دەسەڵاتی ڕەگەزپەرەستە گەندەڵەکان لە پارێزگای ورمێ

✍کاوان موکری

ڕۆژی دوشەممە ۲۲ بەفرانبار، موحەمەد حەزرەتپوور شارەداری ورمێ بانگکرایە ئیدارەی ئیتلاعات و بە تۆمەتی گەندەڵی ئابووری دەست بەسەر کرا. پێش دەست بەسەرکرانی حەزرەتپوور، لە مانگی ڕابردوودا شارەدارەکانی مەڵبەندی ۲ و ۴ی شاری ورمێ و هەروەها چەند کەس لە جێگرانی ئەو شارەداریە هەر بە تۆمەتی گەندەڵی قۆڵبەست کرابوون.  بە بیانووی دەست بەسەرکرانی شارەداری ورمێ، لەو وتارەدا باسێک لە پەیوەندیەکانی ڕەگەزپەرەستی و گەندەڵی لە شاری ورمێدا دەکەین. موحەمەد حەزرەتپوور ساڵی ۱۳۹۱ هەتاوی دوای چەند ساڵ کار لە پۆستی جێگری سەرۆکی شۆڕای ئیسلامی شاری ورمێ بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەداریی ئەو شارە هەڵبژێردرا.

لە درێژەی ئەو ۹ ساڵەدا حەزرەتپوور بە پشتگیریی حاجی حەسەنی نوێنەری پێشووی خامنەیی لە پارێزگای ورمێ، بونیاد شەهید و هەروەها سوپای پاسداران بوو بە یەکێک لە بەهێزترین شارەدارەکانی وڵاتی ئێران. حەزرەتپوور بە بۆنەی بەڕێوە بردنی ژمارەیەک پلانی ئاوەدانکردنەوە وەک ساز کردنی پرد و… لە شاری ورمێدا خۆی وەک شارەدارێکی لێزان بە خەڵک ناساند و توانی ڕەزامەندی بەشێک لە خەڵکی ئەو شارە بە دەست بهێنێت. هەر چەند له ۹ ساڵی ڕابردوودا هەموو کات ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان گومانی گەندەڵیی ئابوورییان لەسر ئەو پلانانە دەدایە پاڵ شارەدا، بەڵام بە بۆنەی پشتیوانییە سیاسیەکانی نێو سیستەمی ئیداری پارێزگا، هیچ کات ئەو گومانانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکرا.

شارەداری ورمێ جگە لە پلانی ئاوەدانکردنەوە، چەندین پلانی کولتووریی تایبەتی لەو شارەدا بەڕێوە برد. یەکێک لەو پلانە کولتووریانە کە لە ساڵانی دەسەڵاتی حەزرەتپووردا زۆر بە بێ دەنگی بەڕێوە دەچوو پلانی گۆرین و دووبارە نووسینەوەی کولتوور و مێژووی ناوچەکانی شاری ورمێ وەک شارێکی تورک بوو، بە جۆرێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا نێوی زۆر لە گەڕەکەکانی ئەو شارە لە زمانی کوردی یان فارسیەوە بۆ تورکی گۆڕدران. هەروەها بە خەرجکردنی بوودجەیێکی زۆر لە لایەن شارەداریەوە بە بەرێوە بردنی فێستیوال و… هەوڵ درا کە شاری ورمێ لە چاوی میوانانی ئەو شارەدا وەک شارێکی تورک بناسێندرێت. ئەو سیاسەتانە کە بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا پەرەیان سەند، هەموو کات لە لایەن نەتەوەکانی تری دانیشتووی شاری ورمێوە وەک کورد، ئاشووری و ئەرمەنی رخنەیان لێ گیراوە. بۆ نمونە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی هەواڵنێردا دوای قسەکردنی حەزرەتپوور بە زمانی تورکی بۆ دانیشتوان یەکێک لە ئەندامانی کوردی شورای ئیسلامیی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی ئەو ڕێوڕەسمەی بەجێهێشت.

جگە لە سیستەمی دژە کوردی کۆماری ئیسلامی کە بە شێوەی سیستێماتیک نەتەوە ژێردەستەکانی سەرکوت کردووە و بە ئاشکرا ڕەگەزپەرەستی پەرەپێداوە بێ گومان دەتوانین غوڵامڕەزا حەسەنی نوێنەری پێشووی وەلی فەقێ لە پارێزگای ورمێ بە یەکێک لە گرینگترین دامەزرێنەرانی سیستەمی حکوومەتی ڕەگەز پەرەست لەو پارێزگایە نێو بەرین.

حەسەنی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە لە پارێزگای ورمێ هەوڵی دا هەموو کات هێزی سیاسی و ئیداری پارێزگا لە دەست نەتەوەی تورکدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەتەوەکانیتر بە تایبەت کورد نەتوانن لە ئایەندەی سیاسیی خۆیاندا ڕۆڵیان هەبێت. دەستێوەردانی سیاسیی حەسەنی تا ڕادەیێک بوو کە لە ساڵانی دەسەڵاتیدا تەنانەت ڕێگریی لە دامەزراندنی کارخانەی تایبەت و نادەوڵەتیەکان لە شارە کوردەکانی پارێزگاش دەکرد.

بەڵام پەیوەندیی نێوان ئەو سیستەمی ڕەگەز پەرەستییە و گەندەڵیی ئابووری ڕێکخراوە حکومەتییەکان لە پارێزگای ورمێ چییە؟ ورمێ جگە لە فساد و گەندەڵیی گشتیی سیستەمی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامی لە هەمووی ئێراندا، جۆرێکی دیکە لەگەندەڵیش کە ئاسەواری دەسەڵاتی ڕەگەزپەرەستانەیە بەرۆکی گرتووە. ئەو ڕەگەز پەرەستییە بووتە هۆی ئەوەیکە هێزی دەسەڵاتداری تورک لە پارێزگا لە هەموو ساڵانی پێشوودا دژ بە هەر بەرپرسێکی شارەزای نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت لە شاری ورمێ بوەستێتەوە و ڕێگییان لێبکات.

بە بێ گومان لە پارێزگای ورمێ، ڕەگەزپەرەستیی تۆندڕەوانە لە ڕێگای هان دانی هەستی نەتەوایەتی و فریودانی خەڵکی مەدەنی، هەموو کات بۆتە ئامێرێکی دەسەڵاتداران بۆ ڕاگرتنی هێزی سیاسیی خۆیان .لەبەر نەبوونی سیستەمێکی دادپەروەریی سەربەخۆشەوە هێزی سیاسی کە هیچ چاوەدێرییەکی لەسەر نییە دەبێتە هۆی فساد و گەندەڵیی ئابووری.

ئەو پاوانکاری نەتەوەیی و سیاسییە لە ورمێ، بە تایبەت لە دەورەی کۆماری ئیسلامیدا، بە هۆی کەڵەکەبوونی دەسەڵات لە نێو دەستی یەک لایەنی ڕەگەزپەرەستی سەر بە حکوومەتدا، ڕۆژ بە ڕۆژ بووەتە هۆی بەرینبوونەوەی گەندەڵیی ئابووری لەم پارێزگایەدا. بێگوومان ڕێگرتن لە دەسەڵاتی نەتەوایەتیی ڕەها و دوور لە چاوەدێری و لەبەرچاوگرتنی هێزە لێهاتووەکانی هەموو نەتەوەکان و دامەزراندنی سیستەمێکی گشتگیر دەتوانێ لە داهاتووی پاش حکوومەتی ئیسلامدا پێش بە هەموو گەندەڵیێک بگرێت و ببێتە هۆی پێشکەوتنی پارێزگای ورمێ بە هەموو دانیشتووەکانیەوە.