ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر دەکات …..
کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرهەمهێنانی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کردووە و وەک لە ڕاپۆرتی نوێی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا ئاماژەی پێکراوە، ئاستی پیتاندنەکەیش نزیک بووەتەوە لەوەی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی بەکاربهێنرێت، هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە “ئێران 274.8 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە بە ڕێژەی لە سەدا 60؛ واتە 92.5 کیلۆگرام زیاتر لەوەی لە مانگی 11ی ڕابردوودا هەیبووە.
کۆی گشتی یۆرانیۆمی پیتێنراو گەیشتووەتە 274.4 کیلۆگرام (کە بە بەراورد لەگەڵ سێ مانگ لەمەوبەر 182.2 کیلۆگرام بوو)، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خێرابوونی رێژەی بەرهەمهێنان.
لەبەرانبەردا چاودێرانی نێودەوڵەتی سەرنجیان دا کە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رێوشوێنی سزای خێرا بگرێتەبەر و ئاماژەیان بەوە کرد کە بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لەم دواییانەدا پێشنیاری سەپاندنی سزای زیاتریان بەسەر ئێراندا کردووە وەک بەشێک لە هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان.
ئامریکا دەرگای دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا دانەخست، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە فشارە ئابوری و سیاسییەکان سووک ناکات ئەگەر تاران پابەند نەبێت بە سنووردارکردنی توندی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی.
کاربەدەستانی ئەمریکا بەروونی ئەوەیان راگەیاندووە، کە ڕەنگە دواجار سیاسەتی زۆرترین فشار پاڵ بە ئێرانەوە بنێت بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان بە نەرمییەکی زیاترەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی کە بەهۆی سزاکانی رۆژئاواوە رووبەڕووی دەبێتەوە.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە، چونکە واشنتۆن بەو شێوەیە دەبینێت کە رێککەوتنەکە بەشێکی زۆری کاریگەرییەکانی لەدەستداوە، دوای کشانەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018دا.