ئاستی خوێندواری ژنان و پیچوونی لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگا
ئاستی خوێندواری ژنان و پیچوونی لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگا
ژیلا ئەحمەدی
یەكێک لە فاکتەرە گرینگەکان بۆ بەرزبوونەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا خوێندەواریە بە تایبەت خوێندەواری ژنان کە نێوەی کۆمەڵگان، لە کۆمەڵگای ئێران بە تایبەت کوردستان، سەرژمێریەکان سەبارەت بە ئاستی ناخوێندەواری لە کوردستان ٢٥ لە سەدا ژنانن، ١٢ لە سەدا پیاوان بێ سەوادن و ڕێژەی بێ سەوادی ژنان لە پیاوان زۆرترە، سەرژمێریەکانی فەرمی ساڵی ٩٥ لە گوندەکانی پارێزگای کوردستان نیشان ئەدات ڕێژەی بێ سەوادی ژنان لە نێوان تەمەنی ١٠ تا ٤٩ ساڵ ٣٦٫٦ لە سەدایە و زۆرترین ڕێژەی بێ سوادی لە تەمەنی سەرەوەی ٤٠ ساڵە. بە پێی ئەم سەرژمێریانە زۆرترین ڕێژەی بێ سەوادی لە کوردستان ژنن و لەتەمەنی ٤٠ سال زیاترە و هەروەها ڕێژەی ناخوێندەواری ژنان لە گوندەکان زۆرترە لە شارەکانی کوردستان، بەپێی سەرژمێریەکانی فەرمی وازهینان لە خوێندنی ژنان لە ساڵەکانی ٩٧-٩٨ دەبێتە ٢٩٠ هەزار قوتابی لە گوندەکان. یانی بە پێی سەرژمێریەکان زۆرترین وازهێنان لە خوێندن تایبەتە بە ژنان لە گوندەکان. هەڵبەت ئەم سەرژمێریانە چونکە لەڕووی سنووربەندی پارێزگاکان بەرێچووە زۆربەی خەڵکی کوردستان کە لە پارێزگاکانی دیکە وەکوو ورمێ، کرماشان، ئیلام و چوارمەحاڵ و بەختیاری لەگەڵ گەلانی دیکە تێکەلاون بەڕوونی ڕیژەی ناخوێندەواری ژنانی کوردستان ئاشکرا نابێ و هەروەها کۆماری فاشیستی ئێران بۆ ئەوەی رووداوی ناخوێندەواری دابپۆشێ رێژەکانی به درووستی ناڵێت و دوور لە ڕاستی بڵاویان دەکاتەوە کە نیشان بدات زۆر هەوڵی داوە بۆ لابردنی ناخوێندەواری و بێ سوادی، لە حالێکدا ئەگەر ڕاستیەکان دەرکەون دەبینین جیا لە نرخی بێ سەوادی ژنانی سەرەوەی ٤٠ ساڵ، هەر ئێستا کچانی ژێر ١٨ ساڵ بە هۆکاری جۆراجۆر واز لە خوێندن دێنن، کە یەکێ لە هۆکارەکانی کۆماری ئیسلامیە بە هۆی یاسا دژ بە ژنەکانی، زۆربەی پلان و بەرنامەکانی بۆ ئەوەیە کە ژنان لە خوێندەواری دوور بخاتەوە و بیانخاتە گۆشەی ماڵەکان و هیچ گرینگییەکیان پێ نەدات، چۆنکە خوێندەواری بەتایبەت خوێندەواری ژنان زۆر ڕۆڵی هەیە لە سەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا و هەروەها گۆڕانی کۆمەڵگا لە بواری فیکری دا. لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێران ژنان وەکوو ڕەگەزی دووهەمن و ئەرکی ژنان زۆرتر لە نێو ماڵانە وەکوو مناڵ بەخێو کردن، هاوسەریی، کابانی ماڵ و بەردەوام لە سەر شاشەی میدیاکان و ڕۆژنامە و شوێنە گشتی و پەروەردەکان هەوڵی داوە ئەم چەشنە پەروەردە گەشە بدات و بانگەشەی بۆ دەکات کە ژنان کەمتر روو لە خوێندن بکەن و زۆرتر ببن بە کابانی خانوو و ژنی ماڵ بن. هەروا کە دەیبینین کە لەناو کۆمەڵگای ئێران کار بۆ ژنان زۆر کەمە و بەدەگمەنە و ئەگەریش بێت زەحمەتی زۆرە و یا مووچە و حەقدەستی زۆر کەمە و هەمووی ئەم بەربەستانە لهبەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە هۆشیاری و زانیاری ژنان دەترسێت و کۆمەڵگای پیاوسالار و دواکەوتوویش مەبەستی ئەوەیە کە ژنان زۆر زانا و خوێندەوار نەبن و یاکوو ئەگەر دەخوێنن تا ئاستی زۆر کەم و ئەرکی گرینگی ژنان لە شووکردن، منداڵداری و کاری نێو مال دەبینن. لەم کۆمەڵگایە داب و نەریتی کۆن بە پاڵپشتی کۆماری سیدارە و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی نازانێت زۆربەی ژنان خوێندەوار بن، چۆنکە خوێندەواری ژنان دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ژنان ڕوشنبیر بن و دونیا باشتر بناسن و لەگەڵ زانستی کۆمەڵایەتی بە تایبەت سیاسەت ئاشنا تر بن و هەمووی ئەمانە دەبێتە هۆکاری پێشکەوتنی ژنان و بردنە سەرەوەی داخوازیەکانی ژنان کە زۆرتر مافەکانی خۆیان بناسن و داخوازی زیاتریان ببێت و دەیانهەوێ لە بەشی سیاسەت و کۆمەڵایەتیدا بەشدار بن. کە هەمووی ئەمانە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵگای پیاو سالار و ئایینی و هەروها کۆمەڵگای سەرمایەداری نیە، چۆنکە هەموو شتێک دەگۆڕدرێت. یەكێ لە فاکتەرەکانی دیکە بۆ کەم کردنەوەی خوێندەواری و واز هێنانی کچان و ژنان لە خوێندن، هەژاری و نەداری بنەماڵەکانە، بە هۆی ئەوەی کە لە دڕێژەی سالانی ڕابردوو بە هۆی گرانی و بیکاری زۆربەی خەڵکی ئێران بە تایبەت کوردستان لە هەژاری و نەداریدا ئەژین و ئەمانە هۆکارە کە بنەماڵەکان منداڵانیان بە تایبەت کچانیان ناچار بکەن کە واز لە خوێندن بێنن و زوو شوو بکەن و بچنە سە ژیانی خۆیان و خەرجی مال کەم بێتەوە، لە بواری کەلتووریش لە گوندەکان زۆر داب و نەریتی قورس بەرانبەری خوێندی ژنان هەیە کە ئیجازە نادات کچان وەکوو کوڕان بەتایبەت لە گوندەکان دڕێژە بە خوێندن بدەن. هەروەها یەکێ تر لە هۆکارەکانی وازهێنانی کچان لە خوێندن نەبوونی قوتابخانەی دواناوەندی لە گوندەکانە کە بنەماڵەکان ئیجازە نادەن کچانیان بۆ خوێندن بڕۆنە چەند گوندی دوورتر و هاتووچوو بکەن، لە کەلتووری کۆمەڵایەتی نێو گوندەکاندا بە تایبەت بۆ ژنان جیاوازی هەیە لە نێوان کچ وکور و بنەماڵەکان حازر نین پارە سەرف بکەن بۆ خوێندنی کچانیان چۆنکە بە قازانجی نازانن
لە حالێکدا ئەگەر لە گوندەکانی دەوروبەر قوتابخانە نەبێت، کوڕەکانیان بۆ خوێندنی دواناوەندی دەنێرن بۆ شارەکان و ئیدی هەناردنی کچانیان بۆ گوندێ تر یاکوو شار کارێکی ئاسایی نیە و بەهۆی تابۆ و کەلتورەکانی دواکەوتووی پیاوسالاری بەربەستە بۆ ژنان و کۆماری ئیسلامیش بۆ گەیشتن بە پلانەکانی لە زۆربەی گوندەکان قوتابخانەی ناوەندی و دواناوەندی دروست نەکردووە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری دابڕانی کچان و ژنان بە تایبەت لە گوندەکان لە خوێندن. کە هەمووی ئەمانە لە داهاتوو ڕۆڵی هەیە لە بارهێنانی ژناندا، هەمووی ئەو فاکتورانە وەکوو ماڵی، هەژاری و نەداری، کەلتووری دواکەوتووی پیاوسالاری، سونەت و داب و نەریتی کۆنی ئایینی، جیاوازی و گرینگی نەدانی کۆماری ئیسلامی بە پەروەردەی ژنان و دابین نەکردنی شوێنی خوێندن بە تایبەت لە گوندەکان، دەبێتە هۆکاری سەرەکی ناخوێندەواری و بێ سەوادی کچان و ژنان و ئەمانە لە داهاتوو دەبێتە هۆی نەبوونی ئاستی زانیاری و هۆشیاری ژن کە زۆربەی کات دەبنە بە قوربانی، زۆربەی کات بە شوو ئەدرێن، لە لایەن مێردەکانیان سووکایەتییان پێی ئەکرێت، لێیان ئەدرێت و لە باری ماڵی گرێدراو دەبن بە شووەکانیان و بنەماڵەیان. زۆرترین ئاماری خۆکوژی و خۆسوتاندن لە ژنانی ناخوێندەواردا زۆرترە چۆنکە لە سەرەتاییترین مافەکانیان کە خوێندن و هەول دان بۆ ژیانی داهاتوویان بێبەشن و لە باری زانیاری دوور ئەکەون و هێزی بەرگری لە خۆیان لە دەست ئەدەن و لە نارۆشەنبیری و نائاگاهی دەمێنەوە، هەمیشە ئەمە بوونی هەبووە کە فێربوونی زانست و خوێندن درگای تازە بۆ بیرکردنەوە و ژیان دەکاتەوە و ئازایەتی بەرفراوان دەکات و هەروەها لە باری یاسا و زۆر شتیتر دەتوانێ ڕێگەکانی بەرگری لە خۆی بناسێت بەڵام ناخوێندەواری وەکوو کەسێکی کوێرە کە ڕێگەکە باش نابینێت، بۆیە خوێندەواری ژنان زۆر ڕۆلی گرنگی هەیە لە سەر پەروەردە و زانیاری و بردنەسەرەوەی هۆشیاری کۆمەڵگا و هەروەها چۆن ژنان ڕۆلی سەرەکی یان هەیە لە نەوەی داهاتوو دەتوانن بە خوێندن و تێپەراندنی ئاستەکانی خوێندن تاکوو پلەکانی سەرتر لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا لەبواری کۆمەڵایەتی، ئیداری، سیاسی و زۆر شتی تر بەشدار بن.