سێکسیزم: باسی بکەین، بیناسین، بەری‌پێبگرین….

ئەسعەد دوروودی کەمانگەر

سێکسیزم واتە هەموو ئەو ڕوانینە ناڕەوا و هەڵاواردنانە کە لە سەر بنەمای ڕەگەز دەکرێن، کە بەتایبەت دژ بە ژنان و ئەو تاکانەی کۆمەڵگا دەکرێن کە لە نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگەی باوک/‌پیاوسالاردا خۆیان نابیننەوە. 

سێکسیزم دەتوانی بە شێوەی تاکە کەسی بێت یان لە سیستمی کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی یان ئابووریدا خۆی بنوێنێ. سێکسیزم شێوازێک لە ستەمە کە گەزەن دەگەیەنێتە تاک و کۆمەڵگا و پەرە بە نایەکسانی دەدا و بەر بە دەرفەتی یەکسانی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری دەگرێ و کولتووری باوک/‌پیاوسالار بەرهەمدێنێتەوە. 

سێکسیزم لە شێواز و فۆرمی جۆراوجۆردا خۆی دەنوێنێ، بۆ نموونە: 

• سێکسیزم لە زمان و دەربڕیندا: هەموو ئەو وتە و قسە و جنێو و هێرشە کەلامییانە دەگرێتە خۆی کە لە بیری باوک‌ـ ‌پیاوسالارەوە هێرش دەکاتە سەر ژنان و ئەو کەسانەی لە کولتووری هێترۆنۆرماڵ و باینەریدا جێیان نابێتەوە و وەکوو ئامرازێک بۆ بەربەست کردن، دەمکوتکردن، ڕێگرتن لە پێشکەوتن، بەرگرتن بە دەربڕینی بیری ئازاد و هتد … بەکار دەبرێن. 

• سێکسیزمی ڕێکخراو: ئاماژە بەو شێوازە لە سێکسیزم دەکا کە لە ئۆرگانەکانی کۆمەڵگادا بە شێوەی سیتماتیک جێیان گرتووە لەوانە، دەزگای داد، پەروەردە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. ئەمە دەوری سەرەکیی لە هێشتنەوە و پاراستنی نایەکسانی لە کۆمەڵگادا هەیە. 

• سێکسیزم لە شوێنی کار و چالاکی: کە خۆی لە نایەکسانی لە دەرفەتی پێشکەوتن، بێڕێزی تەنها لە بەر جنسییەت و حەزی جینسی، نایەکسانی لە بەشداری لە بڕیاردان بە هۆی ڕەگەزەوە و هتد… دەبینێتەوە.

• سێکسیزم بە شێوەی بە کاڵا کردن (objectification): بەکارهێنانی ژنان (یان ڕەگەزی دیکە) وەکوو کاڵا بۆ مەبەستی سێکسی و لەبەرچاو نەگرتنی تواناکان، کەسایەتی و هەست و بیری تاک جیا لە جنسییەت و ڕەگەز. 

• سێکسیزم بە شێوەی پەرەدان بە قاڵبی کۆن: گشتاندنی تایبەتمەندی یان شێوازێکی هەڵسوکەت بۆ هەموو ئەو کەسانی ڕەگەزێکی دیاریکراویان هەیە. ئەمە دەبێتە بنەما بۆ هەڵاواردن و نایەکسانی و ڕێگر بۆ دەرفەتی یەکسانی پێشکەوتن. 

• سێکسیزم لە شێوەی توندوتیژیی ناوماڵ (Domestic violence): توندوتیژی جەستەیی، سێکسی یان دەروونی بەرانبەر بە کەسانی ناو بنەماڵەیەک لە سەر بنەمای جنسییەت و ڕەگەز. 

• سێکسیزم لە شێوەی بەکەمزانین: بەکەمدانانی ژنان و گومان دروستکردن لە سەر لێهاتووی و تواناکانی لە بواری جۆراوجۆردا و بەتایبەتی لەو مەیدانانە کە پیاوان بە شێوەی مێژووی دەستیان بەسەردا گرتووە، وەکوو سیاسەت و ئابووری. 

ئەوەی لە کۆمەڵگای کوردستاندا ئەم دیاردەیە وەکوو هەموو جیهان و بەتایبەت وەکوو بەشێکی کەمتر پێشکەوتووی ئەم جیهانە لەو بوارەدا هەیە، شتێکی نائاسایی نییە بەڵام شتێکی ناڕەوایە، هاوکات ئەوەی نائاساییە هەوڵ نەدان و کارنەکردن بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردە دزێوەیە یان مانەوەی کارەکان لە ئاستی دروشم و بەرنامەی تایبەت بە بۆنەکان و ڕۆژە تایبەتەکانە. ئەو کارکردنە دەبێ بە پشتبەستن بە زانیاری و وشیاریی سەردەم لەو بارەوە و داڕەشتنی پلان و بەرنامەی گونجاو بێ. ئەم شەڕە هەم زانست و هەم ئامراز و هەم چالاکانی تایبەتی خۆی دەوێ و ئەم خەباتە سەرەڕای هەڵپێکرانی لە خەباتی دیکە لە کوردستاندا کە بەرچاوترینیان خەبات بۆ ڕزگاریی لە ستەمی نەتەوەیی و خەبات بۆ عەداڵەتی ئابووریە، نابێ بکرێتە پاشکۆ یان قوربانیی ئەو خەباتانە و لەبیر بکرێ یان دوابخرێ بۆ داهاتوویەکی نادیار. 

حیزبە سیاسییەکانی کوردستان، لەو ڕێگایەدا ئەرکی دیاریکراویان هەیە و دەبێ هەر زۆر بەر لە ئێستا و لانی کەم لە ئێستاوە بە شێوەیکی سیستماتیک کار بۆ سڕینەوەی ئەو پەڵە ڕەشە بکەن بۆ ئەوەی هەم خۆیان وەکوو حیزب بەدەست ئەو خەسارەوە نەجاتیان بێ هەم هیوای ئەوە لە دەڵی خەڵکدا گەش کەنەوە کە لە داهاتووی بەشدارییان لە دەسەڵات لە کوردستاندا دەتوانن و ئامادەن نوێنەری ئەو خەباتە بن و ئاڵاهەڵگری ئەو بەشە لە هەوڵ بۆ یەکسانی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی لە کوردستان بن. 

ئەو کارانەی هەر ئەمڕۆ لەو بوارەدا دەکرێ لە دوو ئاستی سەرەکیدا پێویستە جێبەجێ بکرێن. 

یەکەم: پەروەردە، ئەمە لە فێرکردنی سەرەتایی و فێرگەی پێشمەرگایەتییەوە دەستپێدەکات و بەشی گرینگتری لە درێژەی کاری حیزبی و لە ڕێگەی کۆرس و کۆبوونەوە و ئاکاری کەسانی خاوەن ئەزموونی ناو حیزبەکانەوە دەبێ بگوازرێتەوە بۆ ئەوانەی تازە بە حیزبەکانەوە پەیوەست دەبن. بۆیە جیا لە بوونی پەروەردەی یەکسانی تەوەر لە فێرگە و کۆبوونەوەکان پێویستە تاکەکانی ناو حیزب ئەو ڕاهێنانەیان لە خۆیانەوە دەست پێکردبێ بۆ ئەوەی فەزایەکی سەلامەت و ئەمن بۆ چالاکی و پێشکەوتن و بارهاتنی جیلێکی یەکسانی خواز بخولقێ.

دووهەم: یاسا، بوونی یاسایەک کە لادان لە بنەماکانی هەڵسوکەوتی یەکسانیخوازانە و مرۆڤی، و هەڵسوکەوتی سێکیستی بە تاوان دەزانێ و سزای شیاوی بۆ دیاری کردووە، نیشانەی جیددی بوونی هەر حیزب و ڕێکخراوێکە لە بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکە یەکسانیخوازانەکانیدا. ئەو یاسایانە دەبێ هەمەلایەنە و ورد نووسرابێتن و پێویستە کەسانی شارەزا لە باری یاسا و دادوەری کاریان بۆ کردبێ. جێبەجێکرانی ئەو یاسایانە و بەڕێوەچوونیان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کێ تاوانەکەی کردووە زەمانەتی ئاکامبەخش بوونی پەروەردەی دژە سێکسیستیە. 

#نە_بۆ_سێکسیزم

#بەرەو_یەکسانی

#ژن_ژیان_ئازادی