شکۆدار بێ ١ی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
ڕاگەیەندراوی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە به بۆنەی یەکی مەی
شکۆدار بێ ١ی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار
١ی مەی، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە وەک هێمایەک بۆ ڕاپەڕین دژی بێدادی و چەوسانەوە بینراوە بەڵام ئەم یادە بۆ کرێکارانی کوردستان خاوەن ڕەهەندێکی تایبەتە چونکە کرێکاری کورد تەنها لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئابووریدا ناچەوسێتەوە بەڵکو بەهۆی داگیرکراوبوونی وڵاتەکەی و ئابووریی بە ئەنقەست لاوازکراوی کوردستانەوە لەژێر گوشارێکی هەمەلایەنەدایە کە وایکردووە دەرفەتەکانی کار و ژیانی شایستە بۆ کرێکاران و چینی چەوساوەی کوردستان کەمترین بن و لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش بن. داگیرکراوبوونی کوردستان ڕێگری سەرەکیی دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕزگاریی چینی چەوساوەی کوردستان لە ستەم و بێمافییە.
کاتێک سەیری دۆخی ژنانی کوردستان و ژنانی کرێکار بەتایبەت دەکەین دەبینین ئەوان قوربانیی پلە یەکی ئەم دۆخە ئاڵۆزەن و بە شێوەیەکی چەند قات دەچەوسێنەوە چونکە لە لایەکەوە هەموو ئازار و گوشارەکانی کرێکارانی پیاوی کوردیان لەسەرە و لە هەمان کاتیشدا لە نێو کۆمەڵگەیەکی باوک/پیاوسالاردا کاری بێ حەقدەستی ناو ماڵ و ئەو ئەرکانەی سیستەمی زاڵ بە ناڕەوا خستوویانەتە سەرشانیان، ژیانی ژنی کرێکاری کوردیان کردووەتە پانتاییەکی فراوان لە چەوسانەوە و هاوکات خەباتی بەردەوام.
لە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ناتوانین ڕۆڵی وێرانکەری شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان لەبیر بکەین. کوردستانێک کە بە هۆی سیاسەتەکانی حکوومەتەوە ئابوورییەکی کاولی هەیە و ساڵانێک حکوومەتی ئێران سامانەکەی تاڵان دەکا لە ئاکامی شەڕێک کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری سەرەکییەتی زیاتر لە جاران گوشاری کەوتووەتە سەر، هەم لەبەر ئەوەی سامانی وڵات زیاتر دەکرێتە سووتەمەنیی شەڕ و خەرجی گرووپە تیرۆریستییەکان و هەم لەبەر ئەوەی دۆخی شەڕ لە گەڵ خۆیدا گرانی دێنێ و گوشاری ئەم گرانییە زیاتر لە هەمووان دەکەوێتە سەرشانی چینی چەوساوە.
بۆ داهاتووی کوردستان دەبێ بە شێویەک پلان دابنرێ کە ئاشتی و ئارامی بنەمایەکی سەرەکی بێ و وڵاتێکی وا دابمەزرێ کە دوور بێ لە شەر بۆ ئەوەی تێدا دەرفەت و هەل بۆ چینی چەوساوە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان زیاترە.
ڕۆژی جیهانیی کرێکاران تەنها یادکردنەوەیەکی ساڵانە نییە، بەڵکوو سیمبۆلێکی زیندووی مافخوازی و سەنگەرێکی بەهێزی دژایەتییکردنی هەموو شێوازەکانی چەوسانەوە و نادادپەروەرییە. لەم ڕۆژە مێژووییەدا، چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی کوردستان زیاتر لە هەمیشە دەتوانن و دەبێ هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی ئەم یادە بکەنە دەرفەتێک بۆ یەکخستنی دەنگی هەموو ئەو چین و توێژانەی کە سیستەمی سیاسی و ئابووریی چەقبەستووی سەرمایەداری، دەرفەتی ژیانێکی شایستە و گوزەرانێکی ئارامی لێ زەوت کردوون.
پێویستە ئەمڕۆژە ببێتە هەوێنێک بۆ ڕێکخستنی جەماوەری و کۆکردنەوەی هەموو ئەو ئیرادە پەرتەوازانەی کە مافە سەرەتاییەکانیان پێشێل کراوە، تا لەژێر چەتری دروشمی یەکگرتووی «نا بۆ چەوسانەوە و بێمافی»دا، بەرەیەکی یەکگرتوو پێکبهێنن. ئامانجی سەرەکی دەبێ ئەوە بێت کە ناڕەزایەتییەکان لە حاڵەتی کاتییەوە بگۆڕدرێن بۆ هێزێکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی، کە بتوانێت گوشار بخاتە سەر ناوەندەکانی بڕیار و داوای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ژیانێکی سەربەرزانە بۆ هەمووان بکات.
ئەمڕۆ دیسان دووپاتی دەکەینەوە ئەرکی ئێمە حزب و لایەنە چەپ و سۆسیالیستە بەرپرس و خاوەن پێگەکانی کوردستانە کە لە ئێستاوە پلانێکی تۆکمە و زانستیمان بۆ داهاتووی کوردستان هەبێت تا دڵنیا بین کە پاش ڕزگاریی نەتەوەیی، چینی چەوساوە و زەحمەتکێش دەرفەت و بەستێنێکی باشی لەبەردەستدا دەبێ بۆ ئەوەی بە هەموو مافە مرۆیی و چینایەتییەکانی خۆی بگات.
پێویستە لە ئێستاوە بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆن بنەماکانی یەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی بنچینەیی لە ناو یاسا و ژیانی کۆمەڵگادا جێگیر بکرێن، بە جۆرێک کە ڕێگا لە دروستبوونەوەی سەر لە نوێی ستەمی چینایەتی بگیرێت. کوردستانی داهاتوو دەبێ ببێتە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا دادپەروەری نە تەنها دروشم، بەڵکوو ڕاستییەکی ژیاو بێت؛ کۆمەڵگەیەک کە تێیدا کەرامەت و پێگەی شیاوی مرۆڤ بۆ هەمووان پارێزراو بێت.
کرێکاران و چەوساوەکانی کوردستان یەکگرن
شکۆدارە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان-کومیتەی ناوەندی
١٠ی گوڵانی١٤٠٥
٣٠ی مەی ٢٠٢٦
