بە یادی هاوڕێی ڕابەرو دامەزرێنەر کاک حەمەحوسەینی کەریمی ناسراو بە وەستا ساڵە…..

0

هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی یارویاوەری ماندوونەناسی کۆمەڵانی کرێکار و زەحمەتکێش یەکێک لەو شۆڕێشگێڕە دڵسۆزانە بوو کە ساڵی ١٣٤٨ ی هەتاوی لە بونیاد نانی تەشکیلاتی کۆمەلە دا دەورێکی بەر چاوی گێرا. رێکخراوێک که لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ واتا لە ڕۆژی گیانبەخت کردنی ئەو خۆشەویستەدا لە ژێر ناوی کۆمەڵە هەڵسوورانی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند.هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی  ساڵی ١٣٢٧ هەتاوی لە ناو بنەماڵەیەکی هەژارو دەست کورت لە شاری سەقز لە دایک بووە. سەڕەڕای هەژاری بنەماڵەکەی به ئیرادەیەکی بەرز خوێندنی دەورانی سەرەتایی و دوا سەرەتایی لە شاری سەقز تەواو کرد و لە ساڵی ١٣٤٦ چووە دانشکەدەی کشت و کاڵی کەرەج.

هاوڕێ حەمەحوسەین لەگەڵ دنیایەک لە ڕەق و تووڕەیی سەبارەت بە بێ عیداڵەتی چینایەتیەکان دا گەورە بوو. ڕەق و کینەی ئەو سەبارەت بە ڕژیم و سەرمایەداری لەو ڕاستیانەی کە خۆی ئەزموونی کردبوو ولە ناویاندا گەورە بوو سەرچاوەی دەگرت. ئەو دەرد و ئازارەکانی سەرچاوە گرتوو لەو کارەساتانە بە گۆشت و پیستەوە هەست پێکردبوو. لە دەورانی خوێنکاریدالە گەڵ کۆڕو کۆمەڵی مارکسیستی ئاشنا بوو.لەو کاتەوە هەمیشە و لە هەموو حالەتێکدا هەتا دواین ساتەکانی ژیانی پڕ لە خەبات و فیداکاری، یەکێک بوو لە ماندوو نەناس ترین خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری بێبەشان و ستەم لێکراوان، هەروەها تێکۆشەرێکی لینەبڕاوی ڕێگای سوسیالیسم بوو.

هاوڕيێ حەمە حوسەین لە پاییزی ساڵی ١٣٤٨ لە گەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێانی کۆمەڵەیان بونیاد نا. لە ساڵی ١٣٤٩دەستگیر و لە زیندانی قزڵ قەڵعە زیندانی کرا، بەڵام لێوی پر لە راز ونهێنی نەکردەوەو سەرەنجام پاش چل ڕۆژ لە زیندان هاتە دەڕێ. هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی لە جۆزەردانی ١٣٥٠ دا دەورەی دانشکەدەی تەواو کرد.

پاش دوو مانگ لە وانە وتنەوەی دەرسی سروشتی لە دەبیرستانی شاپووری شاری سەقز وەکوو سوپای دانش، چووە شاری مەهاباد. ڕۆشتن بۆ ئاوایەکانی ناوچەکە و پەیوەندی گرتن لەگەڵ وەرزێڕانی هەژار، بەستێنێکی گونجاوی بۆ پەیوەندی گرتنێکی نزیک لەگەڵ زەحمەتکێشان خۆش کرد. وەرزێرانی زەحمەتکێشی ناوچەی “شاروێران”و ناوچەکانی تری شاری مەهاباد، گەلێک یاد و بیرەوەری شیرینیان لەو هاوڕێ خۆشەویستە لە یاد ماوەتەوه.

پاش تەواو کردنی دەورەی سپای دانش ماوەیەک لە جادەی بۆکان – مەهاباد وەکوو کرێکاری جادە سازی کاری دەکرد. تایبەتمەندیە شۆڕێشگێڕانەکانی زۆر زوو بووە هۆی ئەوەی لە ناو دڵی کرێکاران و زەحمەتکێشاندا جێ خۆی بکاتەوە. لە مانگرتنێک کە بۆ ناڕەزایەتی لە دژی بەرپرسانی شێرکەتەکە بەڕێوە چوو، وەک نوێنەری کرێکاران هەڵبژێردرا. 

هاوڕێ حەمە حوسەین لە درێژەی چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی دا ماوەیەک بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ وەک بەناو بە ناوی حاجی حەمە ساڵح لە ناوچەی سەردەشت کاری دەکردو خەرێکی ڕێکخستنی زەحمەتکێشانی ئەو ناوچەیە بوو. وەستا ساڵح لە بەر تایبەتمەندیە شوڕێشگێڕانە و ئێنسان دۆستیەکانی، زۆر زوو جێگای لە ناو دڵی خەڵکی ئەو ناوچەیەش کردەوە. ئەو ببووە جێگای باوەڕو متمانەی جەماوەرو وەرزێری هەژارو دەست کورتی ناوچەکە و ئەوان بۆ تەواو بابەتەکانی ژیانی خۆیان پرسیان پێ دەکرد. دواتر کاتێک هاوڕێ حەمە حوسەین گیانی لە دەست داو هەواڵی گیان لە دەست دانەکەی گەییشتە گوێ زەحمەتکێشانی ناوچەی سەردەشت، پیرو لاو، ژن و پیاو لە خەمی لە دەست دانی ئەو خۆشەویستە خەم دایگرتن و فرمێسکیان بۆ ڕشت. سەڕەڕای ئەوەی کە دوای گیان لە دەست دانی زانیبوویان کە ناوی ڕاستەقینەی ئەو” حەمە حوسەینە” و ئەندازیاری کشت وکاڵ بووە بەڵام لە دوای ساڵانی ساڵ ئەویان هەر بە مامۆستا ساڵح یاد دەکردەوە

هاوڕێ حەمە حوسەین، پاییزی ساڵی ٥٧ لە گەرمەی خەباتی خەڵکی ئێران لە دژی ڕژیمی شادا، لە شیرکەتە زەڕاعیەکانی مەهاباد لە ناوچەی شار وێران بە هۆی ئەو پەیوەندیە پتەوەی کە لە گەڵ خەڵکی ئەو ناوچەیە هەیبوو ئەوانی بە مەبەستی هاو ئاهەنگ کردنی خەباتەکەیان سازمان دا و لە نووسینی ئەو ڕاگەیاندنانەی کە لە جەریانی خەباتی ئەواندا دەنووسران و بڵاودەکرانەوە، ڕاوستەوخۆ دەخاڵەتی دەکرد. تایبەتمەندی بەرچاوەکانی هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی، بریتی بوون لە پەیوەندی گرتنی قووڵ لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشان، خۆشەویستی بێ هاوتا بۆ کرێکارو وشیار کردنەوەی ئەم چینە، بۆ گەییشتن بەو ئامانجە لە هەر وەسیلەیەک بۆ پەیوەندی گرتن و نزیک بوونەوەی زیاتر لەوان و تەبلیغی ئامانجەکانی کۆمەڵە لە ناو ئەواندا کەڵکی وەردەگرت. تایبەتمەندیەکانی هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی بریتی بوون لە کارزانی، متمانە بە خۆ و باوەڕ بەو ڕاستیەی کە کرێکارانی بە هێزی خۆیان ڕزگار دەبن. پەیوەندی نزیک و هاوڕێیانەی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ئەوەی کردبووە سیمایێکی ناسراوە و خۆشەویست لە ناو کۆمەڵانی خەڵک دا. بە چەشنێک کە لە جەریانی خەباتی پڕشکۆی خەڵکی ئێران لە دژی ڕژیمی سەڵتەنەتی بووە یەکێک لە چالاکانی خاوەن نفووزی ئەو بزووتنەوەیە. لە جەریانی شوڕشی ٥٧ لە دژی ڕژیمی شا لە ئاستی ڕێبەرایەتی ئەم ڕاپەڕینە دەورێکی بەرچاوی گێڕا. هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی لە ڕۆژی ٢٣ڕێبەندان لە حاڵێک دا کە لە ڕیزی پێشەوەی کۆمەڵانی خەڵک بوو بۆ دەست بە سەرداگرتنی شارەوانی سەقز حەرەکەتی دەکرد. سنگی لێوانلێو لە خۆشەویستی و باوەڕ بە سوسیالیزم بوو بە ئامانجی بەکرێگیراوان و بەداخەوە بە سەختی بریندار بوو. پاش سێ ڕۆژ بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ لە ڕیکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ٥٧ لە حاڵێک دا کە لاوانی پڕشوورو شەوق پارێزگاری کردنی ئەویان لە نەخۆشخانه لە ئەستۆ گرتبوو، کۆمەڵانی خەڵکی سەقز بە نیگەرانیەوە بە هیوای چاک بوونەوەی چاودێریان دەکرد. دڵی پڕ هیوا و ئۆمێدی لە لێدان کەوت چووە ناو ڕیزی گیان بەخت کردووانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزمەوە. هەواڵی گیان بەخت کردنی هاوڕێ حەمە حوسەینی کەریمی شەپۆلێک لە غەم و پەژارەی خستە نێو دڵی خەڵکی کوردستان. لە چل و شەشەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی هەڵسورانی ئاشکرای خەباتی کۆمەڵە کە هاوکاتە لە گەڵ ڕۆژی گیان بەخت کردنی هاوڕێ خۆشەویست کاک حەمە حوسەینی کەریمی هاوئامانج لە گەڵ ئەو زەحمەتکێشانەی کە ئێستاش یاد و بیرەوەریە شیرینەکانی ئەو ئازیزەیان لە لای خۆیان زیندوو ڕاگرتووە، ڕێز دەگرین لە یادی هەمیشە زیندووی ئەو خۆشەویستە.

یادی بەرزو بەڕێزو ڕێبازی پڕ ڕێبوار بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *