فێمینیزم و قەیرانی شوناس لە جیهانی هاوچەرخدا…!

ڕۆژین کەرەم‌وەیسە

پێشەکی:

فێمینیزم بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و فیکرییە کە بۆ هاوسانی ڕەگەزی و نەهێشتنی هەڵاواردن لە دژی ژنان هەوڵ دەدات و هەروەها ئەم بزووتنەوەیە تیشک دەخاتە سەر نایەکسانی پێکهاتەیی و کولتووری و یاسایی؛ و بە درێژایی مێژوو شێوەی جۆراوجۆری وەرگرتووە.  فێمینیزم نەک هەر داوای مافی یەکسان و دادپەروەری دەکات، بەڵکو هەوڵدەدات هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی جێندەری و پێکهاتەکانی دەسەڵات بگۆڕێت کە سەرچاوەی هەڵاواردنن.

فێمینیزم بە درێژایی مێژوو هەمیشە لە سەر ڕووبەڕوو بوونەوەی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی پیاوان و سیستەمی کۆمەڵایەتی ناڕەوا بووە، بەڵام لە دونیای هاوچەرخدا بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەی کە بە ڕواڵەت دەستکەوتی گەورەیان لە بواری مافەکانی ژناندا بە دەست هێناوە، فێمینیزم بووەتە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی ئاستی سیاسی و ئابووری، تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەی کە دروشمی فێمینیستی زۆر بە کار دەهێنن لە پراکتیکدا هێشتا زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی نایەکسانی پێکهاتەیی دەبنەوە و ئەوەی وەک “دەسەڵاتی ژن” پێشکەش دەکرێت زۆرجار تەنیا وێنەیێکی هێمایی لە گۆڕانکارییە.

لێرەدا هەوڵ ئەدەم شیکاری بنەڕەتی قەیرانی شوناسی فێمینیستی و دەسەڵاتی ژن لە کۆمەڵگای مۆدێڕن باس بکەم و هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی بزووتنەوەی فێمینیست وەک ئامرازێک لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و هەروەها بەربەستە پێکهاتەییەکانی بەردەم بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بخەمە بەر باس.

۱. فێمینیزم و کۆمەڵگا مۆدێڕنەکان، لە دروشمەوە بۆ بە لاڕێ بردن

لە زۆرێک لە وڵاتە مۆدێڕنەکاندا فێمینیزم بووەتە چەمکێکی هێمایی و تەنانەت مۆدگەرایی، دروشمی فێمینیستی لە هەندێک کۆمەڵگا و وڵاتانی پێشکەوتوودا یا باشترە بڵێم نێئۆلیبراڵ و لیبڕاڵ بە تایبەتی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا بۆ سەرنج ڕاکێشانی میدیاکان، بە بێ ئەوەی کاریگەرییەکی ڕاستەقینە و پێوانەکراویان لە سەر دۆخی ژنان بێت، هاتووتە ئاراوە. بۆ نموونە لە هەندێک لە وڵاتان لە کاتی هەڵبژاردن بۆ زیادکردنی دەنگەکانیان بە شێوەی بەڵێنی گشتی بە بێ پلانی کارا دروشمی فێمینیزمی بە کار دێنن، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ۲۰۱٦ بەشێک لە کاندیدەکان بەڵێنی زیاد کردنی مۆڵەتی منداڵبوون و پشتگیری مافی یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری جێندەرییان دا بەڵام دوای هەڵبژاردنەکان ئەو بەڵێنانە لە بیرکران و هیچ گۆڕانکارییەکی بەرجەستە لە سیاسەتدا ڕەچاو نەکرا.

لەم ڕووەوە پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ژنان لە زۆرێک وڵاتان هێشتا لە ژێردەستی پێکهاتەی پیاوسالاریدایە و ژنان لە زۆرێک لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان کە تێئۆری فێمینیزمە بێبەشن، ئەمە لە ڕاستیدا یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرینگەکان بۆ پشتگوێ خستنی فێمینیزم وەکوو بزووتنەوەیێکی ڕادیکاڵ و هەروەها سووئێسفادە لە فێمینیزم وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی بیروڕای گشتی لە لایەن دەسەڵاتە سیاسییەکان و سیستەمی ئابووری بە تایبەت لە لایەن پیاوانی خاوەن پۆستی دەسەڵاتەوە، کە دواجار بووەتە هۆی ئەوە بزووتنەوەی فێمینیزم بۆ دیاردەییەکی ڕووکەش و بێ کەڵک لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا بگۆڕدرێت.

۲. ئازادی ژنان و ڕەخنە لە پێکهاتە پیاو سالارییەکان 

پرسی ئازادی ژن، یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی فێمینیزمە، کە داواکاری سەرەکی بووە و بە درێژایی مێژوو لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکاندا وروژێنراوە بەڵام زۆرجار لە کۆمەڵگا مۆدێڕنەکاندا چەمکی ئازادی ژنان نەمادین بووتەوە.

لەم چوارچێوەدا یەکێک لە گرینگترین ئارگیومێنتەکان سەبارەت بە ڕزگاری ژن لە تێئۆریی فێمینیستی بە تایبەت لە نووسینەکانی سیمین دووبۆڤار “جنسی دووهەم” و کلارا زێتکین لە شیکاری سوسیالیستی، ئەوەیە کە ڕزگاری ڕاستەقینەی ژن تەنیا لە ڕێگای گۆڕانکاری بنەڕەتی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە دێتە ئاراوە و ئەوەی ئەمڕۆ لە ژێر ناوی ئازادی ژن لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا پێشدەخرێت، دوورە لە چەمکی ئازادی ڕاستەقینە و زۆرتر ڕووکەش و نەمادینە.

ئازادی ژنان بە واتای ڕزگاری لە سنووردارکردنی یاسایی و کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕزگاری لە پێکهاتە ئابووری و چینایەتییەکان، کە بەردەوامن لە بێ بەشکردنی سیستماتیکی ژنان لە دەسەڵات و سەرچاوەکانی لە کۆمەڵگادا و هەروەها ئازادی ئەبێت لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە لە بەرچاو بگیرێت، چۆنکە لە هەندێک لە وڵاتان تەنانەت بە ئازادی یاساییەوە هێشتا بە هۆی پێکهاتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە ئازادی ڕاستەقینەی نەهاتووتە ئاراوە، بۆ نموونە لە هەندێک کۆمەڵگەدا ژنان بە هۆی گوشارە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناچار ئەکرێن ڕۆڵی نەریتی بگێڕن، تەنانەت ئەگەر لە گەڵ خواست و ویستی تاکە کەسییان هاو ئاهەنگ نەبێت.

۳. سوئێستفادە لە فێمینیزم لە ئاستی جیهانیدا

لەگەڵ بڵاو بوونەوەی گوتاری فێمینیستی لە ئاستی جیهانیدا هەندێک لە زلهێز و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەم بزووتنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان وەکوو ئامرازێک بۆ بە دەستهێنانی دەسەڵات کەڵکیان وەرگرتووە، بە تایبەتی لەم باروودۆخە کە دەسەڵاتە سیاسییەکان بە دوای سەرنج و شەرعیەت بە خۆیان دەگەڕن و هەروەها لە دونیای جیهانگیریدا بەرهەمهێنانی دانشی فێمینیزمی لە ژێر کاریگەری زلهێزە جیهانییەکاندایە، بۆ نموونە لە زۆرێک لە وڵاتانی باشوری جیهاندا زۆرجار هەڵوێستی فێمینیستی لە ژێر کاریگەری ئەو چەمک و مێتۆدانەیە کە لە باکووری جیهاندا پەرەیان پێ دراوە، کە ڕەنگە لە گەڵ واقێعییەتی ناوخۆیی نەگونجێت، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی پەراوێز خستنی ڕوانگە فێمینیستییە ناوخۆییەکان و لاواز بوونی فرەچەشنی لە بزووتنەوەی فێمینیزمدا، ئەم خراپ بە کار هێنانەی فێمینیزم لە کۆتاییدا بووەتە هۆی، دابەزینی ئاستی هوشیاری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە پرسە ڕاستەقینەکانی ژنان لە کاتێکدا مەبەست لە فێمینیزم لە سەرەتادا بزووتنەوەییەکی ڕادیکاڵ و ڕەخنەگرانە بووە بەڵام ئەمڕۆکە لە زۆر حاڵەتدا وەکوو ئامرازێک بۆ سەرنج ڕاکێشان و دروستکردنی هێمایێکی لەبار بۆ کۆمەڵگا دەخرێتە ڕوو، بەتایبەتی لە وڵاتانی سەرمایەداری و ئەمپێریالیستی ژنان زۆرجار بوونەتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکان بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژنان بگۆڕن.

٤. ڕیشەی بە لاڕێ بردنی فێمینیزم و قەیرانی ناسنامەکەی 

وەک ڕۆزا لۆکازامبورگ جەختی لە سەرکردووتەوە فێمینیزمی ڕاستەقینە دەبێ لە خەباتی چینایەتی و ڕزگاربوون لە سیستەمی ستەمکارانەی ئابووری و سیاسی سەرهەڵبدات، ئەم بابەتە لە ئێستادا لە زۆرێک لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان پشتگوێ خراوە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر لایەنە زاهێرییەکانی مافی ژنان جەخت دەکەنەوە.

بەلاڕێ بردنی فێمینیزم لە دونیای ئەمڕۆدا بەو مانایەیە کە کۆمەڵگە و سیستەمی سیاسی وەک ئامرازێکی بازاڕکردن و ڕیکلام بەکاری دێنن، لەم هەلومەرجەدا ژنان بوونەتە هێمای یەکسانی بە بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی ستراکتۆری پراکتیکی لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا بکرێت. بۆ نمووونە بزووتنەوەی metoo کە لە سەرەتادا بزووتنەوەیێکی ڕادیکاڵی فێمینیزمی بۆ باس کردنی دەستدڕێژی سێکسی و بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ کلتووری بێدەنگی بوو بەڵام وردە وردە بوو بە دیاردەییەکی میدیایی کە بۆ ئامانجی سیاسی و ڕیکلام بە کاری دێنن.

٥. دەسەڵاتی ژنان و ئاستەنگەکانی لە جیهانی هاوچەرخدا

لە دونیای هاوچەرخدا دەسەڵاتی ژنان نەک تەنیا لە گۆڕەپانی سیاسی، ئابووری بەڵکوو لە میدیا و کولتووری جەماریشدا بووەتە دیاردە و بە شێوەی هێما چاوی لێ کراوە و لە زۆر حاڵەتدا بە شێوەی ئامراز بە کار هاتووە.

زۆرێک لەو ژنانەی لە ئاستێکی بەرزی دەسەڵاتدان بە تایبەتی لە گۆڕەپانی ئابووری و سیاسی، هێشتا زۆرجار بە هۆی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ بڕیاردانی نا سەربەخۆ سنووردار دەکرێن، ئەم پرسە بە تایبەتی لەو کۆمەڵگایانە کە پیاوسالاری باوە بەرچاو دەکەوێت (وەکوو وڵاتانی ڕووسیە، برزیل، هێند، مێسر، تورکیە، مێکزیک، ئێران)؛ بۆ نموونە هیلاری کلینتۆن و ئانگلا مێرکل کە لە ئاستێکی بەرزی دەسەڵاتی سیاسیدان بەڵام ڕەخنەی ئەوەیان لە سەرە کە وەکوو ژن و بۆ ژنان دەرنەکەوتوون یا کەم بووە زۆرتر نوێنەری حیزبەکەیان بوون تا نوێنەری ژنان

پاشەکی:

دواجار بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و گۆڕانی ڕاستەقینەی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا، پێویستە فێمینیزم لە بزووتنەوەی هێمایی و ڕواڵەتی بگۆڕێت بۆ ئەسڵی خۆی یانێ بزووتنەوەیێکی ڕادیکاڵ و ئازادی ژن دەبێ له چوارچێوەی گۆڕانکاری بنەڕەتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا لێکۆڵینەوە بکرێت و فێمینیزمیش وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری پێکهاتەیی هەژمار بکرێت و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە زلهێزە سیاسی و ئابوورییەکان دەست لە بە لاڕێ بردنی فێمینیزم هەڵبگرن و وەک حەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی وەریبگرن نەک ئامرازێک بۆ سەرنج ڕاکێشانی میدیاکان.