ئاوڕێک لە مێژووی خەباتی ژنان…!
بێگەرد ساڵح
خەباتی ژنان لە کۆمەڵگا جیاوازەکان و بە تایبەت لە نەتەوەی کورددا ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی مافی مرۆڤ، یەکسانی جێندەری و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە. هۆشیاری و بوێری ژنان لەو ئاڕاستەیەدا، کاریگەرییەکی قوڵی لەسەر کۆمەڵگا داناوە. مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ئاوڕێکی خێرا بە سەر مێژووی خەباتی ژنان لە دوو بەشی رۆژهەڵات وڕۆژئاوادا بدات.
دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧، کوردستانی رۆژهەڵات گۆڕەپانی زۆرێک لە نائارامی و ململانێ بوو. ڕێکخراوە سیاسییەکان بە ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازەوە خەباتیان کرد. لەو ماوەیەدا ژنانی کورد بە بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و چالاکیی سیاسی و تەنانەت خەباتی چەکداری ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پێشخستنی ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوەیانەدا هەبووە. لە پاش ڕاپەڕینەوە ژنانی کورد بە پەیوەست بوون بە کۆمەڵە (دواتر حیزبەکانی تر) لە چالاکییە سیاسی و سەربازییەکاندا بەشدار بوون و وەک پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕدا دەرکەوتن و ڕۆڵیان لە ڕێکخستن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکاندا هەبوو. لەو ماوەیەدا ژنانی کورد ڕووبەڕووی سەرکوتی توندی حکومەت بوونەوە. زۆرێکیان دەستگیرکران و ئەشکەنجە دران و لەسێدارە دران. سەرەڕای ئەوەش ژنانی کورد بە خۆڕاگری بێوێنە درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا. بەم پێشینەوە ژنانی رۆژهەڵات زیاتر لە چل ساڵ خەباتیان کرد و کۆی هەموو خەباتی ئەم چەند ساڵە و ئاگادار بوونی ژنانی کۆمەڵگا بووە هۆێ ساز بوونی “شۆڕشی ژینا” و سەر هەڵدانی درۆشمی “ژن ژیان ئازادی ” کە ژنان ڕۆڵێکی هەرە گرینگیان لەم شۆڕشەدا بوو و ئەمەش نیشاندەری بوێری و تێگەیشتووی ژنانی کۆمەڵگا بوو. ئێستایش دەبینین کە تەنانەت زەخت و گۆشارەکانی حکوومەت(زیندان، شکەنجە و ئازارە جنسیەکان و تەنانەت سەپاندنی حۆکمی ناڕەوای سێدارە) کاریگەری لەسەر بوێرێ و دەستکێشان لە ئامانجەکانیان نەبووە و رۆژانە ئاگاداری دەستبەسەر کردن و سەپاندنی حۆکمی سێدارەین بۆ ژەنە خەباتگێرەکانمان.
ژنانی کورد بە بوێری و خۆڕاگری لە بزووتنەوی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە. ئەم خەباتانە هێمای خۆڕاگرین لە بەرامبەر یاسای نادادپەروەری و هەڵاواردن و ئیلهامبەخش بوون بۆ زۆرێک لە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. خەباتی ژنانی کورد لە رۆژهەڵات دژی حیجابی زۆرەملی و نایەکسانیەکانی دیکە، هۆشیاریی جیهانیی لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ و مافی ژنان لە رۆژهەڵات زیاد کردووە. ئەم هۆشیارییە بووەتە هۆی پشتیوانی نێودەوڵەتی و فشار لەسەر حکومەتەکان بۆ ئەوەی ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرن. ژنانی کورد بە بەشداری لە بزووتنەوەی نێودەوڵەتی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان، هاوپشتیی زیاتریان لەگەڵ ژنانی دیکە لە جیهاندا دروست کردووە. ئەم هاوپشتییە یارمەتیدەر بووە بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی جیهانی ژنان.
هاوکات لەگەڵ خەباتی ژنانی رۆژهەڵات، ژنانی رۆژئاوایش چەندین ساڵە دژی زۆڵم و کۆنەپەرەستی شان بە شانی پیاوان خەبات دەکەن. ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا ساڵانێکە بە هۆی ڕەگەز و بارودۆخی شەڕەوە دژی هەموو جۆرە هەڵاواردن و چەوساندنەوەیەک وەستاون کە بەسەریاندا سەپێنراوە. ئەم ژنانە تەنیا قوربانی شەڕ نەبوون، بەڵکو قوربانی سیستەمی نەریتی و سەرکوتگەرانە و پیاوسالاری بوون. سەرەڕای ئەوەش، ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و هیوایان هەمیشە گەشاوە ماوەتەوە. ژنانی کورد بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی توندوتیژییەکی بەربڵاو بوونەتەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، ئەو توندوتیژییانە گەیشتە لوتکە. داعش هەزاران ژن و کچی ئێزیدی و کوردی کردە کۆیلەی سێکسی و ژمارەیەکی زۆریانی کوشت. بەڵام ژنانی ڕۆژاوا تەسلیمی ئەو چارەنووسە نەبوون و بە پێکهێنانی گرووپی بەرگری ژنان دەستیان بە خەبات کرد و لە دژی وەستانەوە.
لە هێرشی یەک لە دوای یەکی تاقمە تیرۆریستیەکان و دواتر سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوا بە هەزاران ژن و منداڵ ئاوارە بوون. لە کەمپەکانی پەنابەران ئەم ژنانە ڕووبەڕووی کەمی پێداویستی و نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی و فشاری دەروونی بوونەوە. بەڵام تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجیشدا بۆ ئەوەی ژیان بۆ خۆیان و ئەوانی تر ئاسانتر بکەن تۆڕی هاوپشتی و پشتیوانییان دروستکرد. لە ڕۆژئاوا ژنان ئەو ڕێسایانەیان شکاند و بە چوونە ناو گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی کارایان لە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکساندا بینی.
ژنانی ڕۆژئاوا بۆ داکۆکیکردن لە خاک و مافەکانیان یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)یان پێکهێنا. ئەم گروپە نەک تەنها لە بەرەکانی شەڕدا پێشەنگ بووە، بەڵکو لە شکاندنی چەشنە ڕەگەزییە چەقبەستووەکانیشدا پێشەنگ بووە. ژنانی جەنگاوەر بە جلوبەرگی سەربازی و چەکەکانیانەوە بوونەتە هێمای ئازایەتی و ئیرادە. لە سیستمی خۆسەری ڕۆژئاوادا ژنان پێگەیەکی یەکسانیان لەگەڵ پیاوان بەدەستهێنا. لە سیاسەت و ئابووری و پەروەردەدا ڕۆڵی ناوەندیی دەگێڕن و لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی یەکسانی جێندەری و دیموکراسی پێکهاتەیان دروستکردووە. لەم ماوەیەدا بێجگە لە ژنانی شورشگێر چاومان بە کچانی گەنج و پیری خانەداریش دەکەوێ کە چەکیان لە دەستە و شان بە شانی پیاوان خەبات دەکەن و پارێزەری خاک و وڵات و ماڵ و منداڵیانن.
ژنانی ڕۆژئاوا سەرەڕای ئەو هەموو سەختی و دڕندەییانەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، نەک هەر کۆڵیان نەدا، بەڵکو بوونە هێزێکی پێشەنگ لە بەرخۆدان و گۆڕانکاریدا و نموونەی ئازایەتی و هاودەنگی و ئیرادە بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. خەباتیان بۆ ئازادی و یەکسانی بەردەوامە و دەنگیان ئیلهامبەخشە بۆ دوارۆژێکی گەشاوەتر.
پێشبینیکردنی ئایندەی خەباتی ژنانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی ڕۆژئاوا، پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە چەند لەوانە بریتین لە؛ هەلومەرجی سیاسی، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، پێشهاتە ناوچەییەکان. بەڵام بە پشتبەستن بە ڕەوتەکانی ئێستا و شیکاری بارودۆخی ئێستا، دەتوانێ سیناریۆ بۆ داهاتوو دابین بکات؛
پێویستە ژنانی کورد لە پێشەنگی خەبات بۆ یەکسانی جێندەری و مافە نەتەوەییەکان بمێننەوە. ئەم هەڵمەتانە دەتوانن لە ڕێگەی پتەوکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیامەکانی خۆیان بگەیەننە کۆمەڵێکی فراوانتر. ژنانی کورد دەتوانن بە ڕاکێشانی پشتیوانی نێودەوڵەتی خەباتی خۆیان بەهێزتر بکەن. بە تایبەتی بە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە جیهانییەکان، هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەکانی مافی ژنان لە وڵاتانی دیکەدا دەتوانێت پشتیوانییەکی بەرفراوانیان بۆ بهێنێت. بەڵگەسازی نێودەوڵەتی و ڕەنگدانەوەی خەباتی ژنانی کورد بە شێوەی فیلم و کتێب و کۆنفرانسدا دەتوانێ سەرنجی زیاتر بۆ خۆی ڕابکێشێت.
لە ئەنجامدا دەمەوێ بڵێم ئایندەی خەباتی ژنانی کورد بەندە بە چەندین فاکتەرەوە، بەڵام هێزی بزوێنەری ئەم بزووتنەوەیە، واتە ئیرادە و خۆڕاگری، بەڵێنی پێشکەوتنی زیاتر دەدات، ئەگەر هەلومەرجی سیاسی ڕێگەی پێبدات، دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەم خەباتانە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە بواری مافەکانی ژنان و گەلی کورددا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بە مۆدێلێکی جیهانی بۆ دادپەروەری و یەکسانی هەژمار بکرێت.