ئۆرتۆدوکسی وه‌ک دوژمنی دۆخی مۆدێرن ره‌ت کردبۆوه، تێکۆشا تا ئه‌و توخمانه‌ی ده‌روونشیکاری ئاشکرا بکات که له سیستمی ئێستا سه‌رتر ده‌چن.
لێره‌دا ناتوانین کتێبی ئاڵۆز و هه‌راوی ئێروس و شارستانیه‌ت به درێژی راڤه بکه‌ین، به‌ڵام ده‌توانین ده‌رباره‌ی پێوه‌ندی ئه‌م به‌رهه‌مه له له‌گه‌ڵ تۆژینه‌وه‌کانی پێشوی سه‌نته‌ر چه‌ند خاڵێک باس بکه‌ین. یه‌که‌م به‌شی ئه‌م کتێبه -که هاوینی 1955 به جیا له گۆڤاری Dissent چاپ‌کرا- وادیاره هێرش ده‌کاته سه‌ر رڤیزیۆنیسته‌کان. مارکوزه لێره‌دا هه‌ودای باباتێک ده‌گرێته‌به‌ر که ئادۆرنۆ 10 ساڵ پێشتر باسی کردبوو. ئه‌و تۆژینه‌وه‌که‌ی به ئاماژه به‌م پرسه ده‌ست پێده‌کات که به‌رهه‌مه‌کانی ڤیلهێلم رایش ده‌کاته ده‌سپێک، به‌ڵام خێرا باسی ناکۆکییه‌کانی ئه‌ندێشه‌ی رایش ده‌کات. به رای مارکوزه رایش بۆوه‌ی نه‌یتوانیوه جۆری جیاوازه‌کانی سه‌رکوت دیاری بکات نه‌یتوانیوه “دینامیزمی مێژوویی غه‌ریزه‌ی سێکسی و پێوه‌ندی ئه‌و له‌گه‌ڵ خواستی کاولکه‌رانه” به‌دی بکات. له ئاکامدا رایش به‌ره‌و ئاقارێک چوو ساویلکانه داکۆکی له ئازادی سێکسی بکات.
مارکوزه پاش ئه‌وه‌ی به‌کورتی یونگ و ده‌روونشیکاری “راست” ره‌ت ده‌کاته‌وه، روو ده‌کاته لایه‌نگرانی نیوفرۆیدیزم. ئه‌و به ستایش کردنی یه‌که‌م وتاره‌کانی فرۆید له گۆڤاری zietschrif دا ده‌ست پێده‌کات. مارکوزه‌ش وه‌ک فرۆم له‌گه‌ڵ جڤاتی باوکسالار دژایه‌تی ده‌کات. (ئه‌و چه‌مکی “باوکتهوهری – چاوچنۆکانه” (patricentric-Acquisitive) به‌کار دێنێ، چه‌مکێ که فرۆم له ساڵانی دوایی دا بۆ ده‌ربڕینی هه‌مان دیارده چه‌واشه‌ی کردبوو و) به هێرش بردن بۆ “بنه‌مای کارکرد” (performance-principle) له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌راوردی کردبوو. مه‌به‌ستی ئه‌و له‌م چه‌مکه، جۆرێک دۆخی تایبه‌تی جڤاتی هاوچه‌رخه که به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه “کۆمه‌ڵگه به‌پێی رۆڵ و کارکردی ئابووری رکه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندامانی، پۆلینبه‌ندی ده‌کرێت”. مارکوزه ده‌ڵێ ره‌هه‌ندی ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم له کاتی جیابوونه‌وه‌ی له سه‌نته‌ردا له کزی دابوو. کاتێ که فرۆم به خه‌ستی خۆی بۆ کاری کلینیکی ته‌رخان کرد، ئاڵوگۆڕی قووڵ له به‌رهه‌مه‌کانی دا پێکهات. فرۆم به بانگه‌شه‌ی جۆرێک عیلاجی په‌یوه‌ست به به‌خته‌وه‌ری که فرێنچی و گرودک په‌ره‌یان پێدابوو، له‌ئاست ئه‌م ئایدیۆلۆژییه ته‌سلیم بوو که ده‌کرێ به‌خته‌وه‌ری راستین هه‌ر له‌م جڤاته‌دا به‌دی بێت. به‌ڵام مارکوزه ده‌ڵێ “له جڤاتی سه‌رکوتکاردا، به‌خته‌وه‌ری تاکی و ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه له ناکۆکی دایه و ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو چه‌مکه (به‌خته‌وه‌ری تاکی و ئاڵوگۆڕی به‌رهه‌مهێنان) وه‌ک به‌هاکانی ئه‌م جڤاته بچه‌سپێن، خۆیان وه‌ک هۆکاری سه‌رکوت ده‌رده‌که‌ون.”
روانگه‌ی مارکوزه له‌مه‌ڕ تیۆری و عیلاجی ده‌روونشیکارانه، له‌گه‌ڵ روانگه‌ی ئه‌و و ئه‌ندامانی تری سه‌نته‌ر له‌مه‌ڕ تیۆری و پراکسیس (praxis) زۆر لێکده‌چن. له‌م قۆناغه‌ی شارستانیه‌تی رۆژاوادا، ناکرێ ئه‌م دوو شته به‌ته‌واوی ئاشت بکه‌ینه‌وه، هه‌رچه‌ند هیچ کام له‌م دوانه به‌ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ نین. ئه‌گه‌ر تیۆری به‌ته‌واوی له پراکسیس یان “عیلاج” دا بتوێنینه‌وه، ناوه‌رۆکی نێگه‌تیڤ و ره‌خنه‌گرانه‌ی له‌نێو ده‌به‌ین. کاتێ رڤیزیۆنیسته‌کان فانتازیای فکری له کرداری عیلاج دا ده‌توێننه‌وه، زۆر له پراگماتیسته‌کان و پۆزه‌تیڤیسته‌کان نزیک ده‌بنه‌وه، یانی له‌و که‌سانه که له به‌رانبه‌ر تیۆری ره‌خنه‌گرانه دان. رڤیزیۆنیسته‌کان له‌گه‌ڵ فرۆید هه‌ر ئه‌و کاره ده‌که‌ن که پێره‌وانی هێگل له‌گه‌ڵ ئه‌و کردیان، مارکوزه له به‌شی دووهه‌می کتێبی ئه‌قڵ و شۆڕش دا ئه‌م پرسه‌ی باس کردووه. ئه‌وان له دوو لایه‌نه‌وه کاری تواندنه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. یه‌که‌م، ئه‌وان پڕماناترین و بوێرانه‌ترین تیۆرییه‌کانی فرۆیدیان ره‌ت کرده‌وه: غه‌ریزه‌ی مه‌رگ، هۆزی سه‌ره‌تایی و کوشتنی باوک. مارکوزه له ده‌قی سه‌ره‌کی ئێروس و شارستانیه‌ت دا ده‌نوسێ ئه‌و میراته مێژینه که رڤیزیۆنیسته‌کان گاڵته‌ی پێده‌که‌ن، به‌هۆی “به‌های سهمبۆڵیکی پڕمانایه، ئه‌و روداوه له‌مێژینانه که تیۆری فرۆید باسی کردوون، ره‌نگه بۆ هه‌میشه له ده‌ڤه‌ری سه‌لماندنی مرۆڤناسانه سه‌رتر بێت. به‌ڵام پرسه مێژووییه‌کان ئاکامی واقعی ئه‌م روداوانه‌ن… ئه‌گه‌ر ئه‌م تیۆرییه له ئاست ئه‌قڵی سالم دژایه‌تی ده‌کات [هۆی ئه‌وه‌یه که ئه‌م تیۆرییه] له درێژه‌ی خه‌باتی خۆیدا بانگه‌شه‌ی راستییه‌ک ده‌کا که ئه‌قڵی سالم به‌جۆرێک په‌روه‌رده کراوه که ئه‌و راستییه له‌بیر بکات.” دووهه‌م، هه‌ر به‌وجۆره که ئادۆرنۆ ساڵی 1946 وتبووی، رڤیزیۆنیسته‌کان ناکۆکی نێوان تاک و کۆمه‌ڵ و، خه‌ون و وشیاری پاساو ده‌ده‌ن. رڤیزیۆنیسته‌کان به گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌روونناسی وشیاری پێش فرۆیدی، به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی خۆیان، تووشی سازش ده‌بن.
مارکوزه‌ش وه‌ک ئادۆرنۆ بۆچوونی رڤیزیۆنیسته‌کان له‌مه‌ڕ که‌سێتی تۆکمه ره‌ت ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێ له جڤاتی هاوچه‌رخ دا تاکێتی ره‌سه‌ن قه‌ت دروست نابێت: “دۆخی تاکی له چه‌ندین تۆخمی چاره‌نووسی گشتی پێکدێ، هه‌ر به‌وجۆره که فرۆید پیشانی داوه کلیلی جاره‌نوسی تاک له ده‌ستی چاره‌نوسی گشتی دایه.” ئه‌م شته له‌گه‌ڵ مۆراڵیزمی رڤیزیۆنیسته‌کان له ناکۆکی دایه: “فرۆید خه‌یاڵاتی ئه‌خلاقی ئایدیالیستی له‌نێو بردووه: “که‌سێتی” بێجگه له تاکێکی “تێکشکاو” هیچی تر نییه تاکێک که له‌گه‌ڵ سه‌رکوت و هه‌ڵشاخان راهاتوه و به‌شێوه‌ی سه‌رکه‌وتوانه به‌کاریان دێنێ.” مارکوزه زۆر به‌توندی له‌ئاست شێواندنی تیۆری غه‌ریزه‌ی فرۆید به ده‌ستی رڤیزیۆنیسته‌کان دژایه‌تی ده‌کات. ئه‌و ده‌ڵێ ئاراسته‌ی زاتی تیۆری غه‌ریزه له هه‌سته‌وه بۆ نه‌ست، له که‌سێتی پێگه‌یشتوو بۆ ئه‌زموونی مناڵی و، له تاکه‌وه به‌ره‌و تیپه. فرۆید به پێداگرتن له‌سه‌ر لبیدۆ، بۆچوونێکی ماتریالیستی له پرسی دامرکان [له سێکس دا] گه‌شه پێدا که له‌گه‌ڵ روانگه‌ی مه‌عنه‌وی و سه‌رکوتکه‌ری رڤیزیۆنیسته‌کان ناکۆکه. مارکوزه به گه‌ڕانه‌وه بۆ ریشه‌ی سێکسی تیۆری فرۆید، سه‌رله‌نوێ گرنگی به گرێی ئۆدیپ دا، به‌ڵام فرۆم هه‌ر له یه‌که‌م رۆژی هاتنی بۆ سه‌نته‌ری فرانکفۆرت ره‌خنه‌ی له‌م پرسه گرتبوو. مارکوزه له کتێبی ئێروس و شارستانیه‌ت دا به‌ده‌گمه‌ن باسی گرێی ئۆدیپ ده‌کا و ئه‌ونده سه‌رنجی پێنادا. به‌ڵام له‌و وتاره‌یدا که له له گۆڤاری Dissent چاپکراوه و وه‌ک په‌راوێزی [ئێروس وشارستانیه‌ت] حساب ده‌کرێ، روانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاواز باس ده‌کات. کۆششی فرۆم بۆ ” گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گرێی ئۆدیپ له ده‌ڤه‌ری سێکسه‌وه بۆ ده‌ڤه‌ری پێوه‌ندی دوولایه‌نه”، پێچه‌وانه‌ی خاڵی سه‌ره‌کی و ره‌خنه‌گرانه‌ی بیری فرۆیده. به رای فرۆید ئاره‌زووی ئۆدیپ، به‌پێچه‌وانه‌ی رای فرۆم، ته‌نیا ناره‌زایی له دابڕان له دایک و ئازادییه‌کی ژاناوی و “alienator” نییه. ئه‌م ئاره‌زووه هه‌روه‌ها ویستێکی ئاگرین بۆ دامرکانی سێکسی و، بۆ گه‌یشتن به دایک وه‌ک ژن نه وه‌ک پاڵپشت، ده‌رده‌خات. له راستیدا مارکوزه ده‌ڵێ “مه‌یلی سێکسی له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌یه‌وێ دایک وه‌ک ژن داگیر بکات، ئه‌م راستیه‌ش هه‌ڕه‌شه له بنه‌مای ده‌روونی شارستانیه‌ت ده‌کات. ‘ویستی سێکسی’ ململانێی ئۆدیپ وه‌ک یه‌که‌مین کێشه‌ی نێوان تاک و کۆمه‌ڵگه ده‌رده‌خات.” له‌بیرکردنی ریشه‌ی سێکسی گرێی ئۆدیپ، چ به گشتی چ وه‌ک جیلوه‌ی هێمایی قوڵترین پرسه‌کانی جڤاتی هاوچه‌رخ، به مانای پاساودانی ئه‌و کێشه بنه‌ڕه‌تییانه‌یه که گرێی ئۆدیپ له‌وانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
به‌ڵام غه‌ریزه‌ی دیکه که بۆ مارکوزه گرنگتره و رڤیزیۆنیسته‌کان ره‌تیان کردۆته‌وه: تاناتوس (thanatos) یان غه‌ریزه‌ی مه‌رگه. هه‌ر لێره دایه که مارکوزه له ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێریش واوه‌تر ده‌چێ و جارێکی‌تر ده‌یه‌وێ ئه‌ندێشه‌ی مارکس و فرۆید پێوه‌ند بدات. به رای ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر فرۆید به چه‌مکی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ به‌شێوه‌ی هێمایی خواستی کاولکارانه‌ی مرۆڤی مۆدێرن ده‌ر ده‌خات. مارکوزه ئه‌م روانگه قه‌بوڵ ده‌کا و ئاماژه به به‌رده‌وامی و توندبوونه‌وه‌ی چالاکی روخێنه‌رانه‌ی مرۆڤ ده‌کات که پێ به پێ گه‌شه‌ی شارستانیه‌ت زیاتر ده‌بێ، به‌ڵام رڤیزیۆنیسته‌کان ده‌یانه‌وێ حاشای لێبکه‌ن. غه‌ریزه‌ی مه‌رگی فرۆید زۆر له ئیمانی کوێرانه‌ی رڤیزیۆنیسته‌کان شیاوتره و سروشتی ئاڵۆزی مرۆڤی مۆدێرن ده‌ناسێت.
مارکوزه به‌پێچه‌وانه‌ی ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر باسه‌که‌ی خۆی به ره‌شبینی ته‌واو ناکات. به رای ئه‌و غه‌ریزه‌ی مه‌رگ، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی زاڵ، خوستێکی ده‌روونی نییه که هه‌ڵده‌شاخێ و توند و تیژی ده‌کات. فرۆید “پێی وانه‌بوو که ئێمه به مه‌به‌ستی کاولکاری ده‌ژین؛ غه‌ریزه‌ی مه‌رگ یان له دژی غه‌ریزه‌ی ژیان ده‌ور ده‌بینێ یان له خزمه‌تی ئه‌و دایه؛ هه‌روه‌ها ئامانجی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ته‌نیا کاولکاری نییه، به‌ڵکوو دامرکانی نیاز به کاولکارییه”. مارکوزه له کتێبی ئێروس و شارستانیه‌ت دا بۆچوونی خۆی له‌مه‌ڕ سروشتی واقعی تاناتوس راڤه ده‌کات. ئامانجی راسته‌قینه‌ی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ، هه‌ڵشاخان نییه، به‌ڵکوو کۆتایی هێنان به کێشه‌یه‌که که ناوی ژیانه. مه‌یدانی ئه‌م غه‌ریزه، هه‌ر هه‌مان چه‌مکی نیروانایه که ده‌ته‌وێ به واستانی سروشتی بێ گیان بگات. مادام که غه‌ریزه‌ی مه‌رگ وه‌ها خواستێکی هه‌یه به‌شێوه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر له غه‌ریزه‌ی ژیان ده‌چێ: هه‌ر دوو ده‌یانه‌وێ خواست و ئاره‌زوو تێر بکه‌ن و کۆتایی پێ بێنن. ئه‌گه‌ر غه‌ریزه‌ی مه‌رگ ده‌یه‌وێ کێشه‌کان که‌م بکاته‌وه، که‌وابوو کاتی کێشه‌کانی ژیان که‌م ببنه‌وه، ئه‌م غه‌ریزه لاواز ده‌بێت. ئه‌م فه‌رزیه ریگه به مارکوزه ده‌دات تا فریدی پیری ره‌شبین به‌ره‌و ده‌ڤه‌رێکی یوتۆپیایی ببات. هه‌ر وه‌ک له کۆتایی باسه‌که‌ی دا ده‌ڵێ: “ئه‌گه‌ر ئامانجی سه‌ره‌کی غه‌ریزه کاولکاری نه‌بێت، به‌ڵکوو له‌نێوبردنی ژان و ئازار – سڕینه‌وه‌ی کێشه‌کان – بێت، ئه‌وجار به‌شێوه‌ی دژواز، هه‌رچه‌نده ژیان زیاتر تێر و ته‌با بکرێت، ناکۆکی نێوان ژیان و مه‌رگ که‌متر ده‌بێته‌وه. که‌وابوو بنه‌مای له‌زه‌ت و بنه‌مای نیروانا پێکده‌گه‌ن”. زۆربه‌ی پێره‌وانی ئۆرتودوکسی فرۆید، به سه‌رنجدان به‌و به‌ڵگانه که مارکوزه ده‌یهێنێته‌وه به‌م ئاکامه ده‌گه‌ن که مارکوزه‌ش به راده‌ی فرۆم و هۆرنی رڤیزیۆنیسته، به‌ڵام له ره‌هه‌ندێکی تره‌وه.
که‌وابوو مارکوزه تێده‌کۆشێ تا به‌پێی باشترین تیۆری ره‌خنه‌گرانه، تاناتوس مێژوویی بکاته‌وه. ئه‌گه‌ر ژیان له رێگه‌ی پێوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشتی ئازاد و به‌ده‌ر له سه‌رکوت سه‌رله‌نوێ ئێرۆتیزه (ئاشقانه) بکرێت، ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ پێویست نییه. مارکوزه ده‌ڵێ ئه‌م پرسه پێویستی به سڕینه‌وه‌ی زه‌خت و سه‌رکوتی سێکسی ئه‌ندامی زاوزێ و گه‌ڕانه‌وه بۆ “بێ نۆرمی چه‌ندفۆرمی” منداڵی هه‌یه. ئه‌و لێره‌دا، نه هه‌ر له ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر و فرۆم، به‌ڵکوو به‌شێوه‌ی تایبه‌تی خۆی له رایش و فرۆیدیش واوه‌تر ده‌چێ. مارکوزه ده‌ڵێ ته‌نیا کاتێ که هه‌موو جه‌سته دیسان ئێرۆتیزه بکرێت ده‌توانین برسه‌ر کاری نامۆبوودا، که هه‌موو جه‌سته بێجگه له به‌شی زاوزێ ده‌کاته شت، زاڵ بین. کۆمه‌ڵگه‌ی گۆڕاو – که ئیتر له‌سه‌ر “بنه‌مای کارکردی” سه‌رکوتکه‌ر و فه‌وتاو رانه‌وه‌ستاوه- کۆتایی به “سه‌رکوتی زیادی” که ریشه‌ی مێژوویی هه‌یه دێنێ و به‌مجۆره تاک له کاری نامۆبووی پڕکێشه رزگار ده‌کات. یاری جوانیناسانه جێگه‌ی ژان و ئازار ده‌گرێته‌وه؛ ده‌سه‌ڵاتی بنه‌مای نیروانا و کاولکاری له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ کۆتایی دێت. به‌مجۆره “دنیا ئارام ده‌گرێ؛ ئه‌مه ره‌هه‌ندی سایکۆلۆژیکی تیۆری یه‌کێتی مارکوزهیه که بنه‌مای فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و پێکدێنێ.
هه‌روه‌ک چاووهڕوان ده‌کرا هاوکارانی مارکوزه هه‌وڵی بوێرانه‌ی ئه‌ویان بۆ پێناسه‌کردنی فرۆید وه‌ک یوتۆپیستێکی شۆڕشگێڕ پێ خۆش نه‌بوو. ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر به‌شێوه‌ی زیره‌کانه بێده‌نگییان هه‌ڵبژارد، به‌ڵام فرۆم تێکۆشا له ژماره‌ی دیکه‌ی Dissent دا روانگه‌ی مارکوزه ره‌ت بکاته‌وه. فرۆم له دوو لایه‌نه‌وه هێرشی کرده سه‌ر مارکوزه: سه‌ره‌تا تێکۆشا پێشان بدا که مارکوزه له بواری ده‌روونشیکاری دا خاوه‌ن هیچ ئه‌زموونێکی پراتیکی نییه و خراپ له فرۆید تێگه‌یشتووه. فرۆم وتی فرۆید زیاتر یه‌خسیری ماتریالیزمی نادیالکتیکی بورژوایی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بووه، نه ئه‌وه که دژی ئه‌م ره‌وته بێت. ئه‌و هه‌روه‌ها هه‌وڵی دا تا روانگه‌ی مارکوزه له‌مه‌ڕ رڤیزیۆنیسته‌کان – که هه‌مویانی وه‌ک یه‌ک بیبنی بوو- ره‌ت بکاته‌وه. فرۆم ده‌ڵێ؛ بۆ نموونه بۆچوونی من له‌مه‌ڕ “که‌سێتی به‌رهه‌مهێنه‌ر”، زیاتر له‌وه‌ی که مارکوزه وێنای ده‌کا، له دژی جڤاتی هاوچه‌رخ خه‌بات ده‌کات. ئه‌و هه‌ر وه‌ها روانگه‌ی مارکوزه که ده‌ڵێ له دۆخی ئێستادا هیچ که‌سێتییه‌کی تۆکمه ناتوانێ دروست بێت، به نادروست ده‌زانێ.
لایه‌نی دووهه‌می هێرشی فرۆم گرنگتره. ئه‌و لێره‌دا تێده‌کۆشێ تا کێشه‌ی حه‌تمی نێوان دامرکانی سێکسی و شارستانیه‌ت، که فرۆید ئه‌و هه‌مکه پێداگری له‌سه‌ر کردبوو، زیندوو بکاته‌وه. به رای فرۆم هه‌ندێ بێ نۆرمی سێکسی که له دووتۆیی “بێ نۆرمی چه‌ند فۆرمی”دا داکۆکی لێداکات، له‌گه‌ڵ هیچ شارستانیه‌تێک سازگار نییه. ئه‌گه‌ر ته‌نیا دوو شت، سادیزم و گوو ویستی، له‌به‌ر چاو بگرین، ده‌زانین که ئه‌م دوو پرسه له هه‌موو دۆخێک‌دا نه‌فره‌ت هێنه‌رن. ئامانجی دامرکانی خێرا و کامڵ که مه‌به‌ستی مارکوزهیه، ده‌توانێ تاک وه‌ک به‌شێک له سیستمی ورووژاندن و هه‌ندێ خواست و ئاره‌زوو که به ئاسانی ده‌ستکاری ده‌کرێن لێبکات، وه‌ک ئه‌و شته که له کتێبی دنیای دلێری مۆدێرن، به‌رهه‌می ئێڵدوس هاکسڵی دا روو ده‌دات. به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی مارکوزه (و ئادۆرنۆ) عشقی به جیا له سێکس، پرسێکی ته‌واو ئایدیۆلۆژیک نییه، هه‌رچه‌ند ده‌توانین قه‌بوڵ بکه‌ین که ئه‌م شته ناتوانێ له کۆمه‌ڵی هاوچه‌رخ دا رووبدات. هێمای نێگه‌تیڤی ئه‌ندێشه‌ی مارکوزه به هیچ کوێ ناگات، ته‌نیا دنیا به‌شێوه‌ی نهێلیستی ره‌ت ده‌کاته‌وه.
باس و مشت و مڕی فرۆم و مارکوزه له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێکی بچوک ماوه‌یه‌کی زۆر درێژه‌ی کێشا. سه‌رئه‌نجام مارکوزه رایگه‌یاند که که‌سێکی نهێلیسته و وتی نهێلیزم “سه‌رپێچی گه‌وره” (great refusal) ره‌نگه تاقه هیۆمانیزمی راسته‌قینه‌یه که له‌م چاخه‌دا ره‌وایه. ئه‌م وته‌یه جارێکی‌تر مارکوزه‌ی له ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر نزیک کرده‌وه. به‌ڵام کاکڵی سه‌ره‌کی ئێروس و شارستانیه‌ت به‌ره‌و ده‌ڤه‌رێک تێشک ده‌هاوێ که سه‌رئه‌نجام گه‌شبینانه‌یه. بۆچوونی مارکوزه له چه‌مکی نیروانا له‌و شته نزیکه که فرۆم له کتێبی هه‌ڵاتن له ئازادی دا به‌یانی کردووه: “خواستی ژیان و خواستی کاولکاری دوو هۆکاری سه‌ربه‌خۆ و لێک جیاواز نین، به‌ڵکو به‌شێوه‌ی ئاوه‌ژوو لێکبه‌ستراون. هه‌رچه‌نده خواستی ژیان سه‌رکوت بکرێ، خواستی مه‌رگ و کاولکاری په‌ره‌ده‌گرێ؛ هه‌رچه‌نده خواستی ژیان زیاتر به‌دیبێت، هێزی کاولکاری که‌متر ده‌بێته‌وه. کاولکاری به‌رهه‌می ژیانی نه‌ژیاوه.” مارکوزه پێی وابوو که دوو غه‌ریزه‌ی مه‌رگ و ژیان سه‌رئه‌نجام یه‌کێتییه‌ک دره‌وست ده‌که‌ن، به‌ڵام فرۆم وه‌ک دوالیستێکی به‌پارێز مایه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له دوالیزمی فرۆم دا غه‌ریزه‌ی مه‌رگ و خواستی کاولکاری، وه‌ک به‌رهه‌می داماوی ژیان فام ده‌کرێت. فرۆم دواتر له کتێبی دڵی مرۆڤ دا هه‌ڵوێستی خۆی به‌مجۆره به‌یان کرد:
ئه‌م دوالیزمه… له چه‌شنی دوو غه‌ریزه‌ی زاتی بایۆلۆژیک نییه که به‌شێوه‌ی رێژه‌یی نه‌گۆڕ بێت و هه‌میشه تا دوا سه‌رکه‌وتنی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ پێکه‌وه بجه‌نگن، به‌ڵکوو دوالیزم له‌نێوان بنه‌ماییترین خواستی ژیان – بۆ پاراستنی گیان – و دژی ئه‌و دایه، ئه‌م دژه کاتێک به‌دیدێت که مرۆڤ له‌م ئامانجه‌ی دا سه‌رنه‌که‌وێت.
که‌وابوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که فرۆم و مارکوزه پێیان وایه زۆر لێک دوورن، به‌ڵام وادیاره له‌مه‌ڕ هێز و به‌رده‌وامی غه‌ریزه‌ی مه‌رگ پێکده‌گه‌ن. یوتۆپیاییترین کتێبی مارکوزه به دیدێکی گه‌شبینانه به کۆتایی ده‌گات، به‌ڵام به پشتبه‌ستن به بۆچوونی هۆرکهایمێر که چه‌ند ده‌یه پێشتر وتبووی: ناتوانین ره‌نج و ئازاری ئه‌وانه‌ی که پێشتر مردوون قه‌ره‌بوو بکه‌ینه‌وه.
سه‌رچاوه: ارغنون شماره 22، تهران 1382، ص‌ص 55-107
Martin Jay (1976), The Dialectical Imagination, London: Heinemann.
[1] سه‌رۆکی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسراو به مه‌کته‌بی فرانکفۆرت. هۆرکهایمێر بوو به جێگری ئه‌و و بواری کار و تێکۆشانی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ی به ته‌واوی گۆڕی.
[2] یه‌کێ له گرنگترین ئه‌ندامانی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت له کاتی گرون بێرگ دا.
[3] مامۆستای نیوکانتی ئادۆرنۆ.
[4] Natura و physis هه‌ر دوو به مانای سروشتن.
[5] Sabbath، رۆژی پشووی – یه‌هوودیان له شه‌مه و مه‌سیحیان له یه‌کشه‌مه دا.
[6] “گۆڤاری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی” ئۆرگانی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وی کۆمه‌ڵایه‌تی فرانکفۆرت.
[7] به‌شی سه‌رکوتکراوی خۆد (ئێگۆ) چه‌ند مکانیزمێک به‌کار دێنێ تا دۆخی ده‌روونی تاک وه‌ک خۆی بپارێزێ و نه‌هێڵێ مه‌یل و بیره‌وه‌رییه‌کان له نه‌ست (به‌شی ناوشیاری مێشک)ه‌وه بێت هه‌ست (به‌شی وشیار)ه‌وه. ئاکامی ئه‌م کاره، ترس و دڵه‌ڕاوکه‌یه.
[8] گواستنه‌وه زیاتر به‌شێوه‌ی ناوشیارانه روو ده‌دات، یانی به یه‌ک زانینی که‌سێک که ئێستا له لامان دایه له‌گه‌ڵ که‌سێک که پێشتر ناسیومانه و بۆمان گرنگ بووه.