قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت و ده‌روونشیکاری( بەشی یەکەم)

مارتین جەی
وەرگێران: ه محەممەدی
ئه‌گه‌ر ترس و کاولکاری(تاناتوس) سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی فاشیزم پێکدێنێ، عەشق و خۆشه‌ویستی (ئێروس) ده‌رفه‌ت بۆ دێموکراسی ده‌ڕه‌خسێنێ.
“که‌سێتی ده‌سه‌ڵات خواز، ئادورنۆ/ هۆرکهایمێر”
(1)
له ده‌یه‌ی 70ی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا دژوار بوو له بوێری ئه‌و تیۆریسازانه تێبگه‌ی که ده‌یانویست روانگه‌کانی مارکس و فرۆید پێوه‌ند بده‌ن. له‌م دواییانه‌دا به په‌ره‌سه‌ندنی هۆگری خه‌ڵک به ڤیلهێلم رایش و کاریگه‌ری به‌رفراوانی کتێبه‌که‌ی مارکوزه، ئێروس و شارستانیه‌ت، ئه‌م بۆچوونه که هه‌ر دوو بیرمه‌ند له دوو دیدگای جیاوازه‌وه باسی چه‌ند پرسێکی وه‌ک یه‌ک ده‌که‌ن، له نێوان زۆربه‌ی چه‌په‌کان دا گرنگی پێدراوه. نه‌سڵێک پێشتر له هه‌ر دوو لای ئاتلانتیکه‌وه گاڵته به وه‌ها بیرێک ده‌کرا. ئه‌گه‌رچی ترۆتێسکی هۆگری ده‌روونشیکاری بوو، به‌ڵام پاش 1923 ده‌نگی ئه‌و له بلوکی کۆمۆنیزمی ئۆرتۆدوکس دا خنکێنرا، یانی هه‌ر ئه‌و کاته که رێبازی فرۆید و پێره‌وانی قه‌ده‌غه کرا و ره‌فتاری پاولۆڤی [وه‌ک ده‌روونناسی شیاوی مارکسیزم-لێنینیزم] به ره‌سمی ناسرا. له نێو بزاڤی ده‌روونشیکاریشدا بیرمه‌ندانێک وه‌ک زیگفرید بێرن، ئۆتۆ فێنیشێل و پاڤێڵ فێدێرن لایه‌نگری پێوه‌نددانی دوو سیستمی مارکسی و فرۆیدی بوون به‌ڵام له‌م کاره‌دا سه‌رکه‌وتنێکی وایان به‌ده‌ست نه‌هێنا؛ ڤیلهێلم رایش، لایه‌نگری پڕهه‌رای ئه‌م کاره له کۆتایی ده‌یه‌ی 20 و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 30 دا له‌گه‌ڵ گاڵته‌ی هه‌موان به‌ره‌وڕوو بوو و له نێوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 30 دا سوکایه‌تی پێکرا و هه‌م له پارتی کۆمۆنیستی و، هه‌م له بزاڤی ده‌روونشیکاری ده‌رکرا. پارێزکاران و توندڕه‌وه‌کان به یه‌ک شێوه رێک که‌وتبوون که ره‌شبینی سه‌ره‌کی فرۆیدی له‌مه‌ڕ ده‌رفه‌تی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌گه‌ڵ گه‌شبینی شۆڕشگێڕانه‌ی پێڕه‌وانی مارکس له ناکۆکی دایه. دواتر ساڵی 1959 فیلیپ ریڤ ده‌یتوانی بنووسێ: “به رای مارکس رابردوو ئاوسی داهاتووه و پرۆلیتاریا مامانی مێژووه؛ به رای فرۆید، داهاتوو ئاوسی رابردووه و ته‌نیا پزیشکێکی به‌خته‌وه‌ر ده‌توانێ له‌م باره رزگارمان بکات… شۆڕش ته‌نیا ده‌توانێ مۆدێلی سه‌ره‌تایی سه‌ربزێوی له دژی باوک دووپات بکاته‌وه و به ناچار هه‌موو جاريک تێکبشکێ.”
که‌وابوو کۆششی سه‌نته‌ری تۆژینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پێوه‌نددانی ده‌روونشیکاری له‌گه‌ڵ تیۆری ره‌خنه‌گرانه‌ی نیومارکسیستی ههنگاوێکی بوێرانه و نائاسایی بوو. هه‌روه‌ها نیشانه‌ی خواستی ئه‌م سه‌نته‌ره بوو بۆ ده‌ربازبوون له قاڵبی ته‌سکی مارکسیزمی کلاسیک. له راستیدا یه‌کێ له گرنگترین جیاوازییه‌کانی نێوان نه‌سڵی گرون بێرگ[1] –گروسمان[2]- و جێگرانیان که هۆرکهایمێر رێبه‌ری ئه‌وانی به‌ده‌سته‌وه گرت، ناکۆکییان له‌مه‌ڕ ده‌روونناسی بوو. هه‌ر وه‌ک دواتر ده‌بینین گرنگینه‌دانی فرانتس نۆڤیمان به ده‌روونناسی یه‌کێ له‌و هۆکارانه بوو که ئه‌ندامانی سه‌نته‌ر باوه‌شیان بۆی کرده‌وه. کاتێ که سه‌رئه‌نجام نۆڤیمان بوو به هۆگری فرۆید، به دوا ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی گه‌یشتبوو و ئیتر دره‌نگ بوو و نه‌یده‌توانی ئه‌م دوو نه‌ریته پێوه‌ند بدات. به‌پێچه‌وانه‌ی نۆڤیمان، هۆگری هۆرکهایمێر به فرۆید ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌یه‌ی 1920. لیۆ لۆڤنتاڵ سه‌رنجی ئه‌وی بۆ لای فرۆید راکێشابوو، چونکه فرۆم-رایشمان له نێوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 1920 دا ئه‌وی ده‌روونشیکاری کردبوو. جگه له مه‌ش پێوه‌ندی نێوان ده‌روونناسی و سۆسیالیزم بابه‌تێک بوو که له‌و ساڵاندا له فرانکفۆرت به زۆری باسی لێده‌کرا. له کۆڕی ئاکادمیکی چه‌پدا پاش 1929 سۆسیالیستی بلژیکی، هێنریک دۆمه‌ن، له چه‌ند ره‌هه‌نده‌وه رۆڵی گرنگی هه‌بوو. ساڵی 1927 له کتێبێک دا له‌مه‌ڕ ده‌روونناسی مارکسیزم تێکۆشابوو تا پراگماتیزم که زیاتر به‌پێی سوبژکتیڤیزم بوو، له‌جیاتی دێترمینیزمی ئابووری دابنێ. دۆمه‌ن ره‌خنه‌ی توندی له ده‌روونناسی قازانجخوازی په‌یوه‌ست به مارکس گرت و، له‌جیاتی ئه‌و گرنگی به ریشه‌کانی کرداری نائه‌قڵانی رادیکاڵ ده‌دا. له‌و کاته‌دا ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو بۆوه که وه‌ک مامۆستای ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی دۆمه‌ن یان هێناوه بۆ زانکۆی فرانکفۆرت تا له ئاست مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی قوتابخانه‌ی فرانکفۆرت هاوسه‌نگییه‌ک پێک‌بێنێ. دۆمه‌ن به هه‌ر هۆیه‌ک هاتبێ، به‌ڵام هاتنی ئه‌و، هۆرکهایمێر و هاوکارانی به‌ره‌و هه‌ڵوێستی نائه‌قڵانی نه‌برد، هه‌ڵوێستێک که راشکاوانه له‌گه‌ڵ تیۆری ره‌خنه‌گرانه ناکۆک بوو؛ کاتێ دواتر دۆمه‌ن وه‌دوای فاشیزم که‌وت، ئه‌وان به‌ته‌واوی لێی دڕدۆنگ بوون، ئه‌ندامانی فرانکفۆرت له یه‌ک شت‌دا له‌گه‌ڵ دۆمه‌ن هاوده‌نگ بوون: خواستی سه‌رچوون له قازانجخوازی که مارکسیزمی ساویلکانه‌ی خه‌وشدار کردبوو.
پێش 1927 ئادۆرنۆ به پێشنیاری هۆرکهایمێر وتارێکی درێژی نووسی و له‌ودا ده‌روونناسی له‌گه‌ڵ فنۆمنۆلۆژی بانئه‌زموونی کۆرنێلیۆس[3] پێوه‌ند دا. ئه‌و له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی به خاڵی هاوبه‌شی ئه‌م دوانه کردبوو که گرنگی به پێکهاته‌ی لێکبه‌ستراوی نه‌ست ده‌ده‌ن که به‌شێوه‌ی هێمای پێوه‌ند دراوه. ساڵێک دواتر هۆرکهایمێر ئه‌ونده بووبوو به هۆگری ده‌روونشیکاری که بڕیاری دا خۆی ده‌روونشیکاری بکرێت و بۆ ئه‌م کاره‌ش کارڵ لان دوایری شاگردی فرۆیدی وه‌ک ده‌روونناسی خۆی هه‌ڵبژارد. پاش ساڵێک ئه‌و پرسه‌ی که به‌قووڵی مێشکی هۆرکهایمێری به‌خۆیه‌وه خه‌ریک کردبوو، یانی وتاردان به بێ ده‌قی ئاماده‌کراو، چاره‌سه‌ر کرا. لان دوایر هاندرا تا وه‌ک به‌شێک له گرووپی تۆژینه‌وه‌ی ده‌روونشیکاری باشووری ئاڵمان، سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری فرانکفۆرت دامه‌زرێنێ.
سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری فرانکفۆرت که 16 فیڤێریه‌ی 1929 کرایه‌وه وه‌ک یه‌که‌م رێخراوی فرۆیدی ده‌رکه‌وت که به‌شێوه‌ی ناراسته‌وخۆ تێکه‌ڵ به زانکۆیه‌کی ئاڵمان بووبوو. ئه‌م رێکخراوه هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هۆرکهایمێر و هاوکارانی که له دامه‌زرانی سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری دا کاریگه‌ر بوون، پێوه‌ندی هه‌بوو. خودی فرۆید دوو نامه‌ی بۆ هۆرکهایمێر نووسی تا سپاس و پێزانینی خۆی ده‌رببڕێ.
هێنریش مێنگ و ئریک فرۆم و هاوسه‌ره‌که‌ی فریدا فرۆم، وه‌ک ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی، له‌گه‌ڵ لان دوایر یه‌کیان گرت. له یه‌که‌م مانگه‌کانی دامه‌زرانی سه‌نته‌ری ده‌روونشیکاری دا، ئه‌ندامانی به‌رجه‌سته‌ی بزاڤی ده‌روونشیکاری، هانس زاخس و زیگفرید بێرن و ئانا فرۆید و پاڤڵ فێدێرن، چه‌ند کۆڕ و سمیناریان گێڕا. گیۆرگ گرۆدێک یش زۆر جار له‌گه‌ڵیان بوو. له نێوان چوار ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی دا، ئریک فرۆم که زیاتر له 10 ساڵ دۆستی لۆڤێنتاڵ بوو و به‌هۆی ئه‌و به سه‌نته‌ر ناسرابوو، به‌خێرای وه‌ک گرنگترین که‌سی سه‌نته‌ر ده‌رکه‌وت. ته‌نیا ئه‌و بوو که پاش رۆشتنی سه‌نته‌ر بۆ ئه‌مریکا دیسان له‌گه‌ڵی که‌وت. له ئه‌مریکا وه‌ک به‌رزترین ئه‌ندامی رڤیزیۆنیستی نیوفرۆیدی، به پله و پێگه‌یه‌کی شیاو گه‌یشت. لان دوایر چوو بۆ ئامستردام و هه‌رچه‌نده هاوکارانی داویان لێکرد ئوروپا به‌جێبێڵێ و بێت بۆ ئه‌مریکا، وڵامی نه‌دایه‌وه. له درێژه‌ی جه‌نگ دا له بێڵسێن ماڵاوایی له ژیان کرد. هه‌روه‌ها هێنریش مێنگ فرانکفۆرتی به‌جێهێشت و چوو بۆ بازڵ، له‌وێ وه‌ک پسپۆڕی ته‌ندروستی ده‌روونی ناوبانگی ده‌رکرد. که‌وابوو ته‌نیا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم بوو که بۆ یه‌که‌م جار تێکۆشا تا مارکس و فرۆید ئاشت بکاته‌وه.
فرۆم که ساڵی 1900 له فرانکفۆرت له دایک بوو، له فه‌زایه‌کی خه‌ستی مه‌زهه‌بی دا گه‌وره بوو. له سه‌رده‌می تازه‌لاویدا به قووڵی شه‌یدای ره‌وتی مسیانیستی بیری یه‌هوودی بوو. دواتر نووسی: “زیاتر له هه‌ر شتێک نوسراوه‌کانی پێغه‌مبه‌رانێک وه‌ک ئه‌شعیا و عاموس و هوشێع بیری منیان گۆڕی. له‌جیاتی ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی کاره‌سات بکه‌م، زیاتر له ژێر ‘ئاخر زه‌مان’ دا بووم…” فرۆم له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 1920 دا له‌گه‌ڵ لۆڤێنتاڵ تێکه‌ڵ به گرووپی خاخام نۆبڵ بوو.
ئه‌گه‌رچی فرۆم پاش ئه‌وه‌ی ساڵی 1926 بۆ یه‌که‌م جار له مونیخ ده‌روونشیکاری کرا دروشمه دینییه‌کانی پشتگوی خست، به‌ڵام هێشتا بڕوای به جۆرێک پێشبینی دینی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له دوا به‌رهه‌مه‌کانیشی دا.
ئه‌و شته‌ی که فرۆم له پێشه‌نگی یه‌هوودی خۆی فێر بووبوو له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌ی که ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر له پێشینیانیان فێر بوون، ئێجگار جیاواز بوو. فرۆم له‌جیاتی گرنگیدان به گه‌وهه‌ر و ناوه‌رۆکی هه‌قیقه‌ت و ئاڵۆزی پێناسه‌کردنی سروشتی مرۆڤ، گرنگی به جۆرێک مرۆڤناسی فه‌لسه‌فی ده‌دا. فرۆم وه‌ک مارتین بوبر و ئه‌ندامانی دیکه‌ی گرۆۆپی Lir house گه‌وهه‌ری مرۆڤی به شتێک ده‌زانی که به‌هۆی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهان و دانوستان له‌گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌خولقێ. ئه‌م شته به ئاشکرا له دوا به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌ودا، کاتێ که سه‌نته‌ری به‌جێهێشت، ده‌بینرێ. به‌ڵام فرۆم هه‌میشه له‌سه‌ر فاکتی گه‌وهه‌ری مرۆڤی پێی داده‌گرت. ئه‌م گه‌وهه‌ره چه‌مکێکی نه‌گۆڕی وه‌ک natura ی رۆمی نه‌بوو، به‌ڵکوو زیاتر وه‌ک گه‌وهه‌ری بزۆزی مرۆڤ به مانای [4]physis ی یۆنانییه. فرۆم به‌مجۆره گرنگی زۆری به دال و هێمای مرۆڤناسانه‌ی ده‌سنوسه فه‌لسه‌فی و ئابوورییه‌کانی مارکس ده‌دا. ئه‌و له‌م بابه‌ته‌وه زیاتر له مارکوزه نزیک بوو، نه‌ک ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر. فرۆم له نێو ئه‌و که‌سانه‌دا که له مه‌کته‌بی فرانکفۆرت کاریان ده‌کرد زیاتر له هه‌موان چه‌مکی له‌خۆنامۆیی (alienation) مارکسی به‌کار دێنا، به تایبه‌ت له‌و به‌رهه‌مانه‌دا که پاش جیابوونه‌وه له سه‌نته‌ر نووسی. ئه‌و هه‌وڵی دا تا خه‌سڵه‌تی زاتی مرۆڤ وه‌ک بنه‌مای جیهانبیبی خۆی له‌مه‌ڕ مرۆڤی گه‌شه‌کردوو دابنێت، به‌مهۆیه له به‌رهه‌مه‌کانی سپینوزا و ده‌یویی دا بۆ چه‌ند تیشکی له‌م خه‌سڵه‌ته ده‌گه‌ڕا؛ له ده‌یه‌ی 1940 دا هه‌وڵی دا که سه‌رتر له ده‌روونناسی، به‌ره‌و سیستمێکی ئه‌خلاقی بڕوات که ئه‌ویش له‌سه‌ر گه‌وهه‌ری مرۆڤ پێکهاتبوو. له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌خلاقناسی (مۆرالیزم)ی ئه‌ودا – که به باشترین شێوه له کتێبی “مرۆڤ بۆ خۆی 1947” دا به‌یان کراوه- ناتورالیزم به‌دی ده‌کرێ که هه‌ندێ که‌س ره‌خنه‌یان لێگرتووه.
فرۆم له ده‌یه‌ی 1940 دا نه ته‌نیا سه‌نته‌ری فرانکفۆرت به‌ڵکوو فرۆیدیزمیشی به‌جێهێشت. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه به‌و مانایه نییه که هه‌موو ره‌هه‌ندێکی هه‌ڵوێستی سه‌ره‌تایی خۆی ره‌ت کرده‌وه. ئه‌و دواتر نووسی:
من هه‌رگیز حاشام له فرۆیدیزم نه‌کردوه ته‌نیا له‌ئاست بۆچوونێک دژایه‌تیم کردووه که ئه‌ندێشه‌ی فرۆید له تیۆری لبیدۆیی دا کورت ده‌کاته‌وه… من ده‌سکه‌وتی سه‌ره‌کی فرۆید به چه‌مکی نه‌ست ده‌زانم و ده‌روونژاکاوی و خه‌ونه‌کان و … به ده‌رکه‌وتی نه‌ست ده‌زانم. ئه‌م چه‌مکانه له هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی مندا گرنگی سه‌ره‌کییان هه‌یه و وتنی ئه‌م شته که چونکه حاشام له تیۆری لبیدۆ کردووه که‌وابوو حاشام له فرۆیدیزم کردووه، وته‌یه‌کی ره‌هایه که ته‌نیا له دیدگای فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکسه‌وه به‌یان ده‌کرێ. به هه‌ر حاڵ من هه‌رگیز حاشام له ده‌روونشیکاری نه‌کردووه و هه‌رگیز نه‌مویستوه خۆم قوتابخانه‌یه‌ک دامه‌زرێنم. من له ئه‌نجۆمه‌نی ده‌روونشیکاری نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌رکرام به‌ڵام هێشتا [1971] ئه‌ندامی ئه‌نجۆمه‌نی ده‌روونشیکاری واشنگتۆنم که ئه‌نجۆمه‌نێکی فرۆیدییه. من هه‌مێشه ره‌خنه‌م له فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکس و مێتۆدی بروکراتیکی رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه فرۆیدییه‌کان گرتووه، به‌ڵام تێکڕای کاری تیۆریکی من به‌پێی گرنگترین ده‌سکه‌وته‌کانی فرۆید پێکهاتووه.
به رای خاوه‌ن رایان، ره‌تکردنه‌وه‌ی تیۆری لبیدۆ و هه‌ندێ توخمی گرنگ و سه‌ره‌کی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید، وه‌ک گرێی ئۆدیپ، به‌و مانایه بووه که فرۆم ئه‌وه‌نده له بنه‌ماکانی فرۆیدیزمی ئۆرتۆدۆکس دوور که‌وتۆته‌وه که ده‌کرێ به رڤیزیۆنیستێکی ته‌واوی بزانین. بۆوه‌ی که فرۆم ده‌سکه‌وته‌کانی کلینیکی فرۆید له ده‌سکه‌وتی بان ده‌روونناسی (دوو غه‌ریزه‌ی مه‌رگ و ژیان و تیۆری لبیدۆ) جیاده‌کاته‌وه، ئه‌و که‌سانه که له نێوان ئه‌م دوو بواره‌دا پێوه‌ندی قووڵ ده‌بینی، لێی زیز بوون.
ئه‌گه‌رچی فرۆم هه‌رگیز له کۆشش بۆ پێوه‌نددانی مارکسیزم و ده‌روونشیکاری رانه‌وه‌ستا، به‌ڵام دوا به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌وه‌نده به‌پێی فرۆیدیزم رانه‌وه‌ستابوو، به‌ڵکوو تا ده‌هات به‌پێی جیهانبینی ده‌روونناسانه پێکهاتبوو که خودی مارکس پێشبینی کردبوو. کاتێ فرۆم له ساڵی 1962 دا ویستی بیۆگرافی فکری خۆی بنووسێ، له ئاڵوگۆڕی فکری خۆیدا ده‌وری مارکسی زۆر به گرنگتر زانی. “مارکس که‌سایه‌تییه‌کی گرنگی مێژوویی- جیهانییه که ناکرێ فرۆید له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌راورد بکه‌ین.” چه‌مکی پێغه‌مبه‌رانه‌ی ئاشتی جیهانی که فرۆم له سه‌رده‌می مناڵی دا هه‌میشه بیری لێده‌کرده‌وه، ئه‌وی به‌ره‌و ئاقارێک برد تا زیاتر بڕوا به گه‌شبینی مارکسی بکات نه روانگه‌ی ره‌شبینی فرۆیدی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هێشتا به زۆر چه‌مکی فرۆیدی وه‌فادار بوو.
به هه‌رحاڵ، سی ساڵ پێشتر، کاتێ که فرۆم هاته نێو سه‌نته‌ری فرانکفۆرت روانگه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازی له‌مه‌ڕ فرۆید هه‌بوو. پاش خوێندنی زانکۆکانی فرانکفۆرت و هایدلبێرگ و مونیخ، له ناوه‌ندی ده‌روونشیکاری برلین دا فێری ده‌روونشیکاری بوو. هانس زاخس ئه‌وی ده‌روونشیکاری کرد و فرۆیدیستێکی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ک تیۆدۆر رایک پرۆڤه‌ی پێ‌کرد و باری هێنا. خۆی له ساڵی 1926 دا کاری ده‌روونشیکاری کلینیکی ده‌ست پێ‌کرد، هه‌رچه‌ند که وه‌ک زاخس و ده‌روونشیکارانی سه‌ره‌تایی هه‌رگیز ده‌وره‌ی پزیشکی نه‌دیبوو. فرۆم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که هه‌ڵسوکه‌وتی پراتیکی ئه‌و له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌کان، هانده‌ری سه‌ره‌کی کاری تیۆریکی ئه‌و بووه، ئه‌ندامانی دیکه‌ی سه‌نته‌ر له‌م ئه‌زموونه بێوه‌ر بوون. نه‌ختێ دواتر یه‌که‌م وتاره‌کانی فرۆم له دوو گۆڤاری ده‌روونشیکاری ئۆرتۆدۆکس (نامه‌ی راهێنانی ده‌روونشیکاری ج. شتۆرفێر و imago ی خودی فرۆید) بڵاو کرانه‌وه.
ئه‌گه‌رچی بابه‌ته‌کانی فرۆم زیاتر پشتخانی دینی ئه‌ویان به‌یان ده‌کرد (بۆ نموونه خوێندنه‌وه‌ی سه‌به‌ت[5])،به‌ڵام جگه له مه‌ش هۆگری ئه‌ویان بۆ ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رده‌خست. ساڵی 1931 وتارێکی به ناوی “ده‌روونشیکاری و سیاسه‌ت” نووسی که له نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی ده‌روونشیکاری دا بانگ و هه‌رایه‌کی زۆری وه‌ڕێخست. تۆژینه‌وه‌ی درێژی فرۆم، ئاڵوگۆڕی بنه‌ماکانی مه‌سیح، خواستی ئه‌و ده‌رده‌خات که ده‌یه‌وێ به یارمه‌تی جیهانبینی مارکسیستی فرۆیدیزم گه‌شه پێبدات، لێکۆڵینه‌وه‌ی تیۆدۆر رایک ده‌رباره‌ی ئه‌م پرسه هانده‌ری تۆژینه‌وه‌که‌ی فرۆم بوو. فرۆم ده‌ڵێ رایک له‌و شوێنه‌دا تووشی هه‌ڵه ده‌بێت که مه‌سیحیانی سه‌ره‌تایی به یه‌کسان پیشان ده‌دات، گرووپێکی تاقانه که خاوه‌ن دۆخێکی ده‌روونی وه‌ک یه‌کن. رایک به ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره به‌شێوه‌ی تیۆلۆژیستێک وه‌ک هارناک ده‌رده‌که‌وێ: “ئه‌و شته‌ی که رایک پشتگوێی ده‌خات ئه‌مه‌یه که بابه‌تی ده‌روونناسانه لێڕه‌دا یه‌ک مرۆڤ نییه، ته‌نانه‌ت گرووپێکی خاوه‌ن پێکهاته‌یه‌کی تاقانه و نه‌گۆڕی ده‌روونی نییه، به‌ڵکوو چه‌ندین گرووپی جیاوازه که خواستی ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی جیاوازیان هه‌یه.” به رای فرۆم گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له بنه‌ماکانی مه‌سیحیه‌ت دا- هه‌ر له بیری ئاداپتاسیۆنی چه‌رخی یه‌که‌مه‌وه که مرۆڤێک که ده‌بێته خودا تا بۆچوونی هۆمۆسینی سه‌ده‌ی چواره‌م که خودا ده‌بێته مرۆڤ- به‌رهه‌می ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو. ته‌نیا تیۆری سه‌ره‌تایی دوژمنی و سه‌ربزێوی مه‌سیحیانی سه‌ره‌تایی ده‌رده‌خات که له ئاست ده‌سه‌ڵات، یانی ده‌سه‌ڵاتی باوک، ئاخێز ده‌که‌ن. گۆڕانی بیر و را [قه‌بووڵ کردنی تیۆری دووهه‌م] به مانای قه‌بووڵکردنی ده‌سه‌ڵاتی خودا و گۆڕینی سه‌رله‌نوێی رق و قین به‌ره‌و ده‌روون، یانی به‌ره‌و خودی مه‌سیحیانه. فرۆم ده‌ڵێ “هۆکاری ئه‌م ئاڵوگۆڕه، گۆڕانی دۆخی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی یان پاشه‌کشه‌ی هێزی ئابووری و ئاکامی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و بوو. بیرسازانی چینی زاڵ به پیشاندانی چه‌ند دۆخێکی هێمایی به خه‌ڵک و رێبه‌ریکردنی رق و قینی خه‌ڵک به ئاقارێک دا که له رووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێ زیان بوو، وزه و خێراییان به‌م ئاڵوگۆڕه به‌خشی.”
فرۆم به گرنگیدان به وردبوونه‌وه له جیاوازی نێوان گرووپه کۆلهڵایهتییه تایبه‌ته‌کان، له‌رووی ده‌روونناسانه‌وه له‌سه‌ر شتێک پێداگری ده‌کات که ئادۆرنۆ و هۆرکهایمێر – پاش دابڕان له هایدگر- له‌مه‌ڕ چه‌مکی ئابستراکتی “مێژووگه‌ری” historicity)) ئاراسته‌یان کرد. ئه‌و شوێنه که ئه‌و توخمی تایبه‌تی ئه‌ندێشه‌ی فرۆید دێنێته ئاراوه، شوێنێکه که له مکانیزمی ده‌روونشیکارانه وه‌ک چه‌مکی نێوه‌نجی تاک و کۆمه‌ڵگه سود وه‌رده‌گرێ، بۆ وێنه کاتێ که دوژمنی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات به چه‌مکی رق و قینی ئۆدیپی له‌ئاست باوک به‌یان ده‌کات. سه‌نته‌ر دواتر هه‌ر به‌مپێیه زۆر چه‌مکی فرۆیدی به‌کار هێنا. بۆرکنا له یه‌که‌م ژماره‌ی [6]zeitschrift تۆژینه‌وه‌یه‌کی ده‌رباره‌ی ئاڵوگۆڕی بنه‌ماکانی مه‌سیح نووسی، ئه‌و ئه‌م وتاره‌ی به یه‌که‌م نمونه‌ی کۆنکرێتی تێکه‌ڵکردنی ئه‌ندێشه‌ی مارکس و فرۆید له قه‌ڵه‌م دا.
فرۆم هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌دا تێکۆشا تا شێوازی سه‌ره‌کی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی راڤه بکات. ئه‌و تۆژینه‌وه‌که‌ی خۆی به ره‌خنه‌گرتن له‌م بۆچوونه ده‌ست پێ‌کرد که ده‌روونناسی ته‌نیا بۆ تاک به‌کار ده‌برێ و بۆ شرۆڤه‌ی ئه‌م تێۆرییه به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی ڤیلهێلم رایشی به نمونه هێنایه‌وه. فرۆم هه‌رچه‌ند هێرشی کرده سه‌ر چه‌مکی رۆحی گرووپی یان جه‌ماوه‌ری، به‌ڵام به‌م ئاکامه گه‌یشت که تاک قه‌ت به‌ته‌واوی له پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی جیا نییه. ئه‌رکی راستین، گه‌شه‌پێدان و ساغکردنه‌وه قاڵبی بنه‌ڕه‌تی مارکسیستییه که فرۆم له‌و کاته‌دا بێ شه‌رت و مه‌رج قه‌بووڵی کردبوو. فرۆم وتی به هه‌ڵه مارکسیزمیان به‌وه تاوانبار کردووه که باوڕی به ده‌روونناسی ساویلکانه هه‌یه، که چاوچنۆکی مرۆڤ بناغه‌ی ئه‌و پێکدێنێ. فرۆم ده‌یزانی که مارکس به ده‌گمه‌ن تێزی سایکۆلۆژیکی هه‌یه. به رای مارکس مرۆڤ چه‌ندین پاڵنه‌ری بنه‌ڕه‌تی تایبه‌تی هه‌یه (برسیه‌تی و عشق و هتد) که له هه‌وڵی تێربوون دان، چاوچنۆکی ته‌نیا به‌رهه‌می دۆخێکی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ته. به هه‌ر حاڵ مارکسیزم پێویستی به تیۆری و روانگه‌ی سایکۆلۆژیکی هه‌یه که که‌ساکێک وه‌ک کائۆتسکی و بێرنشتاین به روانگه‌ی ساده‌ی ئایدیالیستی خۆیان له‌مه‌ڕ غه‌ریزه‌ی ئه‌خلاقی زکماکی له داڕشتنی دا سه‌رنه‌که‌وتن. ده‌روونشیکاری ده‌توانێ ئاڵقه‌ی ونبووی نێوان سه‌رخانی ئایدیۆلۆژیک و ژێرخانی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی بدۆزێته‌وه. به‌کورتی، ده‌روونشیکاری ده‌توانێ بۆچوونی ماتریالیستی له‌مه‌ڕ خه‌سڵه‌تی زاتی مرۆڤ گه‌شه پێبدات.
به هه‌ر حاڵ فرۆم بۆچوونێکی ئێجگار رۆشنی له‌و شته هه‌بوو که پڕسه‌مه‌رترین ره‌هه‌نده‌کانی ده‌روونشیکاری بۆ ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکدێنا. ئه‌و له سه‌ره‌تای وتاره‌که‌یدا روونی کرده‌وه که به‌هۆی ئاڵۆزی نائه‌قڵانی بیۆلۆژی و سایکۆلۆژی، تیۆری دوو غه‌ریزه‌ی ژیان و مه‌رگی فرۆید ره‌ت ده‌کاته‌وه. فرۆم له‌جیاتی ئه‌م تیۆرییه، دابه‌شکاری دوالیستی فرۆید، یانی دوو پاڵنه‌ری شه‌هوانی (ئێرۆتیک) و گیانپارێزی قه‌بووڵ کرد. دابه‌شکاری دووهه‌م توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که له خه‌یاڵدا بگۆڕدرێ، sublimation”” و دابین بکرێت (بۆ نموونه، سادیزم ده‌توانێ به چه‌ندین شێوازی شیاوی کۆمه‌ڵایه‌تی ساڕ‌ێژ بکرێت) به‌ڵام دابه‌شکاری یه‌که‌م ناتوانێ (ته‌نیا نان ده‌توانێ برسیه‌تی دامرکێنێ)، تامه‌زرۆیی سێکسی (سێکسواڵیته) پێوه‌ندی به هه‌ندێ دۆخی کۆلهڵایهتییهوه هه‌یه. ئه‌رکی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌رکی ره‌فتارێکه که ناوشیارانه روویداوه، به سه‌رنجدان به کاریگه‌ری ژێرخانی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر پاڵنه‌ره ده‌روونیه‌کانی مرۆڤ. فرۆم ده‌ڵێ ئه‌زموونه‌کانی سه‌رده‌می مناڵی گرنگی تایبه‌تی هه‌یه چونکه بنه‌ماڵه هۆکارێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه.
فرۆم له درێژه‌دا ده‌ڵێ هه‌ر جڤاتێک پێکهاته‌ی لبیدیناڵی خۆی هه‌یه، یانی سه‌نتێزێک له هانده‌ره مرۆڤییاکان و هۆکاره کۆله‌ڵایه‌تییه‌کانه. سایکۆلۆژیستی کۆله‌ڵایه‌تی ده‌بێ له‌وه بکۆڵێته‌وه که چۆن ئه‌م پێکهاته لبیدیناڵه کۆله‌ڵگه لێکده‌به‌ستێ و چۆن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دا کاریگه‌ری ده‌بێ. لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که فرۆم به‌پێی ئه‌زموونی پراتیکی قسه ده‌کات. پرۆژه‌ی تۆژینه‌وه‌ی مۆدێله‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کرێکاران که وه‌ک په‌یڤی هۆرکهایمێر راگه‌یاندرابوو، ئه‌نجام ده‌درا و فرۆم زیاتر سه‌رپه‌رشتی کاره ئه‌زموونییه‌کانی ده‌کرد. پێشمه‌رجی ئه‌م تۆژینه‌وه ره‌تکردنه‌وه‌ی نۆرم و نه‌ریته‌کانی بورژوایی بوو که زۆربه‌ی ده‌روونناسان به‌هه‌ڵه به نه‌گۆڕیان زانیبوو. فرۆم ده‌ڵێ ره‌وتی باو به‌پێی گشتاندنی ئه‌زموونی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێستا به رۆشنترین شێوازی خۆی بۆ په‌ره‌دان به گرێی ئۆدیپ له تێکڕای ئاڵوگۆڕی مرۆڤایه‌تی دا ده‌بینرێ. به‌ڵام له راستیدا ئه‌م گرێیه ته‌نیا تایبه‌ت به جڤاتانی “باوکسالار”ه. ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن پرستیژ ده‌بێ ئه‌م پرسه راڤه بکات که کاتێ ژێرخانی ئابووری – کۆمه‌ڵایه‌تی جڤاتێک ده‌گۆڕێ، رۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی پێکهاته‌ی لبێدیناڵ (شه‌هوانی)یشی ده‌گۆڕدرێ. فرۆم له کۆتایی وتاره‌که‌دا ده‌ڵێ کاتێ رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی نێوان ئه‌م دوانه له هه‌ڵداچوون دایه، کۆمه‌ڵگه له دۆخی ته‌قینه‌وه دایه. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و خاڵه‌یه که ئه‌و ده‌بوو له به‌رهه‌می گرنگی خۆی، سڵکردن له ئازادی دا، زیاتر شرۆڤه‌ی کردبا.
فرۆم هه‌ر له‌م وتاره‌دا به‌پێی دیدگای کارڵ ئابراهم و ئێرنێست جۆنز 3 تیپی که‌سێتی زارکی (oral) و قوونی (anal) و زاوزێی (genital) داده‌ڕێژێ. فرۆم له نێو ئه‌م 3 تیپه‌دا، که‌سێتی جێنیتاڵی به گرنگتر ده‌زانێ، که به رای ئه‌و ئه‌م تیپه ده‌توانێ به مانای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و دۆستی بێت. ئه‌و به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دوو تیپی ئۆراڵی و ئاناڵی دژایه‌تی ده‌کات. ئه‌م روانگه‌یه، تایبه‌تمه‌ندی به‌رجه‌سته‌ی دوا به‌رهه‌مه‌کانی فرۆم بوو که ئه‌وی له مارکوزه جیا ده‌کرده‌وه، مارکوزه بۆچوونێکی زۆر جیاوازی له‌مه‌ڕ “بێ نۆرمی فره‌فۆرمی” (polymorphous perversity) پێش جێنیتاڵ هه‌بوو. لێره‌دا ده‌بێ بێژین که فرۆم له ڤیلهێلم رایش نزیکتر بوو، ئه‌و هه‌روه‌ها له‌مه‌ڕ رۆڵی ئازادی به‌خشی پێوه‌ندی سێکسی جێنیتاڵی ئازادانه له‌گه‌ڵ رایش هاوده‌نگ بوو. هه‌رچه‌ند ئه‌م پرسه‌ی پێ ته‌واو نه‌بوو. به‌ڵام ساڵانی دواتر شک و گومانی فرۆم له‌مه‌ڕ روانگه‌ی رایش زیاتر بوو، ئاخر ئه‌و به‌م ئاکامه گه‌یشت که نازییه‌کان نیشانیان داوه که ئازادی سێکسی به‌شێوه‌ی حه‌تمی به ئازادی سیاسی ناگات.
فرۆم پاش سه‌لماندنی گرنگی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی لبیدیناڵی ئه‌م 3 تیپه که‌سێتییه، هه‌نگاوێک واوه‌تر چوو و گرنگی به‌و هۆکاره کۆمه‌ڵایه‌تییانه دا که له یاسای بنه‌ماڵه‌وه په‌یدا بوون. بۆ نموونه، ئه‌و باسی کاریگه‌ری ئه‌و رێسایانه کرد که به‌توندی خواستی سێکسی سه‌رکوت ده‌که‌ن و ئاراسته‌ی ویستی سالمی سێکسی ده‌گۆڕن و به‌مجۆره گه‌شه به پێکهاتنی 2 تیپی ئاناڵی و ئۆراڵی ده‌ده‌ن. فرۆم [له‌م وتاره‌دا] که‌م تا زۆر پێڕه‌وی له فرۆیدیزمی ئۆرتۆدوکس ده‌کات:”بۆوه‌ی که هێماکانی که‌سێتی، ریشه‌یان له پێکهاته‌ی لبیدینال دایه، سه‌قامگیرییه‌کی ریشه‌یی پیشان ئه‌ده‌ن.” فرۆم له کۆتایی وتاره‌که‌ی دا له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان “رۆحی سه‌رمایه‌داری” و قۆناغی قوونی (ئانالی) ئێجگار پێداده‌گرێت. ئه‌و به سودوه‌رگرتن له‌و به‌ڵگاندنانه که ئێستا زۆر په‌ره‌یسه‌ندووه به‌ڵام له‌و کاته‌دا زۆر تازه بوون، ئه‌قڵانیه‌تی مڵکخوازانه‌ی بورژوایی له‌گه‌ڵ نه‌زم و سه‌رکوتی ده‌وره‌ی ئاناڵی پێوه‌ند ده‌دات. ئه‌و ده‌یوت پانتایی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه به‌هۆی که‌لێنی نێوان ئایدیۆلۆژی (به مانای به‌رینی وشه‌که که هه‌موو تیپه‌کانی که‌سێتی بگرێته‌وه) و ئاڵوگۆڕی ئابووری- کۆمه‌ڵایه‌تی، له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا به زۆری کۆڕ و کۆمه‌ڵی وردی بورژوایی و ته‌نانه‌ت کۆڕ و گرووپی تایبه‌تی پرۆلێتاری گرتۆته‌وه. پێوه‌ندی نێوان ئه‌م دوانه، پێوه‌ندییه‌ک بوو که فرۆم له دوا تۆژینه‌وه‌ی خۆی له‌مه‌ڕ رێفۆرمیزمی دینی دا راڤه‌ی کردووه. به‌ڵام تا ئه‌م کاته روانگه‌ی ئه‌و له‌مه‌ڕ ئاناڵی بوون و تیۆری لبیدۆی فرۆید به‌گشتی تووشی ئاڵوگۆڕێکی سه‌یر هاتبوو. هه‌رچه‌ند باسی ئاناڵی بوون له‌م به‌رهه‌مه‌ی فرۆم دا نه‌گۆڕا بوو، به‌ڵام روانگه‌ی ئه‌و به‌قووڵی گۆڕابوو.
هه‌ر وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێ‌کرد هۆکاری ئه‌م ئاڵوگۆڕه زیاتر ئه‌زموونی کلینیکی فرۆم بوو. به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌کی فکریش ده‌وری هه‌بوو که یارمه‌تی ئه‌وی دا تا روانگه‌ی خۆی فورموله بکات. فرۆم له نێوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 1920 دا بۆ یه‌که‌م جار له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی تیۆریسازی مرۆڤناسی سویسی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، یۆهان یاکوب باخوفێن، ئاشنا بوو. تۆژینه‌وه‌کانی باخوفێن ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگی دایکسالاری که بۆ یه‌که‌م جار 1867 بڵاو کرایه‌وه، 20 ساڵ پاش مه‌رگی فه‌رامۆش کرا. بۆ نموونه بۆچوونی ده‌روونناسانه‌ی فرۆید، له تۆژینه‌وه‌کانی جیمز فریزێر له‌مه‌ڕ توتمیزم، سه‌رچاوه ده‌گرێ؛ به‌ڵام باخوفێن و تیۆریسازانی تری دایکسالاری وه‌ک لوئیس مورگان، پێش ئه‌وه‌ی بره‌ویان که‌م بێته‌وه، له‌نێو کۆڕ و کۆمه‌ڵی سۆسیالیستی ئوتۆریته‌یان زۆر بوو. بۆ نموونه کتێبی ئنگڵس به ناوی بنه‌مای بنه‌ماڵه (1884) و کتێبی بێبێل به ناوی ژن و سۆسیالیزم (1883) به زۆر له‌ژێر کاریگه‌ری ئه‌واندا بوو.