دۆخی ئابووریی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێ و نەورۆز دا

✍سەیران مستەفازادە

لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی و هاتنە سەر کاری رژیمی ئیسلامی ئێران،  ژیانی ئابووری خەڵک رۆژ بە رۆژ خراپتر و خراپتر دەبێت و ئێستاش بە گشتی نە تەنیا ژیانی ئابووری بەڵکوو شیرازەی ژیانی هاوبەشی بنەماڵەشی لە بەر یەک ترازاندوە و خەڵکی ئێران تووشی سەرلێشێواوی و ماڵوێرانی بوون.

لە یەکەمین دەیەی هاتنە سەر کاری رژیمی ئیسلامی واتە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی تا ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویی کە هاوکات بوو لەگەڵ کوشتاری زیندانیانی سیاسی و خواردنەوەی جامی ژاری خومەینی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئێراق ئاستی توانای شت کڕینی خەڵک لە نیوە زیاتر دابەزی و لە دوو دەیەی دواییدا ئێمە شاهیدی هەڵاوسانی ئابووریی دوو رەقەمی و زیادبوونی خەڵکێک کە داهاتیان لە ژێر هێڵی هەژاریدایە بووین لە ئێران،  و ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویش بوو بە ساڵێکی سەخت و دژوار بۆ خەڵکی چەوساوەی ئێران و دۆخی ژیانی خەڵک تا ئاستێکی هەرە نزم دابەزیوە و خەڵکێکی زۆر توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە.

لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵدا و ٤٢هەمین ساڵی دەست بەکار بوونی رژیمی ئیسلامی ئێران خەڵک لە حاڵێکدا جەژنی نەورۆزیان گرت کە ژێرخانی ئابووری ئێران بە گشتی داڕماوە و کوردستان زۆر تایبەتی ترە بە هۆی ئەوەی کە رژیم  کوردستانی هەمیشە سەرکوت و میلیتاریزە کردوە و تەنانەت بۆ بۆنە رەسمییەکانی نەتەوەیی کورد گوشاری زۆری خستۆتە سەر کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هەموو ئەمانە لەلایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە زۆر بوونی گەماڕۆکان و هەروەها نەبوونی سیاسەتی دروستی رژیم چ لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی و هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کوڕۆنا کە ئەویچ بەشێکی لە ئاکامی سیاسەتی هەڵە و دژە خەڵکیی حکوومەتدا بوو،  دۆخێکیان لە ئێران دروست کرد کە ژیانی دەیان هەزار بنەمالەی لە بەر یەک هەڵوەشاندەوە و توانای کڕینی خەڵک زۆرتر هاتە خوارەوە و چینی مامناوەندیش بە گشتیی لە ناو چوو و هەموو هاتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و ئەوەش وایکردووە ئەمڕۆکە لە ئێران خەسارە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر و مەترسیدارتر لە جاران بەرۆکی خەڵکیان گرتووە و بۆ نموونە تەمەنی ئەو کەسانەی ئێعتیادیان هەیە یا گیرۆدەی یەکێک لە مادە سڕکەرەکانن دابەزیوە، لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا بێجگە لە دەستوپێوەندەکانی حکوومەت و ڕانتخۆرەکان و ژمارەیەک سەرمایەداری سەر بە دەسەڵات نەبێ، کەم کەس هەن کە ژیانیان لە ئاستێکی شیاو و باشدا بێ.

رژیمی ئیسلامی ئێران لە دوای هاتنە سەر کاری خۆی تا ئەمڕۆکە چ لە ناوخۆ و چ لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا پلان و بەرنامەکانی تەنها گوشاری خستووەتە سەر خەڵک و ژیانی خەڵکی زەحمەتتر کردووە. لە جیهانی ئابووری و بە هۆی ئەو سیاسەتەی کە رژیم چ لە بەرنامەی ناوکی و چ لە بەرنامەی دەرەوەی خۆیدا گرتوویەتە بەر، لەلایەن وڵاتە زڵهێزەکانەوە بە تایبەتی ئەمریکا دەیان گەماڕۆ خرایە سەر ئەو رژیمە و بەوەش هەموو تان و پۆیەکانی ئابووری ئێران کەوتە بەر هێرشی گەماڕۆکان و ئەوەش وایکرد کە ژێرخانی ئابووری ئێران بە گشتیی لە ناو بچێت و ئەگەر رۆژێکیش گەمارۆکان لە سەر ئێران لابەرن، چاکبوونەوەی دۆخی ئابووری لە ئێران ساڵانێکی زۆر دەخایەنێ.

سیاسەتی رژیم لە کوردستان لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حکوومەتە ناڕەواتر و نامرۆڤانەترە، لە کوردستان کەمترین خزمەتگوزاری لە ماوەی ئەم ٤٢ ساڵەدا ئەنجام دراوە کە نەبوونی هێڵی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەی شیاو لە نموونە بەرچاوەکانیەتی، هەروەها نەبوونی کارگە و کارخانە بۆ پێشخستنی ئابووری و کەمکردنەوەی بێکاری وایکردووە دۆخی خەڵکی لە شوێنەکانی دیکە خراپتر کردووە و ئەو کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنانەش کە بوون بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و دەستێوەردانی هێزە نیزامیی و ئیتیلاعاتییەکانی حکوومەت لە ئابووریدا تووشی خەساری گەورە بوون و یان داخراون یان بەرەو داخران دەچن. رژیم لە کوردستان وەکوو سیاسەتی هەمیشەیی خۆی دەستی کردوە بە گرتنی چالاکوانانی کورد و بە دەیان کەسی دەستگیر کردوە ولە بەرەبەری نەورۆزدا خەڵکێکی زۆری بانگ کردووە بۆ ئیتلاعات و هەڕەشەی لێکردوون، زۆربەی هونەرمەندانی کوردی بانگهێشت کردووە بۆ ئەماکن و بەڵێنی لێوەرگرتوون کە لە هیچ بۆنەیەکی نەورۆزدا ئاهەنگ نەگێڕن و هەر بەو بۆنەشەوە دیسان خەڵکی دەستگیر کردوە و رەشبگیرییەکان لە کوردستان بەردەوامە و ئەمەش بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای کێشە و دۆخی خراپی ئابووری دەردی سەرباری دەردانە و خەڵک لە چەندین لاوە گوشاریان لە سەرە و بە گشتیی دەتوانم بڵێم کوردستان میلیتاریزەیە چ لە بواری ئابووری و چ کولتروری و سیاسییەوە.

ناکارابوونی رژیمی ئیسلامی ئێران و هەروەها گەمارۆکان بە دژی ئەو رژیمە لە ٤٢ ساڵی رابردوودا هەمیشە دۆخی خەڵکی خراپتر کردوە و توانای شت کڕینی خەڵک گەیشتووەتە سیفر و بە پێی وتەی بەرپرسانی رژیم خەڵک چیدی ناتوانن گۆشتی سوور، مریشک و ماسی و پستە و … بکڕن و سفرەی خەڵک بەتاڵە. بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی ئەو پاندێمییە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا زەقتر و مەترسیدارتر لە شوێنەکانی دیکەی جیهان دیارە. لەو ئەزمەیەدا کرێکاران و خەڵکی کەمداهات زیاترین زەرەریان کردووە و زیاترین گوشاریان کەوتووەتە سەر.

بە هۆی ئەو هۆکارانەی کە باسکران، بەشی بەرهەمهێنان زیاترین زەبری لێکەوت و زۆربەی کارگە چکۆلەکان داخران و کارگە گەورەکانیش یا بە حاڵەتی نیوە داخراو و یا زۆربەی کرێکارەکانیان دەرکرد و زۆری ئەو کارگانەش وا ئێستە لە ئێران چالاکن ناتوانن حەقدەستی کرێکارەکانیان بدەن و ئێمە رۆژانە شاهیدی مانگرتنی کرێکارانی ئێرانین کە داوای مافی خۆیان واتە “موچە وەدواکەوتوەکانیان” دەکەن.

سەبارەت بە هێڵی هەژاریی لە ئیران هیچ سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو لە بەردەستدا نییە و هەر بەو هۆیەوە ئێمە لێدوانی جۆراوجۆر لە بەرپرسانی رژیم دەبیستین و هەر چەن ئەو لێدوانانە زۆر کەم جێگەی متمانەن و ئەو شتەی کە بەرپرسانی رژیم باسی لێوە دەکەن بە دڵنیاییەوە چەن قات زیاترە. ئەگەر بە پێی پێوەری بانکی جیهانی بەراوردی ژیانی رۆژانەی خەڵک بکەین دەبێت هەر بنەماڵەیەکی سێ کەسی لە مانگدا ٥٤٤ دۆلار دەرامەدیان هەبێت تا بتوانن ژیانێکی مەمرە و مەژیان هەبێ. بە پێی نیرخی ئێستای دولار لە ئێران هەر بنەماڵەیەکی سێ کەسیی دەبێت لە مانگدا لانیکەم ١٣ ملیۆن و شەشسەد هەزار تمەن مووچەی هەبێت و ئەمەش ئەمڕۆکە لە ئێران مەحالە و کەمتر بنەماڵەیەک هەیە کە بتوانێت لە مانگێکدا هێندە داهاتی هەبێ. تەنانەت ئەو هێڵی هەژارییەی خودی بەرپرسانی حکوومەت ددانی پێدادەنێن واتە داهاتێکی ٩ میلیۆن تمەن لە مانگدا بۆ زۆربەی هەرە زۆری خەڵک دەس نادا و ئەوە بە جوانی دەریدەخا کە ئاکامی زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵک تەنها هەژاری و دەسکورت و ژیانێکی تاڵ بووە.