ڕێبازەکەی خومەینی و داعیش دوو ڕووی دراوێکن…

پچڕانی ئینترنێت، بێڕێزی کردن بە تەرمی خۆپیشاندەران و کەڵەکە کردن لەسەر یەک، داوای پووڵ بۆ دانەوەی تەرمەکان، نیشاندەری پلانێکە بۆ ترساندن زاڵ کردنی کەس و هەوایەکی تۆقێنەر بۆسەرکوتی زیاتر.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران ڕوو دەدات تەنها توندوتیژیی دەسەڵات نییە بەرانبەر بە جەماوەری ئێرانی کە تەنها داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن. ئێمە لەگەڵ مەرگ ڕووبەڕووین، لەگەڵ ئەشکەنجە و زیندان، شتێک کە هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەگەر ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بەمشێوە بمێنێتەوە یەک پەیامی ڕوونی بۆ هەموو دیکتاتورەکانی ناوچەکە تێدایە کە دەتوانن خەڵکی خۆیان کۆمەڵکوژ بکەن و کەس هیچ نەڵێت؛ دیکتاتۆر وڵامدەرەوە نەبێت.
ئەمە کارەساتە، توندوتیژی ڕەها بەشێکە لە ڕەشترین خاڵی مێژوو، وەک ناخۆشترین شەڕ و سەرکوتەکانی مێژوو، جنازەکان وەک ئالای داعش لە ناو کیسەی ڕەشدا لە سەر زەوی فرێدراون، بێ ڕێزی بوەتە شتێکی باو لە ئێران تەنانەت بە تەرمی مردوو، ڕەش بوەتە ئاڵای ڕژیم و ئەوە لەخۆوە نییە، ئەوە پەیامێکە بۆ هەموو جیهان، کە داعش لە ئێرانەوە سەری هەڵداوە و داعشی سەرەکی خومینی بوو و دواتر خامنەیی بووە کە درێژەدەری ڕێگای خومەینیە.
ئەو دەسەڵاتەی کە بە سانایی مرۆڤ دەکوژێت، فیشەکی خەلاس لە پشت سەر یا ڕووبەڕوو لە خەڵک دەدات. هەر لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵات خومینی فەرمانی جیهادی بۆ سەر کوردستان دەرکرد و ڕژیم دەستی لە هیچ جنایەتێک لە کوردستان نە پاراست، قەتلوعام، سەربڕین و دەسدرێژی. داعشیش بە هەمان شێوە و لە ڕژیمی ئیسلامیەوە دەرسی وەرگرت بۆ کوشتاری خەڵک لە ناوچەکە. ئەوەش ئێستە ڕژیمی ئیسلامی ئێران چەن قات خراپتر دەکات، هەر بەو مانا دێت کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان هەموو شت دەکەن، گیانی مرۆڤەکان هیچ بایەخێکی نییە.
دوای هاتنی داعش ئینترنت لە هەموو ئەو بەشانەی ئەو هێزە ڕەش و نگریسەی تێدا بوو پچڕا. ئەوە خودی سیاسەتە، ئەوەی لە ئێران ڕوویدا و پچڕانی ئینترنێت جۆرێک لە کردەوە بوو بە دژی خۆپیشاندان و کوشتاری خەڵک، پچڕانی ئینترنێت، واتە نەمانی بەڵگە، نەمانی شاهید، نەمانی دووربین و سەرکوتی بێبەزەییانە و سیتماتیکی ڕژیم. خامنەیی باوەگەورەی داعش بە یارمەتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و لەشکەری فاتمیون و سوپای قودس دەستی کرد بە کوشتاری وەحشیانەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی. لەهەمان حاڵدا بە پچڕانی ئینترنێت، کەس ئاگای لە دۆخی ئێران نەما.
بێدەنگی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی، بەشێک بوو لە یارمەتیدانی سەرکوت، هەرچەن ئەمریکا و سەرۆک ترامپ کۆمەڵێک بەڵێنیان دا، بەڵام هیچ کام لە بەڵێنەکانی نەبردە سەر و خەڵکی ئێرانیان بە تەنها بە جێهێشت. ترامپ باس لەوە دەکات کە ڕژیمی ئیسلامی ئێران بەڵێنی داوە ٨٠٠ کەس لە سێدارە نەدات، ئەوە نە تەنها وانییە بەلکو هەر لەم چەن ڕۆژەدا زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، ئەم سیاسەتە و نەبوونی پشتگیری لە دەرەوەی وڵات بووە هۆی سەرکوتی زیاتر و بە دەیان هەزار کەس لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە ئێران کوژران، ئەوە شەڕ بوو، شەڕێکی گەورە کە لە بومبارانی هیرۆشیما خراپتر بوو، لە دوو ڕۆژا زیاتر لە ٢٣٠٠٠ هەزار کەس کوژران و دەیان هەزار کەس گیراون و چاوەڕوانی چارەنووسی خۆیانن، بە سەدان کەس بیناییان لە دەست داوە و هیچ گەرەنتیەک نییە ڕژیم وەک ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی ئێعدامی بە کۆمەڵ لە ناو زیندانەکاندا ئەنجام نەدات.
