شۆرای گوند و شار، ناحەز کردنی بیرێکی جوان لە سیستەمێکی گەندەڵدا

✍کاوان موکری

ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۷۷ هەتاوی هەڵبژاردنی یەکەمین خولی شۆرای ئیسلامی گوند و شارەکان لە ئێران بەڕێوە چوو. لە دوای پەسەند کرانی یاسای شۆرا لە بەشی ۷، ئەسڵی ۱۰۰ هەتا ۱۰۶ی یاسای بنەڕەتی، ئەو بەندەی یاسا هەتا ساڵی ۷۷ هەتاوی جێبەجێ نەکرابوو. بە پێی ئەو یاسایە شۆرایەک کە لە نوێنەرانی هەڵبژاردەی خەڵک لە هەر گوندوو شارێک پێک هاتووە، پڕۆگرامەکان و بەرنامە ئابووری، کولتووری، ئاوەدانکاری و کۆمەڵایەتییەکان بەڕێوە دەبات.

بەڕێوە چوونی ئەو یاسایە دوای چەندین ساڵ لە لایەن دەوڵەتی محەممەدی خاتەمیەوە بوو بە هۆی دڵخۆشی و هیوای بەشێک لە خەڵکی ئێران بۆ چاکسازی سیستەمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی، بەڵام ئەو ئاوات و هیوایە زۆری نەخایاند. لە کۆتایی پێنجەمین خولی شۆرای ئیسلامی گوند و شاردا چاوێک لە کردەوەی ئەو شۆرایانە لە هەموو وڵاتی ئێراندا دەکەین. لە ساڵی یەکەمی شۆرای پێنجەمدا ۶ کەس لە شۆرای شاری مەرڤدەشت لەگەڵ شارەداری هەڵبژێردراوی ئەو شارە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کران و شۆرای ئەو شارە هەڵوەشاوە.

کەمێک دوای مەرڤدەشت هەواڵی قۆڵبەست کرانی ۴ کەس لە شۆرای شاری پەرەند و یەک کارمەندی شارەداری ئەو شارە بڵاو بۆوە. هەروەها لە شارەکانی بووشێهر، ساری، ئەمین ئابادی پاکدەشت، کوت عەبدۆڵڵای کاروون، بوستان، سەدرا، سەلمانشەهر و دەیان شاریتر، کارمەند، شارەدار و شۆرای ئەو شارانە بە تۆمەتی گەندەڵی ئابووری و بەرتیل وەرگرتن دەستبەسەر کراون و دیارە کە لە زۆر شوێنی دیکە ئەو گەندەڵییە هەیە بەڵام لەوە دەچێ بە هۆی پەیوەندی لە گەڵ دەزگا ئیتیلاعاتی و ئەمنییەتییەکان و شەریکە دز بوونیان هێشتان ئاشکرا نەکراون.

لە ۲۰ی خەرمانانی ئەوساڵدا فەرمانداری شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوەشانەوەی شۆرای ئیسلامی شاری مهاباد و دەستبەسەر کرانی ۶ کەس لە شۆرای ئیسلامی و هەروەها ۱۴ کەسیتر لە شارەداری ئەو شارەی بە تۆمەتی گەندەڵی ڕاگەیاند. لە گرینگترینی ئەو قۆڵبەست کردنانەدا لە ۲۲ی بەفرانباری ئەوساڵدا محەممەد حەزرەتپوور شارەداری هەڵبژێردراوی شۆرای ئیسلامی ورمێ لەگەڵ چەند شارەداری گەڕەکەکانی ئەو شارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کران.

بە گوتەی وتەبێژی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی تەنیا لە ساڵی ۹۸ی هەتاویدا، ۲۰ شارەدار، ۵۰ ئەندامی شۆرای شارو گوند و هەروەها ۱۰۰ کارمەندی شارەداری بە تۆمەتی جۆراوجۆر قۆڵبەست کراون.

ئەو قۆڵبەست کردنانە تەنیا تایبەت بە خولی پێنجەمی شۆرا نییە و لە تەواوی خولەکانی ڕابردووشدا بە دەیان جار ڕوویداوە. بە پرسیارێک لە خەڵکی مەدەنی هەموو ناوچەکانی ئێران بە ئاسانی گەندەڵ بوونی شۆرای شار و شارەداری ژێر چاوەدێری ئەو شۆرایە ئاشکرا دەبێت.

بەڵام بۆچی هەڵبژێردراوی خەڵکی شار تا ئەو ڕادەیە تووشی گەندەڵی بوون؟ و هەروەها ئایا ئەو گەندەڵیە دەتوانێ ئێمە لە دێمۆکڕاسی و بەڕێوەبەرایەتی شارەکان لە لایەن خەڵکەوە نا ئۆمێد بکات؟ بە دڵنیایی تەنیا ڕێگای بەرگرتن بە گەندەڵی لە سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیدا، بوونی دێمۆکڕاسیی راستەقینە، ڕۆژنامەوانی و ڕادەربڕینی ئازاد و دەزگای دادپەروەریی سەربەخۆیە.

کۆماری ئیسلامی لە ۴۲ ساڵی ڕابردوودا هەموو کات ویستوویەتی بە نەمایشێکی دڕۆیینە و ناتەواو لە دێمۆکڕاسی، خەڵک فریو بدا و لە داواکارییەکانیان دوور بخاتەوە و بە بێ گومان شۆرای ئیسلامی گوند و شاریش لەو سیستەمە گەندەڵەدا تەنیا هەوڵێکی ناسەرکەوتووی کۆماری ئیسلامیە بۆ ئەو ئامانجە. بە شێوەیێکیتر دەتوانین بڵێین کۆماری ئیسلامی بە سازکردنی ڕێوشوێنێک بۆ دزی کردن و بەرتیل وەرگرتن، خەڵکی مەدەنی و هەڵبژێردراوی ئەوان بۆ شۆرای ئیسلامی بکاتە هاوکاری خۆی لە گەندەڵیدا هەتاکوو خەڵک لە ئاواتی دێمۆکڕاسی نائۆمێد ببن و مافەکانی خۆیان لەسەر شەقامەکان بە دەنگی بەرز داوا نەکەن. بوونی گەندەڵی لە شۆرای گوند و شاردا تەنیا باس لە نەخۆشیی سیستەمی گەورەتر واتە کۆماری ئیسلامی دەکات و ئەو گەندەڵیە نە تەنیا ئێمە لە بەڕێوەبردنی شار لە لایەن خەڵکەوە نائۆمێد ناکات بەڵکوو ئەو بیرو بڕوایە بە بێ گومان لە دێمۆکڕاسیێکی راستەقینەدا دەتوانێ یەکێک لە جوانترین و رێکوپێکترین شێوازەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی شارەکان و گوندەکان بێت.