ژینا؛ لە سەقزەوە بۆ جیهان….

بێگەرد ساڵح

کاتێ دروشمێکی کوردی/ژن ژیان ئازادی/ بووە دەنگی ناڕەزایەتی و  ئازادی…

ئایا بزووتنەوەی ژینا؛ تەنیا ڕەوتێک بوو لە ڕووی  سۆز و هەستەوە یان  ڕەوتێکی مێژوویی بوو  لە سەنتەری کوردستان؟

بزووتنەوەی ژینا لە شاری سەقز، لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا ئەمینی، دەستی پێکرد. لەو کاتەوە، دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە ریشەیەکی کۆن و مێژینەی لە بزووتنەوە رزگاریخوازەکانی کوردەکانەوە هەیە بوو بە هێمای سەرەکی ئەم ناڕەزایەتییە. ئەم دروشمە لە بنەڕەتدا جەخت لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دەکات: یەکسانی جێندەری، مافە مرۆییەکان، و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەمە نیشاندەدات کە بزووتنەوەی ژینا تەنها وەڵامێکی کاتی بەرامبەر بە کوشتنی ژینا نەبوو، بەڵکو درێژەپێدەری ئەو نەریتە مێژووییە بوو کە کوردەکان لە خەباتی خۆیان بۆ یەکسانی، دادپەروەری، و ئازادی پێشکەشیان کردووە.

کوردستان، وەک هەرێمێک کە مێژوویەکی پڕ لە بەرخۆدانی هەیە، خاوەنی سەرچاوەیەکی کولتووری و سیاسیە کە توانیویەتی ئەم بزووتنەوەیە بکاتە خاڵی وەرچەرخانێکی گەورە. شوناسی کوردی، کە بەردەوام لە ژێر فشاری ناوەندگەرایی و ستەمی نەتەوەییدایە، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی هێزێکی کۆمەڵایەتی کە توانیویەتی دەنگی ناڕەزایەتیەکە بەرز بکاتەوە  بەرەو ناوچەکانی دیکەی ئێران و تەنانەت جیهانیش ئاگادار بێتەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ژینا ئەوە بوو کە توانی پرسی کورد وەک پرسێکی نەتەوەیی بگۆڕێت بۆ داواکارییەکی گشتی کە لەگەڵ خواستەکانی گەلانی دیکەی ئێراندا یەکگرتوو بوو. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” نە تەنها جەخت لەسەر مافەکانی ژنان دەکات، بەڵکو داوای ژیانێکی شایستە و ئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتیش دەکات. ئەم دروشمە بوو بە پردێک کە داواکاریە مێژووییەکانی کورد بە داواکارییە گشتییەکانی خەڵکی ئێرانەوە ببەستێت و ئەوانیش وەک نەتەوەی فارس، بەلووچ، عەرەب، و گرووپەکانی دیکە داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

ئەم یەکگرتنە نیشانیدا کە بزووتنەوەی ژینا زیاتر لە کاردانەوەیەکی سۆزداری بووە. ئەوە درێژەیەکی مێژوویی بوو کە لە ئەزموونی کوردەکانەوە سەریهەڵدا و توانی گوتارێکی نوێ لە یەکسانی جێندەری، یەکسانی نەتەوەیی، و دادپەروەری کۆمەڵایەتی پێشکەش بکات. هەر ئەمەش توانی ئەم بزووتنەوەیە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشووی ئێران جیا بکاتەوە، بۆ ئەوەی توانی داواکارییە جیاوازەکان لە ژێر یەک چەتر و یەک دروشمدا کۆبکاتەوە.

سەرکوتکردنی توندی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی وەک سەقز، سنە، مەهاباد، بوکان، جوانڕۆ، و پیرانشار نیشانیدا کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئاگاداری رۆڵی گرنگی کوردستانە لە سەرەتای ئەم بزووتنەوەیەدا. کوژرانی دەیان گەنجی کورد، دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان، و بوونی هێزە ئەمنییەکان لەم ناوچانەدا ئەوەی دەرخست کە دەسەڵات ترسی هەیە لە پەیوەندی نێوان شوناسی کوردی و توانایی سەرکردایەتی کردنی ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری. 

ئەم سەرکوتە توندە نە بەڵگەی بزووتنەوەیەک بوو کە لە ژێر سایەی مێژووی بەرخۆدانی کوردەکانەوە سەریهەڵدا و توانی هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی ئێران لە دژی ستەمی دەسەڵات کۆبکاتەوە.

بزووتنەوەی ژینا زۆر بە خێرایی سنوورەکانی ئێران تێپەڕاند و بوو بە هێمایەکی جیهانی بۆ خەباتی ژنان و کەمینەکان دژی ستەمکاری. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە دەیان زمانی جیاواز وەرگێڕدرا و لە ناڕەزایەتییەکانی ئەوروپا، ئەمریکای لاتین، و وڵاتانی دیکەدا دەنگی دایەوە. ئەمە نە تەنیا پرسی کورد وەک پرسێکی نەتەوەیی بەرزکردەوە، بەڵکو خەباتەکانی کوردی بە خەباتی ژنانی جیهان و کەمینەکانەوە گرێدا.