دەرفەتێکی مێژوویی لە چوارڕیانی قەیرانەکاندا….

ئارمان ڕەجەبی

بەرپرسیارێتی لایەنە کوردییەکان لە ڕێڕەوی ئایندەی ئێران

کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ڕژێمێکی دیکتاتۆر بە دوایین قۆناغەکانی بوونی خۆیدا تێدەپەڕێت سیستمێک کە لە سەرکوتکردنی شۆڕشی ٥٧ سەریهەڵدا، ئێستا دوای ٤٥ ساڵ هیچ شەرعیەتێکی لەناو خەڵکدا نییە ئەم ڕژێمە نەک لەسەر ڕەزامەندی خەڵک بەڵکو تەنها بە پشت بەستن بە هێز و تۆقاندن و لەسێدارەدان و سانسۆر دەمێنێتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران نەک تەنها شەرعییەتی ناوخۆیی خۆی لەدەستداوە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا گۆشەگیر بووە و هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی وەک ڕوسیا و چین لە کاتی قەیرانەکاندا بە تەنیا بەجێیان هێشتووە. هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکانی رژێم لە ئێران نەک تەنها نیشانەی لاوازی سەربازی بوو، بەڵکو هێمای تەواوی ڕووخانی “بڵقی ئەمنی” حکومەت بوو.

کوردستان؛ هەرێمێکی چالاک لە وڵاتێکی ماندوودا لە کاتێکدا دڵی ڕژێم خەریکە دەڕوخێت، پەراوێزەکان کە کوردستان لە پێشەوەیە، دەگەڕێنەوە بۆ ژیان. هەر لە کۆماری مەهابادەوە تا خەباتی ساڵانی شەستەکان، هەر لە بزووتنەوە کولتوورییەکانەوە تا بەرخۆدانی مەدەنی کوردستان هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگایەتی هەبووە لە گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکانی ئێراندا.

لە ساڵی ١٤٠١ خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات ناسراو بە شورشی ژینا ئەمینی(ژن،ژیان،ئازادی) لە سەقز دەستیپێکرد و بوو بە گەورەترین چاڵش سیاسی سەردەمی عەلی خامنەیی.

بەگوێرەی داتاکانی، زیاتر لە ٪٣٥ی قوربانیانی ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠٢٢  لە ناوچە کوردییەکانەوە بوون. ئامارێک کە گوزارشت لە قووڵی بەشداری سیاسیی خەڵکی کوردستان دەکات. پارتە کوردییەکان؛ میراتگری بەرپرسیارێتی مێژوویی لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنتڕۆڵ و تەرکیزی لە دەست دەدات، پارتە کوردییەکان لە پێگەیەکدان کە لە هەموو کاتێک زیاتر ڕۆڵی مێژوویی بگێڕن.

پارتە کوردییەکان لەم مانگانەی دواییدا هەنگاویان بەرەو هەماهەنگی زیاتر ناوە بە هەڵوێستی ئاشکرای دژە دەسەڵات. هەرچەندە چاوەڕوانی خەڵکی کوردستان تەنیا گوێگرتن لە لێدوان نییە خەڵک داوای کردار، لێپرسینەوە و یەکڕیزی ڕاستەقینە دەکەن.

دووبەرەکی و هەڕەشە و گەمە قێزەونەکان،

 هاوکات کۆماری ئیسلامی لەهەوڵی تێکدانی ڕێڕەوی یەکڕیزی و خەباتدا دەدات لەڕێگەی دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان حزبە کوردییەکاندا و پەرەپێدانی تایەفەگەری لەناوچە سنوورییەکان و بەکارهێنانی دزە کەران.

لە پاییزی ٢٠٢٢ەوە تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران زیاتر لە ١٢ هێرشی مووشەکی کردۆتە سەر نووسینگەی پارتە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان. هاوکات ڕژێم داوای لە بەغدا کردووە چەک داماڵێت و لایەنە ئێرانییەکان دەربکات بۆ تەواوکردنی فشارەکان لەسەریان. هەموو ئەم کارانە ڕەنگدانەوەی ترسی ڕژێمە لەهێزی سیاسیەکانی کوردستانە.

ئەگەر ئێستا نا، کەواتە کەی؟

کۆماری ئیسلامی وەک دیکتاتۆرییەکی ئایینی و ڕواڵەتی هەڵبژاردن لە داڕماندایە هیچ شەرعیەتێکی کۆمەڵایەتی نییە، ئایدۆلۆژیاکەی کۆنە و خەڵک لێی تێپەڕیوە. ئەگەر حزبە کوردییەکان نەتوانن لەم ساتەوەختەدا ڕۆڵ بگێڕن ئەوا ئایندەی گەلی کورد بەدەست خۆیانەوە نابێت بەڵکو لە لایەن هێزە ناوەندییەکانەوە دیاری دەکرێت کە بڕوایان بە مافەکانی گەلی کورد نییە.

خەڵکی کوردستان بەو تێچۆوە که تووشی بوون شایستەی ئایندەیەکی ئازاد و یەکسان و مرۆڤانن. دەبێت لایەنە کوردییەکان یان پارێزگاری لەو داخوازییە بکەن یان ڕێگە خۆشکەر بن بۆ نەوەیەکی نوێ کە بوێری ئەوەیان هەبێت.