ئێران قەتڵگای ژنان…..!

0

دواڕۆژ

ستەمکێشی ژن یەکێک لەو دیاردانەیە کە ئاوێتەی گشت کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی کوردستان بووە. کۆماری ئیسلامیی بە پشت بەستن بە قانون و یاسای ئیسلامیی حاکمیەتی خۆی بەڕێوەدەبات. ژن لە ئیسلامدا ناکامڵ و زەعیفەیە، وەک نیوەی پیاو بە ئەژمار دێت و ڕەگەزێکی ژێر دەستەیە. هەر ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێران و کوردستان بۆ ژنان و کچان ببێتە دۆزەخێکی گەورە. ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە پشت بەستن بە مەزهەب و یاسای کۆیلەتی هێنەر به‌سه‌ر ژنانی هێناوه‌، هیچ شتێک نییە بێجگە لە بەرەو لەناوبردنی هەست و نەستیان.

ئەمرۆ بەداخەوە گوند و لادێکانی کوردستان یەکێک لە زیاترین ئاماری خۆسووتاندن و خۆ نوقسانکردنی ژنان لە جیهان پێکدەهێنت. پیاوسالاری، هەژاری و بێمافی، و سەرجەم ئەو توندوتیژیانەی کە بەهۆی جوگرافیای سیاسی ژیانیانەوە بەسەریاندا سەپاوە رۆژانە تەنگی بەم ژنانەی چینی خوارەوە کۆمەڵگای کوردەواری هەڵچنیووە، شاڵاوی ئاگر بووەتە تەنها دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆسوتاندن بووتە تاکە ئامراز بۆ  نیشاندان و دەربڕینی مافی خاوەندارێتی و کنترۆڵی ئەوان بەسەر لەشی خۆیاندا. بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندان بڵاو بوونەتەوە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۸ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ۸ چالاکی ژنیش لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۳۱ حاڵەتی ژنکوژی و ۴ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراوە. گیران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامیی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی ڕەگەزی یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی کۆماری ئیسلامییە کە بەبەردەوامی پەیڕەۆ کراوە.

هەواڵەکان باس لە ۳۱ حاڵەتی ژن کوشتن لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بەمجۆرە دەکەن؛ بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە سەر ژن کوژی لە راگەیەندنە گشتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە باس لە کوشتنی ۳۱ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەکەن کە کوشتنی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە. لەم ڕێژەیەدا ۱۵ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان، ۵ ژن لە لایەن باوک و ۸ ژن لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو برا، زاوا و خوازبێنەکەیانەوە کوژراون و لە مافی ژیانکردن بێبەش کراون. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە کوژرانی ١۹۱ ژن لە ساڵی ڕابردوودا دەکەن. ئەمرۆ ناوی کۆماری ئیسلامیی لە بیرورای گشتی ئێران و جیهاندا، بە دروستی ئاوێتەی پێشێلکردنی مافی ژنان بووە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *