شۆڕشی ژینا  و چەند پرسیارێک…

بێهرووز ئەنساری
بێهرووز ئەنساری

ئەم بابەتە نەک وتارێکی شیکارانه‌وە یان ئانالیزکردنی شۆڕشی ژینا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ هینانه ‌ئارای چه‌ند پرسیاریکی گرنگ بۆ ئەوەی پسپۆڕان و شارەزایان بتوانن خەسارناسی زانستی لەسەر شۆڕشی ژینا پێشکەش بکەن.

پێویستە له‌ سه‌ر شۆڕشی ژینا بە شێوەیەکی ئاکادیمیک و فکری لێکۆلینەوە بکرێت بۆ تێگەیشتن و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە لە بەرهەمی ئەم شۆڕشه‌وە دەرچوون. ئەم لێکۆلینەوەیەش دەکرێت وەک بەشێک لە زنجیرەیەکی مێژوویی لە دوای ساڵی ١٣٥٧ وه ، هەتا بە شۆڕشی ژینا، له‌ به‌رچاو بگریت بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەییی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە وردی و بە شێوەیەکی زانستیی و ئاکادمی شیی بکرێتەوە.

شۆڕشی ژینا یەکێکە لە گەورەترین شۆڕشە کۆمەڵایەتی و ماڤ‌خوازانەکانی ئەم سەردەمە بوو. کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێشخەریی ئه‌م شۆڕشه‌ بوو. شۆڕشی ژینا چه‌شنه‌ نافه‌رمانییەکی مه‌دنی بوو به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو یاسا و ریساکانی سەدەی رابردوو، که‌ بە تێکۆشانی کوردان لە ڕۆژهەڵات پەیوەندی هەبوو، بە تایبەتی لە ماوەی٤٤ ساڵی حکومەتی کۆماری ئیسلامی. ئەو شۆڕشەوە وەک ئاکامێک دەکرێت بزانرێت بۆ ئەو سەرکۆت‌کردن، کوشتن و تەنیاکردنە کە کوردانی ڕۆژهه‌ڵات بە شێوەیەکی نزامی و سیاسی له‌گه‌ڵی بەربه‌ره‌کانێیان کردووه.

شۆڕشی ژینا لە هەمان کاتدا هه‌وڵی ئافرتی کورد و نەوەی نوێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و ژیانێکی باشتر و سه‌رفه‌رازانه‌ بەرامبەر به‌ سیستەمی دوواکه‌وتوی پیاو‌سالاری کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگایەکی پڕ لە قەیران و درۆ بوو.

بە پێچەوانەی ئەو لێدوانانەی کە هەوڵیان داوە شۆڕشی ژینا تەنها بە شێوەیەکی دژبەری بەرانبەر پۆشاکی زۆرەملی ــ بە شێوەی ڕووسەری ــ تێپەڕاندەوە، لە کوردستان ئەو شۆڕشە بە شێوەیەکی ماڤ‌خوازانە و دژبەرانە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی لە نێو کۆمەڵگایەوە بڕووسکایەوە.

بۆ چی شۆڕشی ژینا نەبوو بە شۆڕشێکی سەرانسەری و هەمووگیر لە سرتاسری ئێران، جێگەی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانه‌یە. بە بڕوای نووسەر، لەو کاتەدا ــ و هەروەها لە پێشتر و دواتر ــ ناڕزایەتی و دژبەری بەشێک لە کۆمەڵگای ئێران نه‌ بۆ ڕووخان و و لابردنی حکومەتی ناوەندی، بەڵکو بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە ناو خۆی سیستەمەکەدا بوو، هه‌ر بۆیه‌ شۆڕشی ژینا بە شێوەیەکی تایبەتی لە کوردستان و بلوچستان بەردەوام بوو، بەڵام لە زۆربەی بەشەکانی تر لە جۆغرافیای ئێراندا توانای گەشەی فراوانی نەبوو. ئه‌م پرسیاره‌ سه‌رکییانه‌ له‌ سێهەمین ساڵی ده‌ستپێکی ئه‌م شۆڕشه‌دا بۆ کار له‌ سه‌ر خه‌سارناسی ده‌توانن یارمه‌تییده‌ر بن: بۆ حیزبەکانی کوردستان، کە خاوەنی ئه‌زموونی ساڵیانێکی درێژی تێکۆشان و خه‌بات دژی کۆماری ئیسلامی بوون، نه‌یانتوانی ئەم دەرفەتە وه‌ک هه‌وێنی هەوڵی کاری هاوبەش و رێکخستنی ناوەماڵی کوردی و هەروەها سازماندانی ئه‌م  شۆڕشه‌ به‌ کار بهینن؟ لەو بوارە بە شێوەیەکی کارامە که‌ڵک وه‌ربگرن و هەڵسوكەوتی درۆستیان بێت؟ بۆ دیاسپۆرای کوردی نه‌یتوانی شۆڕشی ژینا وه‌ک دەرفەتێکی گرنگ کە بتوانێت لەوەوە بە شێوەیەکی کارامە بۆ ناساندنی دۆخی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە جیهان که‌ڵک وه‌ربگریت؟ و ئەو ڕۆڵەی که‌ پێویست بۆ بگێریت؟  بۆ زۆرێک لە ئیتلاف و دەستە و گروپە سیاسییەکان، شۆڕشی ژینا دەرفەتێکی گرنگ ره‌خسا. بەڵام زۆربەیان یان کاتییان لەدەستدا یان زۆر زوو هەڵوەشانەوە و نەیتوانیان بە شێوەیەکی کارامەد بەرپرسیارییەکانیان جێبەجێ بکەن؟ بۆ کۆماری ئیسلامی توانـی لە بەرچاوی جیهانەوە شۆڕشی ژینا سه‌رکوت بکا و به‌وپەڕی درنده‌یه‌وه، وه‌ک هه‌تاکۆ ئیستا به‌شدارانی ئه‌م شۆڕشه به‌ تایبه‌ت له‌ کوردستان سه‌زا بدات؟ ڕوڵی سلبریتییەکان، سۆسیال میدیا و تاکەکانی چالاکی لەم شۆڕشه‌دا چی بوو؟
شۆڕشه‌کانی داهاتوو لە ئێران و ناوچه‌کەدا چۆن دەکرێت پێشبینی بکرێن؟

هەروەها دەیان پرسیار لەو جۆرەیە هەیە کە دەبێت بۆ ناسین و تێگەیشتن لە خەسارەکانی شۆڕشی ژینا لێکۆلینەوەیان لەسەر بکرێت.

شۆڕشی ژینا بەردەوامبوونی زنجیرەیەکی درێژی خەبات و تێکۆشانە کە له‌مێژه‌وه له‌ مه‌یداندایه‌. هه‌ر به‌ دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران دژی ڕژیمی پاشایه‌تیی و هاتنه‌سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی، کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات بەرەنگارییەکی بی‌وێنە دژی تاریکی و دوواکه‌وتوویی سیستەمەکە نیشاندا، بەڵام، ئەو خەباتە هه‌تاکۆ ئێستاش دەستکەوتی سیاسی و میدانی بەهێزی نەبووه.

پرش و بڵاوی حیزبە سیاسییەکانی ناو میدانی خەبات لە ڕۆژهەڵات، کە زۆرجار بە دژبەری و ڕووبەڕووبوونی یکدی کاتیان له‌ ده‌ست داوه،  بوو به‌ هۆی ئه‌وه که‌ کوردی ڕۆژهەڵات نه‌توانێت وەک یەک‌دەنگ و یەک‌ئیرادە خۆ له‌ مه‌یداندا نێشان بدا. ئەم خەسارەیە لە شۆڕشی ژینا دووبارە دیاربوو؛ بۆیە لە جیاتی دژبه‌ری سیستەمی کۆماری ئیسلامی، دژبه‌ری وتێکشکاندنی یه‌کتر بوو به‌ میدانی ململانی.

لەم چوارچێوەیەدا،  بۆ مرۆڤی کوردی دوور له‌ بازنه‌ی حیزبه‌کان، سیاسەتی کورد لە ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی ساویلکە و ساکار دەردەکەوێت که‌ لۆژێک به‌رجه‌وه‌ندی کاتیی حیزبی له‌ سه‌ر لۆژیکی به‌رجه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌هه‌میه‌تی پیی ده‌دریت.

بۆ ئەو کەسانەی کە به‌رجه‌و‌ندی هاۆنێشتمانان پیش به‌رجه‌وه‌ندی حیزبی چاو لیده‌که‌ن، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا دژبەریی کۆماری ئیسلامی لە لایەن حیزبەکانی کوردەوە دووبارە بە دژبەری و ڕووبەڕووبوونی یەکدی گۆڕاوە؟ کوردی ڕۆژهەڵات لە هەموو شۆڕشەکانی مێژووی خۆیدا، لە خەسارتەکانەوە بۆ خۆڕاگریی نوێ گەیشتووە. ئەم هیوایە بە شێوەیەکی جدی دەبێت بە هەوڵ بخرێت و وەک ئەرکێک لەسەر شانەی هەموو تاکێکی کوردی ڕۆژهەڵات بخرێتەوە. بۆ ئەوەی هەوڵەکانی داهاتوو بتوانن بە دەستکەوتی سیاسی ڕاستەوخۆ بگات، نابێت دووبارە بە هۆی نەبوونی یەک‌هەڵوێست، دەرفەتەکان له‌ کیسمان بچێت.

خەسارت دەگۆڕێت بۆ دەستکەوت کاتێک یەکگرتوویی هەڵوێست هەبێت. پارچەبوون هەمیشە هۆکاری شکست بووە؛ بۆیە حیزبەکانی ڕۆژهه‌ڵات دەبێت لەسەر بنەمای یەک هەڵوێستی گشتی بەرەوپێش بچن. ئەم یەکگرتوویە ده‌کرێت له‌ سه‌ر خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان بنا بکرێت.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە:

  1. دروستکردنی پلاتفۆڕمێکی یەکگرتوو لە نێوان حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مدنییەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
  2. بەهێزکردنی پەیوەندی دیاسپۆرا و ناوخۆ بە شێوەیەکی سیستەماتیک.
  3. ژنان و جوانان بە ناوەند بکرێن لە چالاکییەکان و بەرپرسیاریکاندا.
  4. درۆست کردنی لۆبی و په‌یوه‌ندی بۆ ناساندنی دۆخی ڕۆژهه‌ڵات و پشتێوانی له‌ خه‌باتیی ناۆخۆ

وه‌ک پرنسێپ له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ رێکه‌وتنیک له‌گه‌ڵ ئوپوزیسیونی ئیرانی بۆ داهاتووی ئێران، کورد دەبێت بە یەک‌دەنگ وه‌ک خاڵی سه‌ره‌کیی له‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ پێداگڕ بێت: ئازادی بەبێ ناسینەوەی مافە نەتەوەییەکان وه‌دیی ناێت. هه‌ر چه‌شنه‌ ئیتلاف و هاۆکارییەک بۆ داهاتووی ئیران ده‌بێ وه‌ک سه‌نه‌د به‌ڵگه‌مه‌ند بکرێت وهه‌روه‌ها روون و نه‌شاراوه‌ بێت.

به‌بڕوای نووسه‌ر بوونی حیزب و ڕێکخراوه له‌ کۆمه‌ڵگادا باشترین ده‌رفه‌ت و مکانیزمه‌ بۆ ئاڵۆگۆڕ و پێش بردنی ئامانجه‌کان به‌ مه‌رجی ئه‌وه حیزب و رێکخراوه‌کان به‌رجه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی پێش به‌رجه‌وه‌ندی حیزبی چاۆ لێ بکه‌ن و باوه‌ریان به‌ پۆلاریسم و هه‌روه‌ها ماڤی ده‌ربڕینی بێروڕای دژی بێروڕای خۆیان بیت. به‌ هیوای ئه‌وه که‌ ڕۆژهه‌لاتی کوردستان داهاتوویکی گه‌ش و هه‌مه‌ره‌نگی بێت. به‌رز و به‌رێز بێت یاد و ناوی هه‌موو گیانبه‌ختکردووه‌کانی خه‌باتیی نه‌ته‌وه‌که‌مان.