زەنگی مەرگ لە بن گوێی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران
هێمن بایەزیدپوور
دوو ساڵی ڕابردوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا وەک خالێکی وەرچەرخان دەبێت چاوی لێبکرێت, تەنانەت گرنگتر لە ساڵەکانی ٩٦ و ٩٨ کە تێیدا دوو ئاخێزی سەرتانسەری بێوێنە ستوونەکانی خێمەی کۆماری ئیسلامی وەلەرزە خست، ئەوەی کە ئەو دوو ساڵەی لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا بێ وێنە کردوە دەتوانی لە ٢ بەستێندا شرۆفە بکرێت
١. شکستی حوکمرانیی کۆماری ئیسلامی
کۆماری ئیسلامی وەک دەسەڵاتێک کە بە دیسکۆرسێکی ئایینی وەک شوناسی سەرەکی خۆی کە لە ڕیگەی شۆرشێکی سەرتاسەری هاتە سەرکار، لە سەرەتاوە نەیتوانی یان خود ئەزموونی حوکمرانی و بەڕێوەبردنی وڵات لە سێ بواری سەرەکی وەک ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی نەبوو، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەراوە کە کۆماری ئیسلامیش نەیتوانی خۆی لە ئاسەروارەکانی نێگاتیڤی شورش ڕزگار بکات و لە ژێر دروشمگەڵی ئایینی دەرفەتی کاری بە چینی تێکنۆکراتی بە ئەزموونی خوێندەوار نەدا، هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی تەعەهود شوێنی ڵێهاتوویی بگرێت و ئەوە هەنگاوی یەکەمی دارمانی ئێران بوو، نەبوونی بەرنامەیەکی سەرتاسەری بۆ بەرێوەبردنی وڵات، هەوڵ بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی لە ژێر دروشمی پاراستنی وڵات لە دەروەی سنوورەکانەوە و لە ژێر ستراتێژی بەرگری هێرشبەرانە و بە جۆرێک قوربانی کردنی دیپلۆماسییەکی کارا بە قازانجی ئەو ستراتێژییە، ئێرانی بە ئاقارێکدا برد کە هەموو فاکتەرە سەرەکییەکانی ئابووری تووشی دارمان کرد، لە کۆتاییدا هەر ئەو سیاسەتە بوو بە هۆی ئەوەی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای ئێران بە دوو ئاراستەی دوور لە یەکتر و ناتەریب برواتە پێشەوە، حەوڵ بۆ درووستکردنی چەکی ناوکی هەر لەو بەستێنە لە سیاسەتدا خۆی دەبینێتەوە، سەرفی میلیاردها دۆڵار بۆ پەرەپێدانی ئەو سیاسەتە کە لە ساڵانی رابردوو سێاسەتی پەرەپێدانی مووشەکیشی پێی زیاد بوو وەک هەنگاوێکیتر بۆ دارمانی ئەو حوکمرانییە دەوری گێرا.
بە چاوپێخشاندنێک بەسەر فاکتەرەکانی ئابووری و گەشە لە ئێران دەبینین کە لە هەمووی شاخسەکانی ئابووریدا ئێران تووشی دارمان بووە، گەشەی بەرچاوی نەختینەیی، هەڵاوسانی لە ڕادەبەدەر، چوونە سەرەوەی ئیندێکسی هەژاری و زەریبی جینی (نیشانەی قووڵبوونەوەی کەلێنی داهات و هەڵاواردنی ئابووری) هەمووی نیشانەگەلێکن بۆ گەورەبوونەوەی کەلێنی نێوان هەژار و دەوڵەمەند و لە ناوچوونی چینی مامناوەند لە کۆمەڵگا بە ڕادەیەک کە بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ٦٠ لە سەدی کۆمەڵگای ئێران لە ژیر هێلی هەژاریدان.
ئاسەوارەکانی ئەو دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکە تەنیا لە بواری ئابووریدا قەتیس نابنەوە، لە ژینگە و سەرچاوە سرووشتییەکانیش باروودۆخ هاوشیوەیە، لەناوچوونی ٦٠ لەسەدی دارستانەکان لە ٤٠ ساڵی رابردوودا، خاڵی بوونی ئاوە ژێرزەوینییەکان و وشک بوونی ٧٠ لەسەدی گۆلەکان وەک نموونە گۆلاوی ورمێ و زۆربەی زۆنگەکان (تالابەکان) دەتوانین باس بکەین، ئەو وێرانکارییە لە ژینگەدا لە رۆژگارێک کە گۆی زەوی لەگەڵ قەیرانی گەرم بوون بەرەوڕووە و زۆربەی وڵاتەکان هەوڵ بۆ دارشتنی سیاسەتەکانیان بە ئاراستەی گەشەی بەردەوام و درێژمەودا کە چێنەکانی داهاتووش بتوانن لەو سەرچاوانە کەلک وەرگرن دەدەن، تا ڕادەیەک نامۆیە کە ئێران وەک سەرزەوینی سووتاو پێناسە دەکرێت. لە بواری ئازادییە سیاسییەکان هەر درگا برەوە ئەو ڕێچکەیە دەسوورێتەوە، لە ماوەی ئەو ٤٣ ساڵەدا بنەماکانی دەسەڵاتێکی دێمۆکراتیک رۆژ لە پاش ڕۆژ لاوازتر بوە، دایرەی خودی و غەیری خودی تەنگتر بۆتەوە و تەنانەت مسافەرەکانی قەتاری دەسەڵات لەو ساڵانەدا وردە وردە و بە زۆر دابەزێندراون، هەر سیاسەتی تەعەهود لە شوێن لیهاتوویی کارێکی کردووە کە ئەو سیستمە لە درووستکردنی کادری لێهاتوو بۆ ئیدارەکردنی حکوومەت بێبەش بێت. سندووقی دەنگدان لەو ساڵانەدا لە رێگەی مێکانیزمی چاودێری شورای نیگەهبان بێ ماناتر بۆتەوە و بە واتایەکی تر ڕۆڵی جمهوورییەت تا هاتوە بێ نیرختر بۆتەوە.
٢. کۆمەڵگا و دەسەڵات
لە ماوەی ئەو ساڵانەدا هەتا هاتووە قەڵەشتی کۆمەڵگا و دەسەڵات زیاتر بووەتەوە، لاوازکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە رێگەی دەستبەسەرکردن و کوشتن و ئازاری چالاکانی مەدەنی و بردنە سەروەی تێچووی چالاکیی مەدەنی لە لایەک و زەخت و گوشاری ئابووری لە لایەکی دیکەوە تاهاتوە کۆماری ئیسلامیی لە سەرمایەی کۆمەلایەتی وەک بنمەمای بەڕیوەبردن و ئیدارە و داهاتووی وڵات بەتاڵ کردووەتەوە، رەوایی سیاسیی و هۆکاری بوون و تەحەمولکردن و مانای وجوودی ئەو دەسەڵاتە تاهاتوە کەمتر و بێ نیرختر بۆتەوە، کۆماری ئیسلامی وەک تاکە بژاردەش تەنانەت دڵی بە سەرکوت لە رێگەی بەشێک کە کاربەدەستانی خۆی خۆش کردوە، دایرەی پاراستنی بردۆتە سەروە، شەریککردنی سپای پاسداران لە سفرەی دەسەڵات هەر لەو ستراتژییەدا خۆی دەبینێتەوە، نەبوونی حیزبی سیاسیی و گوفتمانی مەدەنی، سانسۆری لە رادەبەدەری میدیاکان لەو ساڵانەدا وەک جەمسەری یەکەمی دیمۆکراسی، لاوازبوونی بیری رێفۆرمخوازی و هەر جۆرە دڵخۆشییەک بۆ درووستکردنی رێفۆرمێکی بنەرەتی لە لایەکی دیکە بۆشایی دەسەڵات و کۆمەڵگای بە رادەیەکی بێ وێنە زیاتر کردوە و ئێمە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دوو هێز دەبینین لەو ڕۆژانەدا، خەڵک و دەسەڵات.
بەلام بە چاوپیخشاندنێک لە سیمای سیاسیی ئیران دەبینین کە تا هاتوە دەستی سەرکوت بێهێزتر بۆتەوە و کاریگەری و کارکردی خۆی تا هاتوە زیاتر لە دەست داوە، نموونەکەشی بە وردبینی کۆرنۆلۆژی ئاخێزە جەماوەرییەکان دێتە بەرچاو، تاهاتوە مەودای نارەزایەتییەکان کەمتر بۆتەوە لە بەرامبەردا درووشمەکان رادیکاڵتر بۆتەوە و هیوا بە داهاتوویەکی گەشتر لە گەڵ بوونی کۆماری ئیسلامی کەمرەنگتر بۆتەوە، دروشمەکان ڕادیکاڵتر و داخوازییەکان بنەرەتیتر بوونەتەوە، ئێعترازە سێنفییەکان ڕێکخراوتر و ئامانجدارتر بوونەتەوە و چالاکانی سێنفی لەگەڵ ئەوەی تێچووی چالاکیان چۆتە سەرێ بەڵام بوێرتر بوونەتەوە. بە وتەی کاربەدەستانی رژیم لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧٦٠ مانگرتن و نارەزایەتی دەربرین لە ئاستی ئێران ئەنجام دراوە کە بێ وێنەیە. مامۆستایان لە هەموو کات یەکدەنگترن و دەرسی بە یەکەوەبوون دەدەن، ئەوەی بەڵام لێرە دەبێت ئاماژەی پی بکرێت و وەک خاڵێکی وەرچەرخان باس بکرێت گۆڕانی داخوازییەکان لە ئاستی کۆمەڵگای ئێران لە ڕێفۆرمەوە بۆ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتەیە. ڕەنگە بە رواڵەت هۆکاری هەر دووبەشی نارازییەکان وەک نارازایەتییە سێنفییەکان و نارازییەکانی سەر شەقام بۆ داخوازی ئابووری دەگەرێتەوە بەڵام ئاستی وشیاریی خەڵک بە رادەیەک چۆتە سەرێ کە هەر جۆر گۆڕانکارییەک لە ژیانیاندا لە ڕێڕەوی گۆرینی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا دەبیننەوە، درووشمەکان ڕادیکاڵتر و پڕ ناوەرۆکترن، پانتایی نارەزایەتییەکان بەرینتر و نارەزایەتییەکان تا ڕادەیەک پەرەی سەندووە کە دەنگی بەشێک لە رێکخراوەکان کە بە بەراوەرد لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تر موحافزەکارتریش بوونی دەرهێناوە.
٣. تایبەتمەندییەکانی ئەو دەورە لە نارەزایەتییەکان:
سەبارەت بەو دوایین خۆپیشاندانانە دەتوانین ئاماژە بە چەندین خالی سەرکی بکەین
یەکەم: نارەزایەتی دەربڕینی جێگای شانازی لە شارە چکۆلەکان، لە بیرمان نەچێ لەو شارانە خەلک یەکتر دەناسن، ھێزە ئیتلاعاتییەکان خەلک دەناسن لەگەل ئەوەش خەلک نارەزایەتی دەردەبرن و دێنە سەر شەقامەکان.
دووهەم: چینی نوێی نارازییەکان، زۆرتر لە دایکبوانی دەیەی ٧٠ کە بە گشتی نەوەی ئەورۆن و نەترستر و بە ئیرادەترن بەدەنەی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان پێکدێنێت.
سێهەم: دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان ڕووخانی بنەڕەتی دەسەلاتە و لە ٥ سالی ڕابردوو خۆپیشاندانێک نەبووە کە تێدا خەڵک داوای رۆیشتنی مەلاکان نەکەن. لەگەل ئەوەی کە کێشە و قەیرانی ئابووری حاشای لێناکرێ بەلام ئەو ئاخێزە ئاخێزی برسییەکان نییە و خەلک رێگەی چارەسەری هەموو گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان بە لە ناوبردنی دەسەلات دەزانن.
ئەوەی لە کۆتاییدا دەبیت ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە تا دێت لەگەڵ ئەوەی زربر و زۆری دەسەڵات بۆ بەرگرتن بە هەر جۆرە چالاکییەکی مەدەنی زۆرتر دەبێت و دەستی دەسەلات بۆ سەرکوت ئاواڵەتر دەبێت و حەول بۆ تەریک خستنەوەی خەلک لە یەکتر قورستر دەبێت بەڵام ئەوەی دەبیندرێ هیچکام لە حەولەکانی دەسەڵات تا ئەورۆکە نەیتوانیوە کاریگەریی درێژ ماوەی هەبێت، کۆمەڵگا ئامادەیە هەر دەرفەتێک بۆ دژایەتی لەگەڵ دەسەڵات بقۆزێتەوە و تا دێت زەنگی کۆتایی ئەو دەسەڵاتە زیاتر دەبیسترێت.