بەڕێزە یادی حەبابە خانمی کەمانگەر….

بەداخەوە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەمە دڵی گەورە و پڕ لە ئاواتی حەبابە خانمی کەمانگەر پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشین لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە شاری سنە لە لێدان کەوت.
حەبابە خانم خوشکی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە هاوڕێی ڕابەر کاک سدێق و هاوڕێیان رەئووف و مەعەعرووفی کەمانگەر و میمکی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە جەواد جەلیلی پێشمەرگەی گوردانی داڵاهۆ کوڕی ڕەبابە خانم و داریووش ڕەزایی کوڕی کافیە خانم بوو و هاوکات خۆشی لەبەر کۆڵنەدەربوونی بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری حکوومەتی ئێران و چالاکیی سیاسیی خانەوادەکەی، سێ جار لە لایەن ناوەندەکانی سەرکووتی حکوومەتەوە دەسگیر کرا و کەوتە زیندان. جاری یەکەم ساڵی ١٣٥٩ لەگەڵ هەر دوو خوشکەکەی ڕەبابە و کافیە لە شاری سنە دەسگیرکران و ماوەیەک لە زیندان بوون و جاری دووهەم لە شاری تاران و وێڕای ڕەبابەی خوشکی دەسگیر و ڕەوانەی گرووخانەی کومیتەی تاران کرا، جاری سێهەم لە بەر پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوڕێی ڕابەر کاک سدێق و قسەکردن لەسەر دۆخی شاری سنە دەسگیر و زیندانی کرا. لە سەردەمی زیندانی بوونی لە شاری سنە حەبابە خانم لەگەڵ نەسرین و شالای کەعبی لە زیندان بوو و دواتر لە کاتی سەردانی بۆ ئوردووگای کۆمەڵە حەماسەی خۆڕاگری و ڕەوایەتی ئیعدامی ئەوانی بۆ هاوڕێیانی کۆمەڵە گێڕایەوە، گێڕانەوەیەک کە یەکێک لە دڵتەزێنترین و هاوکات جێگەی شانازیترین دیمەنەکانی خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێرانە. حەبابە خانم لە بەر پەیوەندی خۆی و خانەوادەکەی بە کۆمەڵە و شۆڕشی کوردستانەوە لە کارەکەی دەرکرا و ڕێگەی پێنەدرا لە ئیدارەی کشتوکاڵ بمێنێتەوە و دواتریش دوورخرایەوە بۆ شاری کەرج و ساڵانێک تەبعید بوو.
حەبابە خانم لە ئاوایی ئافڕیانی سەروو لە ناوچەی ژاوەرۆی کامیاران لە پارێزگای سنە لەدایک بوو و بنەماڵەکەی دەیان تێکۆشەر و خەباتکاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی تێدا هەڵکەوت کە ١٦ کەسیان لە ڕیزی گیانبەختکردووانی سەربەرزی کۆمەڵە و بزووتنەوەی کوردستاندان و پێشتر و ئێستاش ژمارەیەکیان لە ڕێزەکانی خەباتی پێشمەرگانە و سیاسیدا دژی حکوومەتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژی چەوسانەوە و بێمافیی ئینسان بەشدارن.
حەبابە خانم بە هەموو ئەو ئازارانەی گیانبەختکردنی ئازیزان و گیران و گوشارەکانی سەر خۆی و کەس و کاری تووشی کردبوو بە دڵێکی گەورە و ورەیەکی بەرزەوە پشتیوانی خانەوادەکەی و کەس و کاری بوو و لە ناو بنەماڵەکەیدا وەکوو کۆڵەکەی خانەوادە بوو و پشت و پەنای هەموویان بووە و هەموو ژیانی بۆ ئەوان تەرخان کرد.
گیانلەدەستدانی ئەم ژنە شۆڕشگێڕە هەم لەبەر خۆڕاگری و قارەمانیەتیی خۆی و هەم لەبەر ئازیزانی گیانبەختکردووی و هەروەها بە هۆی تێکۆشەر بوون و خۆشناوبوونی بنەماڵەی کەمانگەر لە ناوچەکە و لە کوردستان شەپۆلێکی بەرینی هاوخەمی لەگەڵ خۆی هێنا و دڵی هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستانی هەژاند.
بە بۆنەی گیانلەدەستدانی حەبابە خانم سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی کەس و کار و ئازیزانی و بنەماڵەی کەمانگەر و هەموو خەڵکی کوردستان و ڕەوتی کۆمەڵە دەکەین و خۆمان بە بەشداری ئەم خەمە دەزانین.
یاد و ناوی دایکانی خۆڕاگری کوردستان و لەوانەی حەبابە خانمی کەمانگەر بەڕێزە و لە بیر و زەینی خەباتکاران و خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە و فیداکاریەکانیان و ئەو ئازارانەی لە ڕێگەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا تووشی بوون لەبیر ناکرێن.

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ ڕێکەوتی ٢٧ی فێڤریەی ٢٠٢٥