دیمانەی دواڕۆژ لەگەڵ هاوڕێ فایەق رەسووڵی لە سەر چەن پرسی گرینگ….!

0
فایەق ڕەسووڵی 

پێوەندی نێوان بزووتنەوەی دادخوازی و بزووتنەوەی دژ بە سێدارە

یەکێک لە بنەما سەرەکیەکانی بزووتنەوەی دادخوازی دۆزینەوەی ڕاستیەکان و سەقامگیر کردنی دادپەروەریە. سڕینەوەی فیزیکی و لە ناو بردنی مەبەستی سەرەکی هیچ گرفتێک لە ناو کۆمەڵگا چارەسەر ناکا. هەر بۆیە ئێمە بە دوای چارەسەریی بنەڕەتی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتیەکان داین.

هەر وەک دەزانین، بەشێک لە حوکمەکان بە سەر بەندکراوە سیاسیەکان دا دەسەپێندرێن، ئەویش تەنیا بە هۆی جیاوازی بیر و ڕا و سەلیقەیە! کە وا بوو زۆرێک لەم بنەماڵانەی ئەوڕۆ وەک بنەماڵەی دادخوازان پێناسە دەکرێن، خۆیان لە قوربانیانی سزای سێدارەن و تەنیا بە هۆی جیاوازی بیر و ڕای ئازیزانیان، ئەوانیان لە دەست داوە. کەوابوو دژ بەم کەرەسەی سەرکوت و سانسۆڕە بوەستن و بەشێک لە خەباتی دادخوازانەیان تێکەڵی تێکوشانی دژ بە سێدارە بکەن. هەر وەک دەبینین، ئەوڕۆ زۆرێک لە بنەماڵەی دادخوازان لە پێشڕەوانی بزووتنەوەی دژ بە ئێعدامن و ڕۆژانە خەریکی بەرخۆدانن.

پێوەندی نێوان بزووتنەوەی دژ بە سزای سێدارە و بزووتنەوی سەرەونخونی

ئەسڵەن سەرەونخونی چیە و بە چ مانایە؟ هەندێک دەستە و تاقم و کەسایەتی کە بە هۆکاری جیاوازی سیاسی، کۆمەڵایەتی، عەقیدەتی و ئابووری دەگەڵ حکومەت کێشە و بەرکەوتنیان هەیە، گەرەکیانە بیگۆڕن، یا بە واتایەکی تر “سەرەونخونی کەن” یا بیڕوخێنن، لە چوارچێوەیەکدا خۆێان دەبیننەوە کە پێی دەڵێن “بزووتنەوەی سەرەونخونی”. لە لایەکی تریشەوە، کۆماری ئیسلامی بەردەوام بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی جۆراوجۆری وەک سێدارە، دەستی داوەتە سەرکوت و لە ناو بردنی نەیارانی خۆی.

کاتێک کە باس لە سەرەونخونی دەکەین، بەو مانایەیە کە ئێمە گەرەکمانە شتێک بگۆڕین. چون کۆمەڵگا بەو دەرەنجامە گەیشتووە کە ناتوانێ هیوا ببەستێ بە گۆڕینی وەزعەکە لە چوارچێوەی سیستەم و حاکمیەتی مەوجوددا. کەوابوو مەجبوورە بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە و گەیشتن بە ویست و داخوازیەکان، حاکمیەت بگۆڕن، کە دەکرێ لە قەوارەی “بزووتنەوەی سەرەونخونی”دا پێناسەی بکەین.

با لە گۆشەنیگایەکی تریشەوە بڕوانینە مەسەلەکە و دەسەڵات وەک “بەڕێوەبەری یاسا” چاو لێ بکەین. سزای سێدارە یەکێک لەو حوکمانەیە کە لە ناو یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دا هاتووە و بەکار دەهێندرێ. هەر وەک دەزانین، لە سالی ٢٠٢٤ی زایینی دا نزیک بە ١٠٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و زۆر کەسیش لە سەرەی جێبەجێ کردنی سزا بە سەر سەپێندراوەکەی دایە. بزووتنەوەی دژ بە سێدارەش باس لە لابردنی ئەو حوکمە دەکا لە یاسای بنەڕەتی وڵات دا. کە بە  یاسایەکی دژ بە گۆمەڵگا و دژە مرۆڤی دەزانێ. بەڵام لە ئاکامدا، بزووتنەوەی دژ بە سێدارەش وەک سەرجەم بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتیەکانی تر بەو دەرەنجامە دەگا کە ئیتر دەسەڵات نایهەوێ دەست بەرداری ئەم حوکمە بێ و دەستێوەردانێک لە یاسا و ڕێساکانی خۆیدا بکا.

بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ناڕەزاییەکان بزووتنەوە گەلێکی قائم بە زات نین و ڕەنگ و بۆنی خۆیان لە بزووتنەوە ناڕەزایی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی تر وەردەگرن. بەشێکیشی دەگەڕێتەوە سەر چۆنیەتی مامەڵە و هەڵسوکەوتی دەسەڵات لە تەک ئەم بزووتنەوانەدا. لێرە دایە کە بزووتنەوەی دژ بە سێدارە بزووتنەوەی سەرەونخونی دەگەنە یەکتر و بۆ دەرچوون لەو بار و دۆخە و گەیشتن بە داخوازی و ئامانجەکان مەجبوور بە گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی دەبن.

 هەر وەک ئاگادارین، لە نەورۆزی ئەمساڵ دا دەرکەوتنی بنەماڵەی دادخوازان لە ڕێوڕەسمەکاندا بەرچاو بوو. ڕای ئێوە سەبارەت بەو دیاردەیە چیە؟

بەر لە هەموو شت، دەبێ بڵێم دەرکەوتنی ئەم بنەماڵانە لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکان دا ئەوەمان پێ دەڵێ کە کۆماری ئیسلامی نەتەنیا لە سیاسەتی سەرکوت و لە ناو بردنی جەستەیی چی دەست نەکەوتووە، بەڵکو بۆ کۆمەڵگا بە گشتی و بۆ بنەماڵەی دادخوازان بووە بە قۆناغێکی تر لە خەبات و پێشڕەوی بۆ چەسپاندنی خواست و ویستەکانیان. بە دڵنیاییەوە کوشتن، لە سێدارەدان، بەند کردن و تۆقاندنی هەر تاکێک خەسارێکە کە لە کۆمەڵانی خەڵک دەکەوێ و بگرە لە زۆر بابەتەوە قەرەبووش ناکرێتەوە. بەڵام ئەکت و هەڵوێستی پاش ئەو ڕووداوانە زۆر گرینگە، بۆ ئەوەی بزانین خەبات لە چ قۆناغێک دایە و بەرەو چ ئاسۆیەک دەڕوا. ئەوەی دەیبینین، بەردەوامیی تێکۆشان و تەنانەت چڕتر بوونەوەی بەرخۆدانە، کە لە زاتی خۆی دا فەشەل هێنان بە سیاسەتی سەرکوتە.

پاشان، سیاسەتی سەرکوت بۆ ڕوخاندنی ئیرادە و دەروونی کۆمەڵگایە، بە تایبەت ئەو کەسانەی عەزیزانیان لە دەست دەدەن یا دەست بەسەر دەکرێن. بێ گومان لە باری دەروونیەوەش کاریگەری خۆی دەبێ و هیچ شتێک تاڵ و قورس تر نیە لە لەدەست چوونی خۆشەویستان و عەزیزان.

بەڵام باوەڕ هەبوون بە ڕێگا و ڕێبازی گیانبەختکردووان و هەست بە بەرپرسیارێتی کردن سەبارەت بە درێژەی ئەم ڕێبازە، وامان لێدەکا کە نەچینە قۆناغی تێک شکان و خۆ دۆڕاندن و هەر زوو زاڵ بین بەسەر کێشە دەروونی و عاتفیەکاندا و بە ورەیەکی بەرزترەوە بگەڕێینەوە گۆڕەپانی خەبات. ئەم تێگەیشتنەیە کە دایک و باوکێکی جەرگ سووتاو لەگەڵ ئەویدا کە دەبن بە هێمای خۆ ڕاگری، دەبنە خاوەنی ئۆتۆریتە و مەشعەلداری تێکۆشان و بەردەوامیی. بە تایبەت لە دەرکەوتنی بۆنەگەلێک کە ئاوێتەی شادی دەربڕین و خۆشیە، ئەوە دەسەلمێنێ کە لەوە گەیشتوون بەربەرەکانێ دەگەڵ دەسەڵاتێک کە بە وەسیلەی کولتووری تەعزیە و پەرەپێدانی خەمۆکی گەرەکیەتی بە چۆکیان دابێنن، دەربڕینی شادی و هاتنە نێو گەڕی شاییە و پێمان دەڵێن ئەوەی کە لە گۆڕەپانەکە ڕوو دەدا بە واتای ڕاستەقینەی خۆی ڕەزمە. ڕەزمێکە بۆ بەرخۆدان و شەڕێکە بۆ ژیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *