رۆژهەڵاتی ناوەراست،… ئاسۆی روونی خەباتی جەماوەر لە هەڵکشاندایە…!

ع.ئاڵەکی

کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە چەشنی گرێپوچکەیەکی نەکراوەن. نە دەکرێنەوە نە چارەسەریش دەکرێن. شۆرشە یەک لەدوای یەکەکان و روخانی دیکتاتۆرەکان نە ئازادی بە دوای خۆیدا هێناو نە کۆتایی بە ناسەقامگیری. ململانێ و شەڕو پێکدادانی هێزە نیابەتییەکان و لەشکەرکێشەی دەوڵەتە زلهێزەکان و شەری نیوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان، ئەم مەڵبەندەی کردۆتە نائەمن ترین شوێنی دونیا. برسیەتی، هەژاری، ئاوارەیی بێداد دەکا. چارەسەر نەبوونی ئەم کێشانە قەیرانی سیاسی لەو ناوچەیەی زیاتر لە هەموو کاتێک قوڵتر کردۆتەوە. بەڵام سەرباری هەمووی ئەم قەیران و گرژیانە دیسان ئێمە شاهیدی روودانی کۆمەڵێک رووداوی گرنگین کە وێرای لێڵی و نادیار بوونی داهاتۆکەی بەڵام تا ڕادەیەکیش دڵخۆشکەرن. سەرهەڵدان و مانەوە و فراوان بوونی رێکخراوە ئیسلامییە توندئاژۆکان کە لەسەر ئەساسی هەژاری و هەڵاواردن و نایەکسانیدا پێکهاتوون، لەبەرنەبوونی جێگرەوەیەکی پێشڕەو و پێشکەوتوو، رێبەرێکی کارامەو تۆکمە کە توانای ڕێکخستنی هێزە سیاسی و جەماوەرییەکانیان هەبێ و پاشەکشە بە بەو هێزانە بکەن و بۆ نەمانیان هەوڵ بەن، بەکردەوە بوونەتە هێزێکی مەترسیدار بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە. ئەوان لەگەڵ ئەوەی کە ئامرازی شەڕ و ململانێن، تا ئێستا بە کردەوەش وەکوو ئامرازی دەستی ئەم یان ئەو زلهێزی جیهانیش دەوریان بینیوە. بەڵام وێڕای هەموو ئەم راستیانە، جەماوەری خەڵکی تینوی ئازادی، دەستەوەستان نەوەستاون و لەگەڵ هەر دەرفەتێک خرۆشاون.کۆمەڵێک دەرس و ئەزموون و دەسکەوتی باش وەدەست هاتوون کەدەکرێ لە رەوتی ئالوگۆڕەکانی داهاتوودا ڕەچاو بکرێن .

 لێرە سەرەرۆترین دەوڵەتەکان کە بە هیچ شێوەیەک ملکەچی دیمۆکراسی و ئازادی نین و لەڕیزی دواکەوتووترین ڕژیمەکانی سەردەمدان، بە قۆرغ کردنی دەسەڵات، بە زیندان و ئەشکەنجە، درێژە بە ژیانی قێزەونی خۆیان دەدەن. لێرە دیکتاتۆر و دەسەڵاتدارەکان بە کوشتنی ئینسانەکان و زیندانی کردنی ئازادیخوازان و رووناکبیران و رۆژنامەنووسان، دۆزەخێکیان بە ناوی ژیان دروست کردوە کە ئەم ناوچەیەی لە چاوی دونیادا ڕەش کردوەو کردویانەتە مەکۆی شەڕ و تەقینەوەی ناوەندو شوێنە گشتییەکان .لەگەڵ روخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و شکانی دەرگای زیندانەکان، بینیمان کە خەڵک بەشایی و لۆغان نیشانیان دا کە ئەم دەوڵەت و دەسەڵاتدارانەیان ناوێت و دژی بەشارن و خوازیاری نەمانی ئەوان و ئازادی و دیمۆکراسین. ئەوەی لە سووریە دیتمان، لە تورکیە و عێراق و ئێرانیش دەیبینین. زیندانەکان پڕن لە زیندانی سیاسی. رۆژانە قەڵەمەکان دەشکێندرێن و مێشکەکان هەڵدێن و ژنان و پیاوان و گەنجان بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچ دەکەن.

ئەگەر تا پێش روخانی بەشار ئەسەد سوریە لە ئاگری شەڕدا بوو، ئێستاش دوای نەمانی ئەویش بەردەوام لە ئاگری شەڕدا دەسووتێ. ڕێژەی وێرانی و کوشتاری مرۆڤە بێتاوانەکان کارەساتبارن کە ڕاشکاوانە دەتوانین بڵێن کە لە شەڕی جیهانی دووهەمیشەەوە هاوشێوەکەی نەبیندراوە. شەڕەکان سەرەڕای کەمبوونەوەی، لە چەند بەشێکی سوریە هێشتاش بەردەوامن. ئەگەر دەستی ئێران لەم ناوچەیە بڕدرا بەڵام دەوڵەتەکانی ئامریکا، تورکیە، ئیسڕائیل، عەڕەبستانی سعودی یاریزانانی ئەم مەیدانە ئاڵۆزەن. ئەگەرچی لەم نێوانەدا ئەوە دەوڵەتی ئامریکایە کە قسەی کۆتایی دەکات. بەڵام دەوڵەتی ئیسرائیلیش شوێن پێی خۆی لەو ناوچەیە توند کردووە.

دەوڵەتی تورکیە هەندێک لە بەشەکانی سوریەی بە ئامانجی داگیرکاری هەمیشەیی خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوەو بەتەواوی هێزەوە هەوڵدەدات کوردەکان ڕاماڵێ و هەیمەنەی خۆی لە رێگای هێزە نیابەتییەکانیەوە سەقامگیرتر بکات و پەرە پێبدات. روخانی بەشار ئەسەد وەک هاوپەیمانی ئیستراتژی کۆماری ئیسلامیی، گەورەترین شکست بۆ کۆماری ئیسلامیی بە حیساب دێت. سەرەڕۆیی ئەو وڵاتە بە کردەوە کۆتایی پێهات و مێحوەری موقاوەمەتەکەی شکستی قورسی خوارد. لە سەردەمی دەسپێکی شەڕی ئێران و عێراقداکە بە هێرشی عێراق بۆ سەر ئێران دەستی پێکردو هەشت ساڵ بەردەوام بوو، دەوڵەتی سوریە پشتیوانی لە وڵاتی ئێران کردو دژی دەوڵەتی سەدام حوسێن وەستایەوە. ئەم پشتیوانیەی سوریە بوو بە هەوێنی دەسپێکی دۆستایەتێکی لەمێژینەو بەم جۆرە بەردی بناغەی پەیوەندی قووڵ و درێژخایەنی نێوان هەردوو وڵات دامەزرا. دوای بەهاری عەرەبی و هەڵکشانی شەڕی ناوخۆیی لە سوریە کۆماری ئیسلامیی بەکردەوە بوو بە یەکێک لە لایەنگرانی سەرەکی ڕژێمی بەشار ئەسەد و یارمەتی سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ئەسەدی دا. لە راستیدا ئێران دەیهەویست بە لایەنگری کردن لە دەوڵەتی ئەسەد وبە پاڵپشتییەکانی خۆی لەو وڵاتە مێحوەری موقاومەت کە لە ئەساسدا بە ئامانجی دژایەتی کردن لەگەڵ دوو دەوڵەتی ئامریکا و ئیسرائیل پێکهاتبوو، بەهێز بکات. سوریە دەیتوانێ بۆ ئێران پردێک بێ بۆ گواستنەوەی چەک و چۆڵی ئێرانی بۆ حیزبوڵای لوبنان .

بەڵام ئەمڕۆ ئەم خواست و ئەم هەنگاو و ئەم ستراتیژییە شکستی خواردوە و ئێتر ئەم ناوچەیە بە کردەوە ناتوانێ مەیدانی رەمبازێنی دەوڵەتی ئێران بێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتە ناوچەییەکانیدا بەرەوڕووی گوشاری جیددی بووەتەوە. لەدەستدانی یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ناوچەکەدا، نفوزی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازبوونی دەستڕاگەیشتن بە لوبنان و حیزبوڵا، بەتەواوەتی لەبەین برد. ئەم گۆڕانکارییانە بەتەواوەتی دەریخستووە کە ئێستا ئێران لەدەرەوە توشی لاوازی گەورە بووە رۆژ لەگەڵ رۆژ ئامانجەکانی لە گەڵ شکست رووبەرو دەبنەوە. لە ناوەوەش ئێران وەزعی لە باشیدا نیەو ناتوانن بە قازانجی ئێران بن و پێمان دەڵێن کە ئێران شانسی وای لەبەردەست دانیە کە بتوانێ جارێکی تر رۆڵی خۆی لەو ناوچەیدا تاقی کاتەوە. لە ناوەوەش گوشارەکان کەم نین ناڕەزایەتێکان یەکجار زۆرن، دەبینین کە هیچ ڕۆژێک نییە کە لە یەکیک لە شارەکانی ئێران لە ماڵ خوراوەوە بگرە تا خانەنشین و کرێکاران ناڕەزیەتی دەرنەبڕن و ئەوە بە ئاشکرا دیارە کە خەڵکی ئێران بە گشتی لە ئێستادا زۆر زۆرتر لە جاران دژی کۆماری ئیسلامین و نا بۆ کۆماری ئیسلامی دەڵێن. کێشەکانی ناودەسەڵات پەرەی ئەستاندووە. هەنووکە کۆماری ئیسلامیی لە چەند ڕووەوە لەژێر گوشارگەلێکی بێ وێنەدایە. بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییە گشتی و خۆپیشاندانەکان و هاتنە مەیدانی ژنان و دژایەتیان لە سەر حیجاب و مافە زەوتکراوەکانیان و هەروەها داڕمانی ئابووری، لاوازبوون یاخود لەناوچوونی ژێرخانەکان، لەناوبردنی ژینگە، داخرانی یەک لە دوای یەکی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، کۆماری ئیسلامیان خستووەتە ناو دژوارترین قۆناغ لە تەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا.

.پەیوەندی نێوان بەرپرسان و جەماوەری ناڕازی پێکهاتوو لە هەموو توێژەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران، گەیشتووە قۆناغێکی گەڵێک هەستیارو دابڕان و کەلێنی گەورەی لێکەوتۆتەوە. ژیانی زۆرینەی خەڵک کارەساتبارە هەژاری و بێکاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان روو لە هەڵکشانن. لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا کۆمەڵێک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بەهێزی وەک بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان، پەرەستاران وبزووتنەوەی دژی حیجابی زۆرە ملی و خانەنشینکراوان، لە ئێران و کوردستان بەشێوەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو سەریانهەڵداوە. بێکاری، ناڕوون بوونی ئاسۆی ژیانی لاوان، هەژاری و کۆچ کردن بۆ دەرەوەی وڵات لە هەموو شوێنێک ناوەرۆکی قەیران و داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی پێک دێنن. بەشداریی بەرچاوی ژنان وەک ستەملێکراوترین توێژی ئەم کۆمەڵگایە لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا، خاڵێکی وەرچەرخانی ترە کە لە شۆرشی ژن ژیان ئازادی  بەم لاوە بە شێوەیەکی ئاشکراتر بەرچاو دەکەوێت.هەمووی ئەم راستیانە سەرەوە باس لە بە بوونبەست گەیشتنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی دەکات و بەڕاشکاوی دەڵێن کە کۆماری ئیسلامیی شانسی مانەوە لە دەسەڵاتی لەدەستداوە. کە واتە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی کۆمەڵانی رەنجدیتوی ئێران یانی روخانی کۆماری ئیسلامیی یەکگرتوویی بەرین پێویستە. ئەم یەکگرتوویەش زامنی سەرکەوتنمانە. یەکگرتوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک؛ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی مامۆستایان، بزووتنەوەی خانەنشینکراوان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژینگە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، مەرجی سەرکەوتنە بەسەر ڕژیمی ئیسلامیدا. دیاریکردنی سیاسەتێکی هاوکاری و هاوئاهەنگی یەکگرتووانە لەگەڵ هێز و هەڵسووڕاوانی خەباتی بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەناوەوەو هەروەها هێزە سیاسییەکان لەسەر بنەمای یپێکهاتنی بەرەیەکی بەهێز و گوتارێکی هاوبەش یان ناوەندێکی بەهێز کە بتوانێ جێی هیوا و هۆمێدی خەڵکی ناڕازی بێ و سووکانی شۆرش لە قۆناغی تازە بۆ روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی بەدەستەوە بگرێ، ئەمە لەهەرە پێویستییەکانی خەباتی ئەمرۆمانە و بێگومان دەبێ بۆ هەنگاوانە تێبکۆشین . ئێمە تێکۆشەرانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو پێناوە بەئاواتی وەدیهاتنی وەها یەکگرتوویەک خەبات دەکەین و بانگەوازی هەموو لایەک دەکەین کە هەنگاوەکانمان لەم بوارە گرنگەدا بخەینە گەڕ. پەیوەندییەکانمان چڕتر کەینەوەو گوتاری سیاسیمان بەرۆژ کەینەوە.