تێرۆر و دڕندەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
تێرۆر و دڕندەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
محەمەد حەکیمی
شەڕفرۆشتن بۆتە بەشێکی جیانەکراوە لە سیاسەتی هێزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئەو وڵاتانەی پشتگیری و پشتیوانی ئەو هێزانە دەکەن. شەڕ بە تەواو مانا لە بەر دەرگای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاوەستاوە و سیاسەتی کۆمەڵێک توندئاژوی ئایینی و سیاسیی کاڵفام ناوچەکەی وەک بومبێکی ناوکی لێکردوە و لە ئان و ساتدایە ئەو بومبە بتەقێتەوە.
تێرۆر و تۆقاندن لە رۆژهەڵاتی ناوین و پشتگیری کردنی رژیمی ئیسلامی لە گرووپە توندئاژوەکان بۆتە بەشێکی جیانەکراوە لەم ناوچە و هەر ئەوەش وایکردوە کە ئەم ناوچە ببێتە هۆی تەراتینی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و بە هۆی بوونی نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەکە لەم ناوچە کێبڕکێیەکی زۆر لە نێوان ئەو وڵاتانە هاتوەتە ئاراوە و سیاسەتی رژیمی ئیسلامی ئێرانیش لەم دواییانەدا وایکردوە کە ئەو وڵاتانە زیاتر بێنە ناوچەکە و ناوچەکە توشی شەڕ و ئالوزی بکات، لە دوایین کردەوەی رژیمی ئیسلامی ئێران بانگهێشت کردنی “ئسمائیل هەنییە” بوو بۆ تاران و هەر کە دیمان لەلایەن ئیسرائیلەوە بە مووشەک لە شاری تارانی پایتەختی رژیمی ئیسلامی کوژراو ئەوەش وایکردوە کە ناوچەکە زیاتر توشی ئاڵوزی و شەڕ بێتەوە.
ئەمە لەلاێکەوە و لەلایەکی دیکەوە دوای ئەوەی “ئەلقاعیدە” هێرشی کردە سەر ١١ی سێپتەمبر کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بە تایبەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هاتنە سەر خەت بە دژی تیرۆر و ستراتیژیەکی نوێ، کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستی پێکرد و هەر ئەوەش وایکرد کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوە هۆی ئەوەی کە توشی دەیان قەیران و کێشەی بنەوەشەیی بێتەوە و بە میلیۆنان کەس ئاوارە و بە سەدان هەزار کەسیش قوربانی ئەو سیاسەتە بون کە لە نێوان چەن هێزی کۆنەپەرەست و جیهان دەستی پێکرد و قوربانی سەرەکی ئەم کێشە ئالوزە تەنها و تەنها خەڵکی بێ دەرەتان و هەژاری ناوچەکە بوو. وڵاتەکان ئاگر دران و شارەکان کاوڵ کران و توندوتیژی هەموو تان و پۆی خەڵکی ئەم ناوچەی گرتەوە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دەیان ساڵ بردە دواوە. و دەستێوەردانی رژیمی ئیسلامی ئێران زیاتر ناوچەکە توشی چەقبەستووی و ئاڵوزی زیاتر دەکات و ٩ی گەلاوێژ ئیسرائیل لە هێرشی کردە سەر پایتەختی لوبنان و چەن شوێنێکی کردە ئامانج و لە ئێراقیش هەر هەمان رۆژ ئەمریکا هێرشی کردە سەر حزبوڵڵای ئەو وڵاتە و شەوەکەی لە تارانیش بە موشەک هێرش کرایە سەر ئیسمائیل هەنیە و کوژرا.
ناوچەکە لە ناو قەیراندا دەکولێت و ئەم قەیرانە وایکردوە کە سیاسیەکانی ناوچەکە و ئەمریکا قەیران بە قەیران چارەسەر دەکەن و هەموو ناوچەکە دەکوڵێت لە ناو قەیراندا.
دوای هێرشی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتاری منداڵی بێ تاوان، ئەوە هێرشێکی بێ وینە بوو کە منداڵانی گەنج و بێ تاوانی کردە قوربانی و دوابەدوای ئەو هێرشە، ئەرتەشی ئیسرائیل زۆر زوو وڵامی حزبوڵڵای دایەوە و هێرشی ئاسمانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری بەیروت و کوژرانی “فوئاد شوکور” بالاترین فەرماندی نیزامی حزبوڵڵا، کە ساڵەهایە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی ڕەشەوە بە هۆی تەقاندنەوەی بنکەی چەکدارانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٣ی زایینی لە وڵاتی لوبنان، کاردانەوەی ئەرێنی زۆری لە نێوان سیاسەتوانای ئەمریکاییدا دروست کرد. لەو ناوەدا “کاربێن ژان پی یر” وتە بێژی کاخی سپی لە یەکەم کاردانەوەی بەو هێرشە، سەبارەت بە کاردانەوەی حزبوڵڵا و ئیسرائیل و شەڕێکی گەورە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا وتی “جەو بایدن” لەسەر ئەو باوەرەیە کە دەتوانرێت بەر بە وەها شەڕێک بگیردڕێت، ئەمە لە حاڵێکدایە شەڕکە دەستی پێکردوە و هەر چەند وڵاتی روسیەش هۆشداری دا و وتی دوو لایەن دان بە خۆیاندا بگرن با شەڕەکە گەورە نەبێتەوە.
ئێستاش لەم ناوەدا چوار لایەن دەرگیری ئەم شەڕە بوون و شەڕەکە پای ناوەتە قوناغێکی نوێوە و رژیمی ئیسلامی ئێران کە میوانداریەتی لە “هەنییە” کردوە و لەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراوە و بەیروت کە پایتەختەکەی کراوەتە ئامانج و گەورەترین فەرماندەی نیزامی حزبوڵڵا کوژراوە و حەماس کە سەرۆکی حزبەکەیان کوژراوە و لە بەرانبەردا ئیسرائیل بە پشتیوانی وڵاتە زڵهێزەکان بوونی هەیە و ئەمەش وایکردوە کە ئەم کردەوانە زۆر کاردانەوەی تایبەتی لێبکەوێتەوە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی دەیان قەیران و کێشە و ئاڵوزی دیکە ببێتەوە، ”
“موسێ ئەبو مەرزووق” ئەندامی حەماس دەڵێت کوژرانی هەنیە ترسنوکانە بوو و لەلایکی دیکەوە وەزیری میراسی کولتووری ئیسرائیل دەڵێت؛ کوژرانی هەنیە جیهان توزێک ئارامتر دەکاتەوە و …
بە هەموو ئەمانەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی کارەسات دەبێت و شەڕ بە هەموو ماناکانیەوە بەرۆکی ئەم ناوچە دەگرێتەوە و لەم ناوەدا تارانیش بێبەش نابێت و بە دڵنیاییەوە ئاگری ئەم شەڕ و قەیرانە یەکەم بەرۆکی رژیمی ئیسلامی گرتوە و ئێستا رژیم تووشی شۆک بووە و شۆک پزشکیان و خامنەیی داگرتوە و مپتەکە لێی داون.