ڕاپۆرتی کۆبوونەوەی بەرینی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە….
ڕۆژی ١١ی مانگی ژانڤیەی ٢٠٢٦ی زایینی ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاویی، کۆبوونەوەی بەرینی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەڕێوە چوو و تێدا باسێکی چڕوپڕ لە سەر دۆخی ئەمڕۆی کوردستان و بزووتنەوەی جەماوەریی و مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان و ئەرکەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵە لە هەمبەر بزووتنەوەکە کرا. لەم کۆبوونەوەیەدا پلان و نەخشەڕێگەی تایبەت بۆ چۆنیەتیی بەردەوامیی کار و چالاکیمان لە دۆخی ئەمڕۆدا داڕژا.
لە ڕاپۆرتی دەستەی کارگێڕیی بۆ کۆبوونەوەکە کە لە لایەن هاوڕێ ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە پێشکەشکرا، ئاماژە بە دۆخی ئەمڕۆ و هەستانی خەڵک بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی کرا و باس لەوە کرا کە ئەم ئاخێزە جەماوەریی و ڕاپەڕینە بەرینە ئاکامی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەژاری و چەوساندنەوەی خەڵک، بێمافیی نەتەوەکان، سەرکوتی ژنان و ئازادییەکانە و ئێستە ڕەوایی و ڕاستیی بزووتنەوەی کوردستان و دژایەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە هەموو شوێنێک سەلماوە و هەڵوێستی دروستی کۆمەڵە کە هەر لەسەرەتاوە ئەم حکوومەتەی قەبووڵ نەکرد و دژی ڕاوەستا، بۆ هەمووان دەرکەوتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا و لە لێکدانەوەی مانگرتنی گشتیی کوردستان لە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباردا، ئاماژە بە گرینگیی یەکگرتوویی حیزبەکان و پێویستیی درێژەی ئەو یەکگرتووییە تا سەرکەوتنی ئەم ڕاپەڕینە کرا و ئەم مانگرتنە وەکوو ریفراندۆمێک هەڵسەنگێندرا کە تێدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکدەنگ “نا”ی مێژوویی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامی چەند پات کردەوە و بەرینایی کوردستان و هاو دەنگ بوونی ئەو ناوچانەی کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٤ دەیە هەوڵی دابڕانیانی لە کوردستان دابوو نیشاندا، کە ئەمڕۆ سەنگەری هەرە ئاوەدانی شۆرشن. لە ڕاپۆرتەکەدا گرینگیی کرماشان و ئیلام و لوڕستان لەم دەورەیەدا مێژوویی و دەوریان یەکلاکەرەوە نرخێندرا.
هەر سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنەکە لە ئاکامی یەکگرتوویی حیزبە سیاسییەکاندا و لە ئاکامی بەرزبوونی ئاستی ڕۆشنبیری و مافخوازیی سیاسی و نەتەوەییدا، ڕاپۆرتەکە پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی ببن بە ئاڵتێرناتیڤێکی بەهێز و بتوانن هاوکێشەکانی داهاتوو بە قازانجی کوردستان بگۆڕن زۆر گرینگە و دەبێ بەردەوام بێ و بچێتە ئاستێکی بەرزترەوە. ئەم مانگرتنە دەریخست دەوری تاکە حیزب لاواز بووە و خەڵک خوازیاری هاوپەیمانییەکی کوردستانین کە مەرجەعی بڕیاری سیاسی و نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بێ.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هاوڕێیانی ئەندام و جێگری کومیتەی ناوەندیی ڕەخنە و پیشنیارەکانیان باس کرد و لە ڕوانگەی جۆراوجۆرەوە پێویستییەکانی ئەمڕۆی بزووتنەوەکە و چۆنیەتی خۆ تەیارکردنی کۆمەڵە بۆ بەشداریی هەمەلایەنە لە ڕاپەڕینەکەدا باس کرد.
ڕێکخستنی پێویست لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی زاگرۆس (ڕێکخستنی ناو ڕۆژهەڵات) و ڕاگەیاندن و هێزی پێشمەرگە تەوەرەیەکی سەرەکیی باسەکان بوو و بڕیاری پێویست لەو بارەوە لە ژێڕ ڕێنوێنییەکانی کومیتەی ناوەندیدا بە دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە سپێردرا.
ئەندامانی کومیتەی ناوەندیی ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ هەر چالاکی و کارێک کە یارمەتیی بزووتنەوەکە بدات و هەنگاوێک لە سەرکەوتن نزیکی بکاتەوە دەربڕی و ڕایانگەیاند ئامادەی هەموو فیداکاری و کارێکن کە بۆ هاتنەدی ئامانجەکانی خەڵکی چەوساوەی کوردستان پێویستە.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی ژانڤیەی ٢٠٢٦
٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤
