بانگەوازی کۆمەڵە بۆ پێکهێنانی «کومیتەی بەڕێوەبەریی هاوبەشی»

عەزیز ئاجیکەند

ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەیەکی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکان و دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگەوازێک ڕوو بە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان درایە دەرەوە کە هەنوکە ئەم بانگەوازە و ئەم هەوڵەی کۆمەڵە دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ کۆدەنگی و یەکگرتوویی لە ناو بزاڤی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستاندا. کۆمەڵە لەم بانگەوازەی خۆیدا لەسەر پێکهێنانی «کومیتەی بەڕێوەبەریی هاوبەشی» هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێی لە باشوور، جەخت دەکاتەوە تا بەم شێوەیە بتوانرێت وەڵامی شایستە بە داخوازی بەرینی خەڵکی کوردستان بۆ یەکگرتوویی حیزبەکان بدرێتەوە و ئەم قۆناغە گرنگەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان تێپەڕێندرێت.

کوردستان مەکۆی شۆڕش و سەنگەری خەبات و تێکۆشانە و ترپەی دڵی هەموو شۆڕش و بەرخۆدان و ململانێیەکانی کۆمەڵانی خەڵک بووە دژی دەسەڵاتی نەحەسی کۆماری ئیسلامی. لەم مەڵبەندەدا بەستینی شۆڕش و هەستانەوە و خرۆشی جەماوەری بەهێزە و لە لووتکەدایە و ئاگری قینی و توڕەیی جەماوەر بە دژی دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامی نەک نەوەستاوە بەڵکوو بەردەوام لە هەڵکشاندایە.

کوردستان بە کردەوە وێڕای ئەوەی پێگەی خۆی لە هەموو مەیدانەکاندا پاراستووە، بۆتە جەمسەرێکی گرنگیش بۆ خەبات و تێکۆشان و هەروەها ڕەمزی شۆڕش بە پانتایی هەموو ئێران. چڕکردنەوەی سەرکوتی کوردستان و میلیتاریزەکردنی بەتایبەتی لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوای هاتنە ئارای شەڕی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتی ئێران و میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان و هێنانی هێزێکی نێویی سپا و دانانی دەیان بازگە لە شارەکانی کوردستان و درێژەدان بە ڕەشبگیریی لاوان و زیندانیکردنیان و دانی حوکمی قورس بە خەڵکی ناڕازی و لەسێدارەدانیان و بەسیخوڕناساندنی لاوانی کوردستان و کۆڵبەرانی زەحمەتکێش، دەرخەری ئەو ڕاستییانەن کە کۆماری ئیسلامی ترسی لە کوردستان و لە خەڵکەکەی نەک کەم نەبووەتەوە بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە زیادبووندایە.

لە بارودۆخی ئێستادا چارەنووسی کۆماری ئیسلامی نادیار و لە تاریکایی دایە و لە هەموو لایەکەوە کەوتۆتە بەر قین و توڕەیی.

زۆر دەمێکە کوردستان جێگە و پێگە و بارودۆخە سیاسییەکەی گرنگییەکی بەرچاوی لای هەموان پەیدا کردووە. کوردستان بە دوای شۆڕشی مەزنی ژینادا، پێی نایە قۆناغێکی تایبەتی و شۆڕشگێڕانەوە. قۆناغێک کە بە کردەوە هاوسەنگی هێزی گۆڕیوە. لەو قۆناغەدا، ناڕەزایەتی و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی شەقام بە کردەوە شکڵ و شێوازێکی ئەمڕۆیی و پێشکەوتنخوازانەی بۆ خۆیەوە گرت. ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، ڕواڵەتی سیاسی و ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی کوردستانی بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕی و هەنگاو بە هەنگاو چووە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانەوە. لەم شۆڕشەدا نێوەڕۆکی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتی ئیسلامی بوونە ئامانجی سەرەکی. شۆڕشی تازە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسی و یاسا و ڕێسای ئاینی چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە ناوچەکە، بزووتنەوەی ڕزگاریی بردە قۆناغێکی نوێوە. ئەم دەستکەوتە شکۆدارە شۆڕشگێڕانەیە، دۆسیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ هەمیشە خستە ژێر پرسیارەوە. ئەم بزووتنەوەیە نیشانی دا پڕشکۆی ئیرادەی جەماوەر لە هەڵکشاندایە و عەزمی جەزمی کردووە بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.

مێژووی هەموو خەبات و تێکۆشان و لێکتێگەیشتنەکان سەڵمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کوردستان مەیڵ و خواست و هێز و پۆتانسیەلی ئەوەی تێدایە ببێتە خاوەنی ناوەندێکی بەهێز و یەکگرتوو بە گوتارێکی هاوبەشیشەوە. ئەمڕۆ هێزەکانی ڕۆژهەڵات بە پاڵپشتی جەماوەر دەتوانن بەردی بناغەی وەها ناوەندێک کە بتوانێ هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بگۆڕێت دابنێن. نەبوونی ئەو کۆدەنگیە خاڵی هەرە لاوازی و بنەڕەتی بزووتنەوەی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان پێکدێنێت.

ئێمە بەردەوام ئاڵاهەڵگری یەکگرتوویی بووین و لەم پەیوەندییەشدا هەوڵی چڕوپڕی دڵسۆزانەمان داوە. ئێمە بۆ خوڵقاندنی دۆخێک تێکۆشاوین و بەردەوام تێدەکۆشین کە تێدا حیزبە کوردستانییەکان لێک نزیک بنەوە و بە تێگەیشتنێکی ئەمڕۆیی هەوڵ بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی پتەو بدەن. ئێمە هەر زۆر زوو هەستمان بەوە کرد کە تاکە ڕێگا بۆ وەسەرخستنەوەی وزە و توانایەکانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی، دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێزی کوردستانییە.

لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بە شێوەگەلی جۆراوجۆر، تەقەڵامان داوە هێزە سیاسییەکان لێک نزیک بنەوە و لەسەر ئەم پێویستییەی ئەمڕۆی کوردستان قسەوباس بکەن و هەوڵەکانی خۆیان بخەنە گەڕ.

کوردستان جگە لەوەی کە لەگەڵ دوژمنێکی سوێندخواردوو وەک کۆماری ئیسلامی دەست و پەنجە نەرم دەکات، لە نێو خۆیشیدا، بێ کێشە و گیروگرفت نییە. دەنگ و چالاکی و بانگەوازەکان پەرش و بڵاون و گوتارێکی هاوبەش و بەهێز کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵک بکات، لە ئارادا نییە و ئەم شەڕەش بە باشی سەڵماندی کە دەوڵەتی ئێران ناتوانێت پشتیوانێکی بەهێز بێت بۆ دابینکردنی ئەمنیەتی وڵاتەکە.

ئەوە هەوڵ و تێکۆشان و سازدان و دامەزراندنی ناوەند یان پێکهێنانی «کومیتەی بەڕێوەبەریی هاوبەشی»یە دەتوانێ هەم خەبات دژی دوژمنی سوێندخواردوومان ڕێک بخات و هەم کێشە و کەلێنە نێوخۆییەکان پڕ بکاتەوە و بیانداتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە قۆناغی ئێستادا، پێکهێنانی «کومیتەی بەڕێوەبەریی هاوبەشی» بە کردەوە دەتوانێت هێز و لایەنەکان لە ژێر چەترێک کۆبکاتەوە تا ئاسانتر بۆ وەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان تێبکۆشن.

ئەزموونەکانی شۆڕشی کوردستان نیشانی داوە کە یەکێتی و یەکڕیزی دەتوانێت زامنی سەرکەوتن بێت و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک، بەهێزتر بکات. گۆڕانکاری نوێ و خێرا لە ناوچەکەدا چاوەڕێ دەکرێت. ئەو دۆخەی ئێستا لە هەر کات زیاتر پێویستی بە یەکێتی ڕیزەکانی کورد بەگشتی و هاوکاری و هاودەنگی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هەیە. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو دەرفەتانەی بۆ خەڵکی کوردستان دەڕەخسێن لەکیس نەدەین و لە لایەکی دیکەوە دڵی خەڵکی ناڕازی کوردستان کە بە شێوەیەک پەرتەوازەیی حیزبەکان دڵنیگەرانی کردووە ئاشت بکەینەوە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پێشبخرێت و هاودەنگ و یەکگرتوو بکرێت.

لێک نزیکبوونەوە و کاری جددی بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەک کە سیاسەت و گوتاری سیاسی کوردستان ڕێکبخات ئەرکێکی هەرە گرنگی لایەنە سیاسییەکانە و کۆمەڵەش بە کردەوە ڕەچەشکێن ئەویەتی.

بەشداریی پڕگوڕوتینی خەڵکی خەباتکاری کوردستان بەتایبەت لاوانی شۆڕشگێڕ بە پێشەنگایەتی ژنان لەسەر شەقام، ئاسۆیەکی ڕوونی لە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خستووەتە بەردەم خەباتی شۆڕشگێڕانە لە کوردستان. ئەم گۆڕانکارییانە ئیمکانی واقعی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەم ڕژیمە لەڕێگەی شۆڕشێکی جەماوەرییەوە خوڵقاندووە.

شۆڕش و بەرخۆدانەکانی تا ئێستا ڕەوتی لاوازبوونی حکوومەتی ئیسلامی خێراتر کردووەتەوە و بۆ جارێکی دیکە دۆسیەی چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی بەڕووی کۆمەڵگەی کوردستان کردووەتەوە. لە ئاستی ئەم ڕەوتە و بۆ وەڵامدانەوە بە پرسە سەرەکییەکانی پرۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ئەگەرەکانی بەردەم، دەخوازێت چالاکتر لە جاران هاوکاری یەک بین بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستییەکانی ئەمڕۆی کوردستان.

لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە خەباتی تا ئێستایان نیشانیان داوە کە هێزێکی کاریگەر و چارەنووسسازن و ئەگەر هەوڵ بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی بدەن دەتوانن زەمانەتی پێشڕەویی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لە کوردستان بکەن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێمە بۆ ساتێکیش نەوەستاوین و بەردەوام بۆ بە کردەوە دەرهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە تێکۆشاوین. لە داهاتووشدا ماندوو نابین و هەوڵ بۆ بە یەکگرتوویی نێو ماڵی کورد لە کوردستان دەدەین.

ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگای کوردستانیش بە گشتی و بە تایبەتی کۆمەڵگای مەدەنی و جەماوەری هاوکارێکی باش و نزیک بن لەگەڵ کۆمەڵە بۆ چەسپاندنی ئەو گوتارە و بە سەرەنجامگەیاندنی.

بۆ پێشەوە…