پەیامی هاوڕێ ڕەزا کەعبی روو لە خەڵکی کوردستان

0

بۆ نەتەوەی خەباتکاری کورد
بۆ خەڵکی کوردستان
بۆ ژنانی خولقێنەری ژن،ژیان،ئازادی
بۆ لاوانی چاونەترس و خەباتکارانی ڕێگەی ئازادی و یەکسانی
بۆ ئەوانەی ئەمڕۆ لە مەڵەکشای و ئیلام و کرماشان و هەموو کوردستان وەک قەڵایەکی قایم بەرانبەر بە تاریکی و ستەم قارەمانانە وەستاون.

نزیک نیو سەدەیە، ئێوە لە بەرامبەر حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، مەشخڵی ئازادیتان لە تاریکترین شەوەکانی ئەو دەسەڵاتەدا هەڵگرتووە. ئێوە لە بەرانبەر داگیرکاری، چەوسانەوە، توندوتیژی و نادادپەروەریی سیستماتیکی ڕژیمێکدا خۆڕاگربوون کە زیاتر لە هەموو شتێک لە یەکگرتوویی و دەنگی ئێوە دەترسێت. ئەمڕۆ جیهان نەتەوەیەک نابینێ کە دەناڵینێ، بەڵکوو میللەتێکی ڕاپەڕیو دەبینێ کە وەک هەمیشە نایەوێ ماف و شکۆ و کەرامەتی لە لایەن حکوومەتی تاوانباری ئێرانەوە پێشێل بکرێ.
کوردستانیانی تێکۆشەر، ئێوە میراتگری شانازییەکن کە بە گوللە و زیندان تێناشکێت. هەر هەنگاوێک کە لە شەقامەکان هەڵیدێنن، هەر دروشمێک کە لە شار و دێی کوردستاندا دەنگ دەداتەوە، دەنگدانەوەی ئەو سەرکەوتنانەیە کە پێشتر بەدەستتان هێناوە. ئێوە سەلماندتان کە هیچ دیکتاتۆرییەتێک ئەبەدی نییە و ئیرادەی کوردستان لە چەکی چەوسێنەران بەهێزترە.
ئەو شەڕەی ئەمڕۆ دەیکەین تەنها بەرگری نییە بەڵکوو لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێیە. ئێوە تەنها بۆ خۆتان تێناکۆشن، بەڵکو بۆ مافی بوون، بۆ ژیان لەژێر سێبەری یەکسانی و بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆتان دەجەنگن.

لاوانی کوردستان ئێوە وزەی گۆڕانکاری و مژدەی داهاتوویەکی ڕوونن، ژنان و یەکسانیخوازانی بوێر، ئێوە بڕبڕەی پشتی ئەم شۆڕشەن، کە ئازایەتیتان لە هەموو جیهان دەنگیداوەتەوە. ئازادیخوازان، ئێوە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە هیوا هەرگیز نامرێت. خۆڕاگر بن، یەکگرتوو بن. مێژوو لەلایەن ئەو کەسانەوە دەنووسرێتەوە کە ئامادە نین کۆڵ بدەن. کاتی ئەم ڕژێمە دڕندەیە بەرەو تەواوبوون دەچێت، بەڵام مافخوازی و هەوڵی ئێوە بۆ ژیانێکی شیاو هەمیشەییە. لە خۆڵەمێشی بەرگرییەوە ئاگری بەختەوەری و سەرکەوتنی داهاتوو سەر هەڵدەدات.
خەباتکارانی کوردستان ئێوە لە شۆڕشی ژینادا نیشانتان دا کە کوردستان ناوەندی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازی و دادپەروەری و ئازادیخوازییە. دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، ئێستا جیهانی هەژاندووە. ئەمە تەنیا دروشم نییە، بەڵکو مانیفستێکە بۆ تێکۆشان، بۆ خەبات بۆ گەیشتن بە هەموو ئەو مافانەی کوردستان بە درێژایی مێژوو بۆیان تێکۆشاوە.

لەم ساتە مێژووییەدا، بە شانازییەوە سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی گیانبەختکردووانی ئەم ڕۆژانەی شۆڕش دادەنەوێنین. ئەو ئازیزانەی بە سینگی ڕووت لەبەر نێزەی ڕووتی ستەم سپەرداربوون، ئەوانەی ئێستا بوونەتە ئەستێرەی گەشی ئاسمانی خەباتمان. ئێمە بەڵێن دەدەین کە خوێنی ئەوان بەفیڕۆ نەچێت و تا هێنانەدیی ئاواتەکانیان، کە ڕزگاری و ئازادی و دادپەروەرییە، دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین. یاد و ناوی ئەوان لە مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
لەم ڕێگا پڕ لە شانازییەدا، کۆمەڵە وەک هەمیشە پشتیوان و هاوخەباتی ئێوەیە. ئێمە لە سەنگەری کوردستان، لە سەنگەری دادپەروەری و یەکسانی و ئازادیدا هاوسەنگەرتانین. مێژووی ئێمە و ئێوە یەک مێژوویە، پڕ لە فیداکاری و خۆڕاگری لە پێناو ڕزگاری و مافە ئینسانییەکانمان.

ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران، ناڕەزاییەکی بەرین و ئاخێزێکی گەورە سەری هەڵداوە. ئەم ڕاپەڕینە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو دیکتاتۆرییەت و هەژارییە کەم وێنەیە کە ڕژێم بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندوویەتی. ئاکامی ئەو کوشتاری بەکۆمەڵ و لەسێدارەدانی ڕۆژانەی زیندانیانی سیاسییە. لە داهاتووی ئەم ڕاپەڕینەدا ئاڵتێرناتیڤە دەستکردەکانی وەک “کەرزای”، “چەلەبی” و “جۆلانی” لە ئەفغانستان و عێراق و سوورییە کە ناڕەزاییەکانیان زەوت کرد و لەدەستی خەڵک دەریان هێنا، هەرگیز ناتوانن بەسەر ئەو مەیلە بەهێزەی بۆ ڕزگاری و ئازادی لە ناو دڵی خەڵکدا هەیە زاڵ بن. داهاتووی ئەم بزووتنەوەیە دەبێ لە شەقام و لەسەر دەستی تێکۆشەرانی ڕزگاریخواز یەکلا بێتەوە.
کۆمەڵە بە هەموو هێزیەوە پشتیوانی لە خەباتی سەربەخۆی خەڵکی ڕاپەریو و مافخواز دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی  و دژی ئەم سەرکوت و بێمافییە دەکا. مافی ڕەوای ئێوەیە کە خاوەنی داهاتوویەکی ئینسانی بن. بڕوامان وایە کوردستان دەتوانێت لە داهاتوودای ئاڵوگۆڕەکاندا ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت، بە مەرجێک هاوپەیمانییەکی بەهێزی کوردستانی هەبێت و بە ڕەسمی ڕابگەیەنرێت. لە ئاکامی ئەو هاوپەیمانییەدا پشتیوانیی نەتەوەکانی دیکە، ژنان، کرێکاران و ئازادیخوازان بۆ مافی کورد بەرینتر و ئاشکراتر دەبێ و کورد دەبێتە بەهێزترین ئاڵتێرناتیڤی سیاسی لە جوگرافیای ئێراندا. ئەم یەکگرتووییە بۆ پاراستنی مافە نەتەوەییەکانمان یارمەتیدەر و گرینگە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان:
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هاوشان لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای لە ئێوە کردووە بۆ پەکخستنی ماشینی سەرکوتی ڕژێم و بۆ نیشاندانی هێزی یەکگرتووتان مان بگرن. بە مانگرتنتان لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباردا، دیسانەوە بێدەسەڵاتیی ڕژێم بەرانبەر بە یەکگرتووی خۆتان بسەلمێنن. مانگرتنتان نەک بە مانای بێدەنگی و بەشداری نەکردن لە ڕاپەڕیندا بەڵکوو وەکوو ئامرازێکی بەهێز و دەنگێکی بەرز بەرانبەر بە سەرکوتکاران بەکاربێنن. هاوپشتیتان تێکۆشەرانی سەر شەقام دڵگەرم و بەهێزتر دەکات و چۆک بە ڕژیم دادەدات.
بژی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان
بژی ئازادی،بەرابەری ،دادپەروەری
بژی ژن،ژیان،ئازادی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *