بەردەوامیی و درێژەی لە سێدارەدانی هاووڵاتیانی کوردستان….!

بەردەوامیی و درێژەی لە سێدارەدانی هاووڵاتیانی کوردستان، شکست و ڕیسوابوونی ڕێژیمی ئیسلامی ناشارێتەوە.
ئەمڕۆ لە زیندانی ورمێ، ٣ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی”ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد محەمەد (هاووڵاتی هەرێمی کوردستان-عێراق) کە سەرقاڵی کاری کۆلبەری بوون، دوای سەپاندنی ئەشکەنجەی سەخت بە سەریاندا و ناچار کردنیان بە دانپێدانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی هەڵبەستراو، لە سێدارە دران.
ڕێژیمی ئیسلامی کە لە ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە کوردستان بەرەوڕووی ئاخێز و ڕاپەڕینە سیاسی و جەماوەرییە بەربڵاوەکان بووەتەوە، دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و ڕووخانی هێزەکانی سپای پاسداران و بەکرێگیراوە بەوەکالەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییەی کە تێیدا بە چەشنێک لە بەر چاوی جیهاندا زەلیل و سەرشۆڕ دەرکەوت کە تەنانەت سەرۆک کۆمارەکەی شوێنی سەرکردەکەیانی نەدەزانی، وەک هەمیشە و بەتایبەتی لە کوردستان، بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی و ترس لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، پەنای بۆ لە سێدارەدان و سەرکوتکردن بردووە.
ئەم تاوانانە، بێجگە لە شەرمەزاربوونی زیاتر هیچ دەسکەوتێکی بۆ سەرکردەکانی ڕێژیم نییە.
لە کاتێکدا کە بریکار و سیخوڕەکانی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتە جۆراوجۆرەکان دزەیان کردووەتە نێو بەرزترین ئاستە ئەمنی و سەربازی و سیاسیەکانی ڕێژیمەوە، لە سێدارەدانی چەند کۆڵبەرێکی زەحمەتکێشی کورد بە تۆمەتی سیخوڕیی، دەرخەری ئەوپەڕی بێ دەرەتانی و ترسنۆکی رژێمە.
وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد و ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، باوەڕێکی پتەومان هەیە کە بزووتنەوەی بەهێزی کوردستان، بە هاوبەشیی و لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکاران و ژنان و گەلانی ستەملێکراو، کۆتایی بە دەسەڵاتی هار و دڕندە لە ناوخۆ و زەلیل و بێدەسەڵات لە ئاستی دەرەوەی وڵاتی رژێمی ئیسلامی دێنێت.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان