ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی گوڵانی ١٤٠٤ کۆمەڵێک لە کرێکاران و هەڵسووڕاوانی کرێکاریی هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان بە بۆنەی یەکی ئایار ڕۆژی جیهانی کرێکار، لە شاری بۆکان ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە وتنەوەی سروودی ئەنترنانسیۆناڵ سروودی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار و خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی سەرجەم گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم و گیانبەختکردوانی ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، دەستی پێکرد. پاشان کورتەیەک لە مێژووی ئەوەڵی مانگی مەی لەلایەن یەکێک لە ئامادەبووانەوە خوێندرایەوە، دواتر یەکێکی تر لە بەشداربووان قسەوبادێکی سەبارەت بە هەلومەرجی ئێران و ناوچەکە و جیهان بە گشتی و هەروەها بابەتی دانوستانی نێوان دەوڵەتی ئێران و ئەمریکا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەشداربووانی مەراسیمەکە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردوانی ڕووداوی تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، ئەو جینایەتەیان بە توندی مەحکووم کرد. ڕێوڕەسمەکە پاش چەند کاتژمێر، لە کەشێکی گەرم و هاوڕێیانەدا کۆتایی پێهات.
کۆمەڵێک لە کرێکاران و چالاکانی کرێکاریی شاری بۆکان
١١ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی