“فەرزانە مورادی؛ هێمای قوربانیانی بێدەنگی…” توندوتیژییەکی شاراوە لە دڵی کۆمەڵگا و نەریتدا
بێگەرد ساڵح
لە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٤ هەواڵی کۆچی دوایی فەرزانە مورادی ژنێکی دووگیانی خەڵکی شاری کۆزەران ئێرانی هەژاند. ئەو ژنە کاتێک کە دووانەیەکی کوڕ و کچ لە سکیدایە لە لایەن هاوسەرەکەیەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، هۆکاری ئەم تاوانە، ناڕازیبوونی هاوسەرەکەی بووە لە دووگیانی و کچ بوونی ڕەگەزی یەک لە کۆرپەڵەکان. بەڵام ئەوەی ڕوویدا تەنیا کوشتنی خێزانیی نییه، بەڵکوو قەیرانێکی قووڵتره لە پێکهاتەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا: ژن کوشتن له ژێر سێبەری هاڵاواردنی ڕەگەزییدا.
بنەما شاراوەکانی توندوتیژی
ژنکوژی لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا فۆرم و هۆکاری جۆراوجۆری هەیە. لە کوشتنی نامووسی بە هۆی لەکەدار بوونی شەرەفەوە تا توندوتیژی خێزانی و فشاری دەروونی. بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی گرینگی و تایبەت بووونی ئەم بابەتە، پەیوەندی ڕاستەوخۆیەتی بە ڕەگەزی منداڵ و بەهادان بە نایەکسانی لەسەر بنەمای “کچ” یان “کوڕ” بوونە. لە زۆر شوێنی ئێران و کۆمەڵگا پیاوسالارەکانی دیکەدا، هێشتا هەبوونی کوڕ بە نیشانەی شەرەف و دەسەڵات دادەنرێت، لە کاتێکدا هەبوونی کچ بە بارگرانی بەرپرسیارێتی، شەرمەزاری، یان تەنانەت ڕیسوایی دەزانرێ. ئەم باوەڕە هەڵەیە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتە کۆنەکان، ئایین، تێڕوانینی پیاوسالاری، هەژاری کولتووری و نەبوونی پەروەردەی جێندەرییەوە هەیە. لەم جۆرە پێکهاتانەدا ژنان وەک مرۆڤی سەربەخۆ بەهایان پێنادرێت، بەڵکو تەنها وەکوو دایکی کوڕێک بایەخیان هەیە. کاتێک ئەم چاوەڕوانییە جێبەجێ نەکرێ و کوڕی نەبێ، تووڕەیی و توندوتیژیەکی خێرا جێگەی خۆشەویستی و سۆز دەگرێتەوە.
فەرزانە تەنیا ناوێک نییە؛ هێمای سەدان و هەزاران ژنی ترە کە هەرگیز دەنگیان نابیسترێت. ژنێک کە لەبری ئەوەی ڕێزی لێبگیرێت و پشتگیری بکرێت بەهۆی ئەوەی دایکە، کوژرا، چونکە بڕیار بوو “دیسانەوە” کچێک بێنێتە دونیا. ئەم کارەساتە ئەوە دەردەخات کە هەڵاواردنی ڕەگەزی نەک تەنها لە سیاسەت و ئابووریدا ڕەگ و ڕیشەی هەیە، بەڵکو لە سەرەتاییترین چینەکانی ژیانی خێزانیشدا بوونی هەیە.
یاسا، لە ژنان بێ دیفاعترە.
لە زۆر حاڵەتدا ژنانی قوربانی توندوتیژی نەک هەر پشتیوانی کۆمەڵایەتییان نییە، بەڵکو یاساش پشتگیریان ناکات. نەبوونی یاسای ڕوون و ڕێگر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، نەبوونی سیستەمێکی دادپەروەریی هەستیار بە جێنسییەت و نەبوونی ناوەندی پشتیوانی دەروونی و یاسایی، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەو ژنانەی کە لە ژیاندا لە دۆخێکی مەترسیداردان هیچ شوێنێکیان بۆ پەنابردن نەبێ.
تێچووی مرۆیی و کۆمەڵایەتی
ژنکوژی تەنیا لەدەستدانی ژیانێک نییە؛ بەڵکو مردنی هیوا و متمانە و ئاسایشە لە خێزان و کۆمەڵگادا. ئەو منداڵانەی کە شایەتی توندوتیژی دژی دایکیان دەبن، ڕووبەڕووی زیانێکی دەروونی گەورە دەبنەوە. کۆمەڵگایەک کە لە جیاتی خۆشەویستی و ڕێز، توندوتیژی مسۆگەر دەکات، ناتوانێ ڕووی ئارامی و گەشەسەندن و تەندروستی ببینێت.
بە ڕای من بۆ بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی پێویستە پێکهاتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بەم هەوڵانەی خوارەوە بگۆڕین:
١. پەروەردەی سێکسی لە تەمەنێکی بچووکەوە؛ پێویستە منداڵان فێربکرێن کە بایەخی مرۆڤ لەسەر بنەمای کەسایەتییەکەیەتی نەک ڕەگەزەکەی.
٢. چاکسازی یاساکان و جێبەجێکردنی سزا بە شێوەی جیدی؛ پاراستنی یاسایی ژنان، دامەزراندنی ناوەندی سەڵامەت و پێویستی سزادانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی.
٣. دابینکردنی شوێنی پاڵپشتیکار بۆ ژنانی لە ئەگەری خەساردا؛ ناوەندەکانی ڕاوێژکاری، یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی و پەناگەی ئەمن دەتوانن شوێنی حەوانەوەی ئەو ژنانەی کە لە مەترسیدان دابین بکەن.
٤. ڕۆڵی ڕاگەیاندن و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی؛ میدیا دەبێ دەنگی قوربانیان بێت نەک ئامرازێک بۆ ئاساییکردنەوەی توندوتیژی. گێڕانەوەیەکی درووست لە واقعییەتەکان یەکەم هەنگاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریە.
٥. بەهێزکردنی ئابوری و کولتووری ژنان، ژنێک کە لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆیە و هۆشیار بێت، کەمتر دەبێتە قوربانی توندوتیژی.
لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم؛ کوژرانی فەرزانە مورادی دایکی دوو کۆرپەلەی دونیا نەدیتوو، بیرهێنانەوەی ئەو واقیعە تاڵەیە کە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا لە نێو ئێمەدا زیندووە. ئەرکی هەموومانە بەرامبەر ئەم توندوتیژییە بوەستینەوە، بێدەنگی بشکێنین و کۆمەڵگایەک بنیات بنێین کە هیچ ژنێک لەسەر دایکبوون نەکوژرێت و هیچ منداڵێکیش لەسەر کچ بوون گیانی لێ نەسێندرێ.