سەدا و سیمایی ملی یان ئەشکەنجەگا

✍مانی مەلەک

هەر حکومەتێک کە لە لایەن یەک کەس یان گرووپی دیاری کراوەوە بە بێ رەزامەندی خەڵک بەرێوە ببرێت پێی دەوترێت حکومەتی دیکتاتۆری ، لە بەشێک لەم وڵاتانەدا تاکە کەسێک دەسەڵات بەرێوە دەبا ، پشت بە گەل نابەستیت ، هیچ بایەخێک بۆ را و بۆچونی گشتی خەڵک دانانێ، دەسەڵاتی تەواوی هەیە بە سەر سەرجەم دەزگا و بەشەکانی دەوڵەتدا لەگەڵ ئەوانەش دەسەڵاتێکی فراوان و رەهای هەیە زۆربەی جاریش بڕیارەکانی لە سەرەوەی یاسان.  تەنیا حزبێک کە رێگاپێدراو دەبێ لە وڵاتدا حزبی خودی دیکتاتۆرە و رێگا بە دروستبوونی حزبی ئازاد و رەها نادات و سەرجەم سەندیکا ، رێکخراوەکان وەکوو ژنان ، لاوان ، خوێندکاران و … هتد لە ژێر دەسەڵات و هێژمونی خۆی و پارەتەکەی دایە. گرینگترین بەشەکان لە وڵاتدا کە بریتین لە هێزی سەربازی ، سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەوانی، کەناڵی ئاسمانی و مێدیاکان لە خزمەت خۆی و لە ژێر دەسەڵاتی پارتەکی دایە ، حکومەتە دیکتاتۆرەکان لە پێناو بیر و باوەر و شێوازی بیر کردنەوەی خۆیاندا بۆ دەستەبەری بەهەشتێک بۆ خۆیان ژیانی خەڵک دەکەن بە دۆزەخ ئەو  ئامرازانەی کە دیکتاتۆرەکان کەلکی زۆریان لێ وەردەگرن بۆ بێدەنگ کردن و کپ کردنی دەنگی نەیارەکان و رەخنەگرەکانی ناوخۆی وڵات ئەشکەنجە ، تیرۆر ، سێدارە ، زیندان ، شەلاخ و شەڕی دەرونیە. حکومەتە دیکتاتۆرەکان لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە بە کۆمەڵێک دروشمی گەورە و خەیاڵی هەوڵ ئەدەن متمانەی خەڵک بە دەس بێنن و تا چەن ساڵێک خەڵک سەرقاڵ بکەن بەڵام ئەمە کاتیە و لەگەڵ تێپەر بوونی کات خەڵک راستیەکانیان بۆ ئاشکرا دەبێت. بۆیە حکومەت دەس دەداتە زیندانی کردن و لە سێدارەدان و کپ کردنی دەنگی نارەزایی لە مێژودا وڵاتە دیکتاتۆرەکان هاوشێوەی یەک حوکمڕانیان کردووە بۆ نمونە ئادۆڵف هیتلێر و حکومەتی عۆسمانی دوو لەو حکومەتانەن کە بە شێوەی دیکتاتۆری حۆکمرانیان کردووە و جگە لە حزب و رێبازی دیاری کراوی خۆیان هیچ دەنگ و سیاسەتێکی جاوازیان قەبوڵ نەکردووە و بە سێدارە ، تیرباران ، ئەشکەنجە و زیندان دەنگی نارەزاییان کپ کردووە. کۆماری ئیسلامیش یەکێک لەو حکومەتە نا شەرعی و دیکتاتۆریانەیە کە هیچ کات ئامادە نەبووە رێگا بە دەربڕینی را و بۆچوونی جاواز لەو شتەی دیاری کردووە بدات. هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کارەوە هەزاران ئازادی خواز و شۆڕشگێڕی لە ژێر ناوی کافر و ئاژاوە گێر لە سێدارە دا رێگای بە دروست بونی حزب و ئۆپۆزۆسیۆنی ئازاد نەدا ، ئەو حزبانەش کە پێش هاتنە سەر کاریەوە چالاک بون و مێژوویەکیان بوو بە زەبری هێزی نیزامی لە وڵات دەر کرد و بەوەش رازی نەبوو و بە دەیان پیلانی دوور لە مرۆڤایەتی سەرکردەکانیانی تیرۆر کرد و هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانیان .

لەگەڵ تێپەڕ بونی کات شێوازی روبەروبونەوەی وڵاتە دیکتاتۆرەن لەگەڵ دەنگی نارەزایی ئاڵوگۆڕی بە سەر دا هات. ئەوەی کە پەیوەند بەو بابەتەی ئێمەیە کۆماری ئیسلامی و شێوازەکانی سەرکوت کردن و کپ کردنی دەنگی نارەزاییە. لەم ساڵانەدا و بە تایبەتیش دوو دەیەیی رابڕدوو کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە لە رێگا و شێوازێکی نوێ کەڵک وەر بگرێت بۆ تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی ئازادیخواز و کەندنیان لە ناو کۆمەڵگادا ئەویش دانپێدانانی زۆرە ملێیە لە کەناڵەکانی دەنگ و ڕەنگی حکوومەتدا، سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی کە لە لایەن بەرپرسەکانیەوە ناوی نراوە رەسانەی ملی، یەکێکە لەو ئۆرگانە سەرەکیانە کە راستەوخۆ لە ژێر چاوەدێری عەلی خامنەییە و خۆی بەرپرسەکەی دیاری دەکا و سیاسەتی کاری بۆ دادەڕێژێ. سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی لەوەتەی دامەزراوە جگە لە چەواشەکاری، هەواڵی ناراست ، سەرکوت و …هتد هیچ خزمەتێکی نەکردووە و دەورێکی باشی بۆ خەڵک نەبووە کە بە رەسانەی ملی ئەژمار بکرێت. بە پێچەوانە ئەگەر سەرنج بدەینە دەوری خراپی، بۆمان دەر دەکەوێ نەک ملی نیە بەڵکوو زۆریش دژی هەموو گەلانی ئێران و هەر تاکێکی دانیشتوویی ئەو وڵاتەیە ، مەرجە سەرەکیەکانی کار کردن لە بەشەکانی سەدا و سیما پێشینەی لانیکەم ٤ ساڵ کارکردنی چالاک لە بەسیج و باوەڕی تەواو بە وەلایەتی فەقییە، بە پێی وتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی ئەمریکا ژمارەی کارمەندانی چل و هەشت هەزار کەسە و لە سەد و بیست کەناڵی تی ڤی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات پێک هاتووە و بودجەکەی زۆرتر لە چوار هەزار میلیارد تمەنە .

تاوان و جینایەتەکانی کارمەندانی سەدا و سیما زۆر لەوە زیاترن کە بتوانرێت لە بابەتێکی رۆژنامەدا باس بکرێ تەنیا لە ماوەی دە ساڵدالە واتە ساڵی ١٣٨٨ تا ١٣٩٨ لانیکەم٨٦٠  تاوانی دانپێدانانی زۆرەملێ لە لە سەدا وسیما ئەنجام دراوە و ٣٥٥ یان  لە کەناڵەکانی بڵاو کراوەتەوە. ئەم کردەوە قیزەون و دوور لە مرۆڤایەتیانەی سەدا وسیما چەندین جار لە لایەن بەشێکی بەرچاوی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان مەحکووم کراوە و بە پێشلکردنی مافی مرۆڤ ئەژمار کراوە. تەنانەت  راپۆڕتێکی ٥٧ لاپەڕیی لە لایەن دوو رێکخراوەی گەورەی مافەکانی مرۆڤ لە پاریس و لەندەن لە ژێر ناوی حکومەتی ئۆڕۆڵی سەدا و سیمای کۆماری ئیسلامی وەکوو چەکێکی سەرکوتی بە کۆمەڵ بڵاو کراوەتەوە. ئەم راپۆڕتە ئاکامی زیاتر لە هەزار و پێنسەد کاتژمێر بەدوادا چوون و شرۆڤەی زیاتر لە سەد و پەنجا بەرنامە و سیانزە وتووێژ لەگەڵ قوربانیەکانی دانپێدانانی زۆرەملێی سەدا و سیمایە. ئەو راپۆڕتە تەنیا گۆشەیکی بچووکی تاوانەکانی سەدا و سیمای خستووەتە بەر چاوی خەڵک، لە راستیدا تاوان و کردەوە نامرۆڤانەکانی ئەو دەزگا حکوومەتییە و خامنەیی وەکوو بەڕێوەبەریی ئەسڵیی ئەو دەزگایە زۆر لەوە زیاترە کە لە راپۆرتێکدا بتوانرێت بە تەواوەتی باسی لێ بکرێ .

داخوازی خامنەیی وەکوو بەرپرسی یەکەمی ئەو ئۆرگانە سەرکوتگەرە لە کارمەندانی ، پەرەپێدان و رێکلام بۆ بیری توندئاژۆ و تیرۆریستی ئیسلامی شێعە ، سەرکوت و کپ کردنی دەنگی نارەزایی ، بڵاو کردنەوەی دانپێدانانی زۆرە ملێ و ترساندن و تۆقاندنی ئازادیخوازان و رەخنەگرەکان و شاردنەوەی راستیەکانی ناو کۆمەڵگا و دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵکە. بە پێی راپرسیە نافەرمیەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رێژەی بینەرانی کەناڵەکانی سەدا و سیما لە ناوخۆی ئێران کەمتر لە بیست لە سەدە ئەو ئامارەش دەر خەری ئەو راستیەیە کە کۆماری ئیسلامی چیتر بەو سیاسەتە دژە مرۆییانەوە ناتوانێت دەنگی نارەزایی کپ بکا و بە ترساندن و تۆقاندن بەر بە خۆپێشاندان ، مانگرتن  و نارەزایی دەربڕین بگرێ. سەرجەم دیکتاتۆرەکان هەر جارە و بە پیلانیک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان خەڵکی نارازی و ئازادیخواز دەچەوسێننەوە و سەرکوتیان دەکەن بەڵام لە کۆتاییدا خەڵک سەردەکەون. کۆماری ئیسلامیش بۆ سەرکوتی خەڵک هیچ رێگایکی دژە مرۆیی نەماوە کە نەیگرتبێتە بەر، بەڵام سات بە سات لە ڕووخان نزیک دەبێتەوە و چیتر پیلان و رێکارەکانی ناتوانن بەر بە ڕووخان و لە ناوچوونی بگرن.