حیجابی زۆرەملێ؛ ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن یان بیانوویەک بۆ ڕاپەڕین!

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنە سەرکاری لە ساڵی ١٣٥٧دا حیجابی کردە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی ژنان. ئەم سیاسەتە کە ڕەگ و ڕیشەی لە ئایدۆلۆژیای مەزهەبی حکومەتدا داکوتاوە، نەک هەر ئەرکێکی ئایینی بووە، بەڵکو ئامرازێک بووە بۆ سەپاندنی گوێڕایەڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر نیوەی دانیشتوانی ئێراندا. لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمەدا، پێشێلکردنی حیجابی ئیجباری بووەتە بیانووی سزای دوورودرێژ و توندوتیژانە. هەر لە ئازاردانی سەر شەقامەکانەوە لە لایەن گەشتی ئیرشادەوە تا دەگاتە گرتن و زیندانیکردن و تەنانەت کوشتن، ئەمە چارەنووسی زۆرێک لەو ژنانە بووە کە بوێری ئەوەیان هەبووە سەرپێچی لەو یاسا پڕ ستەمە بکەن. قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی لە خەرمانانی ١٤٠٢ لوتکەی ئەم سەرکوتکردنە بوو؛ ڕووداوێک کە تووڕەیی کەڵەکەبووی کۆمەڵگای هەڵگیرساند و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا هێنا کە بۆ چەند مانگێک ڕێژیمی هەژاند.
لە دوایین هەوڵی سەپاندنی ئەم سەرکوتکاریانەدا، ڕێژیم یاسایەکی نوێی بە ٧٤ مادەدا داڕشتووە کە چاودێری و سەختگیری زیاتری لەسەر حیجابی زۆرەملێ دەسەپێنێت. ئەم یاسایە کە تەنانەت کچانی تەمەن ٩ ساڵان دەگرێتەوە، سزای وەک جەریمەکردن تا ٣٣٠ ملیۆن تمەن، زیندانی درێژخایەن تا ١٥ ساڵ و تۆمەتی قورسی وەک “فساد فی الارض” لەخۆدەگرێت. تۆمەتێک کە دەتوانێ لە سیستەمی قەزایی ئەم ڕژیمەدا سزای لەسێدارەدانی لێ بکەوێتەوە. ئامانجی ئەم ڕێوشوێنانە بە سیستەمکردنی ترس و گوێڕایەڵییە لە کۆمەڵگایەکدا کە تادێت بەرامبەر بەم سیاسەتانە خۆڕاگرتر دەبێت. بەڵام دوای دوو ساڵ لە تێکۆشان بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، کابینەی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری هەنووکەی ئێران، ڕێگری لە وەگەڕخستنی فەرمیی لە قانوونە کرد. ئەم پاشەکشە چاوەڕواننەکراوە کە پێدەچێت لە ترسی هەڵگیرساندنەوەی ناڕەزایەتییەکان ئەنجامدرابێت، پرسیارگەلێکی بنەڕەتی دەوروژێنێت: ئەم بڕیارە مانای چییە؟ ئایا دەسەڵات ملکەچی گوشاری کۆمەڵایەتی و ئیرادەی ژنان بووە؟
ئێستا ڕێژیم بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دوو جەمسەریی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە یان پاشەکشەکردن لێی، بە کردەیی نیشانی داوە کە بەرامبەری ژنان شکستی هێناوە. بەڵام ئەمه تەنها شکستی سیاسەتەکانی ڕژیمێک نییه، بەڵکو ڕووخانی بەها ئایینی و ئیسلامییه بێبناماکانه که ساڵانێک بوو پشت به نەزانیی چینەکانی کۆمەڵگه سێبەڕیان به سەر بیروباوەڕی خەڵکدا کێشابوو. ئێستا لەگەڵ بەئاگابوونەوە و زیادبوونی هۆشیاری کۆمەڵگا بەتایبەتی ژنان، ئیتر ناتوانێ ئەم تاکتیکە بۆ کۆنترۆڵکردنیان بەکاربهێنێت. ڕەنگە ئەمە سەرەتای ڕێنێسانسێک بێت؛ قۆناغێک کە بەهاکانی کۆمەڵگا نەک لەسەر خورافات و بیروباوەڕی ئایینی بێمانا، بەڵکو لەسەر هۆشیاری و حیکمەت و ئەزموونی زانستی دامەزراون.
لە ماوەی ٤٥ ساڵ حوکمڕانی ئەم ڕژیمەدا کە کارنامەیەکی پڕ لە ستەم و هەڵاواردن و ئەشکەنجە و ئێعدامی تۆمار کردووە، ژنانی ئێران چەندین جار نیشانیان داوە کە چیتر ئامادە تەسلیم نین. کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتکردنی سیستماتیکی ژنان و پەراوێزخستنی لە ژێر دەواری پەروەردە و یاسای ئیسلامیدا، کێشەی گەورەی بۆ خۆی دروست کردووە. ئەم دەسەڵاتە کە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و چەوساندنەوەی چینە جۆراوجۆرەکان بە تایبەت ژنان لە پلەی یەکەمی جیهاندایە، ئێستا ڕووبەڕووی بەرخۆدانێک بووەتەوە کە ئاکامی ساڵانێک کێشانی ستەم و کەڵەکەبوونی تووڕەیی خەڵکە. ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ کە بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بوو بە هێمایەکی جیهانی، سەلماندی کە هەرچەندە ژنان لە سەردەمی حوکمڕانی ئەم سیستەمە سیاسییەدا قوربانی یەکەمی نەبوونی ماف سەرەتایی بوون، بەڵام لە بەرامبەردا بوونەتە هێزی سەرەکی بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی.
پاشەکشەی ڕێژیم لە جێبەجێکردنی یاسای نوێی حیجاب، نیشانەی بەرتەسکبوونی لە بەرامبەر ئەم بەرخۆدانی خەڵکدایە. ئەم بڕیارە نەک لەبەر ڕیفۆرمخوازی، بەڵکو لە ترسی هەڵگیرسانی ڕاپەڕینێکی نوێ و ڕەنگە چارەنووسساز بووە. ڕێژیم درکی بەوە کردووە کە هەر هەوڵێک بۆ چڕکردنەوەی سەرکوتی ژنان دەتوانێ باجێکی قورسی هەبێ؛ نرخێک کە ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی تەواوەتی ڕژیمەکەی. ژنانی ئێران کە پێشەنگایەتی ئەم خەباتەیان کردووە، بە پشتبەستن بە توانا مەزنەکەیان نیشانیان داوە کە هێزی ئەوەیان هەیە نەک تەنیا بەرەنگاری ئەم یاسا ستەمکارە بکەن، بەڵکو توانای پاڵنانی بە گشتی پێکهاتەی ئەم سیستەمەیان بۆ لێواری لەناوچوون هەیە.
بەرەنگاری حیجابی زۆرەملێ لە داواکارییەکی سادەی ئازادی جل و بەرگ زۆر قووڵترە. ئەم خەباتە هێمای خواستێکی چڕترە بۆ ڕزگاربوون لەو هەژموونەی کە ژیان و کەرامەت و ئایندەی ملیۆنان کەسی بە بارمتە گرتووە. رزگاربوون لە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، هەرچەندە هەنگاوێکی بنەڕەتی و هێماییە، بەڵام تەنیا سەرەتای ڕێگەیە. ژنانی کوردستان و ئێران لەگەڵ هەر سەرکەوتنێک لەسەر ئەم ڕێبازە، ڕێگا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی خۆش دەکەن. ئەم خۆڕاگرییە کە لە ساڵانێک لە چەوساندنەوە و سووکایەتیکردن لەدایک بووە، ئیتر تەنیا کاردانەوەیەک نییە بەرامبەر بە سیاسەتێکی دیاریکراو، بەڵکو بزووتنەوەیەکی ئامانجدارە بۆ وەرگرتنەوەی مافە لەدەستچووەکان و ڕووخاندنی سیستەمێک کە لە ڕێگەی چەوساندنەوەی ژنانەوە بەدوای مانەوەی خۆیدا دەگەڕێت. بێ گومان ژنانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کورد، تا ئەم دەسەڵاتە دژەژنە بەتەواوەتی لەناو نەچێت، پشوو نادەن و ئەم خەباتە چارەنووسی ئەم وڵاتە دیاری دەکات.