کرێکاران و زەحمەتکێشان قوربانیانی هەژاری و گرانی لە حکوومەتی ئیسلامیدا

✍هەڵۆ کوردستان

هەڵاوسانی ئابووری، گرانی و قەیرانە ئابوورییەکان لە ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی، دۆخێکی نالەباری بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشان بەتایبەتی لە کوردستاندا سەپاندووە. باسی هەژاریی لەڕادەبەدەری زۆرینەی خەڵک لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ئازادەکانی دنیا بەرچاوە، ئەم چینە کۆمەڵایەتییە کە لە بواری ئابووری، سیاسی و فەرهەنگیی کۆمەڵگادا بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە کەوتووەتە بەر پەلاماری سیستماتیکی حکوومەت و بە هەژار ڕاگرتنی و گوشاری دەروونی سەر کرێکاران هەوڵ دەدەن تووشی قەیرانی فیکری و دەروونییان بکەن و بەو شێوەیە خەمی نان و ژیان و پێداویستییەکانی دیکەی ڕۆژانە وا بکا هێزی بیرکردنەوە و ئافراندن و هەوڵ بۆ ڕزگارییان لێزەوت بێ و تەنها بەدوای دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانەوە بن. ئەم هەژارییە و گرانیی لە ڕادەبەدەر وایکردووە کە حەقدەستی بەشی هەرە زۆری کرێکاران تەنها لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای مانگدا پێداویستییە سەرەتاییەکانی بنەماڵەیەکی دوو تا سێ کەسی دابین بکات و باقی مانگەکەش بە کەموکورتی و قەرزکردن بە زەحمەت تێدەپەڕێ و کرێکاران هەستی شەرمەزاری بەرانبەر بە خانەوادەکانیان دایاندەگرێ و دەرفەتی هەموو شتێکی دیکەیان لێدەستێنێتەوە. سەرەڕای هەموو ئەو ئازارانە کرێکاران بەردەوام لەگەڵ سەرکوتی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان و مەترسیی دەرکران لە کار و زیندان بەرەوڕوون. دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران هەموو دەنگێکی ناڕەزایی بە توندی بەرپەرچ دەداتەوە و بە پشتبەستن بە سەرکوت درێژە بە چەوسانەوەی زۆرینەی کۆمەڵ دەدا و بەو شێوەیە ترس لە کۆمەڵگادا زاڵ دەکا و ناڕەزایەتییەکان دەکاتە دەنگێکی کپ لە سووچی ماڵەکاندا.

ئەگەر تەنانەت ئامار و نیشانە ئابوورییەکان لە سەر هەڵاوسان و گرانی و کەمبوونی داهاتی کرێکاران بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان لەبەر چاو نەگرین و باسە تیۆریکە ئابوورییەکان وەلانێین و تەنها چاو لە ڕاستییە تاڵەکانی کاریگەرییەکانی گرانی و هەڵاوسانی ئابووری و دزی و گەندەڵیی بەرینی دەستوپێوەندەکان و دەسەڵاتدارانی ئەم حکوومەتە بکەین  دەبینین لە ئاکامی ئەو گەمارۆیانەی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران بووەتە هۆیان هەژارەکان هەژارتر و سەرمایەدارەکان دەوڵەمەندتر بوون و ئەم کۆمەڵگا بێسەروبەرەیە مودێلێکی ئیسلامیی ئەشرافییەت و لووکسگەرایی تێدا جێگیر بوو.

ئەشرافییەتێکی دواکەوتوو کە لە کۆمەڵگادا بە درۆ و دەلەسە و پڕۆپاگاندەی ئایینی ڕەوابوونی خۆی جێگیر دەکا و نەک هەر لە شار و شوێنە گەورەکاندا بەڵکوو لەو ناوچانەش کە لە باری ئابوورییەوە لەدواوە ڕاگیراون کەلێنی گەورەی ئابووری لە نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان زەق و بەرچاوە.

ئەم دۆخە نالەبارە ئابوورییە وایکردووە ژمارەیەکی کەم و توێژێکی دیاریکراو ژیانێکی شاهانەیان هەیە و پووڵ و پارەی زۆر و زەبەند و ژیانی لووکس و سەفەر بۆ خۆشترین شوێنەکانی دنیا بۆیان ئاساییە و منداڵەکانیان بۆ خوێندن دەنێرن باشتری زانکۆکانی ئورووپا و ئەمریکا و خۆیان بە دوای مۆدی جلوبەرگی ڕۆژ و ژیانێکی خەیاڵییەوەن و بە ماشێنە گرانبایەکانیان و میوانییە سەرسووڕهێنەرەکانیان بە بێ ئەوەی شەرم لە دزی و گەندەڵییەکانیانەوە بکەن لە ڕێگەی پەیوەندییەکان بە دەسەڵاتەوە و ڕانتی حکوومەتی و خزمایەتیی دەسەڵاتداران بوونەتە تازەپێداکەوتووی هار و دڕی کۆمەڵگا کە بە هیچ شێوەیەک تێر نابن و هیچ سنوورێک ناناسن.

لە بەرانبەردا هەژاری و دۆخی نالەباری ئابووری وایکردووە هەموو ڕۆژێک بنەماڵە هەژارەکان تووشی لێکترازان دەبن و تووشبوون بە ماددەسڕکەرەکان پەرەیسەندووە و قەتڵی نامووسی زیادی کردووە و خۆکوشتن بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و دەیان خەساری کۆمەڵایەتیی دیکە بەرۆکی کۆمەڵگای گرتووە کە چینی هەژار قوربانیی سەرەکیی هەموو ئەو خەسارانەیە. ئەم دەرد و ئازارانەی لە هەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئێراندا هەن و کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانیش قوربانییانی هەژاری و گرانی و ئەزمەی ئابووریی حکوومەتی ئێرانن کە دەسەڵاتداران بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆیان بەرهەمیدێننەوە.

مرۆڤێکی تەندوروست لە کۆمەڵگادا دەبێ هەندێک ستانداردی لە باری خۆراک، ئاسوودەیی، دەوا و دەرمان و لەش ساغی، فێربوون و بارهێنا و بیمە و شتی دیکەی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ لە باری دەروونی و عاتفییەوە لە هەموو ئاستەکانی ژیان وەکوو پێکهێنای ژیانی هاوبەش، خوێندن، کار، پەرەپێدانی لێهاتووییەکان، مرۆڤ دۆستی، میهرەبانی و خۆشەویستی دەربڕین بەرانبەر خۆی و کۆمەڵگاکەی، پێشکەوێ و گەشە بکا.

 

 

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەو دۆخە شێواو و نالەبارەی کۆمەڵگای ئێران تێیدایە و لە ئاکامی دیکتاتۆری و سەرکوتی ئازادییە مەدەنیی و سیاسییەکان و نەبوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان وەکوو گەمییەکی لێهاتووە کە تووشی تۆفان بووە و شەپۆلەکانی ناڕەزایەتیی کرێکاران و چەوساوەکانی کۆمەڵگا لەبەریەک هەڵیدەوەشێنێتەوە و دەسەڵاتی ئیستیبدادی ئایینی و دامودەزگای ویلایەتی فەقی بە هاوپشتیی چینی کرێکار و زەحمەتکێش کۆتایی پێدێ. مێژوو جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ.