تاران، پایتەختی سێدارەو مــــــــەرگ !

0

عەزیز ئاجیکەند

كاتێك باس له‌ سپای پاسداران ده‌كرێ خەیاڵەکان یەکسەر بەرەو ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و ناسه‌قامگیرییه‌ک ده‌چێت كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا لە ئارا دایە. ناسەقامگیرییەک کە بێ گومان لەلایەن هێز و گروپەکانی سەر بەم هێزە دێنە ئاراوە و ڕێکدەخرێ.

٤٦ ساڵ لەوەپێش و لە رۆژی دووی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٨هەتاوی، خومەینی لە فەرمانێکیدا بە ڕەسمی دامەزراندنی سپایەکی ڕاگەیاند کە تا بە ئەمڕۆش وەک مۆتەکەیەک بە سەر سەری کۆمەڵگای ئێران و ناوچەکەدا دەسووڕتەوە. سپایەک کە وەک ڕێکخراوێکی سەربازیی و باسکی چەکداریی کۆماری ئیسلامیی و بڕبڕەی پشتی ئەو نیزامە داپڵۆسێنەرە دێتە ئەژمار.

هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی سپای پاسداران، هەندێک هێزی چەکداری دیکەش بە شێوەی خۆڕسک بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامیی و بە دەستوری هەندێک لە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی سەریانهەڵدا کە بریتیبوون لە گاردی شۆڕش، گاردی زانکۆکان و هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێکخراوەی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامیی. کە دیارە بوونی چوار هێزی هاوتەریب ببووە هۆی دروستبوونی هەندێک گرژی و ناکۆکی لە نێوانیاندا. هەر بۆیە هاشمی ڕەفسنجانی وەک کەسایەتی جێ متمانەی خومەینی ڕادەسپێردرێ تا سەرپەرشتی ئەم هێزانە بکات و ڕێکیان بخاتەوە و سپایەکی جێ دڵخوازی خومەینی دابمەزرێنێ.

لە ٢ی گوڵانی ١٣٥٨دا سەرجەم ئەو هێزانە تێکەڵ بە سپای پاسداران دەکرێن و جەوادی مەنسووری وەک یەکەم فەرماندەی سپا دەستنیشان دەکڕی. ماوەیەک دواتر کەسێک بە ناوی ئەبوو شەریف کرایە فەرماندە. لەدوای تێکەڵکردنی  هێزەکان بە سپا، موحسین ڕەزایی و موحسین ڕەفیقدوست و عەباس دووزدووزانی لەگەڵ خومەینی کۆدەبنەوەو پاشان داوا لە خومەینی دەکەن کە سپای پاسداران بکرێتە هێزێکی سەربەخۆ. بەمجۆرەش لە ٢٢ی گوڵانی ١٣٥٨ی هەتاوی سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکەدا بە فەرمی دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.

لە درێژەدا موحسین ڕەزایی لە لایەن خومەینییەوە وەک فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران دەستنیشان دەکرێ و بۆ ماوەی هەژدە ساڵ لەم پۆستەدا دەمینێتەوە. تا بە ئەمرۆ داتا‌ و ئامارەكانی تایبەت بە ژمارەی سەرباز ‌و توانا سەربازییەكانی ئەو سپایە هەر لە یەکەمین رۆژەکانی دامەزراندنێەوە تا بە ئەمرۆ  نەزانراوە. بەڵام بە گشتی باس لە ١٢٠ هەزار تا  ٣٥٠ هەزار ئەندام دەکرێ کە هەموویان وەفادار بە کۆماری ئیسلامین.

شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاق دەرفەتێکی زێڕینی بۆ سپای پاسداران خوڵقاند. دەرفەتێک کە تێیدا سپا توانی دەست بە هەموو مڵک و سامانی دەوڵەتدا بگرێ. سپای پاسداران چ لە کوردستان و چ لە ناو جەرگەی  شەڕی ئێران و عێراقدا چووە نێو ئابووری بازاڕی ڕەشەوە. ئەم هێزە بۆ دابین کردنی خەرجی چالاکیە جەنایەتکارانەکانی لە کوردستان و هەزینەی زۆری شەڕی ئێران و عێڕاق بە فەتوای خومەینی دەستی کرد بە فرۆشتن و بڵاو کردنەوەی ماددەی هۆشبەر.

سپای پاسداران دوای شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق، ئیمکانی دەست کەوت تا لە پاڵ پەرەدان بە چالاکیەکانی پێشوی لە بواری قاچاغی ماددەی هۆشبەردا بە دەست ڕاگەیشتن بە دەیان ئیسکلە، فرۆکەخانە و ڕێگای سنووری، خەریکی هەناردە و هاوردە کردنی کالای قاچاغی جۆری دیكه‌ش بێت. سپای پاسداران لە پرۆسەی چالاکیە ئابووریەکانیدا و ئەو پرۆژەی دەیان میلیارد دۆلاریانەی لە بواری نەوت، گاز و پیتروشیمیدا زەوتی کردن، بەرە بەرە بوو بە گەورەترین دامەزراوەی ئابووری نیزامی لە ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەراست و ئاسیای ناوەندیدا. سپا لە پاڵ چالاکیە ئابووریەکانیدا ئیمکانیشی دایە فەرماندەکانی تا لە ڕێگای بونیادی تەعاون ەوە بەسەر بازاڕە ماڵی و ئەرزیەکانیشدا زاڵ بن. بەڵام بەرهەمی هەموو ئەم چالاکیانە پێکهێنانی ئابووریەکی شپرزە و قەیراناوی بوو بۆ ده‌وڵه‌تی لەسەر کاری کۆماری ئیسلامیی.

هەروەها سپا بێجگە لەوەی کە لە ڕێگای خامنەییەوە بەسەر وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێراندا باڵا دەستە و کاربەدەستانی باڵای ئەم وەزاڕەتخانەیە بە گشتی بە تەئیدی سپای پاسداران دادەندرێن، خاوەنی سازمانێکی ئیتلاعاتی و سیخوڕی هاوتەریبە کە بە شێوەی تایبەت لەم بوارەدا کار دەکات. سپا هەروەها بە فەرمی شاخەی عەمەلیاتی دەرەوەی وڵاتی هەیە و لە ئەڕژانتین و ئەمریکای لاتینەوە گرتوویەتی تا ئۆرووپا و تا باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و گەلێک شوێنی دیکە تۆڕەکانی عەمەلیاتی خۆی بڵاو کردووه‌تەوە.

سپــــــــای قـــــودس

سپای قودس، یەکێک لە باڵە ناسراوەکانی سپای پاسدارانە کە لە دەسپێکی شەری نیوان دوو وڵاتی کۆنەپەرەستی ئێران و عێراق لە سالی ١٩٨٠ی سەدەی ڕابردوو بە مەبەستی چاڵاکی لە بەرژەوەندییەکانی رژیمی کۆماری ئیسڵامی لە ناو خاکی”عێراق”دا دامەزراوە. ئەم هێزە لە ژێر دەمامکی چالاکیی کلتووریی و هونەری لە دەرەوەی ئێراندا چالاکیی زانیاری و ئیستخباراتی دەکات و دەستی داوەتە سازکردنی فیلمی دیکۆمینتاری لە دژی ڕۆژئاوا.

ئەرکی سەرەکی سپای قودس ڕێکخستن و پڕچەک کردنی گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکانە کە ئاجێندای ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکەن.

کوشتن و برین و ڕفاندن و بێسەروشۆێن کردنی نەیارانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لە دەروەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەرکی سەرشانی ئەم هێزەیە. ماوەی زیاتر لە ٤ دەیەیە سپای تیرۆریستی پاسداران دژ بە گەلانی ئێران و بەتایبەت دژ بەگەلی کورد بە كوشتن ‌و زیندان ‌و ڕفاندن لە ناوخۆ ‌و دەرەوەی ئێران و تۆپباران و موشەکبارانی بارەگاکانی هێزەکوردیەکان، چالاكی تیرۆریستی دەكات.

کەواتە دەتوانین بڵێن کە  سپای پاسداران تەنیا هێزێکی سەربازیی سەركوتگەر لە ناو خۆی ئێراندا نیە، بەڵكو لەماوەی زیاتر لە چواردەیەی ڕابردوودا هەموو جومگە ئابوریی‌، سیاسی و سەربازییەكانی ئێرانی بەدەستەوە گرتووە ‌و بۆ پاراستنی بنەماكانی ویلایەتی فەقیە‌ و هێشتنەوەی دەسەڵاتی رەشی كۆماری ئیسلامیی لە رێگەی دروستکردنی سپای قودس هەموو ئامرازێكی دژە ئینسانی‌ و تیرۆریستی بەكار هێناوە‌ و بەكاری دێنێت. سپای پاسداران جێبەجێكاری سیاسەتی پاوانخوازانەی رژیم بە ناو هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ دەرەوەی سنورەكانی خۆی بووە‌ و بە دروستكردنی دەیان ڕێكخراوی تیرۆریستی دیكە لە ژێر ناوی جۆراوجۆ دەستی لەكاروباری وڵاتانی ناوچەكە وەك عێراق، سوریە، لوبنان وەر داوە ‌و بۆ پێكهێنانی هیلالی شیعە بە خەرج كردنی بودجەی خەیاڵی ‌و لە ڕێگەی تیرۆر‌ و كوشتن هەوڵی بۆ دروستكردنی هیلالی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە.

سەرجەم ئەو لیکۆلینەوانەی کە تا ئێستا کراون دەری دەخەن کە لە نێوان ئەو تیرۆرانەی که کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان ئەنجامی داون، بەشی هەرە بەرچاویان لە هەرێمی کوردستاندا ڕوویان ‌داوە کە ٣٢٠ کوژراو و ١٤١ برینداری قورس و کەم‌ئەندامی لێ‌کەوتۆتەوە. ئەم تیرۆرانە بە شێوەیەکی بەردەوام لە سەرەتاکانی دەیەی ١٣٧٠ هەتاوییەوە دەستیان پێکرد و لە ساڵەکانی ١٣٧٢ تا ١٣٧٦ گەیشتە ئەو پەڕی خۆی.

سالی١٣٧٠هەتاوی و پاش ڕاپەڕین  کە لە ناو ئەدەبیاتی سیاسیدا بە  “ئینتیفازەی شەعبانییە” پێناسە دەکرێ، جۆرێک بۆشایی لە عێراق هێنایە ئاراوە. پاش خولقانی ئەم بۆشایە هەلی ئەوە ڕەخسا تاکوو حیزبەکانی کوردستان، بە تایبەت هەر دوو حیزبی “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”، و “پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق”، ناوچەیەکی زۆری کوردستانی عێراق بخەنە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.

پاش ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە هێرشی ئاسمانیی ئەرتەشی“سەدام حسێن”بە دژی کوردەکان ناوچەی ئارامی دژەفڕینی لە باکووری عێراق‌دا ڕاگەیاند، بواری ئەوەی خۆش کرد کە حیزبەکانی باشووری کوردستان دەورێکی نوێی هاوکاریی ئابووری و پێوەندیی سیاسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی دەست پێ‌بکەن. بە تایبەت لە کاتێکدا کە عێراق بە تووندی لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆی سەختی ئابووری درابوو و زێدەباری ئەمە، هەرێمی کوردستانیش لە لایەن حکوومەتی سەدامەوە لە باری ئابوورییەوە گەمارۆ درابوو.

بەم شێوەیە بارودۆخی نالەباری سیاسی و نەبوونی نەزم و ئەمنیەت سەرتاپای کۆمەلگای عێراقی بە کوردستانیشەوە داگرتبوو. لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ٧٠ لە نێوان دوو حیزبی باڵادەستی هەریمی کوردوستان شەڕێکی قورسی براکوژیی ڕوودەدات ، کە ئەم ڕووداوە ئاسۆی دواڕۆژی هەرێمی کوردستان بە تەواوێتی لیڵ و تاریک دەکات و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی نەخوازراو و جیدی وەک بێکاری و هەژاری لە ڕادەبەدەر، ڕوبەڕوو دەکات. لە وەها بارودۆخێکدا دەستی کۆماری ئیسلامیی بۆ ڕاکێشان و ڕێکخستنی هێزە ئیسلامییەکان بۆ نانەوەی تۆی ناکۆکی و دوو بەرەکی لە ناو هەریمی کوردستان و تیرۆری دژبەرەکانی بە تەواوەتی ئاوەڵا دەبێ.

لێرەدایە کە کۆماری ئیسلامیی جێگەوپێگەی خۆی لە هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات. بەهێز کردنی ئەم جێگەو پێگەیەش خزمەت بە دوو ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکە دەکات ..

یەکەم سەرکوتی دژبەرانی لە باشووری کوردستان واتە دوو هێزی گەورەی ناو گۆرەپانی شۆرش لە کوردستان کە لێرەدا مەبەست کۆمەڵە و هێزەکانی حیزبی دێمۆکرات و دووهەم  دەسەڵاتی زیاتر بۆ دەست‌ڕاگەیشتن بە سووریا و لوبنانە.

ئامانجی یەکەم کە لەدەستوری کاری کۆماری ئیسلامیدا بوو و بۆ سەرەنجام گەیاندنی ئاڵقە لە گۆیانی خۆی لە ناوچەکە بۆ ڕاسپارد بوو هەموو ئەو پیلان و تاکتیکانەی دەگرتەوە کە هەر دەوڵەتێک بۆ لە ناو بردنی دژەبەرانی خۆی بەکاریان دینێ.

بۆ نموونە تیرۆرەکان هەموو بەشی تەشکیڵاتەکانی لە خۆ دەگرت. گرنگ لە ناو بردنی ئەندامێکی ئەو هێزانە بوو. گرنگ نەبوو کە کەسەکان کێن. گرنگ کوشتنی ئەوان بوو. جا پێشمەرگە بوایە یان خۆ بەرپرس و یان کادر.

تەنانەت کەسانێکیش کە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراویان لەگەڵ هیچ کام لە لایەنە سیاسییەکان نەبوو و تەنیا هەڵسووڕاوێکی سیاسی بوون و کار و چالاکییەکانیان بە دژی کۆماری ئیسلامیی بوو، دەکەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆری ئینسان کوژانی کۆماری ئیسلامیی .

کۆماری ئیسلامیی بۆ لە ناو بردنی دژەبەرانی خۆی هەموو ئامرازەکانی کوشت و بڕی لە دەستوری کاری خۆی دانابوو. هەموو پیڵانەکانی بۆ بە ئامانج گەیاندنی مەبەستی خۆی واتا کوشتن و لە ناو بردنی دژبەرانی خۆی تاقی کردەوە. موشک باران کردنی ئوردوگاکان، کەمین دانانەوە لە سەر رێگای هاتوو چۆکردنی ماشینەکان، بۆمب دانانەوە و کۆنتڕۆل کردنی لە ڕێگای دوورەوە، تەقەکردنی شەوانە لە ئوردوگا بە چەکی قورس و نیوە قورس.

دیارە بەشێکی هەرە زۆری بنەماڵەی پێشمەرگەکان پێکهاتوو لە ژنان و مناڵان لە ئۆردوگاکان نیشتەجی بوون کە ئەوانیش وێڕای پێشمەرگەکان دەبوونە ئامانجی کوشتن و لە ناو بردن. کەواتە ئامانجی کۆماری ئیسلامیی تەنیا لە ناو بردنی پێشمەرگە و بەرپرس و کادێر و لایەنگر و هەڵسووڕاوی سیاسی نەبوو، بەڵکوو ژنان و مناڵانیش دەکرانە ئامانج و لەناو دەبردران کە بۆ ئەو مەبەستە نمونە یەکجار زۆرن.

کۆمەڵە وەک هێزێکی شۆرشگێرو چالاک و پڕ لە مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوام جێگای نیگەرانی کۆماری ئیسلامیی بووە. جێگەوپێگەی کۆمەڵە لە ناو کۆمەڵانی شۆرشگێری کوردستان و هەروەها خۆشەویستی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لەناوچەکە حاشا هەڵنەگرە و هەر ئەم خۆشەویستییە و هەڵسورانە، بەردەوام جێگەی نیگەرانی و سەرئێشەی کۆماری ئیسلامیی بووە. کۆماری ئیسلامیی بۆ ساتێکیش لە زەربە لێدان لە کۆمەڵە و شۆڕشی کوردستان بە ڕێبەرایەتی کۆمەڵە غافڵ نەبووە و بەردەوام لە هەوڵدا بووە زەربە لە کۆمەڵە بدات و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەتاڵ کاتەوە. دیارە بۆ ئەم مەبەستە تێچوویەکی یەکجار زۆری داوە. بۆیە تیرۆرکردن و لە ناو بردنی هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە، لە دەستوری کاردا دەنرێت. بەداخەوە کۆمەڵەش زۆر جار کەوتە داوی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیی و زۆرێک لە باشترین و چالاکترین و دڵسۆزترینی هاوڕێانمان بە دەستی پیاو کوژانی کۆماری ئیسلامیی خەڵتانی خوێن کران.

درێژەی هەیە…

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *