کۆمەڵە ” قوتابخانەیەکی هزریی” نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست

✍ئارام مودەڕیسی

کۆمەڵە وەک رێکخراوێکی سیاسی و جەماوەری لە کوردستان درێژکراوە، سەرلەنوێ دارێژراو، کۆپی، هەناردەکراو، پاشکۆ یان داسەپاوی هیچ ڕەوتێکی پێش خۆی نییە. لە راستیدا کۆمەڵە وەڵامێکی گونجاو و پێویستییەکی سەردەمی ڕسکانی خۆیەتی بە داخۆازییە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستان. کۆمەڵە بەرهەمی خوێندنەوەیەکی عەقڵانی و پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە و بوێرانەی سەرجەم جوڵانەوە چەپ وسوسیالیستییەکانی جیهانە. شیاوی هەڵوێستەکردنە کە کۆمەڵە لەسەردەمی زێڕینی گەشە و هەژموونی ڕەوتی سوسیالیستی لە هەموو جیهاندا، نەشتەری ڕەخنەی دەخاتە جەستەی ڕەوتە زاڵەکانی چەپ لەو سەردەمدا و ڕێچکە و ڕێبازێکی نوێ دەگرێتەبەر. نە لەژێر کاریگەری رێبازی چریکی دا لە خەباتی جەماوەری و لە گرینگیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێران غافڵ دەبێ و، نە سیاسەت و تێئۆریزەکردنی هاوخەباتیی پرۆلیتاریای وڵاتانی “جیهانی سێهەم” لەگەڵ بۆرژوازی وڵاتەکەیان دەیباتە بەرەی خەباتی دژی ئەمپریالیستی باو.  کاتێک ڕێک ٤١ ساڵ لەوەپێش، ئەوکاتەی بەشێکی بەرچاو لە چەپی ئێران لەژێر دروشمی خەبات لە دژی ئەمپریالیزمی ئامریکا و لەژێر ڕاسپاردەکانی خومەینیی جینایەتکاردا، هەڵکوتانەسەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران شاگەشکەی کردبوون، ئەم هەڵویستە دەقیق و بوێرانەی کۆمەڵە کە دەڵێ: “هەر خەباتێکی دژە ئەمپریالیستی کە نرخەکەی سەرکوتی گەلان، ژنان، کرێکاران و چینی زەحمەتکێش بێ، تەنیا و تەنیا لە درۆزن و چەواشەکاران دەوەشێتەوە”، دەرخەری رێبازی دروست و پاشخانی دەوڵەمەندی فیکریی کۆمەڵە بوو. هەروەها هەرگیز حکوومەتی سووری سۆڤییەت بۆ کۆمەڵە موژدەبەخشی دنیایەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشگوزەران بۆ مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای  سوسیالیزم نەبوو. کۆمەڵە بەردی بناغەی هزری خۆی بە بەرچاورۆشنی و خوێندنەوەیەکی واقیعبینانە خستەسەر یەک. کۆمەڵە لەسەر بنەمای ئەو خوێندنەوە سەردەمیانە بوو کە توانی ڕوانگە فیکرییەکانی خۆی دیاری بکات. ئیتر ئیستا کۆمەڵە وەک هێزێکی چەپ و سوسیالیستی بە ئەرک و پەیامی چینایەتیی ڕۆشن و دیارەوە ڕەوڕەوەی خەباتی خۆی لەو ئاڵۆزی و فەرەروانینی بزووتنەوەی سوسیالیستی جیهانیدا خستۆتەسەر راستەرێی گەشە وپێگەیشتن. ئیتر ئێستا لە ئاستی ئێراندا کۆمەڵە ڕوانگەیەکی فیکریی بەهێز و ساحیب قسە وخاوەن ئۆتۆریتەیە. کۆمەڵە لە کوردستانەوە بە بێ دوودڵی و ڕاڕایی پشتیوانی لە دێموکراسی و ئازادی گەلان و پلۆرالیزیم و سێکۆلاریزم لە ئێران دەکاو، لە بەرامبەریشدا پشتیوانیی بەرینی جەماوەری لە دەرەوەی کوردستانیش بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. لە ناوەندە کرێکارییەکانی باشوور و ناوەند و باکووری ئێران، لە نێو شارە گەورەکانی وەک تاران وتەوریز و ئیسفەهان کومیتەکانی لایەنگرانی کۆمەڵە بە شێوەی جۆراجۆری تەبلیغی و نووسینی دروشم، لە رێگای بەشداری هێزی ئینسانی لە شۆرش وخەباتدا، پاڵپشتی و خۆشەویستیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەلکی کوردستان و کۆمەڵە دەردەبرن. بێگوومان ئەوە سیاسەتی ژیرانە و ڕوانگەی فراوان و خەباتکارانەی کۆمەڵەیە کە بزووتنەوەی کوردستانی لە هەموو ئێراندا و لە نێو تێکۆشەران و خەباتکارانی غەیرە کوردا کردووەتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز و سەنگ و قورسایی پێ بەخشیوە.

لە کوردستان کۆمەڵە وەک حیزبێکی  بەدەروەست و بەرپرس و خەباتکار، بە بێ هیچ ڕاڕاییەک خاوەندارییەتی لە کێشەی گەلی کورد کرد. وەک هێزێکی چەپ و سوسیالیستی و خاوەن بەرپرسیارەتی لە جوڵانەوەی خەڵکی کوردستاندا و، لە پێناو نەهێشتنی “ستەمی میللی” لەسەر گەلی کورد، لە دەقێکی زۆر رۆشن ومۆدێرن وپێشکەوتنخوازانەدا، ” گەڵاڵەی کۆمەڵە بۆ خودموختاری کوردستان”ی کردە ئەجندای داخوازیی خەڵکی کوردستان لە دەسەلاتی ناوەندی. وەک پارێزەرێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی زەحمەتکێش و داکۆکیکارێکی لێبراو بوو بە کۆڵەکەیەکی  خاوەن متمانە و بڕوای خەڵکی کوردستان لە “هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد” بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی. لەگەڵ هەستکردن بە سیاسەتی فریودەرانە و ماهییەتی ڕاستەقینەی حکوومەتی تاران بەرامبەر بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، بە بێ سڵکردن لە لەمپەر و بەربەستەکان، بەوپەری ژیری و بەرچاورۆشنی، خۆی لە خولانەوە لە بازنەی فریودەرانە و لە چاوەروانی ڕاگرتنی بە مەبەستی حکوومەتی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی دەرباز کرد و، لە بریارێکی مێژووییدا و لەبەر رۆشنایی پەیامی ” گەلی کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەدا”(خلق کرد در بوتەی آزمایش)، کوردستانی کردە مەتەرێزی بەرەنگارییەکی نەتەوەیی و سەرتاسەری بەرامبەر بە هێرشی چاوەروانکراوی دەسەڵاتی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی. لەو سەردەمانەدا کۆمەڵە بە هۆی ڕەوایی سیاسەت و ڕوانگەکانی و لێهاتوویی کەم وێنەی کادر و ڕابەرانی ژیر و شۆرشگێر، بەرچاوڕوون و خاوەن ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی خۆی، هێزی یەکەمی گۆرەپانی سیاسەت لە کوردستان و، بزوێنەری سەرەکی  ئاڵۆگۆر و پیشهاتە گرینگ و چارەنووس سازەکانی ئەو سەردەمی کوردستانە. هەڵوێستی ڕوون و بەجێ بەرامبەر بە رێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی  و هەوڵدان بۆ سازکردنی کۆدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ  وەڵامی “نا” و بایکۆتی سەرتاسەری ئەو رێفراندۆمە لە کوردستان، دەستپێکردنی یەکەمین خولی فێرگەی پێشمەرگایەتی و رێکخستنی یەکەمین دەستەکانی پێشمەرگە بۆ بەهێزکردنی بەرەنگاریی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە هێرشی چاوەروانکراوی حکوومەت، ڕێکخستن و ڕابەرایەتیکردن و پاڵپشتیکردن لە “کۆچی مێژووی مەریوان” ،خۆراگریی کەم وێنەی خەڵکی قارەمانی سنە و شەری خوێناویی ٢٤رۆژە، سازکردنی یەکیەتییەکانی جوتیاران وشوراکانی شار و گەڕەک بۆ ئیدارەی خۆجێی، ڕێکخستن و ناردنی دەستە و گرووپی یارمەتیدەر لە کوردستانەوە بۆ بە هاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماوی  تورکەمەن سەحرا، وەستانەوە بەرامبەر بە زۆروێژی و ملهووریی ئاغا و دەربەگەکانی کوردستان و پشتیوانی  لە جوتیارانی زەحمەتکێش، وەستانەوە بەرامبەر بە تاقم وگرووپی کۆنەپەرەست و نەیار و هاندراو لەدژی بزووتنەوەی کوردستان، پشتیوانیی لێبراوانە لە ماف و داخوازیی کرێکاران وزەحمەتکێشانی کوردستان، پشتیوانیی شێلگیرانە لە ژنان و ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریی ڕاستەوخۆی ژنان لە خەباتی پیشمەرگانە و سیاسی و کۆمەلایەتی لە کوردستاندا و، وەستانەوەی بوێرانە بەرامبەر بە داب ونەریتی کۆنی کۆمەڵگا و روانگەی دژە ژن، کار کردن بۆ گەشەی فەرهەنگی و کلتووری و ئەدەبی لە کوردستان و، بنەجێکردنی فەرهەنگی پێشکەوتنخوازانە، خەبات لە پێناو دێموکراسی و پلۆرالیزم و فرەحیزبی لە کوردستان و، بەخشینی ڕواڵەت و ناوەرۆکێکی مۆدێرن وپێشکەوتنخوازانە بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و، شکاندنی شقڵی چەقبەستوویی و کلتووری تاک حیزبی لە کوردستان، بەشێکن لە بەرهەمی  سەرهەڵدان و بوونی ڕەوتێکی چەپ و نەتەوەیی وەک کۆمەڵە لە کوردستان. کۆمەڵە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە بزووتنەوەی شۆرشگێرانەی کوردستاندا کە باسکردن و نووسینەوەی ئەم مێژوویە بە بێ لەبەرچاوگرتنی سەنگ وقورسایی و کاریگەرییەکانی کۆمەڵە لەسەر ڕەوتی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد ناتەواوە و مومکین نییە.

بە لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەکانی کۆمەڵە بۆ ڕەوتی ڕووداوەکان و هەڵوێستی رۆشنی بەرامبەر بە هەموو جووڵانەوە رزگاریخوازییەکانی جیهان، روانینی بەرامبەر بە پێوەندییە ناعادڵانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی نیزامی سەرمایەداری و، پلان و پرۆژەی کردەیی بۆ ئیدارەیەکی دێموکراتیک و عادلانەی  کۆمەڵگا، بەخاوەندەرکەوتن و خاوەن گەڵاڵە و بەرنامەی سەردەمیانە و مۆدێرن و پشت ئەستوور بە بنەماکانی دێموکراسی بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی و دەستنیشانکردنی سەرخەتی ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە کۆمەڵگا وەک هێزێکی چەپ و کوردستانی و راگرتنی زانستیانەی ئەو هاوکێشەیە،دەیسەلمێنێ کە کۆمەڵە قوتابخانەیەکی فیکریی سەربەخۆیە و دەبێ لەو سۆنگەیەوە خوێندنەوەی بۆبکرێ.