زمانی دایکی و شوناسی نەتەوەیی

0
چیمن جوانرودی

زمان دژوارترین دیاردەی کۆمەڵایەتییه. هەر  وەک دیل ئسپەندر دەڵێ زمان واتایەکی بێ خۆ و بێ لایەن نییە که تەنیا  ئامێرێ  بۆ گواستنه بێ و بێ مانا  بێت بەڵکوو خۆێ بەدیهێنەری ئیدەیه.  گرنگتر ئەوەیە له پێش هەر شتێک زمان پرۆگرامێکه بۆ کارابوونی مێشك، لەم مانایه شتێك گاڵتەجاڕتر لەوە نییه له بڵێین مرۆڤ توانایی بینینی جیهانی هەروا وەک خۆی هەیە یا مرۆڤ تۆمارکەرانی بێ لایەنی جیهان خۆیانن. بۆیه ئەوان خۆیان جیهانێکیان درووست کردووه و وێنەی ئەو  بەدیهاتەیان له دڵ جیهانی زمان داڕژاندووه. مروڤ ناتوانێ دونیای دەورووبەری خۆیان بی لایەنانه بگوێزێتەوە و ئیمه جیهانی دەورووبەری خۆمان  هەروا که هەیه بەڵکوو وا له زماندا به شێوەی کۆمەڵێک ڕیزبەند دەرهاتووه دەیبینین چون مێشکی بەشەر کە فەرمانی کردەوەکانی بەدەستەوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهانی دەرەوەی پەیوەندی ناگرێت یا پیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕووناکی و دەنگ  نابێت تەنیا له لایەن بزوێنەره  بایوئلکتریکەکانەوه دەڕوا  و لەلایەن دەزگای دەمارەوه پەیوەندی دەگرێت، لەم مانایەدا مێشک فەرماندەیەکی کەڕ و کوێرە لە  تاریکخانەی جەستەی مرۆڤ دا و خۆی له سەنبولەکان و نیشانەکانی دەرەوەی  کە له ڕێگای دێیتاکانەوه شکڵی گرتووه، له زماندا بکار دێت. ئەگەر ئێمه ڕوانینێکی ڕەگەزپەرەستانە یان سێکسیستیمان هەیە ئەم  بۆچوونه له زماندا پێناسه کراوه.  ئەم پێناسه له سەر لێکدانەوەی  مێشکمان لەم دیاردانه هەروا که ئەیبینین کاریگەریی دەبێت. ئیمه له جیهانی خۆمان کردەوەکانمان ڕێكوپێک دەکەین نەک وا که بە ڕاستی هەیه بەڵکوو له سەر ئەو کۆدانه  که زووتر له زماندا داڕێژراون ئەنجام  دەگرێت که واته  تێبینیی مێشک له دێیتاکانی دەرەوەی خۆی زانیاریی قائم بە زات، بێ ناوجی گەری، خودی مێشکی مرۆڤ نییه بەڵکوو له ڕێگای ئاگاداری یا  پاڵاوتنی دێیتاکانی زماندا هەیە له  ئاکامی  داوەریی مێژوویی و هاوبەشی کومەڵگاکەیە که به چڕوپڕی ئینسانی دەگرێتەوە، جیهان نه هەروا که هەیه بەڵکوو به پێچەوانەوە نیشان دەدا.

درووست بەوهویەوه ئێمه پێش هەر شتێکی دیکە به پڕی له ناخی ئایدۆئۆلوژی لەبارەی زمان بەرەوڕوو دەبینەوە  نەتەنها به تێبینیی  پەیوەندیدار له نێوان  مروڤەکان بەڵکوو بەتەواوی  داب و  نەریته  باش  یا خراپەکان و هەروەها شکڵی جیاوازی  لایەنگریەکان  له ناو زماندا  کۆدەبێتەوه. بەڵام دێیتاکانی زمان هەر لەو کاتا پۆلبەندی کراوه و لەسەر ڕێزبەندیی  جەماوەرە کە  له دوای یک هاتووتەوە له راستیدا زمان به تەواوی وەک بۆنه کۆمەڵایەتییەکان  و  دەزگای  دێیتا کۆمەڵایەتییەکان که ئەوانه بۆ مێشکی  تاکەکەس  یان گشتی ڕادەگوێزێ. زمان لەم مانایه وەک  حەشارگایەکه  بۆ  پەیوەندییە  کۆمەڵایەتییەکان.

وەک وترا زمان واتایەکی بێ خۆ و بێ لایەن نییە و داوەریی  مێشکی مرۆڤ  لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتییەکان نەک وەکوو کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە دەرەوە  بەڵکوو به هۆی دۆزینەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆد بۆ دانراوەکان لە زمانی ئێمەدا دایمە لە گۆڕاندان  و  هەر  بەو   بۆنەوه  لە کاتی ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکاندا کۆدەکانیش دەگۆڕدرێن.

لەبەر ئەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ جێهانێکی پڕ لە ناتەبایی و دژبەرییە، زمانیش بۆ خۆی دەبێتە ناوەندنی پڕدژبەریی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئیدۆئۆلۆژییە دژبەرانە و لەم ڕووەوە زمان مەڵبەندی جددیی شەڕی ئایدولووژیک سیاسی و کۆمەلایەتییه.  ئەگەر زمانە جۆراوجۆرەکان لە جیهاندا نەبوایە سنووری نەتەوەکان نادیاربوون، هەر زمانێک باری میژوویی و بوون و شوناسی نەتەوەیەکی لە سەر شانە وەک ئیسک چۆن گۆڕانی زیندەوەرانی لە خۆیدا هەڵگرتووە، زمانیش شوناسی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکانی لە خۆیدا هەڵگرتووە.

کاتێ باسی زمانی دایکی دەکەین لەڕاستیا لە باس لە جوگرافیای نەتەوەکان لە جیهان دەکەین.  تەنانەت پێش دروست بوونی سنوورەکان زمان دیاریترین هۆکاری جیاوازیی چین و تایفە جۆراوجۆرەکان بووە. پرس و باس کردن لە زمانی دایکی دیاردەیەکی تازە نییە بەڵکوو ئەگەڕیێتەوە بۆ دەورەی ئومانیستەکانی ئیتاڵیا بە تایبەت دانتە داهێنەری تیۆری زمانی دایکیی بەرباس خستووە.

هەمووی ئەوانە کە بەزمانی دایکی  لە فێرگەدا ناخوێنن، ترس و دڵەڕاوکێی دەروونیی تێنەگەیشتن لە قسەکانی مامۆستا کە بە زمانێکی دیکە دەدوا لە ساڵەکانی سەرەتایی ڕۆیشتن بۆ فێرگەیان لە بیرماوە، کە ناچار بوون بە زمانی دیکە نە بە زمانی دایکیی خۆیان فێری خوێندن بن. منداڵێک کە شەش حەوت ساڵی سەرەتای تەمەنی بە زمانی دایکی قسەی کردووە و پەیوەندی گرتووە و شت فێربووە وە بەتەواوی بیروڕا و وێنەکانی ناسیوە لە ڕاستیدا بە تەواوی بیرەوەریەکانی ژیانی خۆی لە پاشخان مێشک دادەنێت ئیتر بیرەوەری فێربوونی تائێستا چۆن بووە لێی دەگۆڕێ و بەردەوام نابێت، ئەوەیش ڕەچاو دەکرێت کە دەورەی فێربوونی چڕوپڕ زمان لەمرۆڤدا تا تەمەنی (١٣) ساڵان بەردەوام دەبێت منداڵ تا ئەو تەمەنە ئەتوانی تا(١٠) زمان فێربێ بەو مەرجەی لە بنەڕەتدا زمانی دایکی فێر بووبێت یانی بە شکڵێ بەردەوامی زمانی  دەست پێکردبێت وە بەفێر بوونی  زمانەکانی دیکە بەردەوام بێت.

لە وڵاتێ وەک ئێران کە چەند نەتەوەییە خەڵک بە دوو شێوە لە باری زمانیەوە دەچەوسێتەوە، بە جۆرێک کە گیر و گرفت ڕاستەوخۆ لە فێربوون زمانی دایکی دا هەیە.

بە زۆرە مڵی لە ڕێگای دامودەزگاکانی دەوڵەتی (پەروەردە و بارهێنان) زمانی فارسی دائەسەپێنن لە ڕاستیدا زمان لە هەر وڵاتێکدا زاتەن ئایدۆئۆلۆژیکە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە زاڵەکان لە ڕێگای سیستمی پەروەردەوە بەسەر هەموواندا دەسەپێنن ئەم دیاردەیە تایبەت ئێراندا نییە بەڵکوو هەر کۆمەڵگەیەکی چەند نەتەوەیی کە یەک نەتەوە تێدا باڵادەستە ئەم سیستمەی تێدا پەیڕەو دەکرێ.

زۆر گرنگە لە بارەی پەیوەندی زمانی دایکی پرسی نەتەوە لە ئێران ئاماژەی پێ بکرێ. ڕاستییەکی گرنگ کە زمانی دایکی لە  خۆی دەگرێت پرسی نەتەوەییە لە ئێران، کە لە پشتی زمانی فارسی حەشار دراوە، زۆرن ئەوانە وا بە هەڵە پێییان وایە  نەتەوەیەک  بێ ئەوەی بە مافی سیاسیی خۆی گەیشت بێت، ئەتوانێت بە مافی زمانی دایکی خۆی بگات.

ئەوە شاراوە نییە کە دوای کودتای سێی ڕەشەمەی ١٢٩٩هەتاوی لە لایەن ڕەزا شاوە کە خوێندن بە زمانی دایکی بە تەواوی لە مەکتەب و پەیمانگاکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن قەدەغەکرا لە سەرهەڵدانی جمهوری ئیسلامی بوو کە زمانی دایکی کە هیچ پشتوانەی سیاسی و ڕەسانەیی بە توانای لە حکوومەتدا نەبوو  هیچ  بوودجەیەکیشی  بۆ تەرخان نکرا، ئەوە هیچ  قسە کردن و خۆێندن بە زمانی دایکی بە تەواوی قەدەغە کراو  بە دڕندەترین شێوە بەری پێگیرا.

ئەڵبەت تەواو ئیستعمارگەران هەر لە سەرەتاوە بە زۆری شمشێر و تۆپ و تفەنگ وڵات و کلتوور داگیر دەکەن، گەیشتن بە مافی  قسە کردن و فێربوون بە زمانی دایکی بە تەواوی مافی مرۆڤ و مافی کۆمەڵایەتی لە ئێران بۆ ماوەی ٤٣ ساڵە زەوت کراوە. هەر چەند لە پەنجاوپێنجەمین کۆبوونەوەی  گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی ١٦ فوریە  بە ناوی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی  ناو لینرا و ئێرانیش  ئەم  بەیاننامەیە واژۆ کردووە. یونسکۆ ڕایگەیاند کە ڕۆژێ بە ناوی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی  ئەبێت بە هۆی ڕێزی دوولایەنە لە نێوان فەرهەنگە جیاوازکاندا  هەروەها  ئەبێت بە  هۆی گەشە سەندنی فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان لە جیهاندا.

دەیوید کریستاڵ زمان ناسی ئینگلیزی دەڵێت گرنگی زۆر بوونی زمانەکان بەرامبەرە لە گەڵ زۆر بوونی شێوەی ژیانی ئینسانی، بۆیە لە ناو چوونی هەر زمانێک  وەک  لەناو  چوونی جیهان بینییەکە، کە واتە گەیشتن بە مافی قسەکردن و فێربوون بە زمانی دایکی هۆکارە بۆ گەشەسەندنی ئاشتی لە جیهاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *