سەرەکەوێ مانگرتنی مافخوازانەی کرێکارانی کوورەخانەکانی ساروقامیش

0

سەرەکەوێ مانگرتنی مافخوازانەی کرێکارانی کوورەخانەکانی ساروقامیش

دووشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، کرێکارانی کورەخانەکانی ساروقامیشی بۆکان، بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرانبەر بە بارودۆخی نالەباری کارەکەیان و سەختیی ژیان و گوزەرانیان، دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە لایەن چالاکانی کۆمەڵە لە ناوچەکەوە، زیاتر لە ٩٠ کورەخانە لەم ناوچەیە، چالاکییەکانیان ڕاگیراوە و کرێکاران بەم مانگرتنە ناڕەزایی خۆیان لە دۆخی کاریان ڕاگەیاندووە و داوای مافەکانیان دەکەن. ئەم مانگرتنە بەدوای گوێنەدانی خاوەن کورەخانەکان و ناوەندەکانی پەیوەندیدار بە داواکارییە سەرەکییەکانی کرێکاران ڕێکخراوە. داواکارییەکانی کرێکارانی ئەم کورەخانانە بریتین لە: دابین کرانی تێچووی هاتوچوویان، دابین کرانی پاکوخاوێنیی لە شوێنی کارەکەیان کە لە بەر دۆخی کوورەخانەکان ناتەندورستە مەترسی دەخاتە سەر لەشساغیی کرێکارەکان، ڕەچاوکرانی ئەمنییەت و ئاسایشی شوێنی کار بە مەبەستی بەرگرتن بە ڕووداوی لەناکاو و پاراستنی گیانی کرێکاران و بەهرەمەندبوون لە مافی بیمەی کۆمەڵایەتی.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پشتیوانی لە مانگرتنی کرێکارانی کورەخانەکان دەکا و داوکارییەکانیان بە ڕەوا دەزانێ. لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە شێوەکانی ناڕەزایی دەربڕین بۆ کرێکاران دەبێت بە ڕەسمی بناسرێن و مانگرتن وەکوو ئامرازێکی گرنگی کرێکاران لە خەباتیاندا دەبێت ڕێگەپێدراو بێت.
سەرەکەوێ مانگرتنی مافخوازانەی کرێکارانی کوورەخانەکانی ساروقامیش
بەرەو ژیانێکی شیاو و ئینسانی بۆ هەموو کرێکاران و چینە چەوساوەکانی کوردستان

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ ناوەندی ڕاگەیاندن
٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٤
٩ی ئاپریلی ٢٠٢٥

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *