دیوەزمەی ڕەش و ڕەشبگیریی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سەیران مستەفازادە
ئازادی و ئەمنیەت یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی هەر ئینسانێکە. له بارودۆخێکدا کە هاووڵاتیان بە گومانی ئەنجامی تاوانێک، دەستبەسەر دەکرێن پاراستنی ماف وئازادی ئەو تاکانە زۆر گرینگترە لە کاتێک کە دۆخ ئاساییە چونکە باروودۆخی ئەو کەسانە زۆر مەترسیدارە. کەسێک کە دەستبەسەر دەکرێت زۆر جێگای مەترسی هەیە کە مافەکانی پێشێل بکرێ. لە پاڵ حورمەت دانان بۆ ئازادی و ئەمنییەتی تاکەکان، حکومەتەکان ئەرکە لەسەر شانیان کە ئازادی و مافی تاکەکانی کە دەستبەسەر کراون لە بەر چاو بگرن. دەستبەسەر کردنی تاوانباران و بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ کەسانێک کە ئەمنیەتی گشتی تێک دەدەن ئەرکی پۆلیسە کە بە نوێنەرایەتی لە هاووڵاتیان بە جێی دەهێنن. بەڵام لە ئێران پڕۆسەی دەستبەسەرکردنی خەڵک ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تاکەکان تاوانێکیان کردبێت. هۆکاری دەستبەسەرکردنی خەڵک و لاوانی ئێران جۆراجۆرە وزۆر جار کە خەڵک بە هۆی ئەوەی کە داوای سەرەتایی ترین مافەکانیان دەکەن لە لایەن رژیم دەستبەسەر دەکرین و بۆ بێدەنگ کردن و سەرکوتکردنی خەڵک بە کۆمەڵ دەستبەسەریان دەکەن و زۆر جار بۆ دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییان بڕیاری دادوەریان پێ نییە. شێوازی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی کورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران. لە کوردستان کێشەکان سیاسی کراونەتەوە و هەر کەس کار و چالاکییەکی هەبێت تۆمەتی سیاسی لێدەدرێت و بۆ ئەوەی رژیمی ئێران بە ئاسانی بتوانێت خەڵکی کورد سەرکوت کات، زۆر بە ئاسانی سێناریۆ ساز دەکات بۆ چالاکوانان و کار و خەباتی مەدەنی دەباتەوە ناو قاڵبی سیاسی، ئەوە لەحاڵێکدایە زۆربەی ئەو چالاکییانە بۆ بە دەست هێنانی سەرەتایی ترین مافەکانی نەتەوەی کوردە بۆ نموونە چالاکوانانی وەک زارا مەحەمەدی کە تەنیا تاوانی فێرکردنی زمانی دایک بوو بە زیندان مەحکووم دەکرێت و قورس ترین سزای بە سەردا سەپیندراو و ئەوە لە کاتێکدا کە نووسین و خوێندنەوە بە زمانی دایکی یەکێک لە سەرەتایترین مافەکانی هەر مروڤێکە.
هەر لە ماوەی چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا خانمە شاعیرێکی لاو بە ناوی تەرانە محەمەدی خەڵکی بانە بەهۆی بەشداری لە لایڤێک لە ئینستاگرامی مامۆستا نەجمە غولامی و هەروەها بەشداری لە لایڤێکی خاتوونێکی فارس زمان و خوێندنەوەی شێعر و تەنیا بە هۆی ئەوەی کە کوتی بە زمانی هاوبەشی فارسی دەمەوێ شێعرتان بۆ بخوێنمەوە، نەتەنیا لەگەل دژایەتی ئەو خانمە فارسەوە بەرەوڕوو بوو بەڵکوو چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن مەئموورەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە رفێندرا و بێرێزی و بێ حورمەتی زۆری پێکرا و تەنانەت هەڕەشەی بڕینی زمانیان لێکردووە.
سێناریۆسازی و ڕەواییدان بە دەستبەسەرکردنی خەڵک لە حالێکدا کە زۆر کەس کە تاوانبارە و تاوانی زۆر قورسی کردووە بە ڵام بە هۆی ئەوەی کە مۆرەی رژیمن و لەگەڵ رژیمی فاسدی ئێران دەستیان لە یەک کاسەدایە هیچ هەڵسووکەوتێکی یاسایی لە بەرامبەریان ناکرێت . وەک نموونە هیچکام لە تاوانبارەکانی ئەسیدپژاندن بەسەر ژنانی کوردستاندا کە چەند ساڵ لەمەوپێش بە ناوی نەبوونی پۆششی ئیسلامی ئەو هێرشانەیان کرایە هیچیان سزا نەدراون. لە ڕۆژانەی رابردوودا ئێمە جارێکی دیکە شاهیدی سیاسەتی سیستماتیکی گرتن و دەستبەسەرکردنی لاوانی کورد لە لایەن رژیمی ئێران لە کوردستانین. سیاسەتی گرتنی بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی کورد هەر لە سەرتای هاتنە سەر کاری رژیمی ئێران لە هەموو بەشەکانی ئێران بە تایبەت لە کوردستان هەبووە. شەپۆلی گرتنی هاوڵاتیانی کورد لە کوردستان ئەو جارەش بە مەبەستی چاوترساندن و سەرکوتکردنی خەڵک دەستی پێکردووە. دەستبەسەرکردنی هاوکاتی ١٤چالاکی مەدەنی و خوێندکاری کورد لە ئێران ترسی ڕژیم نیشان دەدات. چۆنکە رژیم لە خەڵکی روشنبیر و وشیار دەترسیت و چاک دەزانێت کە زانکۆ شوێنی مروڤی رووناکبیر و خاوەن بیر و هەڵوێست و خەباتکارە و بۆیەش زەخت و گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر زانکۆکان. لە ڕێکەوتی ۲۱ ی بەفرانبار تا ۲۸ ی رێبەندان ۳۲ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی مەهاباد ، سەردەشت، نەغەدە، مەریوان وسنە دەستبەسەرکراون و ژمارەیەکی تریش بانگێشتی دەزگا ئەمنییەکان کراون و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خراونەتە ژێر لێپرسینەوە. هەنووکە هاووڵاتییان و چالاکانی کورد دوای دەستبەبەسەرکران لە شارەکانی تاران، کەرەج، مەهاباد، بۆکان، سنە، مەریوان و رەبەت لە گرتووخانەی دەزگای ئیتلاعاتی ورمێ و سنه ڕاگیراون و ژمارەیەکیان دوای چەند کاتژمێر پاش دستبەسەرکرانیان توانیویانە لە گەڵ بنەماڵەی خۆیان چەند چرکە قسە بکەن و هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆیان ڕاگەیاندووە. ئەو دەستبەسەرکردنەی هاووڵاتییان و چالاکوانانی رەخنەگری سیاسەتەکانی رژیم رەوتی هەمیشەیی سەرکوتکردنی خەڵکە و شتێکی تازە نیە و بەردەوام لە دوای هاتنە سەرکاری رژیمی ئێران هەبووە و هیچ کات ئەم رەوتە رانەوستاوە بەڵام هێندێک جار کەمتر و هێندێک جار زەقتر و بەرچاوتر بووە. لە ساڵانی ڕابردوودا رژیم کاتێک دەستی کردووە بە دستگیر کردنی خەڵک پەروندەی سیاسی و ئەمنیەتی درووست کردووە و بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرە ملی و زەخت و گوشاری زۆری خستووەتە سەر گیراوەکان و زۆربەی جار ئەشکەنجەی کردوون
ئەمڕۆکە ئیران بە هۆی سیاسەتی ناڕەوا و خراپی ڕژیم چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە و هەروەها گەندەڵی میلیاردی بەرپرسانی حکوومەتەکەی توشی سەدان قەیران بووە کە گرینگترینی ئەو قەیرانانە ، برسیەتی، بێکاریی و هەژارییە، ئەم بارودۆخە ڕۆژانە رێژەی هەژاری دەباتە سەرەوە و رژیم بە باشی هەستی بەوە کردوە و لەوە دەترسێت کە شۆڕشی هەژاران دەست پێ بکات و ببێتە لافاوێک کە هەموو تان و پۆیەکانی رژیم لەگەڵ خۆی بەرێت.
لەم ناوەدا رژیم زیاتر لە کوردستان دەترسێت، چونکە باش دەزانێت کە کوردستان مەکۆی راپەڕین و شۆڕشە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش دەستی داوەتە گرتن و ڕاوەدوونانی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەیەوێت گەنجی کورد چاوترسێن بکات هەر بۆیە لە دوو هەفتەی رابردوو کۆمەڵێک ژینگە پارێز و چالاکی مەدەنی بە بی هۆ دەستگیر کردووە و گواستوویانیەتەوە بۆ شوێنی نادیار.