سێدارەکان پەرە دەستێنن ….!

بە پێی ئەو هەوڵانەی کە سنوری سانسۆری کۆماری ئیسلامیان بەزاندوە و لەڕاگەیاندنەکاندا کەوتونەتە بەر دیدەی هەمووان باس لەوە دەکەن کە دوێنێ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی گوڵان  سزای سێدارەی لانی کەم حەوت بەندکراو بریتی لە بەندکراوێکی ژن، دوو بەندکراوی کورد و بەندکراوێکی تورکمان بەناوەکانی مەحبووبە خسرۆنژاد، فیرووز عەلیاری، سەفا قەرەداشی، کورۆش جەلیلی، مێهران نەسری زەڕ، مەحموود حوجەتزادە و جەلیل عەزیزی لە بەندیخانەکانی گورگان، ئیسفەهان، کەرەج و ئەراک جێبەجێ کراون. حەوتووی ڕابردووش بەندکراوێک بە ناوی پەیمان موختاری لە تەورێز لەسێدارە درابوو.

هەروەها سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی کورۆش جەلیلی تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان و مێهران نەسری زەڕ تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی سنە بەشێوەی نهێنی و بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراون. 

هاوکات لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان، بەندکراوێک بەناوی مەحموود حوجەتزادە تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی توربەت حەیدەریە سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی کە سێ ساڵ پێش دەستبەسەر کرابوو لەسێدارە دراوە. لە هەمان ڕۆژدا بەندکراوێکی دیکە بەناوی جەلیل عەزیزی کە پێشتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک سەر بە پارێزگای مەرکەزی جێبەجێ کراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە بە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بەناوی پەیام موختاری خەڵکی موراغە، ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی گوڵان لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز گەیشتە دوو کەس. هەروەها بەندکراوێکی دیکەش بە‌ ناوی موشیر عوسمانزاده‌ به‌ تۆمه‌تی كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ زیندانی ورمێ له‌ سێداره‌ دراوه‌.